مەسعود بارزانی و لەشکری تورک

PM:02:36:26/06/2020 ‌
د.عادل زەنگنە

هاوینی ساڵی 2002 بوو، لە شوێنی کارەکەم لە زانکۆی لۆند، لە پشوویەکی کورتدا بەدەم خواردنەوەی کوپێک قاوەوە، تەماشای کەناڵێکی سویدیم دەکرد، بیرم نییە کام کەناڵە بوو، بەڵام سەردێڕێکی لە بارەی کوردستانەوە تێدا بوو. 

هەواڵەکە بەم چەشنە داڕێژرابووەوە: "دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لەشکرکێشی بکاتە سەر باکوری عێراق، مەسعود بارزانی یەکێک لە سەرکردە کوردەکان دەڵێت تا مردن بەرگریی دەکەین". 

هەمان ئێوارە تەلەفۆنم بۆ "عومەری شێخموس" کرد، ویستم بزانم هەڵوێستی یەکێتی چییە لەمبارەوە؟ ئەو پێی وتم تورکیا سەرەتا لە زۆنی پارتییەوە دێتە ناوەوە، لەبەرئەمە باوەڕناکەم بیەوێت سنووری یەکێتی بکاتە ئامانج، هەرچەند مام جەلال و مەسعود بارزانی سەرقاڵی رێکخستنەوەی پەرلەمانن کە دەزانرێت ئەمەریکا ئەمجارەیان رژێمی سەدام لە ریشە دەردەهێنێت، بەم هۆیە یەکێتی هەر دەبێت هاوهەڵوێست بێت. 

دڵم بەو وەڵامە ئاوی نەخواردەوە، لە رۆژی 28-8-2002 سەفەرێکم کرد بۆ ستۆکهۆڵم و ئۆپسالا و فێستەرۆس. لە کۆبوونەوەیەکی رێکخستنەکانی یەکێتی ئەم پرسە تاوتوێ کرا، کە هەمیشە نیگەران بووین لەوەی بۆ تەنیا مەسعود بارزانیە وەڵامی هەڕەشەکانی تورکیا دەداتەوە؟. وەک خۆشم لە دڵەوە خوازیار بووم تورک هێرش نەهێنێتە سەر باشوور، چونکە گوێم لە بارزانی خۆی بوو لە پەخشی کەناڵی کوردستان تیڤی دەیووت "کوردستان دەکەینە گۆڕستان بۆ تورک" لە ناخەوە نەمدەویست ئەم سەروەرییە بۆ مەسعود بارزانی بچێتە مێژووەوە، هەموو نیگەران بووین کە مەسعود بارزانی لوتی تورک بشکێنێت و یەکێتیش بەهۆی ئەو پەیوەندییە نوێیەی لەگەڵ تورکیا دروستی کردبوو، ئێرانیش لێی دڕدۆنگ بووبوو، نەتوانێت هیچ بەرگرییەک نیشان بدا.

من لەگەڵ مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی و هەندێک کادری ناو خەڵک و جەماوەر قسەم کرد، وتم ئێمە دەبێت شەڕی سارد لەگەڵ پارتی درێژە پێ بدەین، وا باشترە لەناو خەلک و لە هەندێک سایت و رۆژنامەی وەک هاوڵاتی، ئەوە زەق بکەینەوە کە مەسعود بارزانی ریسک بە هەرێمی کوردستانەوە دەکات، ئەگینا هەرێم توانای شکاندنی هێزێکی وەک تورکیای نییە و بارزانی ناواقیعیانە لە مەسەلەکان دەڕوانێت و لە سەنگی تورکیا تێناگات. کۆمەڵێک شتی تریش بەم ناوەڕۆکەوە. لە ماوەی چەند رۆژێکدا رای گشتیی بەتایبەت لە ناوچەی سەوز دروست بوو، دەبێت یەکێتی خۆی نەخاتە ژێرباری ئەو بڕیارە قورسە کە مجازەفەیەکی قورسە ئەوەی بارزانی دەیکات. بەم شێوەیە ئیشەکەمان دوو ئامانجی پێکا، بێ بایەخکردنی هەڵوێستەکانی مەسعود بارزانی، دووەمیان شاردنەوەی هەڵوێستی یەکێتی کە تازە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا رێکخستبووەوە و هەر لەو ساڵەشدا یەکێتی و بەرەی تورکمانی زۆر لێک نزیک بوونەوە، مام جەلال نەک هەر لە سلێمانی، بەڵکو لە شوێنێکی چەپەکی وەک چەمچەماڵ بارەگا تورکمانییەکانی کردەوە، لەکاتێکدا پارتی هەموویانى لە هەولێر دەرپەڕاندبوو.

