نووری بێخاڵی
ئه‌رێ دوای زیاتر له چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ك ئازادی (نه‌ك ڕزگاری!)، ڕۆژێك له خۆمان پرسیوه بۆچی ئێمه بۆنه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانمان، ته‌نیا وه‌ك بۆنه‌ی ئاسایی و ڕاگوزه‌ر و ته‌نیا له‌پێناو بۆنه‌دا یاد ده‌كه‌ینه‌وه؟
ئه‌وه له كاتێكدایه، بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد كه ژێرده‌سته‌یه و خاكه‌كه‌ی داگیر كراوه، پێویست ده‌كات ئه‌و بۆنانه بكرێنه ده‌روازه‌یه‌ك، بۆ پڕۆژه‌ی سه‌رله‌نوێ شوناسكردنهوه، كورد وه‌ك بوونێكی ئیتنیكی و كولتووریی جیاواز له‌وانیتر. به‌و واتایه‌ی چۆن وا بكه‌ین به ئاراسته‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی تاكی كورد، وه‌به‌رهێنان له هه‌موو ئه‌م بۆنه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییانهماندا (كیمیاباران، ئه‌نفال، نه‌ورۆز، ڕاپه‌ڕین، كۆڕه‌و و....) بكه‌ین؟
بۆ نموونه، هه‌تا كه‌ی ئێمه به دیار كیمیابارانی ١٦ی ئاداره‌وه بگرین و له نه‌ورۆزیشدا هه‌ڵپه‌ڕین؟
به‌ڕاست، ئه‌ركی دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ناوه‌نده ڕۆشنبیری و هونه‌ری و كولتوورییه‌كان، له سه‌روویشیانه‌وه ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی میدیا چییه؟ له‌وه‌ی ئه‌و بۆنانه بكه‌ن به هۆكارێك بۆ به‌رهه‌مهێنانی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو نه‌وه‌ی نوێ‌دا. هۆشیارییه‌كی نێوكۆیی كه به هۆیه‌وه مرۆڤی كورد خۆی له به‌رانبه‌ر ئه‌وانیتردا بچووك نه‌بینێت، شه‌رم له كوردبوونی خۆی نه‌كات و وه‌دیهێنانی ئامانجه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی له خه‌یاڵ و هزر و بیركردنه‌وه‌دا ببن به پێشینه‌ی كار و ستراتیجی هه‌نگاونان؟
ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه بێ هیچ شه‌رم و ترسێك له دوێنێ و ئه‌مڕۆی خۆمان و له‌پێناو ئاینده‌یه‌كی به‌رچاو ڕۆشنتر، له‌و بۆنانه‌دا هه‌موو ئه‌و هه‌ڵه مێژووییانه ڕاست بكه‌ینه‌وه؟ كه له ڕێی ئه‌ده‌بیاتی داگیركه‌رانه‌وه بوونه‌ته به‌شێك له یاده‌وه‌ریی ئێمه و له كۆنه‌ستی كۆمه‌ڵگه‌دا جێگیر بوون و جۆریك له پیرۆزییان وه‌رگرتووه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به هه‌مان هه‌ڵه و زانیاریی ساخته و هۆشیاریی سه‌قه‌ت، گۆش نه‌كرێت؟
هه‌ر بۆ نموونه، ڕاستییه‌كه‌ی نه (زووحاك) سته‌مكار بووه و نه دوو ماری له‌سه‌ر شان بووه و سه‌ری منداڵی ده‌رخوارد داون، نه (كاوه) كورد بووه، به‌ڵكو (كاوه) ئه‌و كه‌سه‌یه كه دواجار كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كوردی هێناوه و دوا بزماری له تابووتی ئیمپراتۆریی كوردی داوه (ئه‌مه بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه كه لێره‌دا جێی نابێته‌وه).
به‌هه‌رحاڵ، من لێره‌دا و له پێوه‌ست به بۆنه و یاده نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان، له‌سه‌ر سێ خاڵی گرنگ ده‌وه‌ستم و باری سه‌رنجی خۆمیان له‌باره‌وه ده‌خه‌مه‌ڕوو، مه‌رج نییه هاوڕام بن، به‌ڵام به‌شی ئه‌وه ده‌كه‌ن بیانكه‌ین به ته‌وه‌ری گفتوگۆیه‌كی ورد و قووڵ، به قازانجی كوردبوون.
