(به‌شی چواره‌م)
جیاوازیی گرووپی فشار له‌گه‌ڵ حزبی سیاسی چییه؟
ئێسته جۆره‌كانی ئه‌م گرووپانه‌مان ناسی، ده‌توانین بپه‌رژێینه سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری ئه‌وه‌ی كه چ شتێك گرووپه‌كانی فشار و حزبه سیاسییه‌كان له یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه؟
وێڕای جیاوازیی تێڕوانینی ئایدیۆلۆجی و پاشخانی سیاسی و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی، كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، ئه‌و كۆمه‌ڵه كه‌سه به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه، كه ئامانجیان گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی نییه, (ئه‌مه خاڵێكی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان گرووپه‌كانی فشار و حزبه سیاسییه‌كانه)، به‌ڵكو ته‌نیا ئامانجی سه‌ره‌كی و پێشینه‌ی بایه‌خپێدانه‌كانیان ئه‌وه‌یه، كاریگه‌ریی بخه‌نه سه‌ر بڕیار و سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، به‌و ئاراسته‌یه‌ی به قازانجی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بشكێته‌وه.
ڕه‌نگه به‌هۆی فره‌یی كۆمه‌ڵگه له باری پێكهاته و خه‌ون و خولیا و به‌رژه‌وه‌ندی، ئه‌م گرووپانه‌یش فره‌چه‌شن و كایه‌ی كاركردن و بواری چالاكی و گرنگی پێدانه‌كانیشیان هه‌مه‌جۆر بن. له‌وانه‌یه گرووپی گشتی و سه‌رانسه‌ری بن، به جۆرێك نوێنه‌رایه‌تیی پانتاییه‌كی فراوانی جه‌ماوه‌ری بكه‌ن, (سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌ییه‌كان). وێده‌چێ گرووپی تایبه‌ت و سنووردار بن و نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵێك كه‌س بكه‌ن كه به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت و كه‌سی به یه‌كتریان ده‌به‌ستێته‌وه.
ڕه‌نگه گرووپگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تی بن و به‌رگریی له كۆمه‌ڵه ئامانجێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریكراو بكه‌ن. دووریش نییه گرووپی سیاسی بن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له به‌رگریكردن له كۆمه‌ڵه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی سیاسیی دیاریكراودا بێت, (لۆبییه‌كان).
له‌وانه‌یشه گرووپی ئابووری، كولتووری، فه‌رهه‌نگی و ته‌نانه‌ت كارگێڕیش بن، كه هه‌ریه‌كه و به‌گوێره‌ی پێشینه‌یی بایه‌خپێدانه‌كانی، ئامانجه‌كانیان له به‌رگریكردن له به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی كارگێڕی، فه‌رهه‌نگی، كولتووری و ئابووری كورت بكرێنه‌وه.
به‌هه‌رحاڵ گرووپه‌كانی فشار له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ئامانجه‌كانیان و جۆر و شێوازی پێكهاته‌كانیان، له حزب و ڕێكخستنه سیاسییه‌كان جیا ده‌كرێنه‌وه. به‌و پێیه‌ی ئه‌و گرووپانه له هه‌وڵه‌كانیان بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیاندا، كار بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه ده‌كه‌ن، كه گرێدراوی سروشت و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تییه‌كانیانه.
بۆ نموونه سه‌ندیكای كرێكاران به‌رگریی له كاتژمێر و كرێی كار و بیمه‌ی ژیان ده‌كه‌ن، له كاتێكدا حزبی سیاسی كه په‌نا بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و سه‌ندیكایانه ده‌بات، له بنه‌ڕه‌تدا ئامانجه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئۆتۆریته‌ی جه‌ماوه‌ریی خۆی زیاد و به‌رفراوان بكات و به هۆیانه‌وه گه‌مه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ململانێی سیاسی له ڕكابه‌ره‌كانی بباته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست. به مانایه‌كی تر، سه‌ندیكای كرێكاران خه‌می كرێكار و ژیان و داهاتوویه‌تی، كه‌چی حزب له پشتی بانگه‌شه‌كردن بۆ داكۆكی له‌و مافه‌ی كرێكاران، كرێكاران خۆی وه‌ك باسكێكی به‌هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌كاته پرد و ڕایه‌ڵه‌ی په‌رینه‌وه بۆ سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات.
به‌شێوه‌یه‌كی تر، ده‌توانین بڵێین گرووپی فشار كۆمه‌ڵه كه‌سێكن به‌رژه‌وه‌ندیی دیاریكراوی هاوبه‌شیان هه‌یه، له‌وانه‌یشه جۆرێك له ڕێكخستنیشیان هه‌بێت، به‌ڵام ئامانجیان گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵكو له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، هه‌وڵ ده‌ده‌ن فشار بخه‌نه سه‌ر ده‌سه‌ڵات.
