له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ڤایرۆسی كۆرۆنای كۆڤید١٩ وه‌ك نه‌خۆشییه‌كی كوشنده بووه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایش و جووڵه و پێشكه‌وتنی زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا، له كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تادا رژدتر له زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا ڕێكاری خۆپارێزی گیرایه‌به‌ر و ته‌نانه‌ت ده‌وامی خوێندنیش راگیرا. راسته ده‌بێت پرۆسه‌ی فێربوون به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام دۆخی مرۆڤ له بارودۆخی جیاوازدا، بڕیاری جیاوازی پێویسته و ژیانی مرۆڤ له فێربوونی گرنگتره، بۆیه پێم وایه له‌وكات یه‌كێك له بڕیاره هه‌ره باشه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم، راگرتنی پرۆسه‌ی خوێندن و داخستنی قوتابخانه‌كان بوو.
ئێسته‌ش كه ڤایرۆسی كۆرۆنای كۆڤید١٩ هه‌موو دنیای ته‌نیوه به كوردستانیشه‌وه، ئێمه نازانین كه‌ی ئه‌و په‌تایه كۆتایی دێت و داهاتوو چ جۆره په‌تایه‌كی ترمان پێشكه‌ش ده‌كات، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌تایه له پایزی داهاتووش به‌رده‌وام بێت، ئایا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده چۆن ده‌توانێ وابكات پرۆسه‌ی فێربوون به‌رده‌وام بێت. بێگومان له حاڵه‌تی بوونی په‌تا كوشنده‌كان ده‌بێت شوێنه قه‌ره‌باڵغه‌كان دابخرێن به‌تایبه‌ت قوتابخانه‌كان، چونكه منداڵ وه‌ك كه‌سانی گه‌وره پابه‌ند نابن به رێنوێنییه‌كانی خۆپارێزی، بۆیه ده‌كرێت هه‌ر له ئێسته‌وه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده پلانی هه‌بێت بۆ ساڵی داهاتوو، یه‌كێك له جێگره‌وه‌كانی خوێندنی قوتابخانه‌ش، خوێندنی ماڵه‌وه‌یه یان قوتابخانه‌ی ماڵه.
مه‌به‌ست له خوێندنگای ماڵ ( homeschooling ) ئه‌و سیستمی خوێندنه‌ی منداڵانه له ماڵه‌وه یان شوێنی جیاواز له جیاتی خوێندن له قوتابخانه حكوومی و ناحكوومییه‌كان. به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی پرۆسه‌كه له لایه‌ن یه‌كێك له دایك و باوك یان مامۆستای تایبه‌ت به‌ڕێوه ده‌برێت یان به شێوه‌ی ئۆنڵاین و له ژینگه‌یه‌كی گونجاو‌دا. ئه‌مه‌ش گواستنه‌وه‌ی ئه‌ركی خوێندنی منداڵه‌كان له دامه‌زراوه‌كانه بۆ سه‌ر شانی دایك و باوك، خۆیان پرۆسه‌ی خوێندنی مندڵه‌كه به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
پرۆسه‌یه‌كی نوێی خوێندن كه له كاتێكی وه‌ك ئێسته باشترین ڕێچاره‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی فێربوون و خوێندن كه‌م نه‌بێته‌وه. لێره‌دا ئه‌ركی دایك و باوك قورس‌تر ده‌بێت، خێزانه‌كان ئه‌م ئه‌ركه به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن و تا بتوانن قوتابییه‌كانیان به‌رده‌وامی به پرۆسه‌ی خوێندن بده‌ن.
قوتابخانه‌ی ماڵه‌وه، جێگره‌وه‌ی خوێندنی قوتابخانه‌كان.
خوێندن پرۆسه‌یه‌كه ناكرێ ته‌نیا پێوه‌ستی بكه‌ین به قوتابخانه‌كان. به‌ڵكو پرۆسه‌كه كارێكی به‌دواگه‌ڕانه‌ی به‌رده‌وامه به‌دوای ڕاستییه‌كان و وه‌ده‌رخستنی شاراوه‌كانه. وه‌ك چۆن فه‌یله‌سوفی فڕه‌نسی (جین پیاژێی ـ Jean Piaget) گوتوویه‌تی (ئامانجی سه‌ره‌كی له خوێندن هاندانی خه‌ڵكه له دۆزینه‌وه‌ی نوێ، نه‌ك دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی پێشتر كردوویانه).
