به‌شی سێزده
نووری بێخاڵی
ده‌هۆڵه‌كه‌ی گه‌رده‌گه‌رد و كڵاوسووره‌كانی ئیستانبوڵ!
ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ته‌مه‌نی منداڵیم كه له گه‌ڕه‌كی گه‌رده‌گه‌ردی ڕه‌واندز بووین (باسی كۆتای حه‌فتاكان و سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌كه‌م)، هه‌موو ڕه‌مه‌زانێك شه‌وانه به ده‌نگی ده‌هۆڵی ڕه‌وانشاد (مام ته‌ها مه‌له‌كی) له خه‌و بێ‌دار ده‌بووینه‌وه. ئه‌و ده‌مانه ئێمه‌ی منداڵ له‌زه‌تێكی خۆشمان له شه‌وانی ڕه‌مه‌زان ده‌برد، ده‌هاتینه به‌رده‌رگه و گوێچكه‌كانمان له نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌نگی ده‌هۆڵه‌كه له بۆسه‌دا بوون، تا ڕه‌ت ده‌بوو. دواتریش وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نگوینمان له كلۆرایی دار دۆزیبێته‌وه، ده‌چووینه به‌ر ده‌رگه‌ی ماڵه دراوسێكانمان، بۆ ئه‌وه‌ی هاوڕێكانمان بێنه ده‌ره‌وه بۆ یاریكردن، ئه‌و كۆڵانانه‌مان ده زه‌واق ده‌نان، ئه‌وه‌نده‌ی هاوار بكه‌ین "هه‌ستن هه‌ستن له خه‌وێ، وه‌رنه گه‌مانی شه‌وێ!". پارشێو ده‌رفه‌تێكی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی بچینه ده‌ره‌وه و یاریی منداڵانه بكه‌ین. ئه‌و سه‌رده‌مانه هیچ كه‌س له دایك و باوكمان ئێمه‌ی منداڵی به زۆری زۆرداری، یان له‌به‌ر پۆزی دنیا، یاخۆ بۆ ڕیا، ناچار به‌وه نه‌ده‌كرد به ڕۆژوو بین (وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێسته منداڵ له شه‌رمان، یان له ترسان، یاخۆ له‌به‌ر ڕیاكاریی باوكه‌كانیان، ده‌بێ به ڕۆژوو بن. ته‌نانه‌ت به‌و ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه، ده‌بێت به دشداشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی و كڵاوێكی سپییه‌وه دوای باوكی بكه‌وێت و بچێته ته‌راویح و جومعه و جه‌ماعه‌ت!). ئیتر هاوڕێكانمان ده‌هاتنه ده‌ره‌وه و یاریێكیش كه ئه‌و شه‌وانه زۆر ده‌مانكرد (شاركه‌وانێ، چاوشاركێ) بوو.
مام ته‌ها له ده‌هۆڵ كوتین و گه‌ڕان نه‌ده‌كه‌وت، گه‌ڕه‌ك به گه‌ڕه‌ك، كۆڵانه و كۆڵان، به هه‌وراز و لێژییه‌كانی ناوشاردا سه‌رده‌كه‌وت و شۆڕ ده‌بووه‌وه، له‌گه‌ڵ ده‌هۆڵ كوتینیش هاواری ده‌كرد (حه‌بیبی عاله‌م محه‌مه‌د سه‌ڵه‌وات). ئیتر له‌گه‌ڵ ده‌نگی ده‌هۆڵ و ته‌كبیر و سه‌ڵه‌واته‌كانی ئه‌ودا، چرای ماڵان هه‌ڵ ده‌كران، خه‌ڵك كه له خه‌وی قووڵدا بوون، له خه‌و ڕاده‌بوون و جووڵه ده‌كه‌وته ناو خێزان.
ڕاستییه‌كه‌ی ئاینداری و په‌رستشه‌كانی ئه‌وده‌می باوك و دایك و نه‌نك و باپیرانمان، زۆر له‌وه‌ی هه‌نووكه ڕاستگۆیانه‌تر بوون. ته‌نانه‌ت ڕه‌مه‌زانه‌كانی ئه‌وكاتیش وه‌ك ئێسته نه‌بوون، ورد و درشتی خێزان، تا پارشێو به‌دیار ته‌له‌ڤزیۆن و ئینته‌رنێت و ئه‌تارییه‌وه بن، دوای نوێژی به‌یانیش، بكه‌ونه خه‌وی ڕۆسته‌م و هه‌تا سه‌عاتێك به‌ر له به‌ربانگ، پڕخه‌یان بێت. هه‌ر به رژدی ئه‌وه‌ی ئێسته خه‌وگرتنه، نه‌ك ڕۆژووگرتن!
