گەمژە و ئازادی

AM:10:21:14/09/2020 ‌
دەڵێن، ڕۆژگارێک پیاوێک کە ئیشی دروستکردنی خوداوەندە دەسکردەکان بووە واتە  پەیکەرتاش بوو، پەیکەری ئەو بتانەی دروست دەکرد کە لە پەرستگە دەهاتنە پەرستن، ڕۆژ هات و ڕۆیی ڕۆژێکیان بیری کردەوە خواوەندێکی جیاواز دروست بکات، واتە بتێک یان پەیکەرێکی جیاواز بتاشێت، جیاواز لە هەموو خواوەندەکانی تر، بیریشی کردبووەوە ناوی بنێت خواوەندی میهرەبانی.

دوای ئەوەی دروستی کرد و زۆر بە عەشقەوە ئیشی تێدا کردبوو، ئیتر هێندە ئەزیز بووبوو لای، لە سوچێکی ماڵەکەیدا داینا و هەموو شتێکی لێ داوا دەکرد.

ڕۆژێکی پاییز بوو، پەیکەرتاش داوای لە خواوەندی میهرەبانی کرد زستانێکی باراناوی بۆ مەملەکەتەکەی بێنێت و ساڵێکی باراناوی و ئاودار بێت، لە هەر شوێنێک کشتوکاڵی کرد بەرهەمی باشی هەبێت.

ئیتر وا رێککەوت ئەو زستانە تەڕوتۆڵ و باراناوی بوو، کانیاوی زۆریش تەقیبوون، ئەمە وای کرد چیتر ئەو خوایە بۆ ئەم خوایەکی بێ دەسەڵات نەبێ و لێی بوو بە راست، بڕوا و متمانەی تەواوی پێ کرد، هەموو کار و خواستەکانی لەو داوا دەکرد.

زۆری نەبرد هەواڵی باشی ئەو بتە بە تەواوی شاردا بڵاوبووەوە و خەڵک سەرەی دەگرت تا بۆ چەند دەقەیەک پێی بگەن و لێی بپاڕێنەوە و داوای لێ بکەن خواستەکانیان بەدی بێنێ، دوای چەندان ساڵ ئەم خوایە بووە خوایەکی بڕواپێکراوی هەمووان و خواوەندی نوێیان بردە پەرستگە و تەواوی بتەکانی تریان لابرد.

هەموان بڕوایان بەوە هێنا کە چیتر پێویستیان بە خودایەکی تر نییە و تەنیا ئەم خوای میهرەبانییە و بەسە بۆ بە دەستهێنانی هەموو خواستەکان، واتە  پەیکەری پەیکەرتاشێک بوو بە خودای شارێک و هەموان بڕوایان پێی هێنابوو، لە کاتێکدا دەشزانن ئەمە دروستکراوی تاکێکە لە خۆیان.

سەیر لەوەدایە خەڵکی لە دەرەوەی شاریشەوە دەچوون تا داواکارییەکانیان بە خودای دەستکردی ئەم پیاوە بگەیەنن، هێندە پیرۆز کرابوو لایان، بیریان لە خوداکانی پێشوو نەدەکردەوە، حاکمی شار بڕیاری دا کە گەورەترین پەیکەری ئەم خودایە لە ناوەڕاستی شار دروست بکرێت.

تایبەتمەندی ئەم خودایە وەک خوداکانی تر نەبوو، چونکە وایان وێنا دەکرد کە میهرەبانییەکەی لەوەدایە درهەم و بەخشیشی نەدەویست لە بەرانبەر قبووڵکردنی داواکارییەکان.

خەڵک خۆشی دەویست تەنانەت ژن و مێرد لە بەرچاوی ئەم خوایە جووت نەدەبوون و
درۆیان نەدەکرد و کەسیش تاوانی نەدەکرد، چونکە لایان وابوو ئەم پەیکەرە دروستکراوە لێیان توڕە دەبێت و بەڵایان بەسەردا دەهێنێت.

ساڵ تێپەڕی و ناوبانگی ئەم پەیکەرە فرەوانتر دەبوو، شوێنکەوتووی زۆرتر دەبوو، بەڵام ڕۆژێک تەواوی ئەمانە گۆڕان و دەرکەوت ئەم خودایە بێ دەسەڵاتە بەرانبەر هەموو شتێک، چۆن؟

چلەی زستانێکی تر هەمووان چوونە لای بتەکە تا بیانپارێزێت و ئاگای لێیان بێت. بەڵام چەند ڕۆژێک دواتر کڕێوەیەکی بەهێز و بارانێکی بەخووڕ بەردەوام بوو، ئەم خودایەش بێدەسەڵاتە و نازانێت چۆن چارەی بکات و وەڵامی نییە.