یه‌كه‌م
وه‌رزی نه‌بڕاوه‌ی ئه‌نفال
ساڵانه له مانگی شوباته‌وه تا كۆتاییه‌كانی مانگی ئهیلوول، به‌سه‌ر برینێكی قووڵی سه‌رنه‌گرتووی خۆماندا ده‌كه‌وین، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به ژان و ئازاره‌كانی بكه‌ین، برینی ئه‌نفال و جینۆساید (كیمیاباران، ڕاگواستن و كوێركردنه‌وه‌ی ئاوایی و كانیاوهكانیشمان به سه‌ری خۆیان). ئه‌نفال ئه‌و برینه ئازاراوی و له بن نههاتووهیه كه پێویسته نه‌ك ساڵانه، به‌ڵكو هه‌موو چركه‌ساتێكی ژیانمان، هه‌موو ڕۆژ و هه‌فته‌یه‌ك، هه‌موو مانگ و وه‌رزێكی ساڵ، بێدارمان بكاته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی له سێبه‌ر و په‌راوێزیدا، سه‌رله‌نوێ كار له‌سه‌ر شوناسكردنهوهی بوونی مرۆیی و نه‌ته‌وه‌یی خۆمان بكه‌ینه‌وه.
ئه‌نفال و كیمیاباران بۆنه‌یه‌ك نین كه ساڵانه ڕۆژێك بیانهێنینه‌وه بیری خۆمان. بۆنه‌یه‌ك نین بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر به‌دبه‌ختیی، چاره‌ڕه‌شیی، كۆست و كارهساتهكانماندا بكه‌وین و بنووزێینهوه، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌موو چركه‌ساتێك وه‌ك ده‌رزی بچن به یاده‌وه‌ری و جه‌سته‌ماندا، بۆ ئه‌وه‌ی بیر له ڕێ و میكانیزمه‌كانی سه‌رله‌نوێ خۆشوناسكردنهوه بكه‌ینه‌وه و ئه‌و كۆست و كاره‌ساته مه‌زنه، له پرۆسه‌ی پێناسه‌كردنه‌وه‌ی كوردبوونماندا وه‌به‌ر بهێنینه‌وه.
ئه‌نفال و كیمیاباران بۆ ئه‌وه نین، فرمێسكی تیمساحی به دیار كێلی گۆڕغهریبهكانمانهوه بڕێژین، چییه گوایه له بیریان ناكه‌ین، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ن ئه‌و ده‌مامكه فڕێ بده‌ین و جارێك له به‌رانبه‌ر ویژدانی خه‌وتووی خۆمان و ڕه‌وانی قوربانییه‌كانمان بڵێین: (شه‌رمه‌زارین، كه‌سمان ئێوه نین و ناشبین، ڕاستتر، ناشگهین به ئێوه!)
نهێنیی كوردبوون ئه‌وه‌یه كه وێڕای گه‌نده‌ڵی و بێدادییهكانی حوكمڕانێتی، سه‌ره‌ڕای بێزاری و بێهوودهییهكانمان، كه‌چی هێشتا و بۆ هه‌میشه بیانوویه‌ك هه‌ر هه‌یه بۆ مانه‌وه له نیشتمان، گه‌وره‌ترینی بیانووهكانیش، شهرمهزاربوونمانه له ئاست ئه‌وانه‌ی خوێنی خۆیان كرده نه‌وتی ئه‌و چرایه‌ی، پانتاییه‌كانی مانه‌وه‌ی ئێسته و ئاینده‌مان ڕۆشنتر ده‌كاته‌وه.
ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌ك نییه له دواوه‌مان و له‌ناو مێژوودماندا به‌جێ مابێت و ته‌نیا پێویستی به یادكردنه‌وه‌یه‌كی سارد و سڕ و ڕۆتینیی ساڵانه هه‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێ وه‌به‌رهێنان له‌و جینۆسایدكردنهی كورددا بكرێت و به خزمه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نج و نه‌وه‌ی نوێ ته‌واو بێت. هه‌روه‌ها بكرێت به به‌ردی بناغه‌ی دووباره شوناسكردنهوهی كورد.
ئه‌نفال ده‌بێ هه‌وێنی دروستكردنی مرۆڤێكی كورد بێت كه شه‌رم له كوردبوونی خۆی نه‌كات، نه‌وه‌یه‌ك ڕژدتتر بێت له‌سه‌ر گه‌یشتن به ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی، نه‌وه‌یه‌ك خۆی به به‌رپرسیار بزانێت له به‌رانبه‌ر گوتار و خه‌باتی وه‌دیهێنانی سه‌روه‌ریی نیشتمانی و پاراستنی شكۆی نه‌ته‌وه‌یی.