كاتێكیش به دوایی ماڵمان برده‌وه گونده‌كه‌مان (بێخاڵ)، چونكه گوندێكی بچووك بوو و خانووه‌كانیشمان له یه‌كتری نزیك بوون، ئیتر هه‌ریه‌كه و ئه‌وه‌ی تری بێ‌دار ده‌كرده‌وه و ژیان به هه‌موو مانا ساده و جوانه‌كانی خۆشه‌ویستی و هاوكاری و لێبوورده‌یی، ده‌ڕژایه ناو گوند و ماڵه‌كانمان.
ئێسته ساڵی ٢٠١٧یه، نزیكه‌ی 40 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ی منداڵیم ڕه‌ت ده‌بێت، له گه‌ڕه‌كێكی ئیستانبوڵم و یه‌كه‌م شه‌وی ڕه‌مه‌زانه. هێشتا زۆری ماوه بۆ پارشێو، سه‌رم به‌سه‌ر كتێبی (الكاتب و المنفی)ی عه‌بدوڕه‌حمان مونیفدا گرتووه، گه‌ڕه‌ك كش و ماته، جگه له جارجار تێپه‌ڕینی ڕێبوارێك، كۆڵان له قرووسكه‌ی سه‌گی بێ خاوه‌ن و جرت و فرتی پشیله‌كان زیاتر، هیچیتری لی نابینرێ و نابیسترێ. قه‌یرێك و ده‌نگی ده‌هۆڵێك له دووره‌وه ده‌بیستم، له‌گه‌ڵ خۆیدا میلی یاده‌وه‌رییه‌كانم ده‌باته‌وه سه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ی منداڵی. په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌م كه به‌سه‌ر كۆڵانه‌كه‌دا ده‌ڕوانێ، لا ده‌ده‌م و په‌نجه‌ره‌كه ده‌كه‌مه‌وه. هه‌ر به تاسه و تامه‌زرۆیی منداڵیمه‌وه، چاوه‌ڕێم دیمه‌نه‌كان ببینمه‌وه. ورده ورده ده‌نگی ده‌هۆڵه‌كه نزیك ده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵیشدا ده‌نگێكی گڕ و به دواییدا ده‌نگێكی باریك ده‌بیستم. زۆرنابا سێ كه‌س به جلوبه‌رگێكی تایبه‌تی (كراس و شه‌ڕواڵێكی سپی و ئێله‌گێكی سوور)، كڵاوێكی سووری وه‌ك سیداره، یان ڕاستتر وه‌ك ته‌ڕبووشیشیان له‌سه‌ره، ده‌گه‌نه سه‌ری كۆڵانه‌كه‌مان.
چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌ڕۆن و ده‌وه‌ستن، له‌گه‌ڵ ده‌هۆڵ كوتینه‌كه، گه‌وره‌كه‌یان شتێك له چه‌شنی ته‌راتیل و سروودی ئاینی به توركی ده‌ڵێ و دوو گه‌نجه‌كه‌ی تر به دواییدا ده‌گێڕنه‌وه.
ئه‌م دیمه‌نانه به‌رده‌وام ده‌بن، تا له كۆڵانه‌كه‌مان ڕه‌ت ده‌بن، زیاتر له چوار جار ده‌وه‌ستن و ده‌هۆڵ كوتن و سروود و ته‌راتیله‌كانیان دووباره ده‌بنه‌وه، دواجار له چاوان ون ده‌بن و به درێژایی شه‌وانی ئه‌و مانگه، ئه‌م دیمه‌نانه ده‌بینم و ده‌بیستمه‌وه.
