کۆڕۆنا بە چاوێکی فەلسەفیی

PM:03:59:24/04/2020 ‌

نووسینی: د. ئەلسەید ولد ئەباه *

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: نووری بیخاڵی

کاتێک لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، ڤایرۆسی "شێتیی مانگا” شەپۆلێکی ترس و دڵەڕاوکێی لەگەڵ خۆی هێنا، زانای بەناوبانگی ئەنسرۆپۆلۆجیا کلۆد لیڤی شتراوس، لە وتارێکیدا بە ناوونیشانی "وانەی شێتیی مانگا”، ئاماژەی بە تایبەتمەندیی ئەو ڕووداوە دا، کە ئەویش وەرچەرخان و گواستنەوەی مرۆڤایەتی بوو بەرەو جۆرێکی نوێ لە دیاردەی "کانبالیی - بەو واتای خواردنی گۆشتی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤ”، ئەو دیاردەی وا پێ دەچوو، کە مرۆڤ بە هۆی پێشکەوتنی شارستانیی، چەندین سەدە بوو، تێیپەڕاندبوو.

ئەوەی "شتراوس” ئاماژەی پێ کردبوو، بریتی بوو لە لەناوچوونی جیاوازییە جەوهەرییەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، ئەوەی مرۆڤایەتیی پێی وابوو، کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی بەرجەستەی کردبوو. بەتایبەتی لە میانی ئالیکدانی ئاژەڵ بە گۆشتی مردوو، بەر لەوەی مرۆڤ بەکاری بهێنێت. بەمەش ڤایرۆسی شاراوە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و بەربەستە سروشتی و کولتوورییە قووڵەکانی نێوان هەردوو جۆرەکە تێکدەشکێنێت.

لەگەڵ دەرکەوتنی ڤایرۆسی نوێی کۆڕۆنا کۆڤید١٩، کە لە هەناوی ئابووریی نوێی جیهانیدا لە چین "شاری ووهان" سەری هەڵدا و تا ئێستا زیاتر لە ١٥ وڵاتی لە کیشوەرە جیاوازەکان تەنیوەتەوە، ئیدی جیهان قۆناغێکی نوێ لە قۆناغەکانی هەڕەشەی ڤایرۆسیی و لە شێوازگەلی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت، ئەو ڤایرۆسە نوێیەی کە دوای تێپەڕینی ١٥ ساڵ بەسەر دەرکەوتنی ڤایرۆسی "سارس” و پێش ئەویش "ئەنفلەوەنزای باڵندە” و "ئەنفلەوەنزای بەراز” و دواتریش ڤایرۆسی "ئیبۆلا”، کە پێش چەند ساڵێک ئەفریقیای ڕۆژئاوای تەنیەوە، ڕاگەیاندنی باری نائاسایی تەندروستی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا سەپاند.

ئەو خاڵە هاوبەشەی هەموو ئەم شەپۆلە ڤایرۆسیانە کۆدەکاتەوە، ئەو هەڕەشەیەیە کە خەریکە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ پێکیدەهێنێت، ئەمەو دوای وەرزگەلی دوور و درێژ لە بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵیی و گواستنەوە لە ئابووریی ڕاو بۆ کولتووری ئاشپەز "ناندین"، ئەوەی "شتراوس” بە ئاماژەیەک بۆ وەرچەرخان و گۆڕان لە پێگەی سروشتییەوە بۆ پێگەی کولتووری ناوی دەبات.

مرۆڤ جیاوازیی خۆی لەگەڵ ئاژەڵ لەسەر سێ کۆڵەگە بونیادناوە: ئەو عەقڵە گوتارییەی کە فەیلەسووفەکان لە سەردەمی یۆناندا بایەخیان پێی دا، لەگەڵ ئەو بنەمایەی شکۆمەندیی و خاوێنی، کە ئایینە یەکتاپەرستەکان هەڵگری بوون. ئەمەو لەگەڵ ئەو ڕوانگە مێژووگەریی مرۆڤایەتییەی، کە چاخەکانی نوێگەری و ڕۆشنگەریی، پشتیان پێی بەست.

شتێکی ئاشکرایە کە نزیککردنەوەی نوێی پزیشکیی، لەسەر بناغەی ئەو جیاکارییە ڕیشەییەی نێوان پزیشکی مرۆیی و پزیشکی ئاژەڵیی دامەزراوە، ئەمەو سەرەڕای بەردەوامیی سرووتە کۆنەکانی قوربانیدان، لە میانی پیادەکردنی ئەزموونی چارەسەرکردن لەسەر ئەو ئاژەڵانەی، کە لەلایەنی سیستەمی بایۆلۆژییەوە لەگەڵ مرۆڤدا یەک دەگرنەوە. ئەگەر تیۆری گەشەسەندنی داروینیی لەسەر بنەمای بیرۆکەی ئاژەڵێتیی مرۆڤ بونیاد نرابێت، ئەوا ئێستا خۆی بۆ هەمان ئەو گوتەزایە تەرخان کردووە، کە ئەویش جیاکاریی مرۆییە لە ڕوانگەی خودی وێناکردنی گەشەسەندندا. ئەو شتەی کە دواجار وەک پێویستییەک، تاکێتیی مرۆڤی لەو پلیکانەیەی پێشکەوتن لێ بەرهەم دێت، کە بەشێوەیەکی مەبەستدار ئاراستە کراوە.