لە یەکێک لەو ئێوارانەی لە شاری ستۆکهۆڵم بووم، لەگەڵ خانمە سیاسەتوانی سوێدیی "لۆتا هێدرستۆم" سەرۆکی پارتی سەوز و ئەندام لە پەرلەمانی سوێد دیدارێکم هەبوو، لۆتا باسی لەوە کرد تورک هەڕەشە دەکات و دەیەوێت بەشی خۆی بچڕێت لەو ئاڵوگۆڕەی بەسەر عێراقدا دێت، بارزانی باش لە نیەتی تورکەکان دەگات بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە تاڵەبانی هیچ هەڵوێستێکی روونی نییە. منیش لەگەڵ ئەوەی تووشی ئیحراجی بووم، وتم ئاخر ئێمە دەزانین ناتوانین بەرەنگاریی تورک ببینەوە و زۆر شتی تریش. لەم قسانەدا بووم لۆتا چاوە شینەکانی سوور داگەڕان و گوتی، ئەی خۆ بەدەستەوە دەدەن؟ وەک خۆتان دەڵێن چیاکانتان لە پشتە. ئەم قسەیە زۆر ناڕەحەتی کردم و خێرا بابەتەکەم گۆڕی بۆ ئەو هێرشەی پێشتر لەلایەن راسیستە فینلەندییەکانەوە کرابووە سەر ئاهەنگی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی لە فینلەندا کە تێیدا چەند کەس بریندارکران، لەوانە خۆم کە بە سووکی بریندار بووم. ئەو بابەتە هاتە فریام و خۆم لە لۆتا رزگار کرد.

لە کۆتایی نۆڤەمبەری 2002 کاتێک مام جەلال و مەسعود بارزانی هاتنە پاریس، من ئاگادارکرام بڕۆم بۆ پاریس، دوای ئەوەی زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامدا بۆ نموونە لەگەڵ پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، هەروەها دیدار لەگەڵ خافێر سۆلانا رێکخەری کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا. ئەم جارە لە مام جەلالم پرسی تورک هەڕەشە دەکات و هەڕەشەکانیشی زۆر مەترسیدارن، ئەمجارە نەک تۆ بەڵکو مەسعود بارزانیش وەڵام و هەڵوێستتان نییە. مام لە وەڵامدا گوتی: تورک بووە بە تووشی قسەی خۆیەوە. ئەگەر ئەمجارە بێتە باشوور بە شەقی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە. گوتیشی ئێستە ئێمە خۆمان ئامادە کردووە بۆ قۆناغی دوای رووخانی بەعس، هەر ئەم چەند رۆژە موناقەشەی ئەو دەستوورە دەکەین کە مەسعود بارزانی بەناوی پڕۆژەی دەستووری عێراقی فیدراڵی ئامادەی کردووە بۆ قۆناغی عێراقی دوای سەدام. وتم یانی ئێوە دەکەونە دوای پڕۆژەی بارزانی؟ مام دەستکاریی عەینەکەکەی کرد و لوتی خۆی خوراند گوتی، کاک مەسعود برای گەورەمانە و پڕۆژەکەشی گونجاوترین پڕۆژەیە بۆ عێراقی داهاتوو.

ئێستە بیر لەوە دەکەمەوە بڵێی بارزانی بێ پڕۆژە بێت؟ بڵێی ئەمریکا پشتی لە کورد کردبێت؟ ئایا بارزانی چۆن کوردستان لەم قۆناغە دەپەڕێنێتەوە؟ ئەگەر ئەو هیچی بۆ نەکرێت دڵنیام ئاسۆ زۆر تاریک دەبێت.