چه‌ندان ساڵ تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام هێشتا وه‌ك تارمایی له‌گه‌ڵمدایه، هه‌ركات بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه چاوه‌كانم پڕ ده‌بن له فرمێسك، چونكه له‌به‌ر ئێمه و تا ژیانێكی باش بۆ ئێمه دابین بكات، هه‌میشه هه‌وڵی ده‌دا گرنگی نه‌ده‌دا به خۆی وه‌ك ئه‌وه‌ی مردنی له بیر كردبێت. هه‌میشه ڕاهاتبووین كه له دوای بانگی ئێواران باوكم ده‌چوو بۆ كار تا دره‌نگانێكی شه‌و كاری ده‌كرد، زۆربه‌ی كاته‌كان من داده‌نیشتم و چاوه‌ڕێم ده‌كرد، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی بیبینم، چاوه‌كانم لێك ده‌نا و له گۆشه‌یه‌كی ژووره‌كه‌دا خه‌و ده‌یبردمه‌وه، به‌ڵام دڵخۆش بووم به‌وه‌ی كه ده‌مزانی به‌یانی دووباره ده‌توانم بیبنم و نانی نیوه‌ڕۆ پێكه‌وه بخۆین.
تا ڕۆژێك هات كه نه بینین و نا چاوه‌ڕوانی نه‌ما، ڕۆژێكی ساردی زستان بوو، ڕۆژێك با سارده‌كه‌ی بۆنی ڕۆحی باوكمی لێ ده‌هات، وه‌ك ئه‌وه‌ی زانیبێتی كه ئه‌مه دواجاره ئێمه ده‌بینێت و گوتی، با ئه‌م ئێواره پێكه‌وه نان بخۆین، كه‌مێك دره‌نگ تر ده‌ڕۆم و خۆشم نان حازر ده‌كه‌م. من دانیشتبووم سه‌یرم ده‌كرد و له پڕ گوتم بابه شتێك داوا بكه‌م؟ گوتی گیان بۆ داوای ناكه‌ی مه‌گه‌ر له چی ده‌ترسی ئاخر قه‌رار وابوو هه‌ر له‌گه‌ڵ هاوڕێیانم بچینه شوێنێك، پێویستم به كه‌مێك پاره بوو. كه ئه‌مه‌م به باوكم گوت، به پێكه‌نینه‌وه گوتی ئه‌مشه‌و ئه‌وه‌نده ئیش ده‌كه‌م تا تۆ به‌یانی به گیرفانی پڕه‌وه له‌گه‌ڵ هاوڕێكانت بچیتهدهرڤ دوای چه‌ند خوله‌كێك نان حازر بوو و هه‌موومان له ده‌وری سفره‌كه كۆ بووینه‌وه، من و سێ خوشكه‌كه‌م و دایكم چاوه‌ڕێی باوكم بووین تا هات و ده‌ستمان كرد به نان خواردن، خوشكه بچووكه‌كه‌م كه له هه‌موومان بچووكتر بوو، داوای بووكه‌شووشه‌یه‌كی كرد، دیسان باوكم به پێكه‌نینه‌وه گوتی وه‌ك خۆت جوان بێت ڕازیت؟. ئیتر هه‌ر كه‌سه و داوای شتێكی ده‌كرد و ئه‌ویش هه‌ر به دڵخۆشییه‌وه ده‌یگوت به‌سه‌رچاو. دوای خواردن هه‌ستا و به گاڵتهیهكهوه گوتی با بڕۆم له ئێسته‌وه تا به‌ره‌به‌یان ئیش بكه‌م، ئه‌وكات ده‌توانم شته‌كان بۆ ئێوه بكڕم.