ئێستا ئێمە لەبەردەم دۆخێکی نوێداین، لەو پەتا کوشندانە جیاوازە، کە مێژووی مرۆڤایەتیی بەخۆیەوە بینیون، هەر لە شەپۆلەکانی "تاعوون”ی ترسناک لە چاخەکانی ناوەڕاست، تا دەگاتە "ئەنفلەوەنزای ئیسپانیی” لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانیی، کە پەنجا ملیۆن مرۆڤی کردە قوربانیی، لە ناودارترینی ئەو قوربانیانەش، کۆمەڵناسی ئەڵمانی "ماکس ڤیبەر”، شاعیری فەڕەنسی "ئابۆلینێر” و "فڕانز کافکا”ی نووسەری چیکی بوون.

ئەم دۆخە نوێیە لە لۆژیکە قووڵەکەیدا پێوەری سەرەکی لە پێوەرەکانی سەدەکانی ئێستا هەڵدەوەشینێتەوە: پێوەری ئاڵوگۆڕیی ئازاد لە کۆمەڵگا کراوەکانی جیهانگیریی، لەگەڵ پێوەری تەناهی و ئاسایشی تایبەت بە کۆنتڕۆڵکردنی دینامیکییەتی دانیشتووان و کۆمەڵگایی.

لە لایەنی یەکەمەوە ئەوەندە بەسە ئاماژە بە دۆخی ئەو شارە داخراوە "چین"یانە بدرێت، کەوا ئەمڕۆ زۆربەی بەرهەمە پیشەسازییەکان، کە خەڵک لە تەواوی دەوڵەتانی جیهاندا ئاڵوگۆڕی دەکەن، بەرهەم دێنن. جیاوازییە سەرنجڕاکێشەکەیش ئەوەیە، کە ئەو دەسەڵاتدارە چینییانەی بە سوڕانەوە لە پشتی هەموو ئاستەنگە قووڵەکان، لەپێناو کشانی قووڵی مەزن و هەڵکشاو بەرەو ئاسیا، چەندین ساڵە پێداگیریی لەسەر پڕۆژەی "ڕێگای نوێی ئاوریشم” دەکەن، کە بەگوێرەی دەربڕینی "فریدریک کیک”ی زانای کۆمەڵناس، ئەمڕۆ ناچارن ڕۆڵی "پاسەوانی پزیشکی”ی جیهانیی بگێڕن.

هەروەها جیاوازیێکی تر ئەوەیە، ئەم حاڵەتە ڤایرۆسییە نوێیە، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی جۆرێک لە نموونەی پەیوەندیکردنی بێ پێشینە، ئەویش لە میانی خودی ئەو مەترسییە دوژمنکارییەی، کە نموونەیەکە بۆ تەشەنەکردنێکی فراوانی سنووربڕ، بەجۆرێک کە دەبێتە گەورەترین یەخانگیریی و مەیدانبازیی، کە ئەویش بەرەنگاربوونەوەی ئەو ترسەی پەیوەندیکردنە لە سەردەمی شۆڕشی پەیوەندیدا، کە بناغە و بنەڕەتی ئابووریی نوێی بە جیهانگیریی کراوە.

هەرچی لایەنە تەناهی و ئاسایشییەکەیە، ئەوا ئەو ڕێچکە ئاڵوگۆڕییە بە جیهانگیریی کراوە تێدەپەڕینێت و جۆرێکی دیکەی نوێ لە مەترسیی جیهانیی دێنێتە ئارا، کە جیاوازە لە مەترسییەکانی تیرۆر و چەکی کۆکوژ و کۆچی نایاسایی، ئەو مەترسییانەی کە چەقی ستراتیژییە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکانن.

لای خۆیەوە فەیلەسووفی فەڕەنسی "میشێل فۆکۆ” سەرنجی ئەوەی داوە، ڕۆژئاوای نوێ ڕوو بەرەو نموونەیەک لە دەسەڵاتی توندی سزادان گۆڕاوە، بۆ جۆرێک لە "دەسەڵاتی زیندوو” (بایۆپۆله‌تیك) ، کە جەخت لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی جوڵە و ئارەزووەکانی دانیشتووان دەکاتەوە. ئەوەی ئێستا و لە دۆخی هەنووکەییدا لەگەڵ شەپۆلە نوێیە ڤایرۆسییەکە تێیدا دەژین، وەرچەرخانی بابەتی بایۆلۆژییە بۆ گرەوێکی سیاسی و ستراتیژیی گەردوونیی. چیتر میکانیزمە کلاسیکییەکانی چاودێری و کۆنتڕۆڵکردن ناتوانن مرۆڤ لەو مەترسییە گوارزراوەی ئاژەڵ بپارێزن و دڵنیای بکەنەوە، بە جۆرێک کە دوو هەڵوێستی بوونگەرایی گەورە لەگەڵ خۆیاندا بەرهەم بێنن: ڕوانگەی ترس و بیم لە نزیکترین هاوسێ، کە دەکرێ ئەو "دوژمن”ە بێت نەخۆشیی و مردن دەگوازێتەوە، لەگەڵ چوونەوەیەکی ڕەسەنێتیی ئەزموونی مەرگی لەدەستچووی تاکەکەس، لەناو دیاردەی ڤایرۆس و پەتاگەرایی، بەجۆرێک کە لە نمایشە هەواڵییەکاندا مردووەکان دەبنە ژمارەی بێدەنگ.

لە هەردوو حاڵەتیشدا، قووڵیی ئەو کێشە فەلسەفییە دەردەکەوێت، کە گەڕانەوەی تراژیدیانەی مرۆڤ بۆ دۆخە ئاژەڵییە چەپێنراوەکەی دەخاتەڕوو.


* مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی نواکشۆت