كتێب وەك ئاشتیی ناوەوە، هاوڕێ وەك مرۆڤ!

AM:10:04:22/04/2018 ‌
(یاداشتی ڕۆژانی ئیستانبوڵ)
بەشی حەوتەم
نووری بێخاڵی

تەنیایی و دەرفەتی تێهەڵچوونەوە!
پێچەوانەی گۆرانییە مەحزوونەكەی (ئارام تیگران) كاتێ دەڵێ، "ناچن ئاڤا، ئیڕۆژ بوونە سال، سال دمەشن، ئەز كرمە كال". پیربوونمان پێوەندی بە درێژیی ڕۆژ و درەنگ ڕابووردنی ساڵەكانەوە نییە، بەڵكو پێوەندی بە بارستایی ئەو خەمانەوە هەیە كە ڕۆحمانی داگیر كردووە، بە قەبارەی ئەو برینانەی كەوتوونەتە بیرەوەریمان. ئەوەتا نەك هەر ڕۆژ، بەڵكو ساڵەكان خێراتر لە تیشك تێدەپەڕن و هێشتا ئاشنای ژیان نەبووین و ناچارین لەسەر زاری (پابلۆ نیڕۆدا) بڵێین: خودایە "ئەرێ لەم دنیایە سەرقژنەدا، هیچ هەیە غەمگینتر لە شەمەندەفەری چاوەڕوانیی بەرباران؟”.
دوو هەفتەیەك و وردە وردە لەگەڵ ژینگەی نوێ، كاری تازە، كەشوهەوای شێداری دەرەوە و تەنیایی ژوورەكەم ڕاهاتم، یان ڕاستتر بڵێم، خۆمم ڕاهێنا. ڕۆژانە دەچوومە دەوامی هەفتەنامە، دوای دەوامیش تا خۆركەوتن، پیاسەیەكم بە پاركێكدا دەكرد، یان لە كتێبخانەیەكی ئەو ناوە، یاخۆ لە كافتریایەكی قەراخ دەریا، كاتەكانمم بەسەر دەبرد، شەوانیش كە دەگەڕامەوە لەگەڵ تەنیاییدا سەرمان بەسەر كتێبێكدا دەكرد. هەرچی ڕۆژانی پشوو بوون، چونكە شەوەكانی بە دیار خوێندنەوە و نووسینەوە، زۆر درەنگتر لە شەوەكانی تر دەخەوتم، ئیتر تا درەنگانێكی ڕۆژی دواتر لە خەو هەڵنەدەستام.
ڕاستییەكەی ماوەی ئەو ساڵە بۆ من هەلێكی زێڕین بوو، چ بۆ خوێندنەوە، یان نووسین و وەرگێڕان. زێدەڕۆییم نەكردووە ئەگەر بڵێم لەو ساڵەدا نزیك بە 100 كتێبم خوێندەوە، بەتایبەتی لە بواری ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی و بەتایبەتتریش ڕۆمان. جگە لەو كتێبانەی لە یەكەم سەفەردا لەگەڵ خۆم بردمن، هەموو جارێكیش هاوسەرەكەم (ڕووناك)، ئەوەی بە درێژایی (٢٢) ساڵی ژیانی هاوسەرگیریمان، سەرەڕای كاری مامۆستایەتی، زۆرترین بەرپرسیارێتی و ئەركی قورسی پەروەردە و گۆشكردنی منداڵەكان و كاروباری ماڵی هەڵگرتووە و بەرگەی قیچكەتەنگی و پرتەوبۆڵەكانی منی گرتووە، هەر جارێك ڕێك دەكەوت دۆست و ئاشنایەك بێتە ئیستانبوڵ، لەگەڵ كۆشێ كولیچە و برمە و كوببە و تۆچا، چوار پێنج كتێبیش (كە پێشتر ناوەكانیم پێ دەگوت)، بۆی دەناردم. چونكە دڵنیاش بووم ئەو لەگەڵ شتەكاندا (جگەرە)م بۆ نانێرێ، بۆیە زووتر بە دۆستەكەم دەگوت، پیاوی باش بە، دوو تەكە پاكەت لەبیر مەكە.
