به‌شی پێنجه‌م
نووری بێخاڵی
تێهه‌ڵچوونه‌وه به گوڕ و تینه‌وه!
ڕۆژی دووه‌م چوومه ئۆفیس، من ده‌بوو له‌وێ كاری هاوئاهه‌نگیی نێوان سه‌نته‌ری (باس) له هه‌ولێر و ئۆفیسی ئیستانبوڵ (هه‌فته‌نامه و باس‌نیوز) بكه‌م. هاوكات چونكه كێشه‌م له خوێندنه‌وه و نووسین به دیالێكتی كرمانجی و پیتی لاتینی نه‌بوو، ئه‌ركێكی ترم هاوكاریكردنی براده‌رانی ئه‌وێش بوو، له پێدانی بیرۆكه، نووسینی وتار، ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژ و هه‌ڤپه‌یڤین. ئه‌گه‌رچی بۆ من شێوازی ئه‌وان له كاركردنی میدیایی، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم مه‌حاڵ، به‌ڵام سه‌خت بوو. هه‌روه‌ها كه‌متر ئاگا‌داربوو‌نیان له ڕه‌وشی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و ته‌نانه‌ت كایه‌ی میدیایی باشووری كوردستان، بۆ خۆی ئاسته‌نگێكی تر بوو، وه‌لێ هه‌رزوو ئاشنای جۆر و چییه‌تی و چۆنیه‌تیی كاری هاوكارانم بووم له هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی كرمانجی - توركی كه (28) لاپه‌ڕه بوو، 14یان كرمانجی و 14یشیان توركی.
وه‌ك خووی هه‌میشه‌ییم كه قه‌ت له كار و ماندووبوون نه‌ترساوم و كاری خۆمم خۆشویستووه و به عیشقه‌وه كردوومه، ده‌ستم به ئیش كرد. ڕۆژانه له به‌یانییه‌وه تا ئێواره و هه‌ندێ ڕۆژیش تا دره‌نگی شه‌و (ڕۆژی پێش ده‌رچوونی هه‌فته‌نامه‌كه) له ئۆفیس ده‌مامه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئاماده‌كردنی هه‌واڵ و به‌دواداچوون و هه‌ڤپه‌یڤینه‌كانی خۆیان، ئه‌وانه‌ی ستافه‌كه ئاماده‌یان ده‌كردن (په‌یامنێرمان له ئه‌نكه‌ره و دیاربه‌كریش هه‌بوو)، یان ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له ناوخۆی توركیا و ده‌ره‌وه‌یدا وتاریان بۆ ده‌نووسین، وه‌كوتر ئه‌و دانه دانه هه‌واڵ و بابه‌تانه‌ی كه له هه‌فته‌نامه‌ی باس له هه‌ولێر بڵاو ده‌كرانه‌وه و پێمان وابوو بۆ خوێنه‌ری تورك و كوردی باكور ده‌گونجێن، ده‌مدایه هاوكارانم و كاریان له‌سه‌ر ده‌كرد. به پێچه‌وانه‌یشه‌وه ئه‌و كاره ڕۆژنامه‌گه‌رییانه‌ش كه له باس له ئیستانبوڵ بڵاو ده‌بوونه‌وه و بۆ خوێنه‌ری باشووری كوردستان‌مان به باش ده‌زانی، بۆ هاوكارانم له هه‌ولێر ڕه‌وانه ده‌كرد. له‌گه‌ڵیشیدا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هاوڕێ و هاوكارم (دیار عه‌زیز، سه‌رنووسه‌ری باس‌نیوز) له پێوه‌ست به كاری ماڵپه‌ڕ و سۆشیال میدیای باس له پێوه‌ندیدا بووین.