له سه‌ره‌تای شوباته‌وه تا كۆتاییه‌كانی مانگی ئه‌یلوولی هه‌موو ساڵێك (ئه‌مه جگه له ئه‌نفالكردنی كورده فه‌یلییه‌كان، بارزانییه‌كان و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه) وه‌رزی ئه‌نفاله مه‌زنه‌كه‌یه له گه‌رمیانییه‌وه تا كوێستانی وڵات. بۆیه ده‌كرێ به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه، له ئاستی دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ناوه‌نده ڕۆشنبیری و هونه‌ری و كولتوورییه‌كان، لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌ت له وه‌زاره‌ت و ده‌سته و له‌گه‌ڵیشیاندا ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن، كار له‌سه‌ر زیندوو هێشتنه‌وه‌ی ئه‌نفال بكه‌ین. پێویسته بیكه‌ین به ته‌وه‌ری به‌رده‌وامی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ڕه‌هه‌نده مێژوویی، سیاسی، فیكری و ئایدیۆلۆجییه‌كانی پشت كرده‌ی ئه‌نفال و كاریگه‌رییه سایكۆ - سۆسیۆلۆجییهكانی ئه‌م كوردقڕانه له‌سه‌ر نه‌وه دوای نه‌وه‌ی كورد.
پێویست ده‌كات گه‌نجی كورد و نه‌وه‌ی نوێ له‌وه بێ‌دار بكرێته‌وه كه ئه‌وه‌ی ئێسته هه‌یه و هاتووه‌ته دی (سه‌ره‌ڕای هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانی و ئه‌و گله‌یی و ڕه‌خنانه‌ی هه‌مانن)، به‌ڵام له هیچه‌وه نه‌هاتووه، به‌ڵكو ئه‌وه به‌سه‌ر پشتی ڕووبارێك خوێنی نه‌بڕاوه، كێوێك ئێسك و پرووسك، بیابانێك له خۆڵه‌مێشی جه‌سته‌ی مرۆڤی كورد به‌رهه‌م هاتووه. نه‌وه‌ی نوێ فێر بكه‌ین، ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌بێ ڕزگاریی یه‌كجاره‌كی، ناتوانرێ مانایه‌كی پێ بدرێت. بۆیه پێویسته نه‌وه‌ی نوێ له‌وه ڕاستییه بێ‌دار بكرێته‌وه كه ئازادی له منداڵدانی ڕزگاریدا له دایك ده‌بێت، ئێمه هێشتا رزگار نه‌بووین، تا جڕت بۆ ئازادیی ئێسته‌یشمان بكێشین.
دووه‌م
ڕاپه‌ڕین وه‌ك سیمبۆل
ئه‌وه‌ی 100 ساڵه دوژمن و داگیركه‌رانی كوردستان بۆیان نه‌چووه‌ته سه‌ر، كه‌چی ساڵانێكه له دوای ڕاپه‌ڕین به پاساوی ڕه‌خنه‌گرتن له گه‌نده‌ڵی و بێدادی، له به‌های ڕاپه‌ڕین و قوربانیدانی خه‌ڵكی كوردستان كه‌م ده‌كرێته‌وه و سووكایه‌تی پێ ده‌كرێت. راستییه‌كه‌ی ئه‌م گوتاره ژه‌هراوییه كه به ده‌رزی خه‌ریكه ده‌خرێته مێشك و هزری نه‌وه‌ی نوێ، بۆ ئێسته و ئاینده زۆر ترسناك و كوشنده‌یه.
له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، پێویسته نه‌وه‌ی نوێی كورد به خۆی و مێژووه‌كه‌ی ئاشت و ئاشنا بكرێته‌وه. پێویسته به‌ر به‌م گوتاره كوشنده‌یه بگیرێت كه ئامانجی سه‌ره‌كی، داماڵینی نه‌وه‌ی نوێیه له به‌های كوردبوون و هاندانی بۆ به سووك سه‌یركردنی هه‌موو پیرۆزییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی.
ڕاهێنانی نه‌وه‌ی نوێ، به‌وه‌ی شه‌رمی به كوردبوون و شوناسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی بێت.. گاڵته‌ی به هێنانه‌دی ئامانجی ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه بێت.. كه فێر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك مرۆڤ و كورد، له داگیركه‌رانی وڵاته‌كه‌ی و دوژمنان كه‌متر بزانێت. یه‌كێكه له هه‌ڕه‌شه هه‌ره ترسناكه‌كانی ئه‌م گوتاری ئه‌نتی كوردبوونه بۆ سه‌ر ئایندهی هزر و خه‌بات و تیكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی كورد.
ئه‌م بابه‌ته پێویستی به له‌سه‌ر ڕاوه‌ستان و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی رژدی سایكۆ - سۆسیۆلۆجی هه‌یه. ئه‌مه ده‌كرێ به درێژایی ئه‌م مانگه‌ی ڕاپه‌ڕین و ڕاسانهی كورد، به ته‌وه‌ری جیاواز، له ده‌روازه‌ی جیاواز، قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و بكرێت به وێستگه‌یه‌ك بۆ به‌خۆداچوونه‌وه.
