نووری بێخاڵی
یه‌كه‌م
دمودوو له‌گه‌ڵ تاگوور!
تۆ ڕاست ده‌كه‌یت "خۆر هێشتا هه‌ڵدێ"، به‌ڵام ئه‌و خۆره زێڕینه، له ده‌ركه‌وتنیه‌وه تا ئێواره، له خوێنی مرۆڤایه‌تیدا ده‌گه‌وزێ.. له زه‌رده‌په‌ڕه‌وه تا ئاوابوون، شه‌ڕ ڕووخساری ده‌كاته قه‌ره‌برووت و ئیتر ڕه‌نگی زێڕینی خۆی ون كردووه.
تۆ جوانت فه‌رموو "هێشتا چرای ئه‌ستێره‌كان به ساپیته‌ی شه‌وه‌وه‌ن"، وه‌لێ گه‌وره‌م، شه‌وه‌كان هێند تاریكن، به مانگی چوارده‌ش ڕووناك نابنه‌وه.
كوا چرای ئه‌ستێره‌كان ده‌توانێ ته‌می خه‌ستی بێئومێدیی ژیان ببڕێ؟
كوا ئه‌ستێره ده‌توانێ دڵی تاریكی ڕق ڕۆشن بكاته‌وه؟
كوا ترووسكایی ئه‌ستێره ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و هه‌وره ڕه‌شه‌ی كوشتن دێ؟
تاگووری مرۆڤ، گومانم له ڕاستگۆییت نییه كه ده‌ڵێیت "مه‌نزڵ نییه، ڕێگا هه‌یه". وه‌لێ تۆ ئیتر گومانت نه‌بێت كه چیتر ڕێیه‌كان نامانبه‌نه‌وه سه‌ر ئاوه‌دانی.. نامانگه‌یه‌ننه‌وه به هیچ جێیه‌ك.. ته‌نانه‌ت ناشمانبه‌نه‌وه بۆ سه‌ر هه‌واری خاپوور و مه‌نزڵه وێرانه‌كانمان.
گه‌وره‌م، ڕه‌نگه بۆ یه‌قین و سه‌رده‌می تۆ وابووبێت "له‌دایكبوونی هه‌ر منداڵێك، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه هێشتا خودا له مرۆڤ نا‌ئومێد نییه"، به‌ڵام ئه‌رخه‌یان به، هه‌نووكه له‌دایكبوونی هه‌ر منداڵێك: ئاماژه‌یه بۆ تیژكردنه‌وه‌ی شمشێرێكی تری فه‌توا.
هێمایه بۆ داهێنانی چه‌كێكی تری كوشنده و گوله‌یه‌كی تری بكوژ.
نیشانه‌ی هه‌ڵكردنی باهۆزێكی تری توندڕه‌وی، تۆفانێكی تری كوشتن و ته‌قینه‌وه‌ی بوركانێكی نوێی شه‌ڕه.
تاگووری ئازیز، ببووره..
چیتر نه خۆر وه‌ك جاران هه‌ڵدێ، نه ئه‌ستێره به هه‌مان بریسكانه‌وه ده‌ڕژێنه نیگامان، نه ڕێیه‌كان جێی متمانه و دڵنیایین، نه له‌دایكبوونی منداڵێكیش شایسته به به‌شینه‌وه‌ی نوقڵ و شیرینی هۆزه‌بانه‌یه.
ئیتر له سای به‌رچاوته‌نگیی سه‌رمایه، كه‌له‌ڕه‌قی سیاسیی، كوێریی ئایدیۆلۆجی، توندڕۆیی ئاینی، په‌ڕگیریی تایه‌فی و مه‌زه‌وی، هه‌ر له‌دایكبوونێكی نوێ، ئاماژه‌یه بۆ كوشتنێكی نوێ و مۆدێرنتر.
دووه‌م
جه‌نگی له‌خشته‌بردن!
”ئه‌ی جه‌نگاوه‌ر.. ترسی له‌ده‌ستدانی قاچه‌كانت نه‌بێ، مادام ده‌توانی باوه‌ش به هاوسه‌نگه‌ره‌كانتدا بكه‌یت، كه‌واته تۆ هه‌ر به پێوه‌ی.. خه‌می په‌ڕینی ده‌سته‌كانت نه‌بێ، ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ركه‌وتن ده‌رفه‌تێكن سه‌مایان تێدا بكه‌ی.. كوێربوونی چاوه‌كانت له جوانییه‌كانی نیشتمانت ناكه‌ن، نیگاكانیشت تاریك دابێن، ئاواز و موزیكی نیشتمان ده‌چێ به ڕۆحتدا.. چێژ له بینین و باوه‌شكردنی ئازیزانتدا وه‌رگره، ئه‌وكاته‌ی دوو گوێچكه شك نابه‌یت بۆ بیستن.. جه‌نگاوه‌ر، هه‌موو ئه‌وانه‌شت له‌ده‌ست بده‌یت، بیرت نه‌چێ، ئه‌رخه‌یان و سه‌رفراز له‌سه‌ر زه‌ویی نیشتمان ڕاكشێ. له كۆشی میهره‌بانیی خاكه‌كه‌یدا، ئازاری برینه‌كانت بیر به‌ره‌وه.. نیشتمان تۆیت و تۆیش نیشتمان، جه‌نگاوه‌ری سه‌ركه‌ش".
ئه‌فسووس، به درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی، به پانی و درێژیی زه‌وی، به بێ پایان لیستی جه‌نگه‌كان:
چه‌ند قاچ و ده‌ست له سای ئه‌م وڕێنانه‌وه په‌ڕین؟
چه‌ند گیان به‌م دروشمانه‌وه به (با)دا دران؟
چه‌ند نیگا به‌م درۆیانه كوێر داهاتن و چه‌ند گوێچكه له بیستنی نه‌غمه‌ی سروشت بێبه‌ش بوون؟
چه‌ند دڵ له پای ئه‌و بازرگانییه پیسه‌ی جه‌نگ و بازرگانانی خوێندا، له لێدان كه‌وتن؟
چه‌ند ڕووباری خوێنی جه‌نگاوه‌ران بێهووده ڕژانه زه‌ریای به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌رچی و ده‌عه‌جانه‌كانی ئایدیۆلۆجیا و ئاین و بازرگانه‌كانی شه‌ڕ؟
ئاكام ئه‌وه‌بوو، به درێژایی مێژوو و تا به ئه‌مڕۆیش ده‌گات، ملیۆنان جه‌نگاوه‌ر بوونه قوربانی، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌یان (زۆر له‌و ژماره‌یه كه‌متریش!) بازرگانی جه‌نگ، چه‌رچیی سیاسی و ئاینی، له‌لایه‌ك دروشمه‌كانی نیشتمانپه‌روه‌ری و ئیمان به منداڵ و نه‌وه‌ی جه‌نگاوه‌ره فریوخواردووه‌كان بفرۆشنه‌وه.. له‌لایه‌كه‌ی تریشه‌وه، خۆیان و منداڵه نازانده‌كانیان له غه‌نیمه‌كانی جه‌نگ بله‌وه‌ڕێن و نیشتمانه‌كانیان وه‌ك مانگا بدۆشن.
* جاران سۆڤیێتییه‌كان له جه‌نگه‌كانیاندا ئه‌م دروشمانه‌یان به گوێی جه‌نگاوه‌ره‌كانیاندا ده‌چرپاند، وه‌ك چۆن نزیك به ١٥ سه‌ده‌یه ئیسلامییه‌كان وه‌عزی جیهاد ده‌بشێته‌وه.