سه‌رنووسه‌ری باس له ئیستانبوڵ، ژنێك بوو به ناوی (حه‌میه‌ت)، ئه‌گه‌رچی ئه‌زموونێكی ئه‌وتۆی له بواری كاری میدیایی و ڕۆژنامه‌نووسیدا نه‌بوو، به‌ڵام پارێزه‌رێكی خاوه‌ن ئه‌زموون بوو، ته‌مه‌نێكیش كاری سیاسی كردبوو. به‌و پێیه‌ش كه له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ئۆفیسی باس له ئیستانبوڵ بوو، (بۆتان) تۆڕێكی فراوانی پێوه‌ندیی سیاسی و كولتووری له‌گه‌ڵ هێز و كه‌سایه‌تییه سیاسییه كورده‌كان و نێوه‌ند و سازییه كولتوورییه‌كانی كورد و به‌شێكیش له سیاسی و میدیاكار و ئه‌كادیمیستانی تورك بونیاد نابوو، ئه‌وه هاوكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه به‌و نێوه‌ندانه ئاشنا بێت.
*****
جێبه‌خۆنه‌گرتوویی وه‌ك به‌رهه‌می گومان!
یه‌كه‌م شیعرم ساڵی ١٩٩٢ له گۆڤاری (قه‌ڵا)، هه‌ر هه‌مان ساڵ شیعرێكی ترم له گۆڤاری (ئه‌ده‌بی كرێكاری) و سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٩٣ش یه‌كه‌م وتارم له ڕۆژنامه‌ی (ئاڵای ئازادی) بڵاو بووه‌وه. ئه‌مه ده‌ستپێك بوو بۆ خۆدانه ده‌ست شه‌پۆل و گێژاوی كاری نووسین و ڕۆژنامه‌نووسی و به‌رده‌وامبوون.
ناوه‌ڕاستی ١٩٩٣ له ڕۆژنامه‌ی (وڵات) وه‌ك ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌ران ده‌ستبه‌كار بووم، له‌گه‌ڵیشیدا بۆ ڕۆژنامه‌كانی (ئاڵای ئازادی و ڕێگا)م ده‌نووسی. له‌وێوه بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵ و پێشكه‌شكاری به‌رنامه له ڕادیۆی مه‌ڵبه‌ندی ٦ی سۆرانی یه‌كێتی.. بۆ په‌یامنێری (گۆڤار، ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن) و پاشان به‌رپرسی نووسینگه‌ی سۆرانی ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و ڕۆشنبیری (گوڵان).. بۆ په‌یامنێری له سه‌ته‌لایتی كوردستان.. بۆ به‌رپرسی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی له سۆران.. بۆ ده‌زگای ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی زاری كۆمانجی، وه‌ك جێگری سه‌رنووسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی زاری كرمانجی و دواتر به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆی زاری كرمانجی و پاشان به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی گۆڤاری (كۆوار)ی هه‌مان ده‌زگا و تێهه‌ڵچوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌ته‌لایتی كوردستان، وه‌ك ئاماده‌كار و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كانی (خه‌رمانه، دیارده، پێنج خوله‌ك) و بۆردی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌رنامه‌كان..
بۆ ده‌ستبه‌كاربوون له تۆڕی میدیایی ڕووداو، وه‌ك پرۆدیوسه‌ری به‌رنامه‌كانی (جیهانی ئاده‌م و گوڵستان)، دواتر به‌رپرسی فیچه‌ره‌كان، پاشان جگه له ئاماده‌كردنی دۆكیۆمێنتاری، وه‌ك پرۆدیوسه‌ری هه‌واڵه‌كان و سه‌رپه‌رشتیاری دوو لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌ب و كولتووری هه‌فته‌نامه. بۆ جێگری سه‌رنووسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی (باس) و له‌وێوه بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی (كوردستان٢٤)، وه‌ك به‌رپرسی ئه‌سایمێنت (ژووری په‌یامنێر و نووسینگه‌كان) و ئاماده‌كار و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی هه‌فتانه‌ی (هه‌ڤپه‌یڤین) و دواتر به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆی كوردستان ٢٤. دووباره بۆ ده‌زگای میدیایی (باس) و ده‌ستبه‌كاربوون له هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی (كرمانجی - توركی) له ئیستانبوڵ. وه‌لێ به‌هۆی ده‌رهاوێشته و لێكه‌وته‌كانی خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر كه هه‌موو خه‌ون و ئومێده‌كه‌مانی سفر كرده‌وه و هه‌موو هاوكێشه‌كانی گۆڕی، دواجار گه‌ڕامه‌وه كوردستان و له هه‌فته‌نامه‌ی (باس) له هه‌ولێر ده‌ستبه‌كار بوومه‌وه.