ئاخر هه‌رگیز ناچێته عه‌قڵه‌وه ئه‌م گوتاره‌ی ده‌یه‌وێ نه‌وه‌ی نوێی كورد له بوونی خۆی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه، هه‌ڕه‌مه‌كییانه ئه‌و كاره بكات! چۆن و به چ عهقڵێكهوه مرۆڤ گاڵته به خه‌بات و قوربانیدانی گه‌له‌كه‌ی ده‌كات؟ قازانجی ئه‌م سووكایه‌تییه به پیرۆزییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان بۆ نه‌وه‌ی نوێی كورد، چییه و دواجار سووده‌كه‌ی ده‌چێته گیرفانی كێ؟ به‌تایبه‌تی كه ئه‌و ڕاستییه بزانین، نه‌ته‌وه له حزب و نیشتمان له حوكمڕانێتی گه‌وره‌تر و پیرۆزترن. بۆیه ده‌بێ به‌ر به‌م خوێنبه‌ربوونه بگیرێت و له‌سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌یی، كۆمه‌ڵایه‌تی، میدیایی شه‌ڕێكی رژدی ئه‌و گوتاره ناوخۆییه خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ره ئه‌نتی كوردبوونه بكرێت.
سێیه‌م
ده‌وڵه‌ت وه‌ك چاره‌سه‌ر
نابێ ئه‌و ڕاستییه له بیری خۆمان به‌رینه‌وه كه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات دوو شتی جیان، ئێمه یه‌كه‌ممان نییه، له كاتێكدا كرۆك و كۆڵه‌گه‌ی مانه‌وه و به‌رده‌وامیی ئێمه‌یشه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی و ده‌ستووریمان هه‌ن، ده‌كرێ له میانی پاراستن و باشتركردنیان ئه‌و ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانییه به ئاقارێكی زۆر باشتر و به خزمه‌تی هاووڵاتییانی كوردستاندا ببرێت.
دامه‌زراوه‌كانی (سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، په‌رله‌مان، حكوومه‌ت، پێشمه‌رگه، ئاسایش و هه‌واڵگری)، هه‌موو ئه‌وانه دامه‌زراوه‌ی نیشتمانین كه ساڵانێكه به‌هۆی بیرتهسكیی ئایدیۆلۆجی و ململانێی ناشه‌ریفانه‌ی حزبی، هه‌وڵی سووكایه‌تی پێكردن و له به‌ها كه‌مكردنه‌وه‌یان دراوه. ئه‌وانه موڵكی نه‌ته‌وه‌ن و له‌سه‌ر ڕووباری خوێنی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه هه‌ڵچنراون. بۆیه پێویست ده‌كات گه‌نج و نه‌وه‌ی نوێی كورد مێشكی له‌و گوتاره ژه‌هراوییانه خاوێن بكرێته‌وه، كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌م دامه‌زراوانه له‌به‌رچاوی ئه‌و بخه‌ن.
ده‌بێ ته‌پوتۆزی ئه‌و گوتاره له یاده‌وه‌ریی گه‌نج و نه‌وه‌ی نوێی ئێمه‌دا بته‌كێنین، كه هه‌موو هه‌وڵێكی ئه‌وه‌یه ڕووخساره ڕاسته‌قینه و شارستانی و ده‌ستووری و یاساییه‌كانی ئه‌م دامه‌زراوانه‌ی نیشتمان دابپۆشێت و بشێوێنێت.
به‌داخه‌وه گوتاری ناوخۆیی ئه‌نتی كوردبوون (كه ئێسته به وه‌كاله‌ت و له بری داگیركه‌ران ئه‌ركی كوێركردنی هۆشیاریی نه‌وه‌ی نوێی كوردی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ) به رژدی و له كه‌ناڵی جیاواز و به میكانیزمی جیاواز كار ده‌كات. ته‌نانه‌ت به به‌رنامه و له په‌نا دروشمگه‌لی سواوی (هاونیشتمانیی خۆشگوزه‌رانی عێراقی!) دووباره كار له‌سه‌ر چاندنی تۆوی شانازیكردن به عێراق و عێراقچێتی له مێشك و هزری گه‌نج و نه‌وه‌ی نوێی كورددا ده‌كات.
ئه‌مه مه‌ترسییه بۆ سه‌ر مرۆڤی كورد، وه‌ك بوون و به‌های شوناسه نه‌ته‌وه‌یی و كولتوورییه‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت وه‌ك مێژوو و جیۆگرافیاكهیشی.