(به‌شی پێنجه‌م)
سیستمه سیاسییه‌كان و پێگه‌ی گرووپه‌كانی فشار
وه‌ك پێشتر و له وه‌ڵامی پرسیاری جیاوازیی نێوان گرووپه‌كانی فشار و حزب و ڕێكخستنه سیاسییه‌كاندا باسمان كرد، بۆمان ده‌ركه‌وت جیاوازییه‌كی ئاشكرا و گه‌وره له نێوان گرووپه‌كانی فشار و حزبه‌كاندا هه‌یه. به‌و پێیه‌ی حزب بیروباوه‌ڕ و ئایدیۆلۆجیا و ئامانجی ڕۆشن و ڕاگه‌یه‌ندراوی هه‌یه و له پێناوی گه‌شه‌پێدان و دۆزینه‌وه‌ی فۆڕمێك له سیاسه‌ت كه كه‌مترین تێچووی هه‌بێت و فراوانترین هه‌ل و بواری به‌شداریی تێدا بكه‌ن، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ده‌ریچه و كه‌ناڵی جیاواز ده‌دات، تا لێیانه‌وه سیاسییه‌كان و هاووڵاتییان له‌م بواره‌دا هاوكار و هاوئاهه‌نگ بن، بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ده‌سه‌ڵات.
هه‌رچی گرووپی فشاره له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌تی تایبه‌تی و كه‌سی كار ده‌كات، ئامانجی به‌دیهێنانی مه‌یل و مه‌به‌ستی تایبه‌تی و كه‌سییه، هاوكات مه‌به‌ستیه‌تی له ڕێی كۆنتڕۆڵكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردنه‌وه، كاریگه‌ریی به‌سه‌ر بڕیاره سیاسییه‌كانه‌وه هه‌بێت.
ده‌بێت ئاماژه به‌و ڕاستییه‌ش بكه‌ین كه په‌ره‌سه‌ندن و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گرووپه‌كانی فشار، كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر حزبه‌كان ده‌كات و لاوازیان ده‌كات. ئه‌مه‌ش ئه‌وكاته زیاتر هه‌ستی پێ ده‌كرێ كه كاندیده‌كان ده‌زانن و ده‌گه‌نه ئه‌و بڕوایه‌ی به‌بێ هاوكاریی و پشتیوانیی حزب و پابه‌ندبوون به بیروباوه‌ڕ و پره‌نسیپه‌كانی، ده‌توانن له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا براوه بن. بۆ ئه‌مه‌ش په‌نا بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵ و گرووپانه ده‌به‌ن كه خاوه‌نی ئۆتۆریته و هێزی دارایین، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا كۆمه‌كیان بكه‌ن.
دیاره له دۆخێكی وادا هیچ شتێك ناكه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌و كاندیدانه، ته‌نیا ڕه‌چاوكردنی سیاسه‌ت و ئامانجه تایبه‌تییه‌كانی ئه‌و كه‌س و گرووپانه نه‌بێت كه ڕۆڵیان بینیوه و ده‌بینن له گه‌یاندنی ئه‌م كاندیدانه بۆ پۆسته‌كانی ده‌سه‌ڵات.
له‌م ڕووه‌وه پسپۆڕ و شاره‌زایانی سیاسی و لێكۆڵه‌ره‌وه‌كانی بواری زانستی سیاسه‌ت سه‌رنجی ئه‌وه‌یان داوه كه هێز و گرووپه‌كانی فشار، ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی ده‌سته و تاقمی جیاوازیی ناو كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌ن و پێداویستی و داخوازییه‌كانیان جیاوازن، چه‌نده فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات زیاتر و توندتر بێت، ئه‌وه‌نده و زیاتر له ڕێی ڕاست و ڕه‌وایی و ماف و دادپه‌روه‌ری لا ده‌ده‌ن و به‌لاڕێدا ده‌چن. تا ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌و شتانه‌ی ئه‌و گرووپانه‌ی فشار داوای ده‌كه‌ن و پێداگیریی له‌سه‌ر به‌دیهێنانیان ده‌كه‌ن، دوور نییه ببنه دێوه‌زمه‌یه‌كی ترسناك، له بری ئه‌وه‌ی ببن به هێزێك گوزارشت له دیموكراسیی بكه‌ن و گه‌شه‌ی پێ بده‌ن، بۆ خۆیان ده‌بنه مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه به‌سه‌ر سیستمی دیموكراسی (موریس دوفرجیه، مدخل إلی علم السیاسه).
هه‌ر بۆیه چالاكییه‌كانی گرووپه‌كانی فشار، به‌گوێره‌ی جیاوازیی سیستمه سیاسی و حوكمڕانییه‌كان جیاوازییان تێده‌كه‌وێت. به جۆرێك فشاركردن له‌ناو سیستمی سه‌رۆكایه‌تیدا به‌راورد به سیستمی په‌رله‌مانی، زۆر به‌هێز و كاریگه‌ر و درێژخایه‌نتره، ئه‌مه‌ش پێوه‌ندیی به پره‌نسیپی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه هه‌یه، كه تێیاندا پێشوه‌خته و به‌ر له په‌سه‌ندكردن و ده‌ركردنی بڕیاره‌كان، ڕێككه‌وتنێكی ته‌واو له نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردندا هه‌یه، دیاره ئه‌م ڕێككه‌وتنه پێشوه‌خته‌یش به‌بێ فشاركردن له‌سه‌ر سه‌رۆك و ئه‌نجوومه‌ن سه‌ر ناگرێت. بۆیه سیستمی سه‌رۆكایه‌تیی شوێن و زه‌وینه‌یه‌كی پته‌و و تۆكمه‌ی كاركردن و چالاكییه‌كانی گرووپه‌كانی فشاره.
