نووری بێخاڵی
(2-2)
درۆی هه‌ره گه‌وره‌ی ئایدیۆلۆجیا و ئاینه‌كان به درێژایی مێژوو، ئه‌وه بووه و ئه‌وه‌یه كه نه‌ك هه‌ریه‌كه‌یان خۆی به ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌وانی پێش و سه‌رده‌می خۆیان داناوه، به‌ڵكو خۆیشیان وه‌ك دوا شارستانیی نواندووه و موژده‌ی به‌خته‌وه‌ری مرۆڤیان داوه، كه‌چی دواجار هه‌ریه‌كه‌یان و به جۆرێك، مرۆڤایه‌تییان تووشی كوێره‌وه‌ریی كردووه.
له‌م ڕووه‌شه‌وه شه‌ڕه ئایدیۆلۆجی و ئاینییه‌كان به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك نموونه‌ی زیندووی ناو مێژووی دوور و نزیكی مرۆڤایه‌تی بیانهێنینه‌وه كه چۆن به‌هۆی بانگه‌شه و دروشمی خاوه‌ندارێتی له حه‌قیقه‌تی ره‌های ئاینی و ئایدیۆلۆجی، ژیانی مرۆڤیان دروێنه كردووه.
ئیسلام وه‌ك هه‌ر ئاینێكی تری هه‌ڵگری گوتاری حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها، تا ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت، خۆی وه‌ك تاكه ئه‌لته‌رناتیڤی هه‌موو ئاین و ئایدیۆلۆجیا و شارستانییه‌ته‌كان ده‌بینێت، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا كه نیولیبراڵیزم مرۆڤایه‌تیی له هه‌موو بوون و به‌ها مرۆییه‌كانی داماڵیوه، ئیسلام پێی وایه ده‌توانێ كۆتا به‌م مه‌ینه‌تییانه‌ی مرۆڤ بێنێت، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌زموونی دوور و نزیكی حوكمڕانی ئیسلام و دواجاریش ته‌وژمی ئێسته‌ی گوتاری ئیسلامیی (سه‌له‌فیی جیهادی، ئیخوانی، وه‌هابی، ویلایه‌تی فه‌قیه و....)، چی جیاواز و باشتری له ئاین و ئایدیۆلۆجیاكانی تر، پێشكه‌شی مرۆڤایه‌تی كردووه تا مرۆڤ ڕه‌شبین نه‌بێت؟
چش له شه‌ڕی نه‌بڕاوه‌ی مه‌زه‌وی و تایه‌فی ناو مێژووی ئیسلام كه تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه و له‌سه‌ر ڕووباری خوێنی مرۆڤ كاوێژ ده‌كات و له هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناغێكدا، به ڕه‌نگ و به‌رگێكی تره‌وه یه‌خه‌ی مرۆڤی گرتووه‌ته‌وه. به‌دیوه‌كه‌ی تردا ئه‌وه‌ی ئیسلام و مسوڵمانانی دڵخۆش كردووه ئه‌وه‌یه، گوایه له ڕۆژئاوا له‌ناو جه‌رگه‌ی دنیای سه‌رمایه‌داریدا، له‌ناو دڵی وڵاتانی نیولیبڕڵیزمدا، شوێنپێی خۆی كردووه‌ته‌وه و ده‌كاته‌وه.
له‌و ناوه‌شدا موژده‌ی زۆرتربوونی ڕۆژ دوای ڕۆژی ژماره‌ی مزگه‌وته‌كان له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ده‌ده‌ن، هاوكات له‌گه‌ڵیدا ئاماژه به زیاتربوونی خوێندنگه و قوتابخانه ئیسلامییه‌كان ده‌كه‌ن له‌و وڵاتانه، به‌وه شاگه‌شكه‌ن كه له ڕێی ئه‌م ناوه‌نده ئاینی و په‌روه‌رده‌ییانه‌یانه‌وه، خه‌ڵكێكی ئه‌م وڵاتانه بوونه‌ته مسوڵمان، به‌ڵام خۆیان له‌و پرسیاره رژده ده‌دزنه‌وه كه به‌رهه‌می ئه‌م هه‌موو مزگه‌وت و قوتابخانه ئاینییانه‌ی ئه‌وێ چ بووه؟ ناپرسن بۆچی زۆرترین ڕێژه‌ی تیرۆریست كه هاتنه ڕیزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام (داعش)، بۆ له‌و وڵاتانه بوون؟
وه‌ڵامێكی خێرای ئه‌و پرسیارانه ئه‌وه‌یه كه له‌و ناوه‌نده ئاینییه ئیسلامییانه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی تریش، له میانی پرۆگرام و وانه و وه‌عز و ئیرشاده‌كاندا، زیاتر بره‌و به فیكری توندڕۆیی و په‌ڕگیری (سوننی – شیعی) و به‌تایبه‌تیش فیكری سه‌له‌فی و جیهادی ده‌درێت، هاوكات له میانی خراپ قۆستنه‌وه‌ی یاساكانی ئه‌و وڵاتانه كه ئازادیی كاریان به‌م ناوه‌نده ئاینی و په‌روه‌رده‌ییانه‌ی مسوڵمانان فه‌راهه‌م كردووه، زۆرجار ئه‌و مسوڵمانانه‌ی له ترسی جه‌ور و سته‌مكاریی حوكمڕانه ئیسلامه‌كانیان و تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ی ڕه‌وت و گرووپه ئیسلامییه تیرۆریسته‌كانه‌وه، ته‌نانه‌ت له ترسی قووڵبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی تایه‌فی و مه‌زه‌وی و كوشتن له‌سه‌ر ناسنامه (سوننه - شیعه)، وڵاتانی خۆیان جێ هێشتووه و له سای یاساكانی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا گیرساونه‌ته‌وه و په‌نجه‌ره‌یه‌كی نوێی ژیانیان به‌سه‌ردا كراوه‌ته‌وه، كه‌چی ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌و وڵاتانه به وڵات و حوكمڕانی فسق و فه‌ساد و كوفر ناویان ده‌به‌ن.
نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو دژایه‌تییه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی لایه‌نه ژیاری و شارستانییه پێشكه‌وتووه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ش ده‌كه‌ن، بۆیه هه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كرێ مرۆڤی توندڕۆ و تیرۆریست و په‌ڕگیر به‌رهه‌م بینێت.
دیوێكی تری ئه‌م هاوكێشه‌یه ئه‌وه‌یه ئیسلام وه‌ك ئاینه‌كانی تر (مه‌سیحی، جوو)، له ئاسته بنیاته‌كه‌یدا نه‌خراوه‌ته به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه و له سایه‌ی ئه‌و یه‌قینه ڕه‌هاگیره‌ی پێی بارگاوییه، عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ییشی خستووه‌ته قه‌فه‌سی تۆمه‌ت و تاوان.
ئه‌مه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌ق له‌و ئاینه‌دا هه‌ڵگری حه‌قیقه‌تێكی ڕه‌هایه و هه‌ر ته‌ئویلكردنێكی به‌و ئاقاره‌ی كه له چوارچێوه‌ی شوێنكاتی له‌دایكبوونیدا ده‌ربهێنرێت، یان به باری فكری و فه‌لسه‌فیدا و له‌به‌ر ڕۆشنایی گۆڕانكاریی و پێدراوه‌كانی سه‌رده‌می ئێسته‌دا ته‌ئویل بكرێت، قه‌ده‌غه و ڕێپێدراو نییه. ئه‌وه بۆیه ئه‌وه‌نده‌ی له‌ناو مێژووی ئیسلامدا موفه‌سیر و فه‌قیه ده‌ركه‌وتوون، چاره‌گی ئه‌وه فه‌یله‌سووف له دایك نه‌بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌و زانا مسوڵمانانه‌یش كه به ئاقاری فه‌لسه‌فه‌دا ڕۆیشتن و بوێریی ئه‌وه‌یان دایه به‌ر خۆیان، نیشانه‌ی پرسیار و گومان له به‌رانبه‌ر زۆر لایه‌نی ئه‌و ئاینه قووت بكه‌نه‌وه، له سای حوكمی زه‌نده‌قه و ته‌كفیر و ته‌لحیددا، یان كوژران، یان له ترسی كوشتن چوونه‌وه قاوغی خۆیان، یان په‌ڕیوه و ده‌ربه‌ده‌ر بوون.
به‌هه‌رحاڵ، هه‌موو ئاماژه و ئه‌رگۆمێنته‌كان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن، ئه‌و گوتاره ئیسلامییه‌ی (به ئاراسته جیاوازه مه‌زه‌وی و سیاسییه‌كانیه‌وه) پێشتر ئاماژه‌مان پێی كرد، چونكه ده‌ره‌قه‌تی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه و كڵاوڕۆژنه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆی فیكری و فه‌لسه‌فیی قووڵ له‌باره‌ی عه‌قڵ، ئازادی، ته‌نانه‌ت له‌باره‌ی سروشت و جۆری شێوازی حوكمڕانیش نایه‌ت، چش له تێڕوانینی چه‌قبه‌ستووی بۆ بابه‌ته‌كانی ماف و ئازادییه‌كانی مێینه و هونه‌ر و زۆر بوار و كایه‌ی تری ژیان، بۆیه جگه له مرۆڤی شه‌ڕانگێز و توندڕۆ و په‌ڕگیر، به‌رهه‌م ناهێنێت.
له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، ئه‌و گوتاره ئاینییه ئیسلامییه‌ی ئێسته كه به مه‌زه‌وگه‌رایی و تایه‌فی و سیاسی خنكێنراوه، هه‌روه‌ها ئاڵوواڵای جیاوازیی سه‌له‌فی و سه‌له‌فیی جیهادی و ئیخوانی و ویلایه‌تی فه‌قیه و چی و چیتری پۆشیوه، ئه‌وه‌ی پێی وایه شارستانیی ئیسلام بۆ دواجار فه‌تحی هه‌موو دنیا و مرۆڤایه‌تی ده‌كات و تا هه‌تایه قوفڵ له ده‌رگه‌ی هه‌موو شارستانییه‌ته‌كانی تر ده‌دات، ته‌نیا شتیكی لێ به‌رهه‌م بێت، فاشیزمه.
به كوردی و به كورتی، وا بڕوا، فاشیزمی ئیسلامی ده‌بێته مۆركی ئه‌م سه‌ده نوێیه. فاشیزمێك كه هه‌ر هێنده‌ی سۆسیالیزمه‌كه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، فاشیزمه‌كه‌ی ئیتالیا، نازییه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا، دۆزه‌خی ئێسته‌ی لیبراڵیزمی نوێ، موژده‌ی خۆشبه‌ختیی بۆ مرۆڤ پێیه، ئه‌وه ئه‌گه‌ر دۆزه‌خیتر نه‌بێت.