دوای چەند ڕۆژێک لافاو زۆرینەی شارەکەی لەگەڵ خۆی برد و چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو، لەگەڵ کۆتایهاتنیدا ئەوانەی مانەوە چوونەوە پەرستگە داوا لە خوداوەندی میهرەبانی بکەن دووبارە ژیانیان وەک جاران لێ بکاتەوە، بەڵام چیان بینی؟ خوداوەندی میهرەبانی پارچە پارچە بووە و تەنانەت پەیکەرە گەورەکەی ناوەڕاستی شاریش کەوتووە.

هەمووان دەیانپرسی ئەمە چ خوایەکە توانای بەرگری لە خۆی نییە؟ ئیتر کابرای پەیکەرتاشیان بانگ کرد تا دادگایی بکەن و سزای بدەن. 

گەورەی خەڵکەکە هات و بە کابرای گوت: تۆ بۆ خودایەکی لاواز و بێدەسەڵات دروست دەکەیت؟ خەڵک بێباوەڕ دەکەیت لە کاتێکدا متمانەمان بەخشی بە خوداکەی تۆ، ئەو بۆ ئەم بەڵایەی بەسەر هێناین؟ ئیتر بێ هیوا بوون لەو خودایە و پەشیمان بوون لە پەرستنی، لە تەواوی شار ئەم خودایە لای خەڵک لە خودای میهرەبانییەوە بووە خودای شەڕ.

کەواتە ئەوەی هەبوو بتێک بوو، بەڵام خەتا لە خەڵکەوە بوو لە گەمژەیی و نەزانییەیانەوە، ئەگەر هێنده متمانە و باوەڕیان بەم خودا دروستکراوە نەبووایە، لە کۆتایدا ئاوا بێئومێد و چارە نەدەمانەوە. کەچی هێشتا ئەم مرۆڤانە هێندە گەمژە بوون دووبارە دەستیان کردەوە بە دروستکردنی بت و پەرستنیان، هەوڵیان نەدا متمانەو باوەڕ بە خۆیان بهێنن کە بەهێزن هەموو متمانەیان دابوو بەو پەیکەر و تاشراوانە، دووبارە خودای پەیکەرەکان حوکمیان دەکات، هەموو ڕابردوویان لە بیر کرد و دووبارە پەیکەرێک لە خۆیان گرنگتر و بە دەسەڵاتتر بوو، هیچ فێر نەبوون.

لەمێژە مرۆڤ بۆ باشتر هەوڵ دەدات و مانا دەبەخشێت بەو دروستکراو و هێزانەی خۆی هۆکاری دروستبوونیانە، هەمیشە بەدوای شوانێکدا دەگەڕێن تا خۆیام لەژێر سێبەری ئەودا حەشار بدەن و بیر نەکەنەوە، گرنگی نادەن بەوەی ئایا ئەم کەسە یان ئەم شتە شایستەیە و توانای هەیە بۆ باشتر و گەیاندنیان بە خواست و ئامانجەکانیان یان نا؟.

زۆرن ئەم ڕووداوانە و ئەگەر چاوێک بە مێژووی مرۆڤایەتیدا بخشێنینەوە، جوانترین نموونە گۆڕانی دەسەڵاتەکان بووە لە عێراق، لە سەردەمی مەلەکییەوە تا ئێستە هەمیشە گەلی عێراق بە ئاواتی باشتربوون کودەتا و خۆپیشاندانیان کردووە و دەنگی ناڕازیی خۆیان هەڵبڕیوە، وەک پەیکەرەکە ماوە بە ماوە پەیکەری تریان دروست کردووە و دواتر هەر خۆیان ڕوخاندوویانە و تێکیان شکاندووە، دواتر دووبارە بە دەستی خۆیان پەیکەرێکی تازەیان داتاشییوە و گەلێک خواست و ئارەزووی خۆیان پێوە بەستووەتەوە.

سەیری سەردەمی سەدام بکەین کە پێش ئەو بە کودەتا هاتە سەر تەختی دەسەڵات و بە پاڵپشتی گەلی عێراق، بە کۆمەڵێک خواست و هیواوە خەڵک دوای کەوتن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەمیش وەک هەموو پەیکەرەکانی پێشوو بێهێز دەرچوو، تا رووخاندیان و شکاندیان و ڕۆشت، بینیمان دووبارە هێزی تازەیان هێنا و کۆمەڵێک خواست و هیوای تریان پێوە بەست، ئەوانیش نەیانتوانی ئەو بەهەشتە دروست بکەن کە خەڵکەکە ئومێدیان لەسەر هەڵچنی، ئاخۆ ئەمیش بە دەردی ئەوانی تر دەڕوات یان پەیکەرێکی بەهێز و دروستکراوێکی تەواو جیاواز دەبێت؟ داهاتوو وەڵام دەداتەوە و مرۆڤی هۆشیار ئێستەیش تێیدەگات کە نابێت خواستی گەورەیان لەسەر بنیات بنێین. چونکە مێژوو وانەی پێویستی پێ داوین.