به مانایه‌كی تر، پێوه‌ری سه‌ره‌كی بۆ جیاكردنه‌وه‌ی نێوان حزبه سیاسییه‌كان و گرووپه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی, ئه‌وه‌یه كه ئامانجی سه‌ره‌كی و ڕاسته‌وخۆی حزبی سیاسی، گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات، یان به‌شداریكردنه تێیدا، بۆیه هه‌وڵ ده‌دات له ڕێی بردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری له ئه‌نجوومه‌نه‌كان و كورسیی وه‌زاره‌تی هه‌بێت و دواجاریش بتوانێ ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، به‌ڵام گرووپه‌كانی فشار و به‌رژه‌وه‌ندی، دوور و نزیك ئامانجێكی وایان نییه.
به‌و مانایه‌ی كه گرووپه‌كانی فشار نایانه‌وێ ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست، وه‌ك ئه‌وه‌ی ناشیانه‌وێ به‌شداریی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ كاریگه‌ر بن به‌سه‌ر ئه‌وانه‌وه كه ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات و فشاریان بخه‌نه سه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بێننه دی (محمد نصر مه‌نا: علوم سیاسیه، دراسه فی الأصول و النڤریات).
جیاوازییه‌كی زۆر ڕۆشن و جه‌وهه‌ریی له پێوه‌ست به‌و نموونه‌ی سه‌ره‌وه له نێوان گرووپه‌كانی فشار و حزبی سیاسی‌دا هێنامانه‌وه, ئه‌وه‌یه كه حزبی سیاسی كاتێك له خه‌ونی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، یان ڕوونتر بڵێین، كاتێك له هه‌ڵبژاردن و گه‌مه دیموكراسییه‌كانی ناو ململانێی سیاسی‌دا شكست دێنێت، ده‌بێته ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و سه‌رله‌نوێ بۆ گه‌ڕێكی تری ململانێ و ڕكابه‌ریی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، تێی هه‌ڵده‌چێته‌وه، له‌م ناوه‌شدا ئه‌ركه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خۆی بیر ده‌چێته‌وه و ئه‌رك و ئامانجه سیاسییه‌كانی ده‌كاته‌وه پێشینه‌ی گرنگی و بایه‌خپێدان.
هه‌رچی گرووپه‌كانی فشارن، گۆڕینی حكوومه‌ته‌كان، ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، شكستی ئه‌م حزب و سه‌ركه‌وتنی ئه‌و حزب له ماهییه‌تیان ناگۆڕن، به‌ڵكو ئه‌وان له سای هه‌موو هه‌لومه‌رجێكدا له‌سه‌ر داكۆكیكردن له مافه‌كانی خۆیان و به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن.
شتێك نییه بۆ ئه‌وان به مانای شكست له هاوكێشه‌ی ململانێدا، چونكه هه‌ركێ له حكوومه‌ت بێت، شه‌ڕی ئه‌وان له‌سه‌ر چه‌سپاندنی مافه‌كان و به‌دیهێنانی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی و مرۆییه‌كانیانه. ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه و جیاواز له حزبی سیاسی، كه هه‌ندێكیان ته‌نیا له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا چالاك و كاران، كه‌چی گرووپه‌كانی فشار هه‌میشه و له هه‌موو شوێنكات و له سای هه‌موو بارودۆخه‌كاندا، گرووپی پڕ وزه‌ی چالاكی و هێزی به‌رده‌وامیی و خاوه‌نی كاریگه‌رین، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و گرووپانه له‌ناو خۆیاندا هاوئاهه‌نگییان هه‌بێت.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گرووپ و سه‌ندیكایانه‌ی حزب بۆ شه‌ڕی سیاسی دایانده‌مه‌زرێنێ و جۆرێكن له ڕێكخستنی حزبی، به‌ڵام به به‌رگ و ده‌مامكێكی تره‌وه، كه ئه‌ندامی حزب و پشتیوانیی دارایی له حزبه‌وه وه‌رده‌گرن و له‌هه‌ر قۆناغێكی كاری سیاسی و خه‌باتی خۆیاندا، له‌به‌ر ڕۆشنایی به‌رنامه و ئامانجه‌كانی حزب كار ده‌كه‌ن و هه‌نگاو ده‌نێن.