دواتر كه فامم كرد، تێگه‌یشتم بۆچی مام ته‌های ڕه‌وانشاد، ئه‌وه‌نده چوست و چالاك ڕه‌مه‌زانان ده‌هۆڵی به شانه‌وه‌یه و ناو گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كان، ته‌نانه‌ت كووچه ته‌نگ و تاریك و نووته‌كه‌كانی شار ته‌ی ده‌كات، به‌تایبه‌تی كه دوا ڕۆژ مانگی ره‌مه‌زان داده‌هات و ئه‌و ده‌نگی ده‌هۆڵه‌م به ڕۆژ له به‌رده‌رگه‌دا ده‌بیست. ڕۆژی عه‌ره‌فه (كه له كورده‌واریی خۆمان پێی ده‌ڵێین عالفه، یان عارفه)، مام ته‌ها له‌گه‌ڵ كوڕه بچووكه‌كه‌ی ماڵه و ماڵ و به هه‌مان ڕیتمی ده‌هۆڵكوتینه‌وه، جه‌ژنانه‌ی كۆ ده‌كرده‌وه و كه‌سیش ده‌ستی به ڕوویانه‌وه نه‌ده‌نا و هه‌ركه‌سه و به گوێره‌ی گیرفانی خۆی، شتێكی ده‌خسته ده‌ستی منداڵه‌كه. وێده‌چێ ئه‌وانه‌ی توركیاش ڕۆژی عارفه هاتبنه‌وه و چاوی جه‌ژنانه‌یان كردبێت و خه‌ڵكی كۆڵانه‌كه پاره‌یان پێدابن، به‌ڵام من نه‌مبینینه‌وه، چونكه كۆتا شه‌وی ڕه‌مه‌زان، كه ده‌كاته ڕۆژی عه‌ڕه‌فه، له نیوه‌ی شه‌وه‌وه و به تاسه‌وه، له فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌بیحه گۆكچه‌ن، چاوه‌ڕێی هاتنی هاوسه‌ر و منداڵه‌كانمم ده‌كرد، كه چه‌ندان مانگ بوو نه‌مبینیبوون.
ئینجا ئه‌و عالفه‌یه، یان عارفه‌یه (عه‌ره‌فه) شتێكی خۆش و سه‌یرم بیر ده‌خاته‌وه. بیرمه ئێمه‌ی منداڵیان فێر كردبوو ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژه كه‌سێك ببینین به ڕۆژوو نییه، هاوار بكه‌ین (عالفه‌یه، لف لفه‌یه، هه‌رچی بخوا، گۆشتی سه‌یه - سه‌گ). گوایه به‌وانه‌مان ده‌گوت كه ئه‌و ڕۆژه به‌ڕۆژوو نابن. خۆش ئه‌وه‌یه ئێسته‌یش نه‌مزانی ئه‌و (لف لفه‌یه) مانای چییه و به‌و حیسابه‌ش بێت، هه‌موو ساڵێك له‌و ڕۆژه‌دا ئێمه‌ی منداڵ كه ڕۆژوومان نه‌ده‌گرت، به ئێسته‌یشه‌وه كه دانه ڕۆژێكی گرێ ناده‌ین، ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژه‌دا خواردوومانه و ده‌یخۆین، گۆشتی سه‌گه!
*****
هاڕمۆنیای مه‌لها و مزگه‌وت!
وه‌ك چۆن ده‌ڵێن له هه‌ولێر له نێوان مزگه‌وتێك و مزگه‌وتێكی تردا، مزگه‌وتێكی تر هه‌یه، ئاوا سه‌ر به هه‌ر شوێنێكی ئیستانبوڵیشدا ده‌كه‌یت، مناره‌ی مزگه‌وتێك له چاوت ده‌چه‌قێ. جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه كه هێنده‌ی ژماره‌ی ئه‌و مزگه‌وتانه، ئیستانبوڵ مه‌یخانه و مه‌لهای تێدایه، به جۆرێك نه مزگه‌وته‌كانی به‌تاڵن و نه مه‌یخانه‌كانیشی چۆڵ.
ڕاستییه‌كه‌ی ڕه‌مه‌زانی ئیستانبوڵ (باسی ئیستانبوڵ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر نا له هه‌ندێ شار و ناوچه‌ی تری ئه‌و وڵاته، به‌تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی خه‌ڵكی ئاینداری كۆنه‌پارێزیان زۆر تێدایه، كه‌شوهه‌واكه جۆرێكی تره. بۆ نموونه، ڕۆژێكیان به سه‌ردان له‌گه‌ڵ یه‌ك دوو هاوڕێ چووینه یه‌لۆڤا، وه‌ك ئه‌وه بوو چووبیت بۆ هه‌ورامانی سه‌رده‌می جوند و ئه‌نسارولئیسلامی لای خۆمان!) تام و چێژیكی تری جیاوازی له‌وه‌ی لای خۆمان هه‌یه، كه ئه‌گه‌ر لێره بێت، نامۆ و ناچیزه دێنه به‌رچاو. به‌تایبه‌تیش كاتێ ئه‌و ڕاستییه ده‌زانین، ئاكه‌په كه حوكمی توركیا ده‌كات، حزبێكی ئیسلامییه و كۆمه‌ڵگه‌ی توركیش زۆرینه مسوڵمانه.