ئه‌و ڕۆیشت و ئێمه‌ش له ماڵه‌وه هه‌ریه‌كه‌مان له چاوه‌ڕوانی ئه‌و شتانه‌ی لێمان داوا كردبوو، خوشكه بچووكه‌كه‌م ته‌نانه‌ت ناویشی بۆ بووكه‌كه‌ی دانابوو و هه‌ر له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت ناز ناز. كات ڕۆیشت و گه‌یشتینه نیوه‌ی شه‌و، هێنده سارد بوو كه هه‌ر پێنجمان به ده‌وری زۆپای داره‌كه دانیشتبووین و ده‌له‌رزین، به‌ڵام هێشتا باوكم دیار نییه كه جاران له‌م كاته‌دا له ماڵه‌وه بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌یتان بچێته جه‌سته‌ی دایكم و بیری خراپی پێ بدا، له ژێر لێوه‌كانیه‌وه ده‌یگوت خوا ده‌زانێ ئێسته لای چ ژنێكه. ساردی ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا گه‌رم ده‌كات، هه‌ر ده‌یگوته‌وه بێ ئه‌وه‌ی بێزار بێت، خوشكه بچووكه‌كه‌شم كه خه‌و زۆری بۆ هێنابوو، سه‌ری خسته سه‌ر ڕانی من و له‌گه‌ڵ گوتنه‌وه‌ی ناز ناز خه‌وی لێ كه‌وت، خوشكه گه‌وره‌كه‌شم كه چاوه‌ڕێی جانتاكه‌ی بوو، ئه‌ویش له چاوه‌كانیدا بێ هیوایی ده‌بینرا و وه‌ك دایكم ده‌یگوت له‌سه‌ر سنگی چی سۆزانییه‌ك ئێسته خه‌وتووه. ته‌نیا من و خوشكه‌كه‌ی ترم هیوامان هه‌بوو كه ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌موومان دڵخۆش ده‌بین.
له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا زیاتر و زیاتر دایكم و خوشكه گه‌وره‌كه‌م شتی سه‌یرتریان ده‌گوت، وه‌ك ئه‌وه‌ی قه‌ت بڕوایان پێی نه‌بووبێت، تا وای لێ هات ده‌یگوت له جه‌سته‌ی من بێزار بووه، بۆیه ئێسته دڵنیام كه چێژ له لاشه‌ی له‌شفرۆشێك یان نا خۆ خوا ده‌زانێ كێ ده‌ڵێت ژنێكی تری نه‌هێناوه، ئێسته له‌سه‌ر مه‌مكه‌كانی خه‌و له چاوه‌كانی كه‌وتووه بێ ئاگایه له حاڵی ئێمه، دوای ماوه‌یه‌ك خوشكه‌كه‌ی تریشم خه‌وت و به منی گوت ده‌زانم كاكه باوكم دێته‌وه، منیش دانیشتبووم گوێم له دایكم و خوشكه گه‌وره‌كه‌م ده‌گرت، له ایهكی تریشه‌وه بیرم له‌لای ئه‌و گه‌شته‌م بوو كه بڕیار بوو له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم چه‌ند ڕۆژێكی تر بیكه‌ین، چه‌ند خۆش ده‌بێت باوكم بێته‌وه و بتوانم بچمه لای، بانگی ده‌مه‌وبه‌یانی بوو ده‌مزانی باوكم له كوێدا پاكه‌تی جگه‌ره‌كانی داده‌نا، چووم به دزی دایكمه‌وه دوو جگه‌ره‌م لێ ده‌ركرد و له‌به‌ر ئه‌و هه‌وا سارده‌ی كه هه‌ستم ده‌كرد ده‌رزییه‌كه و لاشه‌م كون كون ده‌كات، دوو جگه‌ره‌كه‌م كێشا، چونكه منیش كه‌م كه‌م هیوام نه‌ده‌ما كه باوكم بگه‌ڕێته‌وه.
ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد دایكم ده‌ستی كرد به دوعاكردن و ده‌یگوت خوا ئه‌و ژنه له‌ناو بدات كه ئێسته له‌لای خه‌وتوویت، ئه‌م شێخ و پیاوچاكی ده‌كرد به گژیاندا، ئێمه خه‌وتین ته‌نیا دایكم له چاوه‌ڕوانی مایه‌وه، كاتێك به‌یانی هات و ڕووناكی خۆر هاته ئه‌و ژووره‌ی من و سێ خوشكه‌كه‌م لێی خه‌وتبووین، له خه‌و رایپهڕاندین، من له په‌نجه‌ره‌كه‌وه سه‌یرێكی ده‌ره‌وه‌م كرد، چیم بینی، به‌فرێكی زۆر باریبوو، دایكم گوتی چه‌ند خوله‌كێك دوای خه‌وتنی ئێوه ده‌ستی كرد به بارین، ئێمه هیچ كه‌سێكمان باوكمان بیر نه‌ما له خۆشی به‌فره‌كه و ده‌ستمان كرد به یاری و شه‌ڕه به‌فر تا ته‌واو ته‌واو هیلاك بووین. دایكم گوتی وه‌رنه ژووره‌وه نان حازره وه‌ك هه‌میشه چا و كولێره‌ی گه‌رم كه دایكم دروستی كردبوو و خواردمان، له ناكاو كابرایه‌ك هات كه ته‌نیا خوشكه گه‌وره‌كه‌م و دایكم ده‌یانناسی به‌خێرهاتنیان لێ كرد، ئێمه هه‌ر خه‌ریكی شه‌ڕه به‌فر و یاری بووین، به‌ڵام له پڕ ده‌نگی هاواری دایكم و خوشكه گه‌وره‌كه‌م هات، كه داده‌م ده‌یگوت باوكی ماندووم ڕۆ، كابرا هاته ده‌ره‌وه و گوتی كوڕی گه‌نج وه‌ره له‌گه‌ڵم، منیش به ترسێكه‌وه سه‌یرم كرد و گوتم باش و كه‌وتمه دوای، هه‌ر هه‌نگاوێك كه دهمنا زیاتر بۆنی باوكم ده‌هات، بۆنی ئه‌و جگه‌ره‌ی كه هه‌میشه ده‌یخوارد، تا گه‌یشتمه به‌رده‌م كه‌سێك كه پاڵ كه‌وتبوو به به‌تانییه‌كی دڕا‌و خۆی داپۆشیبوو، گوتی ئه‌وه باوكته. منیش گوتم ئه‌ی بۆ لێره خه‌وتووه مه‌گه‌ر هێنده خه‌وی ده‌هات تا نه‌هاته‌وه ماڵه‌وه، له‌به‌ر گه‌رمای زۆپا داره‌كه بخه‌وێت، بێ ئاگا له‌وه‌ی كه هێنده خه‌وی هاتووه كه چیتر مه‌یلی ئه‌وه‌ی نییه خه‌به‌ری بێته‌وه. كاتێك گوتی نا كوڕم چیتر باوكت خه‌به‌ری نابێته‌وه، ئیتر تێگه‌شتم مردووه، بووكه‌شووشه‌ی خوشكه‌كه‌م به ده‌سته چه‌پیه‌وه و جانتای داده‌شم ده‌ستی ڕاستی ته‌واو شین كردبوو، له كاتێكدا ده‌یانگوت له باوه‌شی نه‌رم و سنگی گه‌رمی ژنێكدایه سه‌ری له‌سه‌ر مه‌مكی ژنێك كه وه‌ك منداڵ یارییان پێ ده‌كات ئه‌مشه‌وی به‌سه‌ر بردووه، بێ ئاگا بووه له ساردی دنیا، چونكه خۆی به سۆزانییه‌ك گه‌رم كردووه‌ته‌وه‌و چێژی له سنگ و مه‌مك و جه‌سته‌ی ژنێك بینیوه، كه‌چی نه ژنم بینی و نه جه‌سته‌یه‌كی ڕووت تا له‌گه‌ڵ باوكم خه‌وتبێت، نه مه‌مكێك وه‌ك ئه‌وه‌ی دایكم ده‌یگوت بووبێته سه‌رینی باوكم تا به ئهرامی بخه‌وێت، ئه‌وه‌ی من بینیم جه‌سته‌یه‌كی شین هه‌ڵگه‌ڕاو و چه‌ند فلته‌ری جگه‌ره‌یه كه له چوارده‌وری كه‌وتبوون، نه به‌زه‌یی خوای پێوه دیار بوو و نه شوێنپێی ئیزرائیل وه‌ك ئه‌وه‌ی له بێ ئاگایی خودادا ڕۆحی له‌گه‌ڵ سه‌رمادا گه‌شتی كردبێت، تا له شوێنێك گه‌رمی بێته‌وه به‌فری كردبووه خامی سپی بۆ جه‌سته‌ی ماندووی، چاوه‌كانی هێشتا ده‌یانڕوانی و جارێ ته‌واو لێكی نه‌نابوون، منیش سه‌رسوڕماو كه نازام ئه‌مه چییه، ئاخۆ خه‌وه یان ڕاستی؟ له پڕ ده‌نگێك ڕایچه‌ڵه‌كانم گوتی ئه‌مشه‌و له سه‌رمای زستاندا باوكت مرد.. به‌ڵێ مرد.