لەو ماوەیەدا سەرەڕای كاری ڕۆژانەی هەفتەنامەی (باس) و خوێندنەوە، كارم لەسەر ئامادەكردنی هەر سێ كتێبەكەم (دیدگا، ڕوانگە، سەفەر نیشتمانی نییە و موسافیر هەر هیچ) كرد و تەمەن مەودای دام بە چاپیان بگەیەنم، بەتایبەتی كتێبی (سەفەر)، كە دووەم كتێبی شیعریمە و تێكستەكانی، بەری ئەو ئەزموون و تەنیایییەم بوون. 
 زۆرجار لێرە و لەوێ، دەستەواژەی (نەوەی ئاڵتوونی) دەژنەوین. بەشبەحاڵی خۆم نازانم مەبەست لەم نەوە ئاڵتوونییە، كامە نەوەی كوردستانە، چەندەیش سەر دێنم و دەبەم و مێژوو دەخوێنمەوە، نەوەیەكی خۆشبەختی كورد شك نابەم. بە لایەنی كەمەوە كە سەیری نەوەی خۆم دەكەم، هەر شەڕ و نەهامەتی لە زەین و یادەوەریمدا دەدرەوشێنەوە. ئاخر ئێمە لەناو شەڕدا لە دایك بووین، فرچكمان بە فرمێسكی بەرۆكی دایكانمان گرت، لووتمان بە بۆنی بارووت قانگ درا، چاوەكانمان بە فرمێسك پشكووتن و گوێچكەكانمان سیخناخ بوون لە شریقە و ڕمب و هۆڕ!
 منداڵیمان سەرڕێژ لە بێنازی، هەرزەییمان ئاودامان لە خەون و خۆزگەی نەگەییوو، گەنجێتیمان هەناسەسوار بە دیار سێبەری ڕاكردنەكانمان و شەكەت بە شوێن كار و بژێوی!
زۆر بە كورتی، ئێمە لەگەڵ ترس و دڵەڕاوكێ و مەرگ و خۆخواردنەوەدا گەورە بووین، بۆیە لە دوا وێستگەی ئاوابوونماندا، لە چاوەڕوانی گەیشتنی شەمەندەفەری مەرگدا، هەموومان حاجەت بە ئاشتیی ڕۆحی و سوكنایی ناوەوەمانین. شتێكیش دڵنەواییمان بكات، پشوو بە ڕۆحمان بدات و ئاشتیی ناوەوەمان بەرقەرار بكات، ڕەنگە تەنیایی و كتێب بێت. بە لایەنی كەمەوە بۆ ئێمە، ئەوانەی سەروكارمان لەگەڵ خوێندنەوە و نووسین هەبوو و هەیە!
تەنیایی دەتباتەوە ناو كۆڵانەكانی بیرەوەری، دەستی غەریبیت دەگرێ و لەسەر پەیژەی چاوەڕوانی بە ڕیتمی ئاوڕدانەوەیەكی قووڵ، پڕت دەكاتەوە لە گوتن لەناو بێدەنگیدا. 
لەناو گێژەنی تووشی ئەم ڕۆژگارە وەیشوومەیەدا كە ئەوسەری سەرلێشێواویی مرۆڤە سەرگەردانەكانی دیار نییە، ئەوەندەمان بەسە، دەست بە ڕەگی درەختی تەنیاییمانەوە بگرین.. لەناو ڕێژنە و ڕەهێڵەی كارەساتەكانی ئەم دنیا سەركردوو لە جەنگ و خوێنەدا كە ئەوسەری تەپوتۆزی كۆچ و ڕاكەڕاكی مرۆڤە بێنەواكانی دیار نییە، ئەوەندەمان بەسە، دەست بە چەتری تەنیاییمانەوە بگرین.. لەناو ئەم هەموو چەقینی كات، تاریكیی جەنگ، ژاوەژاو و لێخنییەی ژیاندا، مەگەر هەر تەنیایی فریامان كەوێ، تەنیایی پشوودرێژ. تەنیایییەك بتباتەوە ناوەوەی خۆت. لەگەڵ ئەو تەنیایییە و دوای ئەو هەموو خەم و ئازار و شەكەتییە، باشترە ڕۆحمان بە وشە ببەخشین و دڵمان لەناو ڕستەكاندا دوا ترپە لێ بدات. بۆ ئەوەی كە مەرگ بڕستی لێ بڕین، هەناسەبڕی كردین، سەر و پشتمانی بەسەر ئەژنۆكانماندا چەماندەوە، با هەرنا جەستەمان لە توێی لاپەڕەكاندا بنێژین و بۆ ئەبەد لەناو نەعشی كتێباندا بمێنینەوە!