بۆ نموونه، كچه و سفووره، به ڕۆژووه.. كابرا به‌ڕۆژووه و دوای به‌ربانگ له باڕێكه و دانیشتووه.. له‌شفرۆشه و به‌ڕۆژووه (به‌تایبه‌ت عه‌ره‌به‌كه‌ی!)، كه به‌ربانگیشی شكاند، ده‌ست به كار و كه‌سابه‌تی خۆی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام هه‌شیانه ئه‌و مانگه نه‌زر ده‌كات و تخوونی ئیشه‌كه‌ی ناكه‌وێ.. وه‌ك چۆن ده‌رگه‌ی مزگه‌وته‌كان كراوه‌یه، چێشتخانه و باڕه‌كانیش هه‌روا، چونكه حكوومه‌ت ئه‌و شوێنه گشتییانه ناچار به داخستن، یان هه‌ڵواسینی په‌رده و داپۆشینیان ناكات.. شاره‌وانیی گه‌وره و شاره‌وانیی گه‌ڕه‌كه‌كان، به درێژایی سی ڕۆژی مانگی ڕه‌مه‌زان (به ده‌گمه‌ن، ده‌نا ساڵ نییه لای خۆمان ڕۆژێكی قووت نه‌درێت!)، خوانی گه‌وره و ڕازاوه‌ی به‌ربانگ له گۆڕه‌پانێكدا ئاماده ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی هه‌ژار، كرێكار و ده‌ستگێڕ، میوان و ڕێبوار، ته‌نانه‌ت زۆرجار خاوخێزانێكی ئه‌و ناوه، له‌و خوانه ده‌خۆن.
هه‌روه‌ها وه‌ك لای خۆمان، دوای نوێژی ئێواران مه‌لا و بانگخواز له مایكرۆفۆنی مزگه‌وته‌كانه‌وه وه‌عز نابه‌شنه‌وه و ئه‌و ناوه پڕ ناكه‌ن له هه‌را و هۆریا.. حه‌وشه و ناو مزگه‌وته‌كان له كاتی نوێژه‌كاندا جممه‌یان دێت، كه ئه‌و دیمه‌نانه ده‌بینیت، وا هه‌ست ده‌كه‌یت هه‌موو ئیستانبوڵ به‌ڕۆژووه. هاوكات كه كافێ و یانه و باڕ و مه‌لها و مه‌یخانه‌كانیش ده‌بینیت، سه‌رڕێژن له خه‌ڵك، ده‌ڵێی له‌و شاره‌دا كه‌س به‌ڕۆژوو نییه.. وه‌ك لای خۆمان ڕۆژووگر له‌و شاره هه‌ڵناچێت و ده‌ست ناخاته ناو ژیان و ئازادیی ده‌وروبه‌ری و سه‌ركۆنه‌یان بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ڕۆژوو نین. ئه‌وانه‌ی به‌ڕۆژوویش نین، ڕێز له ڕۆژووه‌وانه‌كه ده‌گرن و هیچ به‌ریه‌كه‌وتنێكی نه‌گونجاو له نێوانیاندا نا‌بینیت.
*****
ترشیاتی كورد و كفته‌ی تورك
چه‌ند ڕۆژێك له ڕه‌مه‌زان ڕۆیشتووه، له‌گه‌ڵ هاوڕێ كچه ئۆزبه‌كییه‌كه‌مدا بڕیاری پیاسه‌یه‌ك ده‌ده‌ین.. بڕیاربوو هاوڕێكه‌م ئه‌و ڕۆژه له چێشتخانه‌یه‌كی به‌ناوبانگیی كفته‌ی توركی داوه‌تم بكات، كه ده‌كه‌وێته لای سوڵتان ئه‌حمه‌د.. ڕۆژی پێشتر به ته‌له‌فۆن له‌سه‌ر واده‌كه ڕێككه‌وتین. بۆ ئه‌و ڕۆژه له بێشكتاش یه‌كتریمان بینی، له‌وێوه به سواری پاس تا كه‌ره‌كۆی هاتین و له‌وێوه به‌سه‌ر پرده‌كه‌دا و به پێ، ڕێی ئیمینینۆمان گرته به‌ر.. قه‌یرێك له‌ناو هه‌را و هۆریای بازاڕی میسریدا ده‌گه‌ڕێین، دوای ئه‌وه ڕوو به‌ره‌و سوڵتان ئه‌حمه‌د، له ده‌روازه‌ی بازاڕه‌كه دێینه ده‌ر..