مێژووی دروستبوونی ئه‌م سیستمه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی حه‌فتاكان له ئه‌مه‌ریكا له لایه‌ن (جۆن هۆڵت- John Holt) ده‌ركه‌وت دواتر خه‌ڵكێكی زۆر پشتگیری‌یان لێ كرد و بیرۆكه‌كه‌یان قبووڵ كرد. دواتر گۆڤارێكی ده‌ركرد به ناوی growing without schooling. له ئه‌مه‌ریكا له ساڵی ۱۹۸۹ ددانی پێدانرا، دواتر له زۆربه‌ی وڵاتان ددانی پێدانرا و باوه‌ڕی پێ كرا وه‌ك به‌ریتانیا، كه‌نه‌دا، نیوزله‌ندا، هه‌ندێك وڵاتانی ئه‌وروپا.
سه‌رژمێری په‌یمانگای وه‌ته‌نی بۆ خوێندن، دیاری كردووه كه زیاتر له ملیۆن و ۷٠٠ هه‌زار منداڵ له ساڵی ۲٠۱۱، له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی تێكڕای ڕێژه‌كه ساڵانه بۆ ٪ ۱٥ی قوتابی له ماڵه‌وه ده‌خوێنن.
جیاوازیی قوتابخانه‌ی ماڵ له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌ی كلاسیكی:
۱ـ دایك و باوك سه‌رپشكه له پلانی خوێندنی منداڵه‌كه‌ی، سه‌رپشك ده‌كرێ له هه‌ڵبژاردی وانه و بابه‌ته‌كان و كات و شوێن.
۲ـ كورتكردنه‌وه‌ی كات و ماوه‌ی خوێندن له‌سه‌ر قوتابییه‌كه. هه‌ندێك له قوتابییه‌كان له ته‌مه‌نی ۱٤_۱٥ ساڵی ده‌توانن بچن بۆ زانكۆكان له‌به‌رئه‌وه‌ی توانیویانه له ماوه‌یه‌كی كه‌متر و خێراتر وانه‌كه ته‌واو بكه‌ن كه پێویستیانه. به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه و چوونه زانكۆ، له ڕێی پێشكه‌شكردنی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه بۆ زانینی توانستی قوتابییه‌كه له ته‌مه‌نێكی دیاریكراو. یان خوێندنی میتۆده‌كانی خوێندنی ماڵه‌وه و تۆماركردنی له قوتابخانه، ته‌نیا بۆ كردنی تاقیكردنه‌وه‌كانی پێش چوونه زانكۆ. هه‌ندێك له زانكۆكان به‌شێكی تایبه‌تیان كردووه‌ته‌وه له زانكۆ تایبه‌ت بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ی له ماڵه‌وه خوێندوویانه وه‌ك زانكۆی هارڤارد و ستانفۆردی ئه‌مه‌ریكی.
۳ـ به‌گه‌ڕخستنی تواناكانی منداڵه‌كه و توانای پشتبه‌ستن به‌خۆی كه خۆی ده‌توانێ فێر ببێ و بخوێنێ. خۆی به‌دوای زانست‌دا بگه‌ڕێ و حه‌ز و ئاره‌زووی دۆزینه‌وه به‌دواگه‌ڕانی بۆ دروست ببێ. خۆی گه‌شه بكات له‌ناو زانست و زانیاری.
٤ـ بوار ڕه‌خساندن بۆ داهێنان و وه‌به‌رهێنان له منداڵه‌كه، بوار به‌وه ده‌دات منداڵ له رێی پڕۆژه‌وه فێر ببێ وه‌ك (ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌یه‌ك له‌باره‌ی ڕۆبۆت) له هه‌مان ڕێوه فێری زمان و بیركاری.. هتد ده‌بێت.