*****

هاوڕێیەك لە ڕەگەزی مرۆڤ!
چما هاوڕێكانی ترمان مرۆڤ نین؟ ئەگەر مرۆڤ نین، بۆ لە هاوڕێیەتییان بەردەوامین؟ چەند لەوانەی دەیانناسین، هاوڕێمانن؟ ئایا هەموو ئاشنایەتی و دۆستایەتییەك، بە مانای هاوڕێیەتی دێت، یان گۆڕینەوەی سڵاو و چاكوچۆنی لەگەڵ هەر كەسێك، بەو مانایە دێت كە هاوڕێمانن؟ 
وەڵامی ئەو پرسیارانە بابەتی ناو ئەو یاداشت و بیرەوەرییانە نین، بەڵكو بابەتی لێكۆڵینەوەیەكی سۆسیۆ - سایكۆلۆجیی سەربەخۆن، بەتایبەت لە پێوەست بە چییەتی و ماهیەتی هاوڕێیەتی لەبەر ڕۆشنایی جۆر و سروشتی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانمان و تێگەیشتنمان بۆ چەمكگەلی (ئاشنا، دۆست، هاوڕێ) و پێوەندیی هەموو ئەمانە بە بابەتگەلی (بەرژەوەندی و مۆڕاڵ و…) زۆر شتی تر. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بۆ ئەوەی خوێنەر سەرچیخ نەچێت و بە هەڵە لە ناونیشانەكە نەگات، سەرنجی بۆ ئەوە ڕادەكێشین كە مەبەستی ئێمە لەم ناونیشانە، سەندنەوەی شوناسی مرۆڤبوون نییە لە كەس، یا خوانەخواستە هاوتاكردنی نییە لەگەڵ گیانلەبەرێكی تر، بەڵكو مەبەستمانە بڵیین هەموومان مرۆڤین، بەڵام لە پێوەست بە جەوهەری مرۆڤ و مرۆڤبوون، بوونی مرۆیی و بەها مرۆیییەكان، پرەنسیپ و مۆڕاڵی مرۆیی، ڕەنگە جیاوازیێكمان هەبێت. 
بۆ ئەوەی مەبەستەكە لە كورتی لێ ببڕمەوە و كۆتا بەم بێنە و بەردەیە بێنم، سەرنجتان بۆ قسەیەكی (پاولۆ كۆیلیۆ) ڕادەكێشم كە دەڵێ: "هەموو كەس دەتوانێ ببێت بە قدیس، بەڵام هەموو كەس ناتوانێ ببێت بە مرۆڤێكی چاك!". بەهەرحاڵ لە كوردەواریدا قسەیەك هەیە دەڵێ: "مرۆڤ كە لێی قەوما، قەرزی كۆن و دۆستی دووری بیر دەكەوێتەوە". وەلێ ئەو هاوڕێیەی من لێرەدا باسی دەكەم، نە قەرزدارم بووە و نە دۆست و ئاشنایەكی كۆنیش بوو. تەنانەت هاوتەمەنیشم نییە، بەڵكو ڕێكەوتێك بە یەكتری ئاشنا كردین و تا ئەم چركەساتەش، بەبێ ئەوەی هیچ بەرژەوەندییەكی مادی لە نێوانماندا هەبێت، هاوڕێ و برای گیانی بە گیانین. 
بە پێچەوانەوە، هەرزوو و دوای ئەوەی كەوتمە ناو ئەو دۆخە نەخوازراوە، لە خەیاڵ و بیری زۆر لەوانەی قەرزارم بوون، لەگەڵ ئەوانەی دۆستی دوورمەودا و ئاشنای كۆن بوون، چوومەوە. بەتایبەتی زۆر لەوانەی هاوكار و بە حیساب هاوڕێم بوون. ئیتر نهێنییەكەی چییە؟ نازانم، لە ترسی لەدەستدانی كار و نانیان بوو، یان هەر سروشتی بێوەفایی خۆیان. هەرچی و چۆنێك بێت، ئەوەمان بۆ دەسەلمێ، وەك چۆن هەموو سڵاو و بزەگۆڕینەوە و ئاشنایەتییەك، هاوڕێیەتی نییە، هاوكات هەموو هاوڕێیەتییەكی ئەم سەردەمەش مەحكوومە بە لەدەستدانی بەها و پرەنسیپە مۆڕاڵییەكان!