پێش ئه‌وه‌ی به نیمچه هه‌ورازه‌كه‌ی به‌ره‌و ئایا سۆفیا و مزگه‌وتی سوڵتان ئه‌حمه‌د، سه‌ر بكه‌وین، له‌سه‌ر داوای ئه‌و، لا ده‌ده‌ینه كافتریاكه‌ی ناو پاڕكی گوڵهانه.. پشوویه‌ك ده‌ده‌ین و قاوه‌یه‌ك ده‌خۆینه‌وه و جگه‌ره‌یه‌ك ده‌كێشین.. ئا، پێش ئه‌وه‌ی كه بازاڕی میسری جێ بێڵین و له‌وێوه به‌ره‌و گوڵهانه بێین، له‌ناو بازاڕه‌كه و به ڕێوه‌ش سه‌ر به دووكانی هه‌مه‌جۆردا ده‌كه‌ین، هه‌ر بۆ فزووڵ پرسیاری نرخی زۆر شت ده‌كه‌ین، ده‌بینین نرخه‌كان ئه‌گه‌ر له ڕۆژانی پێشووتر هه‌رزانتر نه‌بووبن، ئه‌وا به دڵنیایییه‌وه گرانتر نه‌بوونه. بۆیه به پێچه‌وانه‌ی زۆر كه‌سی تر، من پێم وایه هیچ پێویست به‌وه ناكات حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌مه‌زانان چاودێری نرخی بازاڕ بكات، ئاخر هه‌م ئه‌و خه‌ڵكه بۆ خۆی سه‌رچاوه‌ی گرانبوونی نرخه‌كانه و پاساو ده‌داته دوكانداری ئیماندار، قۆڵیان ببڕێت. هه‌میش دوكانداری ئیماندار، فرسه‌ت له‌و چاوبرسێتییه‌ی خه‌ڵك له مانگی خێر و به‌ره‌كه‌ت و جه‌ژنه‌كاندا دێنێ و بێ دڵیان ناكات!
سه‌یری ڕۆژی پێش ڕه‌مه‌زان و ڕۆژانی به‌ر له جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان و قوربان و نه‌ورۆز بكه‌ن، بزانن ئه‌و خه‌ڵكه چۆن هه‌ناسه‌یان سوار بووه و وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌هلی ئه‌شكه‌وت بن و ساڵانێك بێت بازاڕیان نه‌دیبێ، ئاوا وه‌ك مێشهه‌نگ له دار و به‌ردی دوكانه‌كان ده‌وروكێن. ده‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مه بۆ خۆی هۆكارێكی گرانكردنی بازاڕ نییه، چییه؟ باشه ئه‌و خه‌ڵكه به درێژایی ئه‌و یازده مانگه‌ی پێش ڕه‌مه‌زان، چی‌یان خواردووه و خورادووه‌ته‌وه؟
سه‌یره، هه‌تا ڕه‌مه‌زان نه‌یه‌ت، ئیتر هاوین بێت یان زستان، خه‌ڵكی ئێمه بیری لای ترشیات و شه‌ربه‌ت و شیرینی و ئه‌و شتانه نییه. وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی قاتوقڕی بێت، ئێوارانی ڕۆژانی ڕه‌مه‌زان، نه پێش دووكانی ترشیات، نه سه‌ر عاره‌بانه‌ی شیرینی و شه‌ربه‌ت به‌ر ده‌كه‌وێ. پارشێوه‌كانیش پێش سه‌مونخانه و لای نۆك و لۆبیا فرۆشه‌كان هه‌روا. وه‌ك چۆن هه‌تا جه‌ژن نه‌یه‌ت، ئه‌و خه‌ڵكه خه‌یاڵی به لای چه‌ره‌زات و جلوبه‌رگدا ناچێت. هێشتا شه‌عبان پێی خۆی ئاودیو نه‌كردووه، بازاڕ له خه‌ڵكدا ده‌خنكێ و هه‌ر بابایه وه‌ك سن و كیسه‌ڵه له شتومه‌ك و كه‌لوپه‌ل و خۆراكی ناو دوكانه‌كان وه‌ردێن. به ڕووی زۆربه‌تاندا په‌رژین بێت، به‌شێكی ئه‌و خه‌ڵكه له پێش به‌ربانگ و پارشێودا، وه‌ك ئه‌وه وایه له (گێره) به‌ربووبن، ئاوا ڕه‌فتار ده‌كه‌ن!
وه‌كوتر، ده‌ڵێی ساڵی كۆڕه‌وه‌كه‌یه، نیو سه‌عاتێك پێش به‌ربانگ، شه‌قامه‌كان له قه‌رباڵغیی ئۆتۆمبێل ده‌خنكێن، چونكه هه‌ر هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵ. ئیتر مرۆڤ نازانێ ئه‌و خه‌ڵكه هه‌مووی به یه‌كه‌وه قورمیش كراون، یان ئه‌وه زه‌نگه‌كه‌ی (بافلۆف!)ـه له یه‌ك كاتدا بێداریان ده‌كاته‌وه و بیریان ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر سفره‌ی ماڵ!
له لایه‌كی تره‌وه، لای ئێمه زۆر له ڕۆژووه‌وانان وا ده‌زانن، بۆ خه‌ڵك به ڕۆژوون، ئاوا له شوێنی كار و ده‌وام، له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كاندا، تووڕه و ترشن له ڕه‌فتاردا. هه‌ندێكیان وا ده‌زانن وه‌سین به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكه‌وه، ماف به خۆیان ده‌ده‌ن سه‌ركۆنه‌ی ئه‌وانه بكه‌ن كه ڕۆژووگر نین. من ڕۆژووگرم بینیوه دوكاندار، چووم پاكه‌تی جگه‌ره‌ی لێ بكڕم و پاكه‌ته‌كه‌ش به به‌رچاومه‌وه دیار بووه، كه‌چی گوتوویه‌تی جگه‌ره‌م نییه. ده‌ی باشه چۆن به‌م زمانی به‌ڕۆژووه‌وه توانیت ئه‌م درۆیه بكه‌یت؟ یان پاكه‌ت له دوكانه‌كه‌ت دامه‌نێ، یان كه داتنا بۆ نایفرۆشیت، ئه‌م ڕیاییه‌ت له چییه؟ ئه‌مه‌و زۆر دیمه‌نی تری ڕیابازیی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه، كه له ڕه‌مه‌زاناندا ده‌یانبینین و ژماردنیان كۆتای نایه‌ت.
به‌هه‌رحاڵ دوا قووم له قاوه‌كه‌مان ده‌ده‌ین و له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌مدا پیاسه به‌ناو پاركه‌كه‌دا ده‌كه‌ین، پاش كه‌مێك خۆمان له ده‌ره‌وه و له‌و ده‌روازه‌یه‌ی كه ڕێك لووتت ده‌چێ به لووتی ترامدا، خۆمان ده‌بینینه‌وه، به ده‌سته‌چه‌پدا و به‌ناو قه‌ره‌باڵغی خه‌ڵكدا ملی ڕێیه‌كه به‌ره‌و سوڵتان ئه‌حمه‌د ده‌گرینه به‌ر. سه‌رێك به مۆزه‌خانه‌ی ئایا سۆفیادا ده‌كه‌ین و له‌وێشه‌وه گه‌ڕ و سووڕێكی ئه‌و ناوه ده‌كه‌ین، نزیك بانگی شێوانه و هه‌ر به‌پێ شۆڕی ده‌كه‌ینه‌وه. كه‌مێك خوارتر له سوڵتان ئه‌حمه‌د و به به‌ری ئه‌وبه‌ر، له‌ناو ئاپۆرای بێ شوماری ڕێبواراندا، دوو ڕیزی دوور و درێژی خه‌ڵك به لای چه‌پ و ڕاستی دووكانێكدا ده‌بینم، به هه‌ردوو ئاراسته‌ی شۆسته‌كه وه‌ستاون. ئه‌و دیمه‌نه، دیمه‌نه‌كانی ڕیزبه‌ستنی ئێوارانی به‌رده‌می دوكانی ترشیاتی فیسار و شیرنه‌مه‌نی فڵانم له هه‌ولێر (ئینجا مه‌عز بۆ خوا، هه‌ر هه‌ولێریش وانییه، هه‌موو شار و شارۆكه‌كانی تریشمان وان) بیر ده‌خاته‌وه. دیقه‌تی نووسراوی تابلۆی سه‌ر دووكانه‌كه ده‌ده‌م، چێشتخانه‌ی كفته‌یه. ئه‌و چێشتخانه‌ی كه بڕیاره ئه‌م ئێواره‌یه له‌وێ تێر كفته‌ی توركی بخۆم، به‌ڵام به قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌دا تێده‌گه‌م، كه داوه‌تی ئه‌مڕۆی كفته‌ی هاوڕێكه‌م فت. ئاخر نه تاقه‌تی وه‌ستانی ناو ئه‌و ڕیزانه‌مان هه‌یه، نه له ژووره‌وه‌ش حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌مان ده‌بێت، چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی نۆره‌كه‌مان بكه‌ین، ئه‌وه ئه‌گه‌ر له ژووره‌وه‌ش شوێنی دانیشتنیان مابێت. ناچار به‌ره‌و ئیمینینۆ شۆڕ ده‌كه‌ینه‌وه و له‌و قه‌راخ ده‌ریایه‌دا سه‌رو له‌فه‌ی ماسیی بر‌ژاو ده‌كڕین و به‌ڕێوه ده‌یخۆین.
*****
به‌ربانگی هاڕوون ئه‌لڕه‌شیدی تورك!
پێشتر هه‌ندێك شتم له‌باره‌یه‌وه خوێندبووه‌وه، ته‌نانه‌ت چه‌ند ڤیدیۆیه‌كیشیم له‌سه‌ر یوتیوب بینیوه. به‌م بڕه خوێندنه‌وه‌یه له‌باره‌ی ئه‌و پیاوه سه‌یره‌ی ناو دنیای ئیسلامی و بانگخوازییه‌كه‌ی و شێوازه‌كانی بانگه‌شه‌كردنی بۆ ئیسلام، به‌س نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بتوانێ زیاتر و باشتر ئه‌و كه‌سه بناسێت. هه‌رگیزیش به خه‌یاڵمدا نه‌ده‌هات ڕۆژێك له ڕۆژان، نه‌ك میوانی ئه‌و بم، ته‌نانه‌ت له نزیكیشه‌وه بیبینم. ئێ منێكی كوردی ڕۆژنامه‌نووسی گیرفانخاڵی له كوردستان و ئه‌وێكی توركی بزنسمان له ئیستانبوڵ، چ شتێك و چۆن ده‌مانگه‌یه‌نێته یه‌ك؟
ئه‌و بڕه شتانه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و پیاوه خوێندبوونمه‌وه، زیاتر ئه‌و مانایه‌یان هه‌ڵده‌گرت كه ئه‌و سه‌رۆكی گرووپێكی مافیایی بێت و ئاینی كردووه‌ته ئامرازی سه‌رنجڕاكێشانی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی. كاتێكیش له‌وه ورد ده‌بوومه‌وه كه چه‌ندان كتێبی له‌باره‌ی ئاین و دژی تیۆره‌كه‌ی داروین نووسیوه، هه‌مدیس سه‌یرم پێ ده‌هات.
به‌یانیه‌كی ناوه‌ڕاستی ڕه‌مه‌زان بوو، هاوڕێ و هاوكارم (جه‌سیم ئیلهانی) هات و گوتی ئێواره وه‌ك ده‌زگه‌ی میدیایی (باس)، میوانی ئێواره‌خوانێكی به‌ربانگین كه (عه‌دنان ئۆكتار!) بۆ ژماره‌یه‌ك پیاوی ئاینی و كه‌سایه‌تیی و بزنسمان و هه‌ندێ ده‌زگه‌ی میدیایی و ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكار ڕێكی خستووه.
(ئۆكتار!)، كه ئه‌و ناوه‌م بیست، له پێوه‌ست به‌م ڕێكه‌وته سه‌یره، له شوێنی خۆم واقم وڕما. ده‌ی ئه‌و پیاوه‌ی ده‌مێكه له خه‌یاڵی مندا دێت و ده‌چێت و ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی بۆ من جێی پرسیارن، ئه‌م ئێواره‌یه له نزیكه‌وه ده‌یبینم.
بانگخوازی ئیسلامی عه‌دنان ئۆكتار، یان (هاڕوون یه‌حیا - ناوی خوازراوی نووسینه‌كانی)، ساڵی ١٩٥٦ له ئه‌نكه‌ره له دایك بووه، تا ساڵی ١٩٧٩ له‌و شاره‌دا ژیاوه و پاشان ڕووی كردووه‌ته ئیستانبوڵ. خوێندنی له بواری فه‌لسه‌فه ته‌واو كردووه و چه‌ندان كتێب و لیكۆڵینه‌وه‌ی له بواری جیاوازدا هه‌ن، له نووسینه‌كانیدا كاری له‌سه‌ر به‌درۆخستنه‌وه‌ی تیۆری په‌ره‌سه‌ندنی داروین كردووه‌ته‌وه. هاوكات زۆر بایه‌خیشی به بابه‌ته‌كانی ماسۆنیه‌ت و سه‌هیۆنیه‌ت و بێباوه‌ڕی داوه. چه‌ند كتێبێكی هه‌یه له‌باره‌ی به‌ها ڕه‌وشتییه‌كانی قورئان و بابه‌تی تری پێوه‌ست به باوه‌ڕداری، دیارترینیان (ئه‌تڵه‌سی خه‌ڵق)ـه. ناونیشانی كتێبه‌كانی تری (فریوی په‌ره‌سه‌ندن، كۆتایی داروینیزم، په‌رجووی گه‌ردیله، ئیعجاز له دروستكردنی ڕووه‌كه‌كان، دروستكردنی گه‌ردوون، تێگه‌یشتنه بنه‌ڕه‌تییه‌كان له قورئاندا، ئایا بیرت له ڕاستی كردووه‌ته‌وه؟، په‌رجووی مێرووله، په‌رجووی مێش هه‌نگوین و….).
