نووری بێخاڵی
ره‌نگه ناونیشانی بابه‌ته‌كه خوێنه‌ر تووشی جۆرێك له سه‌رسڕمان بكات، به‌وه‌ی چۆن ده‌بێت دوانزه‌هه‌مین سه‌رۆك كۆماری وڵاتێك، به دووه‌م سه‌رۆك ناو ببرێ؟ به‌ڵام ئه‌م پرسه، هه‌رگیز نه مایه‌ی سه‌رسڕمانه و نه شتێكی چاوه‌روان نه‌كراو. به تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌م تا زۆر، ئاشنای مێژووی سیاسی نزیك به 100 ساڵی رابردووی توركیان و له نه‌گووتراوه‌كانی ناو گوتاری سیاسی و شێوازی كاری حوكمڕانی (ئه‌ردۆغان) و تاكتیكه‌كانی و خه‌ونی ئه‌و پیاوه، بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ره‌های سه‌رۆك كۆمار تێده‌گه‌ن.
جۆری بیركردنه‌وه و ره‌فتاری سیاسی و ویستی ئیراده‌گه‌رانه‌ی (ئه‌ردۆغان) بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ته‌واوی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی توركیا و هه‌وڵی به‌رده‌وامی بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری وڵاته‌كه‌ی و رۆڵی كارای له‌وه‌ی، كه پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار به ده‌نگی خه‌ڵك یه‌كلا بكرێته‌وه، نه‌ك به ده‌نگی نوێنه‌ره‌كانی خه‌ڵك له په‌رله‌مان. هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له ده‌ستنیشانكردنی جێگره‌وه‌ی خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی حزبه‌كه‌ی و حكوومه‌تی نوێ و ته‌نانه‌ت به‌شێكی دیار له وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی. ئاماژه‌ی روونن بۆ بوونی جیاوازییه‌كی زۆر له نێوان ئه‌و پیاوه و ده سه‌رۆكه‌كه‌ی پێش خۆی (ده‌ڵێین ده سه‌رۆك، چونكه به جۆرێك له جۆره‌كان عیسمه‌ت ئینینۆش، كه‌م و زۆر له ده‌سه‌ڵاتدارێتی ره‌هادا، هاوشێوه‌ی ئه‌تاتورك بوو).
(ئه‌ردۆغان) هه‌وڵی رژد ده‌دات تا وڵات به‌ره‌و سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیی بباته‌وه. ئه‌و خه‌ونه‌ی به‌شێك له سه‌رۆكه‌كانی پێش ئه‌و، به چوار كوده‌تای سه‌ربازی كۆتاییان هات و خه‌ونه‌كانیان زینده‌به‌چاڵ كران. (تورگۆت ئۆزال 1989 – 1993)یش یه‌كێ بوو له‌وانه‌ی هه‌وڵی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی له‌م رووه‌وه دا، به‌ڵام دواجار به‌هۆی هه‌ژموونی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی و ژه‌نه‌ڕاڵه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی تر‌ی ناو ده‌وڵه‌تی قووڵ، خه‌ونی ئه‌ویش كرا به بڵقی سه‌رئاو.
به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌نگاوه‌كانی رابردووی له سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا، هه‌نووكه و به بوونی به سه‌رۆك كۆمار، (ئه‌ردۆغان) ده‌یه‌وێ سه‌رده‌مێكی نوێ له سیسته‌می حوكمڕانی وڵاته‌كه‌ی ده‌ست پێ بكاته‌وه، تیایدا سه‌رۆكی كۆمار له توركیادا سه‌رچاوه‌ی هه‌موو پرس و راوێژ و ده‌سه‌ڵات و بڕیارێك بێت. دیاره له‌و هه‌وڵه‌شدا كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو و قۆناغی بڕیوون و هه‌نگاوی هه‌ره قورسی به‌رده‌میشی کە لە بەردەمدا مابێت، سەرکەوتنییەتی لە ڕیفراندۆمی سبه‌ی یه‌كشه‌م ١٦ی ئەم مانگە و بردنەوەی زۆرترین ڕێژەی دەنگی (بەڵێ) بۆ ئەوەی لە ماوه‌ی داهاتووی حوکمڕانییەکەیدا، ئەو ئامانجە سیاسی و ئایدیۆلۆژییانەی لە خەیاڵییەتی، بەدییان بێنیت.