هێشتا مانگێكم بەڕێ نەكردبوو، ئێوارەیەك (كۆستۆی شەهید ئاسۆس - هاوڕێكەم لە ڕەگەزی مرۆڤ!) لە هەولێر تەلەفۆنی كرد. ئەو لە (قوبرس) ماستەری لە بواری پێوەندی نێودەوڵەتی دەخوێند، دەبوو بۆ دەوام بگەڕێتەوە قوبرس، بەڵام بڕیار دەدات هەفتەیەك زووتر بگەڕێتەوە و لای من بمێنێتەوە. دەمزانی هاتنی ئەو زیاتر بۆ دڵنەوایی منە، بۆ ئەوەی كەمێك لە باری بێتاقەتی و وەڕسیم سووك بكات. ئاخر ئەو لە یەكەم ڕۆژی كێشەكەم، لە تەك من بوو، هاوكار و پشتم بوو، هاندەرم بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەكە. 
ڕاستییەكەی هەواڵی هاتنی بۆ من خۆش بوو، چونكە ئەو جگە لەوەی كوڕێكی جوامێر، هاوڕێیەكی ڕاست و ڕاشكاو، سەرڕاست و بە وەفا، گەنجێكی خۆش مەشرەب و قسەخۆشە، شێفێكی باشیشە. ئەمەی دواییان هەر زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی من لە چێشتلێنان و خواردن كۆڵەوارم، لە هێلكە و تەماتە و ڕۆن بترازێ، هیچیتر نازانم، خۆ ئەگەر كولیچە و برمە و كوببەكانی ماڵەوە نەبوونایە، ڕۆژانی سەرەتا هەر بە تەواوی حاڵم شڕ دەبوو. تەنانەت ساڵانی بەشی ناوخۆییش كە لە زانكۆی بەغدا قوتابی بووم و پاش ڕاپەڕینیش كە هاتمەوە زانكۆی سەڵاحەدین، خاوێنكردنەوەی ژوور، یان قاپشووشتن، كاری من بوو و برادەری تریش خواردنی دروست دەكرد. 
دوو ڕۆژ دوای ئەوە بۆ ئێوارەكەی، كۆستۆ گەیشتە ئیستانبوڵ و هاتە ئۆفیسی (باس)، دوای پشوودانێكی كورت، جانتا و شتەكانیمان بردە شوقەكەم. ئەو 10 ڕۆژەی لەگەڵ ئەو (چونكە توركییەكەیشی خراپ نەبوو!)، تێر گەڕاین و پیاسەمان كرد، لەو دەستاوە بە تام و چێژەیشی، تێربووم لە ساوەر و پڵاوبرنج و خواردنی خۆش. هەر لە ماوەی ئەو هەفتەیەشدا و بۆ مێژوو، ئەو هاوڕێیەم شایەتحاڵی یەك دوو شتی زۆر گرنگە لە پێوەست بە ناكۆكیی من و بەرانبەرەكانم، بەتایبەتی ئەگەر بگاتە ئەوەی ڕۆژێك (كەسێكی دیاریكراو!) منگەمنگێك بكات و شان و شەوكەتی با بدات!
*****

دەبمەوە قوتابی ئەلف و بێ!
پێشتر لەگەڵ (بۆتان) باسی ئەوەمان كردبوو بچمە خولێكی فێربوونی زمانی توركی، هاتنی (كۆستۆ) و سووربوونی ئەویش لەوەی دەبێ پەلە لەوەدا بكەم، شتەكەی ئاسانتر كرد. ڕۆژی سێیەمی مانەوەی بوو، بەیانییەكەی هەر لە ئۆفیس ملی گۆڕەپانی تەقسیم و شەقامی ئیستقلالمان گرتەبەر. بەشی (تۆمەر)ی سەر بە زانكۆی ئەنكارە، لقێكی لەو شەقامە بوو. ئەوێ شیاوترین جێ بوو بۆ فێربوونی زمان، چونكە بە تەواوكردنی شەش كۆرس، بڕوانامەی دیپلۆمی زمان دەدرایە بەشداربوو. بڕوانامەكە لەلایەن سەرۆكایەتیی زانكۆكە، لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای ئەو وڵاتە پەسەند دەكران، وەك دەڵێن ڤیزا بوو بۆ ئەوەی بتوانی خوێندنی باڵا لە زانكۆیەكی توركیا بەو زمانە تەواو بكەیت. نەك هەر ئەوە، بەڵكو لە ڕێی ئەو بڕوانامە پەسندكراوەوە، دەرچوو دەیتوانی لە كاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتی خۆی، ئەگەر قوتابخانەی توركی هەبێ، ببێت بە مامۆستاش. ماشەڵا باشووری كوردستانیش لە تورك، بەرژەوەندیی توركیا، كۆمپانیا و قوتابخانە و كۆلێژی توركی، جمەی دێت!
