نازانم په‌نده یان قسه‌ی نه‌سته‌ق، یاخۆ حیكمه‌ت چییه كه ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی مریشكی هه‌بێت، خه‌ڵك هێلكه‌ی به قه‌رز ده‌داتێ"، وه‌لێ ئه‌وه ده‌زانم له‌ناو ئه‌م هه‌موو ڕووداوه خێرا و گۆڕانكارییه چاوه‌ڕواننه‌كراو و گرژیی و ئاڵۆزییه ناوچه‌یی و هه‌رێمایه‌تییه‌كاندا هه‌ن، كه‌م و زۆر كورد به‌شی ئه‌وه مریشكی هه‌یه، ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی هێلكه‌ی قه‌رزی ئه‌وانی تریش نه‌كات، به‌ڵام ده‌ست به هێلكه‌ی مریشكه‌كانی خۆیه‌وه بگرێت.
بۆ دۆخی ئاڵۆزی ئێسته‌ی عێراق و ناوچه‌كه كه چه‌ندان جه‌مسه‌ر و جومگه‌ی هێز و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنی ئاراسته‌ی ڕووداوه‌كان، به ئاقاری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له كێبه‌ركێ و ململانێدان، هاوكات له‌و ناوه‌دا كورد له چه‌قی گێژاوه‌كه‌دایه و به‌شێكه تێیدا، بۆیه پێویست ده‌كات سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان به‌شی ئه‌وه پلان و كارتی یاریكردنی له گیرفاندا بێت، تا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه هێزێكی یاسایی و ده‌ستووریی زیاتر و پاڵپشتیی زیاتری نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌م ستاتۆ سیاسی و حوكمڕانییه‌ی خۆی (هه‌رێمی كوردستان)، مسۆگه‌ر بكات.
زیره‌كیی سه‌ركردایه‌تیی سیاسی له‌ناو ئه‌م جۆره له ململانێ و هاوكێشه ئاڵۆزه‌دا، له‌وێدا ده‌رده‌كه‌وێت به‌شی ئه‌وه ده‌رك به‌و ڕاستییه بكات كه به‌بێ تێگه‌یشتن له چركه‌ساتی مێژوویی، هه‌لومه‌رجی گۆڕاو، قووڵایی فكری و سیاسیی ڕووداو و ململانێكان، هه‌ڵسه‌نگاندنی پرۆسه‌ی سیاسی و چییه‌تی و فره‌ڕه‌هه‌ندیی ڕووداوه‌كان، دواجاریش فۆرمۆڵه‌كردنی دید و ڕوانگه‌یه‌كی دروستی سیاسی بۆ دۆخه‌كه به‌گشتی، هه‌روا كارێكی ئاسان نییه.
بۆ تێگه‌یشتنێكی ڕاستی له دۆخه‌كه و داڕشتنی گوتارێكی سه‌نگین و پلانێكی تۆكمه‌ی كار، سه‌ركردایه‌تیی سیاسی نابێ بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و یاسا فیزیاییه‌ی كه ده‌ڵێ، "هه‌موو كارێك، كاردانه‌وه‌ی هه‌یه"، به‌و مانایه‌ی دیوی ڕاسته‌قینه‌ی چوونه ناو ململانێكان، به‌رمه‌بنای خوێندنه‌وه‌ی قووڵ بۆ گۆڕانكارییه سیاسی و ئابوورییه‌كان، سروشتی ململانێكان، پاشخانی ڕووداو و ئه‌دگاره‌كانی ده‌ركه‌وتنیان، هاوكات به ناسینی ڕۆڵ و سه‌نگ و پێگه و قورسایی و كاریگه‌ریی خۆی له‌ناو جه‌مسه‌ره‌كانی ململانێدا ده‌بێت.
ڕاستییه‌كه‌ی دۆخی عێراق و ناوچه‌كه و دنیاش به‌گشتی، هی ئه‌وه نین سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان بینه‌ر بێت، به‌ڵام به‌و واتایه‌ش نییه ئیش له‌سه‌ر كاردانه‌وه بكات. وه‌ك چۆن كه‌س ناڵێت ده‌بێ ته‌نیا وه‌ك ته‌ماشاكار چاوه‌ڕوانی فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كان و ئه‌نجامی به‌ریه‌ككه‌وتن و ململانێكان بێت، به‌ڵكو ده‌بێ به‌پێی پێگه و قورسایی خۆی له‌ناو هاوكێشه‌كاندا، بكه‌رێكی كارا بێت.
یاریكه‌رێك بێت ساته‌وه‌خته‌كانی به‌رگریكردن و هێرشبردن له یه‌كتر جیا بكاته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ بكه‌ر و یاریكه‌رێكی سه‌ركه‌وتوو بێت، پێویسته كارتی كاردانه‌وه و به‌ریه‌ككه‌وتن له ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌دا له خه‌یاڵی خۆی بێنێته ده‌ره‌وه، له‌بری ئه‌وه كار له‌سه‌ر پته‌وكردنی فاكته‌ره‌كانی مانه‌وه و وه‌گه‌ڕخستنی میكانیزمه‌كانی به‌رده‌وامی بكات، ئه‌مه‌ش به‌وه ده‌كرێت له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستدا چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چه‌مكی ڕاگرتنی باڵانس و هاوسه‌نگیدا ده‌كات.