بۆ نموونه كاتێ حزبه‌كانیان له ده‌سه‌ڵاتدان، سروشتی كار و شێوازی خه‌بات و ته‌نانه‌ت تۆنی گوتاریشیان زۆر له‌و كاتانه جیاوازتره، كه حزبه‌كانیان له به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیدان. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ندێ جار ئه‌و گرووپانه و حزبگه‌لی سیاسی له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجێكی دیاریكراو و له قۆناغێكی دیاریكراودا، ڕه‌نگه بچنه ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كی كاتیشه‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م جیاوازییانه‌ی نێوانیان، ڕه‌نگه له خه‌سڵه‌ت و خاڵێكدا گرووپه‌كانی فشار و حزبه‌كان بگه‌نه‌وه یه‌ك، خاڵه‌كه ئه‌وه‌یه كه هه‌ردووكیان له باری ڕێكخستن و ئه‌ندامێتی و كۆمه‌ككردنه‌وه، هاوشێوه‌ن. له‌وانه‌یشه سروشت و جۆری فشاری هه‌ردوولا بۆ سه‌ر حكوومه‌ته‌كان، خاڵێكی تری هاوبه‌شی نێوانیان بێت.
كه‌وابوو سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كانی نێوان گرووپه‌كانی فشار و حزبه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دوو كه‌ناڵ و سه‌كۆ و مینه‌ری سه‌ره‌كین له پرۆسه‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردنی گه‌لێری و جه‌ماوه‌ریدا، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه حزبه‌كان نوێنه‌رایه‌تیی ئامانجه سیاسی و ده‌سه‌ڵاخوازییه‌كان، گرووپه‌كانی فشاریش نوێنه‌رایه‌تیی خواسته كۆمه‌ڵایه‌تی و مافه پیشه‌ییه‌كان ده‌كه‌ن, (حامد ربیع، أبحاپ فی النڤریه السیاسیه).
ئه‌مه به‌و مانایه دێت كه جیاواز له حزبی سیاسی، ئه‌ركی سه‌ره‌كیی گرووپه‌كانی فشار بریتی نییه له ئاماده‌كردن و پێگه‌یاندنی سه‌ركرده‌ی سیاسی، كه نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵك بكات و له ڕێگایانه‌وه بگاته كورسی و ئیمتیازه‌كانی حوكمڕانی، به‌ڵكو ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ئه‌و گرووپانه، كۆكردنه‌وه‌ی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان (گرووپ) و داكۆكیكردنه له داخوازیی و مافه‌كانیان له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا و فشار خستنه‌سه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی به‌ده‌نگ داخوازیی ئه‌و گرووپانه‌وه بێت و جێبه‌جێیان بكات.
له‌م ڕووه‌وه یه‌كێك له ئه‌رك و چالاكییه دیاره‌كانی گرووپه‌كانی فشار، ئاماده و ته‌یاركردنی كه‌رت و كایه كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌ییه جیاوازه خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌یه، به مه‌به‌ستی ئاراسته‌كردنیان بۆ پشتگیری و كۆمه‌ككردنی ده‌سه‌ڵات له ئه‌گه‌ری به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی داخوازییه‌كانیان، یان به پێچه‌وانه‌وه، هاندان و ئاراسته‌كردنیان بۆ دژایه‌تیی و ڕكابه‌رێتیكردنی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی، له دۆخێك‌دا كه ده‌سه‌ڵات به پیر داواكانیانه‌وه نه‌چێت و په‌راوێز و پشتگوێ‌یان بخات (مارسیل بریلو، علم السیاسه).
جیاوازییه‌كانی نێوان گرووپه‌كانی فشار و حزبه سیاسییه‌كان، كه ڕه‌نگه له خستنه‌ڕوویاندا كورتمان نه‌هێنابێت، به‌و پێیه‌ی هه‌لومه‌رجه سیاسی و بارودۆخه ئابووری و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له شوێنكاتێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر جیاواز بن، به‌ڵام زه‌وینه‌سازی ئه‌وه‌ن بتوانین له میانی به‌شێك له‌و جیاوازییانه‌دا، زۆرترین یان به لایه‌نی كه‌مه‌وه، به‌شێكی زۆری خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گرووپه‌كانی فشار بناسینه‌وه.
واته به‌رمه‌بنای پێناسه‌ی ئه‌و گرووپانه و ناسینه‌وه‌ی جیاوازییه‌كانیان له‌گه‌ڵ حزبه سیاسییه‌كاندا، ده‌توانین ئاماژه به چه‌ند خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی گرووپه‌كانی فشار بكه‌ین كه پێیان ده‌ناسرێنه‌وه، له‌ناویاندا گوزارشتگردن له بۆچوون و خه‌ون و ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند كه‌سێك، یان یاخۆ توێژێك.