چوونم لەگەڵ كۆستۆ بۆ (تۆمەر)، خەیاڵی بردمەوە سەر یەكەم ڕۆژ كە باوكم لە ساڵی ١٩٧٨ دەستی گرتم و بردمی لە "قوتابخانەی سەرەتایی بێخاڵ" لە ڕواندز ناونووسی كردم (ئەو ڕۆژانە ڕەوانشاد خەسرۆی جەلال ئاغا بەڕێوەبەر بوو). ڕێك ئاوا، كۆستۆ لەگەڵم هات و چووین ناوی خۆمم لەو ناوەندەی زمان تۆمار كرد. كرێی هەر كۆرسێكی ئەو خولە كە دوو مانگ بوو (هەفتانە پێنج ڕۆژ دەوام و ڕۆژانەش پێنج سەعات وانە)، لەگەڵ پارەی كتێبەكانی كۆرسەكە، نزیكەی (٤٦٠$)ی ئەمەریكایی بوو. پارەكەم دا و ڕۆژی دواتر دەستم بە دەوام كرد. 
بەیانی ڕۆژی دواتر كە چووم، لەگەڵ ئەو قوتابییانەی تازە خۆیان ناونووس كردبوو، بەسەر پۆلەكاندا دابەش كراین، من لەگەڵ چەند خوێندكارێكی خەڵكی (چین، ئیسپانیا، چیلی، جەزائیر، ئوردن، فەلەستینی) كەوتمە هەمان پۆل. ئوردنی لێ دەربچێ كە ئەندازیار بوو و یەك دوو ساڵ لە من بە تەمەنتر بوو، دەنا هاوپۆلەكانم هەموویان بە ساڵ لە من بچووكتر بوون. مامۆستاكەشمان كە (پەران)ی ناو بوو، توركێكی جەهەپەیی بوو و ئەزموونی زیاتر لە 30 ساڵ گوتنەوەی وانەی فێركردنی زمان بە بێگانەكانی هەبوو. ئیتر لەو ڕۆژەوە و وەك یەكەم ڕۆژی پۆلی یەكەمی سەرەتایی سەردەمی ئەلف و بێیەكەی (ئیبراهیم ئەمین باڵدار)، دەستم بە فێربوونی ئەلفوبێی توركی كرد، لە دوای 40 ساڵ تەمەن، بوومەوە قوتابی سەرەتایی، كورد گوتەنی: "بە پیری، چوومەوە بەر هەویری!".
*****

تۆمەر، دنیا بچووكەكە!
هەر بەڕاستی پۆلەكەمان دنیایەكی بچووك بوو، دنیایەكی ڕەنگاڵەیی و پڕ لە جیاوازی. لە پۆلەكەدا تەنیا شتێكی هاوبەش كۆی كردبووینەوە، فێربوونی زمان بوو. ڕوونتر بڵێم، ڕەنگ و ڕەگەز و تەمەنی جیاواز، سەربە كولتوور و جیۆگرافیای جیاواز، بە خەون و خولیای جیاواز، تەنیا خاڵی هاوبەشمان، فێربوونی زمانی توركی كۆی كردبووینەوە، بەڵام لە هەموو ئەو جیاوازییانە گەورە و بە سوێ و ژانتر، كە هەمیشە وەك نەشتەر دەچوو بە ڕۆح و یادەوەریمدا، هەموویان خاوەن دەوڵەت و سەروەری و ئاڵا بوون، تەنیا من نەبێ، قەرەج بووم. قەرەجی چی؟ خۆزیا قەرەج دەبووم، كە هەر بستێكی دنیا نیشتمانی ئەوە و سنوورەكان بێ پاسپۆرت و ڤیزا دەبڕێ!
