ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ؟

AM:10:40:20/08/2018 ‌


مافپەروەر ڕێدار عومەر عەزیز

جڵەوی سەرەكی بەڕێوەبردن لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا و بەتایبەتی وڵاتە پیشەسازی و پێشكەوتووەكاندا، خۆی لە ئاسایشی نیشتمانیدا دەبینێتەوە، واتە دابینكردنی پێداویستییە ناوخۆیییەكان بۆ هاونیشتمانیان، چونكە كورتهێنان لە پێداویستی ڕۆژانە و نائارامی ژیانی تاك و لە هەر وڵاتێكدا، شڵەژان و ناڕەزایی و بەرەنگاربوونەوە و ڕاپەڕینی لە دوایە، بۆیە بۆ ئەو حكوومەتانە كاری ناوماڵی خۆیان وەك كابانێكی بەئەزموون و بەئەمەك جێبەجێ دەكەن و مافی هەر مرۆڤێكی تیایدا پارێزراو دەبێت، تا ئارامی ناوخۆ بپارێزن، ئاسایشی ئاو و خۆراكیش بەشێكە لە ئاسایشی نیشتمانی، كە ئاسایشی ئاو و خۆراك دابین نەكرا و بژیوی تاك نەبوو، واتە ئاسایشی نیشتمانی دەكەوێتە مەترسییەوە.
وەك هەموومان دەزانین نیشتمان ئەو پارچە خاكە سنووردارەیە كە مەودای چالاكییەكان و گوزەراندنی ژیانی مروڤە و نەژاد و نەسلی مروڤ هەزاران ساڵ ژیانیان لە سەری بەڕێ كردووە و ژیان لەسەر دەبەن،  ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەركی پێشینە و هەرە گرنگی هەموو لایەنێكە و بۆ ئەم مەبەستەش نەخشەڕێ و یاساكانی پێویست لە دەستوور و عورفی دەوڵەت و یەكە ئیداری و سیاسییەكاندا داڕێژراوە و پیشە و پێویستی لایەنە پێوەندیدارەكان بە ئەرك و وەزیفەی خۆیان هەڵدەستن.
پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی هەر گفت و گوتن نییە، بەڵكو كردارێكە بە كردەوە و بە شێوەیەكی بەردەوام پراكتیزە دەبێت بۆ پارێزەری لە نەریت و مۆڕاڵ و كولتوور و زمان و مێژوو شارستانیی و خەڵك و خاك و نیشتمان سەروەت و سامانە سروشتییەكانی نیشتمان، بۆیە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، ڕێزلێگرتنی ئەركی ئەخلاقی و مرۆیی حەتمییە، بەڵام پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بە ڕاڤە زانستییەكەی و مانا و چەمكەكەی كە چ ئەركێكمان بۆ دیاری و پێویست كراوە، كەواتە ئێمە ئەرك و وەزیفەمان زۆر زۆرە و بە توخمێك یان چینێك یان لایەنێكی دیاریكراو بەتەنیا ناكرێ، بەڵكو ئەمە كاری دەستەجەمعی و بە ڕێكخراوەیییە و بە لۆجیك و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و ئەوپەڕی هوشیاری فیكری و لووتكەی ئینتیما و وەلائە بۆ گەل و وڵات و هەموو شتێكیش بە دامەزراوەیی و وەفاداری و دەستپاكی بێت، قوربانی و خزمەت و بەدواداچوونیش بەردەوام بێت بۆ ئەوەی خۆمان و وڵاتەكەمان پارێزراو بین، ئێمەی كورد و كوردستانیش تا وەك پاراستن و ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیمان جێی متمانەی هەموو لایەك نەبێت، هەیمەنە و دەسەڵاتی یاسایی لەسەر قەوارە سیاسییەكان و پێوەندییەكانیان و جموجووڵیان نەبێ، مومكین نییە بتوانین زاڵ بین بەسەر هەر جموجووڵێك كە بە ئاراستەیەكی جیاوازدا دەڕوات و دەرەنجام بەڕەڵایی سیاسی و ئایدۆلۆجی بە نەرێنی كار دەكاتە سەر دید و بیركردنی خەڵك، كومەڵگەی كوردی و لێكترازان لە شیرازە و ڕێكخراوەیی سیاسی و كومەڵایەتی دروست دەبێت، بەرەو ئاقار و دۆخێكی نەخوازراو هەنگاو دەنێین و لە كۆنترۆڵ دەردەچێت، دواجار ئاسایشی نەتەوەیی پێوەستە بە پاراستنی مافی خەڵك و دادوەری لە ڕاییكردنی كارەكانیان و پارێزگاری لە سەروماڵیان، ئاسایشی نیشتمانی پێوەستە بە پاراستنی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەكان و شوێنەوار و كولتوور و ڕێگەوبانەكان و سنوورەكان.