دیاره به‌كاربردنی ڕاگرتنی باڵانس و هاوسه‌نگی، لێره‌دا هه‌رگیز به واتای هه‌ڵبژاردنی دڕدۆنگی و چوونه‌وه ناوخۆ و ئیدیۆمی (ئاگره سووره له خۆم دووره) نایه‌ت، به‌ڵكو مه‌به‌ست لێی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ به‌كارهێنانی هێزی نه‌رم، كه ڕه‌گه‌ز و پێكهێنه‌ره‌كانی ئه‌و هێزه له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا، تا ئاستێكی به‌رز سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن.
له ڕوانگه‌ی (جۆزیف نای) سێ ڕه‌گه‌ز و بنه‌مای هێزی نه‌رم هه‌ن كه ڕۆڵی كاریگه‌ر له سه‌ركه‌وتندا ده‌بینن و هه‌ر سیستمێكی سیاسی، یان فۆڕمێكی حوكمڕانی، له پێوه‌ست به مامه‌ڵه‌كردن له ناوخۆی خۆی و ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ده‌توانن په‌نایان بۆ ببه‌ن، ئه‌وانیش بریتین له (فه‌رهه‌نگ، به‌ها سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه).
سه‌ره‌تای هه‌ر شتێك، پێویسته حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان (به هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی، وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی حوكمڕانی و ڕووخساری سیستمی سیاسی) شوناسی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م خۆشوناسكردنه به دیوه‌كه‌ی تردا، ڕاسته‌وخۆ گرێدراوی شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ئه‌و حزبانه‌یه كه له جومگه‌كانی حوكمڕانیی ئه‌م وڵاته‌ن و له بڕیار و داڕشتنی سیاسه‌ته‌كه‌یدا به‌شدارن، به‌داخه‌وه تا ئه‌م چركه‌ساته‌یش ته‌م و غوبار له‌سه‌ر شوناسه‌كه‌یان هه‌یه و ده‌بێ له‌م بواره‌دا به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌كی رژد بكه‌ن. چونكه وێڕای ئه‌وه‌ی گۆڕانگارییه هه‌مه‌لایه‌نه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بێ چه‌ندوچوونیان له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی گوتاری سیاسی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌رگیز به‌و واتایه نییه كه حزب و دواتریش سیستمی حوكمڕانی، خاوه‌نی شوناسێكی جێگیر و ئینتمایه‌كی كۆنكریتی بۆ ئه‌و شوناسه نه‌بێت.
له‌م ناوه‌دا پرسی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی دێته پێش، ئاخۆ به ڕاستی حزبی كوردی و حوكمڕانیی له كوردستاندا هه‌ڵگری گوتار و شوناسێكی نه‌ته‌وه‌یی (وه‌ك خاوه‌ندارێتی له دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد) و نیشتمانییه (وه‌ك پابه‌ندبوون به سه‌روه‌ركردنی چه‌مكی هاووڵاتیی كوردستانی) یان نا؟
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه و له ئه‌گه‌ری خۆیه‌كلاكردنه‌وه‌ی سیستمی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان (له ئاستی دامه‌زراوه‌یی له‌لایه‌ك و حزبه به‌شداره‌كان) له‌سه‌ر ئاستی شوناسدا، زه‌وینه و به‌رچاوڕوونی باشتر و ته‌ندروستتر بۆ داڕشتنی سیاسه‌تی كولتووری و قووڵكردنه‌وه‌ی به‌ها و پره‌نسیپه سیاسییه‌كان له گوتار و بڕیار، هه‌روه‌ها فۆرمۆله‌كردنی سیاسه‌تێكی ڕوون و هاوسه‌نگ له پێوه‌ست به مامه‌ڵه‌كردن به دنیای دوور و نزیكی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، له به‌رده‌میدا ده‌ڕه‌خسێت.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر چییه‌تی و چۆنیه‌تیی خستنه‌گه‌ڕی بنه‌ما و ڕه‌گه‌زه‌كانی هێزی نه‌رم، ده‌توانێ به‌رچاوی خۆی و هاووڵاتییانیشی بۆ ئێسته و ئاینده ڕۆشنتر بكاته‌وه. بۆیه ساده‌ترین شت بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێیه‌وه حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان و حزبه به‌شدار و خاوه‌ن بڕیاره‌كانی ناوی، بخه‌ینه به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان له ئاست ئێسته و ئاینده‌ی كوردستانیان و ستاتۆ سیاسییه‌كه‌یدا، ئه‌وه‌یه جارێ لێیان بپرسین:
سیستمی حوكمڕانیی ئێمه (له‌گه‌ڵیشیدا حزبه‌كان) هه‌ڵگری چ شوناسێكی سیاسی– كۆمه‌ڵایه‌تییه؟ تێگه‌یشتنی بۆ بایه‌خ و كاریگه‌ریی سیاسه‌تی كولتووری چییه و چۆنه؟ به‌ها و پره‌نسیپه سیاسییه‌كانی چین و پابه‌ندبوونی به‌م به‌هایانه له چ ئاستێكدان؟ ئاخۆ خاوه‌نی دیدێكی ڕۆشن و ڕوانگه‌یه‌كی ڕیالیستییه بۆ دنیای پێوه‌ندییه‌كان و سیاسه‌تێكی كۆنكرێتی پێوه‌ست به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دنیای دوور و نزیكی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا هه‌یه؟