ئەندازیارە ئوردنییەكە بۆ كاری بازرگانی، كچە ئوردنییەكە و سێ كوڕ و دوو كچە چینییەكە بۆ خوێندن، كوڕە ئیسپانییەكە وەك حەز و خولیا، كوڕە چیلییەكە لەبەر دەسگیرانە توركەكەی، كچە جەزائیرییەكە (كە بە ڕەچەڵەك ئەمازیغی بوو و سەیرم لێ دەهات ئەوەندە بە جەمال عەبدولناسر سەرسامە، دواتر كەوتە داوی خۆشەویستیی كوڕێكی كوردی خەڵكی دێرسیم، هاوسەرگیرییان كرد و مامۆستای تایبەتی خۆی دۆزییەوە و ڕۆیشت!) بۆ پەیداكردنی هەلی كار، كوڕە گەنجە فەلەستینییەكە بۆ دەرفەتی خوێندن و منیش بە خەونی تەواوكردنی خوێندن، بەڵام دوای تەواوكردنی كۆرسێك بە سەركەوتوویی و دەرچوون لە تاقیكردنەوەكان بە نمرەیەكی بەرز، لەبەر دەرەقەت نەهاتنی خەرجیی خولەكە (مووچە نوێیەكەم سێ یەكی، لە مووچەی پێشترم كەمتر بوو. لەو بڕە مووچەیەش ٤٠٠$م بۆ كرێی شوقە و بڕێكی كەمیشم بۆ خەرجی ڕۆژانە و ئەوەی ترم بۆ ماڵەوە دەناردەوە!)، بە دڵتەنگییەوە وازم لە خولەكە هێنا. 
ئاخر بۆ بەردەوامبوون دەبوو لە دەمی منداڵەكانمی بگرمەوە و بۆ خۆیشم مەمرەومەژی لەو ئیستانبوڵە كە وەك هەر پایتەختێكی تری دنیای سەرمایەداری و بازاڕی ئازاد، مرۆڤ تێیدا كاڵایە و تا ئەوێ بەهای مرۆیی هەیە، كە (سەنتێك، لیرەیەكی لە گیرفاندایە!)، بیگوزەرێنم. 
خەمی من هەر تەواونەكردنی خولەكە نەبوو، بەڵكو خەمی نەوەكانی كوردی دوای خۆم بوو، ئەوانەی لە تەمەنی قوتابییە هاوپۆلەكانمدا بوون. هەریەك لە گەنجە كچ و كوڕە (چیلی، ئیسپانی و چینی)یەكان، جگە لە زانینی زمانی ئینگلیزی، بەو تەمەنە لاوێتییەیشیان، چەندان وڵات گەڕابوون، كولتوور و ژینگەی جیاوازیان بینیبوو، بە نیازیش نەبوون لەو وڵاتە بگیرسێنەوە. كاتێ گەنجی ئەو وڵاتانەم بە دوو نەوە گەنجی بەدبەخت و سیاچارە و بەشمەینەتەكانی وڵاتەكەم (باسی زۆرینە دەكەم، نەك منداڵی نازاندەی سەركردە حزبی و بەرپرسە حكوومی و دەوڵەمەندە گەندەڵی پێداوەكانی كوردستان، كە لە پڕێ و لەسەر ڕەنج و قوربانیدانی خەڵك و سامانی گشتی ئەم وڵاتە بوونە كوڕێ. ئاخر لە خەیاڵی كێدایە، بە ماوەی چارەگە سەدەیەكی دوای ڕاپەڕین، ژمارەی ملیاردێر لە سەدان و ملیۆنێرەكانیش لە هەزاران تێپەڕ بكات؟) بەراوردم دەكرد، خەفەتم دەخوارد. ئەو گەنجانەی نیشتمان كە زۆرینەیان (بە گوندی و شارییەوە) لە كۆڵان و گەڕەكی خۆیان بترازێ، یان تا ئەوپەڕەكەی تا سنووری (خانەقین و زاخۆ)یان بینیوە، ئەگەر ئێنتەرنێت نەبووایە، ئاگاداری بچووكترین پێشكەوتنی زانستی و تەكنەلۆجیای دنیایش نەدەبوون. 