ڕەنگە لە حاڵەتی سەرکەوتنیشی لە ڕیفراندۆمدا ئاسانتر بتوانێ ئەو ئامانجانەی خۆی بپێکی، به‌تایبه‌تی كه ئەو ئەزموونی پێشتری هەن لە سووربوون لەسەر جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی. بۆ نموونە، له‌و ماوانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بوو، توانی كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ئه‌و ستراتیژه‌ی خۆیدا نه‌هێڵێ. له‌وانه‌ش كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆڵی كرده‌نی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی له بڕیاری سیاسی وڵات و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ده‌زگای هه‌واڵگری و كۆنتڕۆڵكردنی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی ناو حزبه‌كه‌ی.
هه‌نووكه هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن، كه (ئه‌ردۆغان) له دوای (ئه‌تاتورك 1923 – 1938) یه‌كێكه له دیارترین سه‌ركرده و خاوه‌ن زۆرترین ئۆتۆریته‌ی سیاسی و جه‌ماوه‌ری، كه دوور نییه شوێنی (ئه‌تاتورك) بگرێته‌وه. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه دێت، كه كۆشكی (چانكایا) له سه‌رده‌می (ئه‌تاتورك)دا سه‌نته‌ری یه‌كه‌م و دوا بڕیاری وڵات بوو و له‌وێوه كۆنتڕۆڵی ته‌واوی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی و هه‌واڵگری و زۆرترین دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت كرابوو. ئێستاش سه‌رۆك كۆماری نوێ، كه هه‌ر زوو دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی و هه‌واڵگری خسته ژێر ركێفی خۆی. نیشانی یار و نه‌یاره‌كانی خۆیشی دا كه سه‌ره‌ڕای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی له سه‌رۆكایه‌تیی حزبه‌كه‌ی (وه‌ك مه‌رجێكی ده‌ستووری بۆ بوون به سه‌رۆك كۆمار، کە ئێستا دەیەوێ لە ڕێگای هەموارکردنەوەی دەستوورەوە ئەو ماف و ئیمتیازەی سەرۆکایەتیکردنی حزبیش وەدەست بێنێت!)، به‌ڵام ده‌توانێ دوابڕیار له چاره‌نووسی حزبه‌كه‌ی و ده‌ستنیشانكردنی جێگره‌وه‌كه‌ی و سه‌رۆكی حكوومه‌ت و وه‌زیره‌كانیشی بدا. به‌مه‌ش هێنده‌ی دیكه رێگای به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌ی، بۆ گۆڕینی سیسته‌می حوكمڕانی و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك كۆمار، نزیكتر كرده‌وه.
هه‌ر له ده‌ستپێكدا دیاربوو (ئه‌ردۆغان) سه‌رۆك وه‌زیرانێكی ئاسایی نه‌بوو، وەک چۆن لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی سەرۆکایەتیکردنی کۆمار‌دا، سەرۆکێکی ئاسایی و تەشریفی نەبوو. بە هەمانشێوە، ئەگەر دەنگی (بەڵێ) بباتەوە، دیسانەوە وێنا چێت سه‌رۆك كۆمارێكی ئاسایی بێت. له كاتێكدا له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا و به‌رمه‌بنای چه‌ند پێشمه‌رجێك رۆڵ و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك كۆمار له ده‌سه‌ڵاتێكی سیمبولی و ته‌شریفیدا سنووردار كرابوو، كه‌چی بازدانی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی (داد و گه‌شه‌پێدان) له سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه بۆ سه‌رۆك كۆمار، له لوتكه‌یه‌كه‌وه بۆ لوتكه‌یه‌كی تر‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی، هه‌روا ئاسان نییه ئه‌و پیاوه بباته‌وه ژێرباری پێشمه‌رجه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو. وه‌ك چۆن ئاسان نییه پۆست و ده‌سه‌ڵاتیكی سیمبولی و ته‌شریفاتی قبووڵ بكات. به‌تایبه‌تی كه له كاتی بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماردا رای گه‌یاند كه ئه‌و ده‌یه‌وێ له گه‌یشتن به‌و پۆسته، رۆڵێكی كارا و كاریگه‌رتری سیاسی له جاران ببینێ و ئاماده نییه رێچكه‌ی سه‌رۆك كۆماره‌كانی پێشخۆی بگرێ.