*****
كوردی خۆخۆر!
هاوئاهه‌نگیكردن بۆ من له نێوان هه‌ردوو ئۆفیسی (باس) له ئیستانبوڵ و هه‌ولێر به‌س نه‌بوو، به‌ڵكو پێویستم به وه‌گه‌ڕخستنی توانا و شاره‌زایی خۆیشم هه‌بوو له بواری كاری نووسین و ڕۆژنامه‌نووسیدا. به‌و پێیه‌ی من به درێژایی ئه‌زموونی ڕۆژنامه‌نووسیم، به ڕۆتینكارییه‌وه ڕانه‌هاتبووم (بۆ نموونه له زۆر له‌و شوێنانه‌ی جێگری سه‌رنووسه‌ر، یان به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین بووم، به ته‌نیشت كاری خۆمه‌وه، دواجار هه‌ڵه‌چنیی ئه‌لف هه‌تا یێی ڕۆژنامه، یان گۆڤاره‌كه‌م ده‌خسته ئه‌ستۆی خۆم)، بۆیه ده‌بوو له‌ناو ئه‌و پڕۆژه نوێیه‌شدا كه (بۆتان) متمانه‌یه‌كی زۆری پێ به‌خشی بووم، زیاتر له‌وه، بوونی خۆم بسه‌لمێنم. خودسه‌لماندن به مانای وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ی ئه‌زموونی كه‌ڵه‌كه‌بوو، له‌پێناو پێشكه‌شكردنی كاری باشتر و جوانتر. ئیتر ده‌ستم دایه ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت و ڕێپۆرتاج، ئه‌نجامدانی دیمانه، كردنه‌وه‌ی ته‌وه‌ری هه‌مه‌چه‌شن و به‌ڕێوه‌بردنی. دوای ماوه‌یه‌كی كه‌میش، هه‌فتانه وتارێكی سیاسیم به شێوه‌زاری كرمانجی ده‌نووسی و هاوكارانم ده‌یانكرده توركی و بڵاویان ده‌كرده‌وه.
كاتێ چوومه (باس)ی ئیستانبوڵ، تازه یه‌ك دوو كارمه‌ندی نوێ، به سه‌رنووسه‌ریشه‌وه ده‌ستبه‌كار بووبوون، چونكه سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی پێشوو، له‌گه‌ڵ یه‌ك دوو كارمه‌ندی تر، نمه‌كحه‌رامانه ویستبوویان ده‌ستی خاوه‌ن پڕۆژه‌كه ببڕن. وه‌ك چۆن كابرای سه‌رنووسه‌ری گۆڕین، ئه‌زموونی تری پێشتری له ده‌ستبڕینی براده‌ران و پڕۆژه‌كانی باشووری كوردستان له ئیستانبوڵ هه‌بوو!
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، دواتر تێگه‌یشتم كه به‌شێكی زۆری ئه‌و گرفتانه، پێوه‌ندی به‌و ململانێ ناشه‌ریفه باوه‌ی نێوان كوردانی باكور خۆیانه‌وه هه‌یه، كه زۆر كه‌م یه‌كێك ئه‌وی تریان قبووڵ ده‌كات. زۆر كه‌م، نووسه‌ر، یان ڕۆژنامه‌نووسێكی باكوری كوردستان (باسی ئه‌وانه‌ی ئیستانبوڵ و ئه‌نكه‌ره ده‌كه‌م!) ده‌بینی، له‌گه‌ڵ یه‌كتری هه‌ڵ بكه‌ن. كه‌سیان خۆی به‌وه‌ی تر ناگۆڕێته‌وه، به‌شێكیان سروشتێكی سه‌یریان هه‌یه، چه‌نده‌ش هاوڕێ و دۆستی یه‌كێك بن، كه كار گه‌یشته سه‌ر پله و پۆست، دار له‌ژێر پێی یه‌كتری ده‌بڕن. ئه‌گه‌ر بینیت گرووپێكیان زۆر له یه‌كه‌وه نزیكن، ئه‌وه بزانه ئایدیۆلۆجیا، یان به‌رژه‌وه‌ندیی دارایی، یان جه‌بری كاره‌كه له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆی كردوونه‌ته‌وه. وه‌كوتر زۆر كه‌م له‌گه‌ڵ یه‌كتری سه‌رڕاستن، خوا نه‌كا كێشه یان به‌دحاڵیبوونێك بكه‌وێته نێوانیان، ئیتر چه‌نده‌ش هاوڕێ و هاوكار بووبن، چه‌نده‌ش شه‌وانه مێز و مه‌ستی كۆی كردبنه‌وه، هه‌ریه‌كه‌یان تۆمه‌تێكی حازربه‌ده‌ستی بۆ تۆمه‌تباركردنی ئه‌وه‌ی تر پێیه، تا یه‌كتری پێ ناشیرین بكه‌ن، ئینجا وه‌ره له‌ناو ئه‌و گێره‌یه ده‌ربازت بێت!