چش لەوەی وەك من و سەدانی تری وەك من، ئەگەر بە ڕێكەوت و بۆ جاری یەكەم گەشتێك بۆ وڵاتێك بكەن، لە پشكنینی پاسپۆرت و بۆردینگی ناو فڕۆكەخانەوە تەریق دەبنەوە، تا دەگاتە ئەبڵەقبوون و حەپەسان بە بینینی شەمەندەفەر و میترۆ و ترام و شتەكانی تر، ئەمە و سەرەڕای سیستەمی پێشكەوتووی بەڕێوەبردن و پەروەردە و تەندروستی و بوارەكانی تری ژیان لەو وڵاتانە!
ماوەی ئەو دوو مانگەی (تۆمەر)، خێرا و زۆر شت لەو دەوروبەرە فێر بووم، بەڵام زمانەكە هێواش و كەمتر. ئەمەش پێوەندیی بە جیاوازی تەمەن و سەرقاڵی و پڕ كارییەوە هەبوو، بەو پێیەی ئەوانی تر گەنج و كاتی زۆری خۆیان بۆ خولەكە تەرخان كردبوو. دیارە ئەندازیارە ئوردنییەكەش لە من پەیت و توندتر نەبوو، تەنانەت بەرگەی دوو مانگەكەی نەگرت، وەك ئەوەی تەنیا بۆ ئەوە هاتبێت، گفتوگۆی هەواڵ و شوێن و كات پرسین فێر بێت، دوای مانگێك، پایدۆزی كرد (وازی هێنا). 
لە (تۆمەر) دوو شەفت دەوام هەبوو، بەیانیان و ئێواران، گرنگ لە هەر كام لە شەفتەكان بوویتایە، دەبوو ڕۆژانە پێنج كاتژمێر دەوام بكەیت. پەرتووكی تایبەت بۆ هەر كۆرسێك، ئەركی ماڵەوە، كیوزی ڕۆژانە، تەنانەت كەوتنیش لە تاقیكردنەوەی كۆتادا هەبوو. واتە ئەگەر لە تاقیكردنەوەی كۆتای كۆرسێك دەرنچیت، بۆت نییە بچیتە كۆرسی دووەم و دەبوو لە سفرەوە تێهەڵبچیتەوە. بەم جۆرە تا شەش كۆرسەكەت بە سەركەوتوویی تەواو نەكردایە، بڕوانامەی دبلۆمەكەت وەرنەدەگرت.
بۆ ڕێكخستنی كاتەكانم لە نێوان خولی زمان و كاری ئۆفیس، بەیانیان دەمخوێند. جانتاكەم كە جگە لە كتێبەكانی خوێندن (سێ كتێب، كە یەكێكیان هی ڕاهێنانی ڕۆژانە بوو)، دوو فەرهەنگی (توركی - عەرەبی، توركی - كوردیی كرمانجی)، ڕێبەرێكی تری فێربوونی زمانی توركی، دەفتەر و قەڵەم و خەتكوژێنە و قەڵەمدادەر و یەك دوو قەڵەم جافی ڕەنگاوڕەنگی تێدا بوو، دەمكردە پشتم و بە شەوقەوە ڕێی (تۆمەر)م دەگرت. زۆر بەیانی هەبوو پێكەنینم بە خۆم دەهات، بەتایبەتی كە منداڵی خێزانەكانی ناو شوقەكەم و دەرودراوسێی كۆڵانەكەمم دەبینی، جانتایەكیان بە كۆڵەوەیە و دەچنە قوتابخانە. تەنانەت هەندێك شەو كە خەریكی خوێندنی وانەكان و ئامادەكردنی ئەركی ماڵەوە بووم، ئەوەی مامۆستا پێی سپاردبووین، تەلەفۆنم بۆ منداڵەكانم دەكرد و ڕاستەوخۆ لە ڤیدیۆچاتدا، سەرمێزی پڕ كتێب و فەرهەنگ و ڕێبەر و دەفتەرم نیشان دەدان، خەریك بوو لە پێكەنینان بپچڕێن و بە دۆخی كۆمیدی من لە فۆنەتیك و حونجەكردنی ئەلف و بێ و هەندێ وشەی سەرەتایی توركی، قاقا، دەتریقانەوە.