بۆیه ئه‌گه‌رچی له‌و بەدیهێنانی ئامانجه‌یدا ئاسته‌نگی لە بەردەمدان، به‌تایبه‌تی لە پرسی مسۆگەرکردنی دەنگی (بەڵێ)ی پێویست بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور و گۆڕینی سروشتی پۆسته‌كه و ده‌سه‌ڵاته‌كانی لە میانی ڕیفراندۆمی چاوەڕوانکراودا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به ته‌نیا هه‌ڵبژاردنی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه بۆ ئه‌و گۆڕانێكی گرنگه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه بكاته بناغه و بنه‌مایه‌ك بۆ گۆڕانكاری له ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا، وه‌ك سه‌رۆك كۆمارێكی نوێ و له سه‌رده‌مێكی نوێی سیاسی توركیادا. توركیایه‌ك، هه‌لومه‌رجه سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌نووكه‌ییه‌كانی، ته‌واو له هه‌لومه‌رجی په‌نجاكان و ته‌نانه‌ت له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووش جیاوازن.
كاتێك ده‌ڵێین لە ڕابردوودا (ئه‌ردۆغان) سه‌رۆك وه‌زیرانێكی ئاسایی نه‌بوو و ناشتوانێ بۆ ئاییندە سه‌رۆك كۆمارێكی ئاسایی و ته‌نیا سیمبولێكی سیاسیی بێده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ی بێت و به‌س، له‌و روانگه‌یه‌ی كه ئه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نه‌یاری زۆری له‌ناو توركیادا هه‌ن، به‌تایبه‌تی لایه‌نگرانی ده‌وڵه‌تی قووڵ و توركه نه‌ته‌وه په‌رسته‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانیوویه‌تی ده‌ست به جه‌ماوه‌ریبوونی خۆیه‌وه بگرێت و له‌گه‌ڵ گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاتیشدا، هه‌رزوو سنووره‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران فراوان بكات و به كرده‌نی ده‌ستوه‌ردانی له ورد و درشتی نه‌ك وه‌زاره‌ته‌كان، به‌ڵكو له كار و فه‌رمان و بڕیاری به‌رپرسه ناوچه‌ییه‌كانیش ده‌كرد.
ئه‌مه، جگه له‌وه‌ی رۆژ دوای رۆژ ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ناو حزبه‌كه‌یدا ره‌گاژۆ ده‌كرد و تاكه سه‌ركرده‌ی تورك بوو وێڕای لایه‌نگرانی خۆی و حزبه‌كه‌ی، بتوانێ به پشتیوانی تورك و كورد له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوودا سه‌ركه‌وتن وه‌ده‌ست بهێنێ و رۆڵێكی گرنگ و سه‌ره‌كیش له دانوستاندنه‌كان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌دا ببینێ و له‌و پرۆسه‌یه‌شدا خاوه‌ن ده‌سپێشخه‌ری و بڕیار بێت.
كه‌وابێت، ئاخۆ شتێكی ئاسایی نییه بڵێین (ئه‌ردۆغان) به مانایه‌ك له ماناكان و به‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی تیایدان و به‌و ئامانجانه‌ی هه‌یه‌تی و به‌و هه‌نگاوانه‌ی ناویه‌تی، دەیەوێ ببێتە دووه‌م سه‌رۆك كۆماری توركیا و (ئه‌تاتورك)ێكی دیكه‌یه، به‌ڵام له سه‌رده‌مێكی ته‌واو جیاوازدا؟