من ئه‌و شتانه‌م ئه‌زموون كردوون، به چاوی خۆم بینیومن، ده‌ستم له‌گه‌ڵیاندا گه‌رم كردووه، نموونه‌ی زیندووم هه‌ن. له ڕوودا هه‌موویان كوردی عه‌یاره 24ن، وه‌لێ كه ده‌كه‌وێته سه‌ر گفتوگۆ و بابه‌تی تر، ده‌مامكی زۆربه‌یان ده‌كه‌وێ. تێده‌گه‌ی كه حزبی كوردی له هه‌ركوێ بێت، چه‌ند سه‌ره‌خۆره‌یه، چۆن 100 ساڵ ناكۆكی و ململانێی نێوان حزبه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، نه‌یهێشتووه مرۆڤی كورد خۆی بێت، خۆی مرۆڤ، خۆی كورد. مرۆڤگه‌لێك (وه‌ك زۆرینه‌ی لای خۆمان)، هه‌ریه‌كه‌یان و به ڕببه‌ی ئایدیۆلۆجیای خۆی ده‌پێوێ، خۆی به ڕاست و خه‌ڵك و خوا به هه‌ڵه، خۆی به جوان و هه‌موو دنیا به ناشیرین، خۆی به نه‌ته‌وه‌یی و خه‌ڵكی دی به ده‌ربار و ده‌خیل ده‌زانێ، خۆی پێ وڵاتپارێزه و ئه‌وانی تر خائین و نانیشتمانی. به كورتی و كوردی، هه‌رچی ناشیرینییه‌كانی خۆی هه‌یه، به چه‌وێڵییه‌كانی ئه‌وی ت سپی ده‌كاته‌وه و كوردایه‌تی له ئاشی خۆی ده‌كات!
*****
خه‌نجه‌ری پاشه‌مل و په‌شیمانی!
به درێژایی چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ك كاری نووسین و ڕۆژنامه‌گه‌ریم تا ئه‌مڕۆ، وتار و لێكۆڵینه‌وه‌م بۆ ته‌واوی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانی باشووری كوردستان نووسیوه. هه‌نووكه‌ش به‌گوێره‌ی كات و ده‌رفه‌ت، له‌و شوێنانه‌دا (ئه‌وانه‌ی له ده‌رچوون به‌رده‌وامن)، نووسین بڵاو ده‌كه‌مه‌وه. له‌و نێوه‌دا سه‌ره‌ڕای كاره‌كانی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێیان كردووه، له قۆناغ و شوێنكاتی جیاوازدا، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری (نما) و به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی گۆڤاری (چیرۆكنما) كه هه‌ردووكیان له‌لایه‌ن (سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكری و ئه‌ده‌بیی نما) بڵاو ده‌كرێنه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاره‌كانی (ڕواندز و نوێ) بووم.