٥ـ خوێندن له ڕێی یه‌كه‌ی بنچینه‌یی واتا به شێوه‌یه‌كی كرده‌نی وانه‌ی جیۆگرافیا ده‌خوێنێ، له هه‌مان كاتدا ئاشنای مێژوو و شوێنه‌وار ده‌بێت.
٦ـ په‌ستان له‌سه‌ر قوتابییه‌كه دروست نابێت، ده‌توانێ ته‌نیا ئه‌و بابه‌تانه هه‌ڵبژێرێ كه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی بگونجێ و ئاره‌زووی بۆی هه‌بێت و پێویستی بێت.
۷ـ له قوتابخانه‌ی ماڵ فێرخواز وا ڕاده‌هێنرێ بۆ زانیاری و زانست فێر ببێ نه‌ك بۆ نمره و ڕكابه‌ری.
۸ـ دۆزینه‌وه‌ی لێهاتوو و توانا لێوه‌شاوه‌كان و كارامه‌یی منداڵه‌كه، له ڕێی تێبینیكردنی و مه‌یلی قوتابییه‌كه بۆ بابه‌ت و ئه‌و زانیارییانه‌ی وه‌ریان ده‌گرێ.
۹ـ تێچووی سیستمه‌كانی تایبه‌ت به خوێندنی له ماڵه‌وه تا ئاستێك زیاتره له خوێندنی قوتابخانه‌ی حكوومی. له كاتێك پشت ببه‌سترێ به (مامۆستای تایبه‌ت، سیستمی تایبه‌ت به homeschooling). (قوتابخانه‌ی ماڵه‌وه پشت به چه‌ند سیستمێكی تایبه‌تی خوێندن ده‌به‌ستێت وه‌ك (مۆنتسۆری، كلێڤه‌رت، وۆڵدرۆڤ).
۱٠ـ له هه‌مان كاتدا هه‌لی كار بۆ ده‌رچووانی به‌شه په‌روه‌رده‌ییه‌كان ده‌ڕه‌خسێت.
زۆر له‌و خێزانانه‌ی منداڵه‌كه‌یان خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته، ئه‌م سیستمی خوێندنه‌یان لا په‌سه‌نده كه ڕێ چاره‌یه‌كی باشه بۆ فێربوونی منداڵه‌كانیان.
لایه‌نی نه‌رێنی له‌م پرۆسه‌یه:
به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی په‌یمانگای (كاردۆس) بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه ئه‌و فێرخوازانه‌ی له ماڵه‌وه ده‌خوێنن، ناتوانن له‌گه‌ڵ كێشه‌كانیان ڕه‌فتار بكه‌ن، هه‌ست به ته‌نیایی و فۆبیای كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن، ناتوانن به ته‌واوی سه‌رنج بخه‌نه سه‌ر ئامانجه‌كانیان، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و فێرخوازانه‌ن كه له قوتابخانه‌كان ده‌خوێنن.
لێره‌دا خێزان چه‌ند ڕێیه‌ك ده‌گرنه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه له‌وانه:
به‌سه‌ربردنی چه‌ند سه‌عاتێك له شوێنه كراوه‌كان كه پێوه‌ندی به وانه‌كه‌وه‌یه هه‌یه. هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌وروبه‌ری له ته‌مه‌نه جیاوازه‌كان كه ئه‌مه گرنگترین تایبه‌تمه‌ندی فێرگه‌ی ماڵه. بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ له كۆمه‌ڵگا دانه‌بڕێ و بتوانێ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ گشت ته‌مه‌نه جیاوازه‌كانی ده‌وروپشتی بكات.
هه‌روه‌ها وانه‌ی كرداره‌كی ئه‌نجام ده‌ده‌ن وه‌ك وانه‌ی وه‌رزش، قوتابییه‌كه‌یان ده‌به‌ن بۆ شوێنی یارییه‌كان و یاریگاكان. بۆ وانه‌ی مێژوو ده‌یانبه‌ن بۆ مۆزه‌خانه‌كان.
سه‌ردانكردنی شوێنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك. به‌مشێوه‌یه دایك و باوك منداڵه‌كانیان تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن.