33 ساڵ به‌سه‌ر بۆردمانی كیمیایی شاری سه‌رده‌شت له 7ی پووشپه‌ڕی 1366ـی هه‌تاوی- 28ی حوزه‌یرانی 1987ز تێپه‌ڕیوه. لێره‌دا بیره‌وه‌رییه‌ك له‌و رۆژه ناخۆشانه ده‌گێڕمه‌وه و وه‌ك شتێك هه‌ر به زمانی ئیحساسی و جارجاریش به زمانی ده‌ڤه‌ری سه‌رده‌شت و ده‌وروبه‌ر نووسراوه. هیوادارم به دڵتان بێ.
ئه‌و رۆژه واته 23ی جۆزه‌ردانی 1366ی هه‌تاوی دوو هه‌فته به‌ر له هێرشی كیمیابارانی سه‌رده‌شت له ساڵی 1987، له‌ناو دڵه‌ڕاوكێی بنه‌ماڵه و گریانی خۆشه‌ویستێك فیزماڵكم لێ دا و له‌ته‌ك هه‌شت كه‌سی تر بۆ سه‌ربازی ڕوومان له شاری "گونبه‌دی كاووس" كرد. هه‌ستان و دانیشتن و هه‌ڵات هه‌ڵاتی به زۆری و [خه‌شمی شه‌و]م به‌گیان ده‌كڕی و به‌یادی یار و دیار و شار و ماچی یار شه‌وم ده‌كرده رۆژ. ئه‌و رۆژه نه‌گریسه ماندوو و مردوو هاتینه‌وه بۆ حه‌سانه‌وه كه ته‌له‌ڤزیۆن باسی بۆردمانی شاری سه‌رده‌شتی له لایه‌ن داڵاشه‌كانی جه‌لاده‌كه‌ی به‌غدا ده‌كرد. ئێمه‌ی غه‌ریبی سه‌رتاشراوی قه‌له‌نده‌ر نه‌مانده‌زانی چ بكه‌ین. نۆ كه‌سی سه‌رده‌شتی به قه‌ول لاوانی ئه‌ورۆ بووبووینه تابلۆ هه‌موو لێیان ده‌پرسین چ خه‌به‌ره؟ وه‌ك ئێمه له لای ئه‌وان نه‌بین. دوای دوو رۆژ به پاڕانه‌وه و لاڵانه‌وه، ئیزنمان وه‌رگرت و به‌هه‌ڵه‌داوان بۆ لای سه‌رده‌شت به‌ڕێ كه‌وتین.
دوای شه‌و و رۆژێك گه‌یشتینه سه‌رده‌شت، كاتێك گه‌یشتینه شار، شار ئه‌و شاره سه‌وزه نه‌بوو كه جێ‌مان هێشتبوو. بێده‌نگێكی سامناك شار و دار و ئاسمانی وڵاته‌كه‌می داگرتبوو. بۆنی سیر و هێلكه‌ی كوڵاو ئازاری هه‌ر مرۆڤێكی ده‌دا. شارێكی ته‌ماوی و تۆزاوی، گه‌ڵا و چۆله‌كه له كۆڵان و شه‌قامان كه‌وتبوون. بابم زۆری پێ ناخۆش بوو كه هاتوومه‌وه. به‌ڵام ئه‌و نه‌یده‌زانی من به شوێن ڕێواساوی چه‌م كه‌وتووم. یارم له‌ناو شاری ترس و دووكه‌ڵ و مه‌یت و په‌تووی خوێناوی جێهێشتووه. ئه‌و نازداره‌ی هه‌موو شه‌و سه‌عات 10، ئاخ سه‌عات 10، له‌ده‌م په‌نجه‌ره‌ی نهۆمی دوو، ماچه شیعرمان ده‌گۆڕییه‌وه. هه‌وێنی شه‌كراوی ده‌م خه‌ونه‌كانم بوو و به ماچ هه‌نگوینی ده‌می، ڕۆژووی عه‌شقم ده‌شكاند. ئه‌گه‌ر مامۆستا هێمن به‌سه‌ر هه‌واری خاڵیدا كه‌وت، هه‌واری خاڵی من بۆنی كۆچ و مردنی لێ ده‌هات. ئه‌و رۆژه مردن له هه‌موو شت هه‌رزانتر بوو. شه‌قام و كۆڵان چۆل و هۆڵ و بۆنی مردن و خیانه‌تیان لێ ده‌هات.