به‌هه‌رحاڵ، نه به كاركردن له‌و شوێنانه‌ی باسم كردن (كه هه‌ریه‌كه و چیرۆكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و خه‌ریكه ده‌یاننووسمه‌وه) په‌شیمانم، نه شه‌رمیشم پێیانه. چونكه له هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌دا (ئه‌وانه‌ی كارم له‌گه‌ڵدا كردوون، ئه‌گه‌ر غه‌درم لێ نه‌كه‌ن!)، ئه‌و گه‌واهییه‌م بۆ ده‌ده‌ن كه جگه له‌وه‌ی زیاتر له‌وه‌ی له‌سه‌رشانم بووه، كار و ئه‌ركه‌كانمم ڕاپه‌ڕاندووه (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێته‌وه سه‌ر باسی كاتی زیاد و كاری زیاتر، هه‌ندێكیان قه‌رزاریشم ده‌بنه‌وه!)، هاوكات زۆر له كات و كاری زیاتر گرنگتر ئه‌وه‌یه، له هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌دا خۆم بووم و ده‌ستبه‌رداری بۆچوون و بیروڕاكانم نه‌بووم و زۆرجاریش باجم داوه. جاری وا بووه له‌سه‌ر كورتیله پۆستێكی فه‌یسبووك، مووچه‌بڕ كراوم.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، له ڕۆژگارێكدا كه هێشتا مۆته‌كه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ به‌سه‌ر سنگی كوردستانه‌وه بوو، هه‌روا ئاسان نه‌بوو له یه‌ك كاتدا به‌رپرسی نووسینگه‌ی (گوڵان) و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری (نما) بووبیت. له یه‌ك كاتدا به‌رپرسی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی بووبیت و له (خه‌بات و گوڵان) شت بنووسیت. له سه‌ته‌لایتی كوردستان كارمه‌ند بیت و له (هاووڵاتی و ئاوێنه و رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ی كۆمپانیای وشه)دا وتارت بڵاو كردبێته‌وه. ئه‌وانه‌ی له‌و كایه‌یه و له نێوه‌ندی ڕۆژنامه‌نووسی و میدیایی كوردستان كاریان كردووه و ده‌كه‌ن، ده‌زانن چی ده‌ڵێم و مه‌به‌ستم چییه!
زۆرجار له هاوڕێیانم ده‌بیستمه‌وه و سه‌ركۆنه‌م ده‌كه‌ن، گوایه من ڕاڕا و جێبه‌خۆنه‌گرتووم و له شوێنێك توتكه ناده‌م. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه من نیم بزۆز، ئه‌وه گومانه‌كانی منن له هه‌ندێ ژینگه‌ی كار و كاراكته‌ره‌كانی (هه‌موویان نا). وه‌كوتر پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه من ئاماده نه‌بووم و نیم، له‌پێناو پۆستێكی ساده، یان مووچه‌یه‌ك كه هه‌ردووكیشیان مافی خۆم بوونه، نه‌ك سواڵ و سه‌ده‌قه (ته‌نانه‌ت له‌و دۆخه سه‌خته‌ی ژیانیشدا)، پێ له باوه‌ڕ و پره‌نسیپه‌كانی خۆم بنێم.
من وه‌ك چۆن ڕانه‌هاتووم به ته‌كلیف بنووسم، فێریش نه‌بووم و نیم و نابم، به دڵی ئه‌وی تر بنووسم، یاخۆ بۆ ئه‌وه‌ی نان‌بڕاو نه‌بم و كارێك له ده‌ست نه‌ده‌م، ئه‌و شته نه‌نووسم. ڕوونتر بڵێم، ئه‌وه گرفتی من نییه كه نووسینێكم له شوێنێك بڵاو كردووه‌ته‌وه و ده‌كه‌مه‌وه، هه‌م نووسینه‌كه له‌باری بیركردنه‌وه و تێڕوانینه‌وه، هه‌میش ئه‌و شوێنه‌ی لێی بڵاو بووه‌ته‌وه، دڵی خاوه‌ن كاره‌كه‌می گرتووه و گه‌ده‌ی ترشاندووه، چونكه من گرێبه‌ستی كار و به‌رهه‌م و به‌خششم له‌گه‌ڵ كردووه، نه‌ك فرۆشتنی خۆم به‌و شوێنه. ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنه بڕوای به جیاوازیی بۆچوون هه‌یه، ده‌توانێ پانتایییه‌ك لای خۆی ته‌رخان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بیانوو نه‌داته ده‌ست كارمه‌نده‌كانی، له شوێنێكی تر قسه‌ی جیاواز له بیركردنه‌وه‌ی ده‌زگا و خاوه‌ن كاره‌كه بكه‌ن. تۆ كه نه‌ك ئه‌و پانتایییه بچووكه‌ی جیاوازی به هاوكاره‌كانت ڕه‌وا نه‌بینی، ته‌نانه‌ت پێت وابێت كۆیله‌ی تۆن، ژیانت كڕیون و ده‌بێ له ده‌ره‌وه‌ی كاریش وه‌ك تۆ بیر بكه‌نه‌وه و بنووسن، ئه‌وه له گاڵته‌جاڕی زیاتر هیچی تر نییه.