له به‌رانبه‌ردا و ڕێك پێچه‌وانه‌ی هاوكێشهكهی پێشه‌وه، له‌و وڵاتانه‌ی سیستمه حوكمڕانییه‌كه‌یان په‌رله‌مانییه، كار و ئه‌ركی گرووپه‌كان جیاوازه، به‌و پێیه‌ی له‌ناو ئه‌و سیستمه‌دا حكوومه‌ت بۆ خۆی سه‌رچاوه‌ی چالاكی سیاسییه، به‌مه‌ش كار و چالاكیی گرووپه‌كانی فشار له‌سه‌ر حكوومه‌ت چڕ ده‌بێته‌وه. ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌و سیستمهیشدا زه‌وینه‌ی كاری گرووپه‌كانی فشار جیاوازه.
له‌م نێوه‌دا ده‌توانین نموونه‌ی فڕه‌نسا وه‌ربگرین (كه نیمچه سه‌رۆكایه‌تییه). له‌م وڵاته‌دا چونكه سیستمی سیاسی و حوكمڕانی هێزێكی زیاتری به په‌رله‌مان داوه، ئه‌مه وایكردووه لیژنه‌كانی په‌رله‌مان قورسایی و پێگه و كاریگه‌رییه‌كی زیاتریان هه‌بێت. كاتێكیش ده‌بینین له‌ناو سیستمی سیاسی و حوكمڕانیی فڕه‌نسادا گرووپه‌كانی فشار هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆیان پێش به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌خه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌یه كه گرووپه‌كانی فشار نوێنه‌رایه‌تییه‌كی به‌هێزیان له‌ناو لیژنه‌كانی په‌رله‌ماندا هه‌یه، تا ئه‌و ئاسته‌ی به‌بێ ڕێككه‌وتن و سازانی نێوان گرووپه‌كانی فشار، ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكان نادرێت.
به‌ڵام له‌و وڵاتانه‌ی سیستمی حوكمیان كۆمۆنیستی و سۆسیالیستییه، هه‌روا به ئاسانی سیما و ئه‌دگاره‌كانی گرووپه‌كانی فشار ناناسرێنه‌وه. چونكه حزبه كۆمۆنیسته‌كان هیچ بوار و بۆشاییه‌ك بۆ دۆزینه‌وه و ده‌ركه‌وتنی ئه‌م فۆڕمه له گرووپ و ئه‌م جۆره له ڕاستی ناهێڵنه‌وه، ئه‌مه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه ئه‌و كۆمه‌ڵ و گرووپانه ئۆتۆریته‌ی خۆیان هه‌یه، له‌وانه‌ش سه‌ندیكاكان و كۆمه‌ڵه هه‌ره‌وه‌زییه‌كان (حسن صعب، علم السیاسه).
ئامراز و شێوازه‌كانی خه‌باتی گرووپه‌كانی فشار
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئینسكلۆپیدیای ئازادی ویكیپیدا "بۆ گه‌یشتن، یان به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانیان، ئه‌و گرووپانه شێواز و ئامرازی ههمهجۆر به‌كار دێنن. بۆ نموونه: فشاری سیاسی، هه‌ڵمه‌ته میدیاییه‌كان، فرتوفێڵی پڕوپاگهندهكاری، ڕاپرسییه‌كان، لێكۆڵینه‌وه و كۆڕبه‌ند و كۆبوونه‌وه. به‌شێك له‌و گرووپانه چانسی پشتیوانییه‌كی به‌هێزیان له دامه‌زراوه به‌هێزه بازرگانییه‌كان، یان به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كان هه‌یه و ڕاسته‌وخۆ و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاویش، كاریگه‌ریی له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا ده‌كه‌ن".
له كاتێكدا جۆره‌كانی گرووپی فشار جیاواز بن، هاوكات له‌گه‌ڵ ڕێكخستنه سیاسی و حزبه‌كاندا له‌باری ئه‌رك و ئامانج و شێوازی كاردا جیاواز بن، هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی و ڕۆڵیان له سای سیستمێكی سیاسییه‌وه بۆ سیستمێكی تر جیاواز بێت، كه‌واته له ئامراز و شێوازه‌كانی كار و چالاكیشیاندا بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان، جیاواز ده‌بن. له‌به‌رئه‌وه پێویست ده‌كات ئاشنای ئه‌و ئامراز و هۆكارانه‌ش بین، كه گرووپه‌كانی فشار له میانی خه‌بات و كار و چالاكییه‌كانیاندا بۆ فشار خستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌كاریان دێنن. ئه‌وانیش بریتین له (قۆستنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كان، باوه‌ڕپێهێنان، دهمهزهدكردن و به‌رتیل، هه‌ڕه‌شه‌كردن، فشارخستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاته حكوومی و فه‌رمییه‌كان).
با بزانین ئاخۆ ئه‌و گرووپانه چۆن و له چ شوێنكات و له‌سای چ هه‌لومه‌رجێكدا، په‌نا بۆ ئه‌م ئامراز و ئه‌لته‌رناتیڤانه‌ی فشاركردن ده‌به‌ن؟.