شه‌هیده‌كانیان له شاره‌كانی ته‌ورێز و بانه و مه‌هاباد دێناوه، به شیلانگ "سۆنده" ئاویان تێده‌گرتن و ده‌یانشووشت و ئه‌سپارده‌ی خاكیان ده‌كردن. به بێڵی میكانیكی قه‌بریان هه‌ڵده‌قه‌ندن، كه خه‌ڵك ده‌یانه‌ویست بڕۆنه‌وه ماڵه ته‌مگرتووه‌كه‌یان [بڵیندگۆ]ی مزگه‌وتی شار هاواری ده‌كرد، "ڕه‌حمه‌تی خوا‌و لێ بێ، مه‌گه‌ڕێنه‌وه مردووی تریان هێناوه‌ته‌وه".
منی غه‌ریب له شاری خۆم، دڵ و هۆشم لای ئه‌و بوو، هه‌ر شه‌هید و بریندارێكم ده‌دیت به هه‌ڵه‌داوان ناسه‌م ده‌كرد كه نه‌كا [ئه‌و] بێ. شه‌و داهات، ئاخ ئه‌و شه‌وه، ئاخ سه‌عات 10. چ سامناك بوو ئه‌مشه‌وه، جیا له ده‌نگی لێدانی دڵی باوك و دایكم ته‌نیا ده‌نگی سه‌گه به‌ڕه‌ڵاكان ده‌بیسرا. نه به‌رق هه‌بوو نه ئاو. سه‌گه‌كان به هه‌ویای خواردنی بوونه‌وه‌ری تۆپیو په‌له‌یان بوو، به‌ڵام ئه‌وانیش به ده‌ردی بوونه‌وه‌ره تۆپیوه‌كان ده‌چوون و لار ده‌بوونه‌وه. تاریكایی ئه‌و شه‌وه له هیچ تاریكاییه‌ك نه‌ده‌چوو. 11ی پووشپه‌ڕی نه‌گریس له ساڵڕۆژی هاته دنیام، هه‌واڵی زامداربوونی "ئه‌و”م بیست. كادۆی كوڕی حۆجه له به‌غداوه بۆ خه‌ڵكی شاره‌كه‌م، قڕكردن و مه‌رگ و شیوه‌ن بوو. "ئه‌و”یان گواستبووه‌وه بانه و له‌وێشڕا بۆ ته‌ورێز و پاشان تاران.
دوای پێنج رۆژ باروبنه‌م تێك ناو پشت له گۆڕستانی ئاوه‌دان و ڕووم له سه‌وزایی شاری گونبه‌دی كاوس كرد. ئێسته كه ئه‌و دێڕانه ده‌نووسم دوای 33 ساڵ به زه‌حمه‌ت فرمێسكه‌كانم زه‌وت ده‌كه‌م، به‌ڵام هه‌نیسك به‌ربینگی پێ گرتووم. بیره‌وه‌ری تاڵه‌كان وه‌ك هێڵی نووسراوه‌كه‌م له زه‌ینمدا دێن و ده‌ڕۆن. دوای دوو مانگ كه گه‌ڕامه‌وه، ئاخ سه‌عات 10، ئه‌و له من به‌وه‌فاتر بوو. دیسان په‌نجه‌ره‌ی نهۆمی دوو، جلكی كوردی و عه‌تری ناسراو، به‌ڵام ئاخ كۆخه و كه‌پسوولی ئۆكسجین و نه‌خۆشی هه‌وێنی گریانی من و ئه‌و بوو.
ئه‌ی ئاسمان
ئه‌ی زه‌وی
له حاست شه‌هیدان
سه‌رتان بكه‌ن نه‌وی
چوار ساڵ به‌رده‌وام، سه‌عات 10ی شه‌و، په‌نجه‌ره، كه‌پسولی ئۆكسجین، كۆخه و نه‌رمه چاو. شه‌وێك كه خه‌ڵك و خوا و كانی به‌رماڵان شاهیدی تێكڕمانی دوو هێلانه‌ی چێكردوو بوون، ئاسمانیش ده‌گریا. ئاه ئه‌و شه‌وه بارانییه، شاهیدی ڕووخانی كۆشكی هیوای خۆم و ئه‌و بووم. بۆ سبه‌ی له‌سه‌ر شانی من و هاوشارییانی ئه‌سپارده‌ی خاك كرا.
۳۳ ساڵ له ژوانی ماچ و خاك تێده‌په‌ڕێ و هه‌نووكه من به ده‌ردی بێ "ئه‌و”ی ده‌توێمه‌وه.