له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ڕوون و ڕاشكاوتر ده‌ڵێم، ئه‌گه‌رچی باجم به مووچه‌ی باش و هه‌ندێ جار ژیانی منداڵه‌كانیشم داوه، به‌تایبه‌تی له‌و دۆخه سه‌خته‌دا كه ئێسته بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه مووچه‌یه‌ی له كاره‌كه‌م وه‌ریده‌گرم، ژیانێكی بڕێك شایسته بۆ منداڵه‌كانم دابین بكه‌م، شه‌وانه‌ش له نیوه‌ی شه‌ودا تا به‌ره‌به‌یان به هه‌ویركارییه‌وه خه‌ریكم، به‌ڵام په‌شیمان نیم. چونكه ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێی نه‌بووبێت و نه‌بێت، نه نووسیومه و نه ده‌شینووسم، پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌ر ڕاسته، جا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حیسابی كار و مووچه و ژیانیشم بووبێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌ندێ فه‌ریكه نووسه‌ر و بۆره ڕۆژنامه‌نووس نایكه‌ینه هه‌ڵا و خه‌ونی به پاڵه‌وانبوونمان نییه، بۆیه له هه‌ندێ هاوڕێ وایه ئێمه بزۆزین و له‌گه‌ڵ كه‌س ئیداره ناكه‌ین. كه‌چی زۆربه‌یان نازانن، هه‌ر بۆ نموونه له‌و چه‌ند ساڵی ته‌نگژه و دۆخه سه‌خته‌ی ژیاندا كه باشترین مووچه‌م هه‌بووه، كار و مووچه و گوزه‌رانه‌كه‌م بووه‌ته قوربانیی بڵاوكردنه‌وه‌ی وتارێكم له‌سه‌ر كه‌یسی (نادیه موراد) له هه‌فته‌نامه‌ی (ئاوێنه)، وتارێك دڵی خاوه‌ن كاری گرتووه و گه‌ده‌ی ترشاندووه، وه‌لێ به‌ر له‌وه‌ی بڕیاری ده‌ركردنم بدرێ، شكۆمه‌ندانه شوێنه‌كه‌م جێ هێشتووه!
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌و جێبه‌خۆنه‌گرتووییه، پێوه‌ندی به میزاجی منه‌وه نه‌بووه و نییه، به‌ڵكو هه‌لومه‌رج و سروشتی مامه‌ڵه‌كردنه‌كان وایان خواستووه ده‌ستبه‌رداری هه‌ندێ له‌و شوێنانه بم.
شتێكی تر كه شانازی پێوه ده‌كه‌م ئه‌وه‌یه، تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و شوێن و كه‌سانه‌ی كارم كردووه، له هه‌موو ئه‌و شوێنانه و كه‌سانه‌یش كه نووسینه‌كانمم له لایان بڵاو بووه‌ته‌وه (به جیاوازیی دنیابینیی سیاسی و ڕوانگه‌ی ئایدیۆلۆجی و ئینتیمای حزبی)، به یه‌ك مه‌ودا دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تیم پاراستووه و ئه‌و پێوه‌ندییه‌مان درز و كه‌لێنی تێنه‌كه‌وتووه. ڕه‌نگه یه‌كێكیان لێم لالووت بووبێت، له‌وانه‌یشه من له یه‌كێكی تریان زوویر و نیگه‌ران بووبم، به‌ڵام تا له‌و شوێنانه بووم، شه‌ڕی خۆمم كردووه، كه له‌و شوێنه‌شدا نه‌ماوم، چاك و خراپ ناوم نه‌بردوون. چونكه نه به واسته و مه‌رایی و مامه‌حه‌مه‌یی، نه به سواڵ و سه‌ده‌قه نه‌چوومه‌ته ئه‌و شوێنانه و نه منه‌تبار و چاوبه‌ره‌وژێری كه‌سیشیانم، به‌ڵام بۆ مێژوو و وه‌ك پره‌نسیپێكی ئه‌خلاقی، له‌و كه‌ینوبه‌ینانه‌دا وه‌ك چۆن هه‌ڵوێستی جوامێرانه و سه‌رڕاستیی هاوڕێیه‌تی یه‌ك دووانێكیانم قه‌ت له‌بیر ناچێ، هاوكات حیزفرسه‌تی و سپڵه‌یی و خه‌نجه‌ری پاشه‌ملی یه‌ك دووانێكیشم بیر ناچێته‌وه و شوێنكاتی خۆی دێت، ئه‌و دڕكه‌یان له پێ ده‌ربهێنم!
*****
كار هه‌روا ئاسان نه‌بوو!
ده‌زگای میدیایی (باس) پێنج ساڵ و شتێك زیاتر له ئیستانبوڵ ده‌ستی به كاره‌كانی كرد، سه‌ره‌تا وه‌ك ماڵپه‌ڕێكی ئه‌لیكترۆنی، به ستافێكی كه‌م، بۆ گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیاری به خوێنه‌رانی كورد و تورك هه‌نگاوی نا، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی به هه‌ردوو زمانی (كوردی - توركی) ده‌ركرد. له‌و ماوه‌یه‌دا له ته‌ك كاری میدیایی، چه‌ندان كار و چالاكی سیاسی، ڕۆشنبیری و كولتووریشی له شاره‌كانی ئیستانبوڵ، ئه‌نكه‌ره، دیاربه‌كر ئه‌نجام دا. هاوكات بووه پردێكی پته‌وی ڕۆشنبیری نێوان باشوور و باكوری كوردستان و له‌ناو داخرانی هه‌موو بڵاوكراوه كوردییه‌كاندا، ده‌رگا و ده‌لیڤه‌یه‌كی تری ڕۆشنایی زمانی شیرینی كوردی به‌سه‌ر خوێنه‌راندا كرده‌وه. به ماوه‌یه‌كی كه‌م توانی ژماره‌یه‌كی دیار و به‌رچاوی نووسه‌ر، ڕۆژنامه‌نووس، ڕۆشنبیر، ئه‌كادیمی، سیاسه‌توان له خۆی كۆ بكاته‌وه و ببێت به تریبۆنێكی ئازادی هه‌موو ده‌نگ و ڕه‌نگه جیاوازه‌كانی باكوری كوردستان. ئه‌گه‌ر چاوێك به ئه‌رشیف و لاپه‌ڕه‌كانی (باس)ی ئیستانبوڵدا بخشێنن، سه‌ره‌ڕای ده‌یان و سه‌دان هه‌واڵ و ڕاپۆرت و ڕێپۆرتاجی هه‌مه‌چه‌شن له‌سه‌ر كایه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردی له باكوری كوردستان، ئه‌وا نووسین، لیكۆڵینه‌وه، وتار و گۆشه‌ی هه‌فتانه‌ی ده‌یان نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی باكور ده‌خوێننه‌وه، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسگه‌لی خاوه‌ن دید و تێڕاونینی سیاسیی جیاواز.