ساڵی ١٩٩١ به تۆمه‌تی به‌كارهێنانی كۆكاین گیراوه و دواتر ئازاد كراوه. ئه‌مه پاش ئه‌وه‌ی پشنكنینی پزیشكی سه‌لماندی كه ڕێژه‌یه‌كی زۆری ماده‌ی هۆشبه‌ر له خوێنیدایه. ساڵی ١٩٩٩ به چه‌ندان تۆمه‌تی تری ئابڕووبه‌ر بڕیاری گرتنی ده‌رچووه، له‌وانه هه‌ڕه‌شه‌كردن له خه‌ڵك له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی، دامه‌زراندنی ده‌زگه‌یه‌كی نایاسایی بۆ تاوانكاری، ئه‌نجامدانی سێكس به زۆر له‌گه‌ڵ ژن. ساڵی ٢٠٠٨ له لیستی تاوانه‌كانی داواكاریی گشتی ناوی هاتووه و له‌گه‌ڵ ١٧ ئه‌ندامی تری ڕێكخراوه‌كه‌ی بڕیاری سێ ساڵ گرتنیان بۆ ده‌رچووه و ته‌نیا ١٨ مانگ مایه‌وه و له‌و ماوه‌یه‌ش 10 مانگی له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی عه‌قڵی و ده‌روونی بردووه‌ته سه‌ر. تاوانه‌كانیشی بریتی بوون له به‌كارهێنانی كچانی ڕێكخراوه‌كه‌ی بۆ ڕاكێشانی كوڕی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و ئه‌نجامدانی سێكس له‌گه‌ڵیان و وێنه‌گرتنی كرده سێكسییه‌كان به ڤیدیۆ. ئه‌مه‌ش وه‌ك كارتی فشار و هه‌ڕه‌شه بۆ ئه‌وه‌ی كچه‌كان نه‌وێرن ڕێكخراوه‌كه جێ بێڵن. تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ڕه‌شه له كچه‌كان كراوه له یه‌ك كاتدا سێكس له‌گه‌ڵ ١٠ له‌و كوڕه ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌دا بكه‌ن. به گوێره‌ی زانیاریی میدیاكان، كاتێك پرسیاریان له كچه سكرتێره‌كه‌ی (ئۆكتار) كردووه، ئاخۆ فه‌لسه‌فه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌یان چییه؟ له وه‌ڵامدا گوتوویه‌تی، "سێكسكردن ئه‌زیزم!".
به‌هه‌رحاڵ، دێینه‌وه سه‌ر دوالیزم و پارادۆكسه‌كانی ناو ژیانی ئه‌و پیاوه كه مرۆڤ تووشی شۆك ده‌كه‌ن. به هاوڕێكه‌م ده‌ڵێم، ده‌رفه‌ت له‌وه گونجاوتر نابێ. ئه‌وه‌ی من له خه‌ونیشدا نه‌مده‌بینی، ئه‌وه‌تا له واقیعدا دێته دی. ئیتر ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌كی كورت و بۆنه‌یه‌كیشه، كه ڕه‌نگه ئه‌وه‌مان بۆ نه‌ڕه‌خسێ، ئامانجی خۆمان بپێكین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خراپ نییه مرۆڤ له نزیكه‌وه، ئۆكتار خۆی، ده‌وروبه‌ره‌كانی، شێوه‌ی ژیانی، گوفتار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی، جۆری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ میوان و زۆر شتی تر ببینێت. ئاخر دیده‌نی (ئۆكتار)ی بانگخوازی ئیسلامی، كه به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له ڕوانگه‌ی ئه‌ودا هیچ ناجۆری و به‌ریه‌ككه‌وتنێك له نێوان بنه‌ماكانی ئیسلام و ئه‌وه‌ی كچان و ژنان به جلی ورووژێنه‌ری په‌كینی (ژێره‌وه) ده‌ربكه‌ون و سه‌ما بكه‌ن نابینێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له دیده‌نی سه‌رۆكی وڵاتێك قورستتر نه‌بێت، ئه‌وا بێگومان وه‌ها ئاسانیش نییه!