دیاره كاركردنی (باس) له توركیا هه‌روا ئاسان و بێ ئاسته‌نگ و كێشه نه‌بوو، به درێژایی زیاتر له پێنج ساڵ كاركردنی، كه به‌داخه‌وه به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، وه‌ستێنراو و ئۆفیسه‌كه‌یشی داخرا، ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان كێشه و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و ڕێگری یاسایی و هه‌ندێ جاریش سیاسی بووه‌وه. ئاخر ده‌ركردنی هه‌فته‌نامه‌یه‌ك به زمانی كوردی، به ڕوانگه‌ی نیشتمانی و كوردانه، له‌ناو توركیایه‌كدا كه هه‌میشه به شوێن پاساو و بیانوویه‌كه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتخاته ته‌ڵه‌وه، ئه‌سته‌م بوو. بۆیه له‌و ماوه‌یه‌دا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان كه‌یسی یاسایی بووه‌وه، ڕێگای ئه‌نجامدانی چه‌ندان چالاكی ڕۆشنبیری و سیاسی لێ گیرا.
له ئه‌زموونی یه‌ك ساڵی خۆمدا، له كۆی كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ و ڕێگری و ده‌یان سكاڵای یاسایی، نموونه‌یه‌كی زۆر ساده‌تان بۆ دێنمه‌وه. جارێكیان ته‌نیا له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێكی وه‌رزشی له باكوری كوردستان، هه‌فته‌نامه‌كه درایه دادگا و ڕێگای بڵاوكردنه‌وه‌ی لێ گیرا. له هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه‌مان به وه‌رزشی شاخه‌وانی كردبوو و نووسیبوومان (له چیاكانی كوردستان وه‌رزشی شاخه‌وانی له بره‌ودایه)، له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئه‌م وشه‌یه، ماندووبوونی یه‌ك هه‌فته‌ی هه‌موو ستافه‌كه، نه‌ك هه‌ر به‌فیڕۆ چوو، به‌ڵكو تووشی سه‌رئێشه‌ی یاساییش بووین. له داداگا گوتیان ئێوه وه‌ك دیفاكتۆیه‌كی سیاسی و وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌ستووری عێراقدا هاتووه، ئاسایییه ناوی هه‌رێمی كوردستان به‌كار بێنن، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك بۆتان نییه، له چوارچێوه‌ی توركیادا باس له جیۆگرافیایه‌ك بكه‌ن به ناوی كوردستان، ئه‌وه‌ی هه‌یه توركیایه. ئه‌و كاره‌ی ئێوه به ئاشكرا هاندانه بۆ جوداخوازی و پارچه‌كردنی توركیا، هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كپارچه‌یی توركیا. ئیتر وه‌ك ده‌ڵێن (به هه‌زار ناری عه‌لی) له‌و دۆسیه‌یه‌یش ڕزگارمان بوو.
باس له ڕێگریكردن له‌و پلان و به‌رنامه و چالاكییانه‌ش ناكه‌ین كه له‌و ماوه‌یه‌دا به‌تایبه‌تی له‌كاتی بانگه‌شه‌كردن بۆ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كه به نیاز بووین له دیاربه‌كر و ئه‌نكه‌ره ئه‌نجامیان بده‌ین. ئه‌وه هیچ كه له دیاربه‌كر، به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگای ئه‌نجامدانی چالاكییان له‌سه‌ر ڕیفراندۆم نه‌دا، وه‌لێ له‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان، گه‌یشتنی میوانه به‌شداره‌كان له‌ناو شاره‌كانی توركیا و باشووری كوردستان، ئێواره‌ی ڕۆژی پێش چالاكییه‌كه، گرووپێكی فاشیست هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر شوێنی ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كه و هه‌ڕه‌شه‌ی توندیان كرد، ئه‌گه‌ر پانێڵه‌كان به‌ڕێوه ببرێن. ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر ئه‌عسابی خۆمان و كورد گوته‌نی (به ڕوو قایمییه‌وه) هه‌رچی پێمان كرا له جۆشدانی خه‌ڵكی باكوری كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی ڕیفراندۆم، به وتار و نووسین و هه‌واڵ و ڕاپۆرت و ڕێپۆرتاج و دیمانه، درێغیمان نه‌كرد، كه‌سێكیش بیه‌وێ ژماره‌كانی ئه‌و ماوه‌یه (ڕۆژی دیاریكردنی واده‌ی ڕیفراندۆم له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان، هه‌تا ڕۆژی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه) ببینێ، ئه‌وا به ئاسانی ده‌ستی ده‌كه‌ون.