په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
(١)
ئێران و ئه‌مه‌ریكا
كه‌شتیی جه‌نگی لینكۆڵن جووڵه ده‌كات بۆ كه‌نداو! وادیاره یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تڕه‌مپ سنورداركردن، كه‌مكردنه‌وه‌ی جووڵه و كشانی ئێران و شیعه‌یه له ناوچه‌كه‌دا له‌دوای ٢٠٠٣ ه‌وه، ئێران و شیعه‌كانی دنیا به‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ عێراق، له‌دوای هه‌ژموون و چوونه ناو كه‌ناڵه سیاسییه‌كانی عێراق، فۆڕمێك له زیندووبوونه‌وه و هه‌ستانه‌وه و دووباره به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ناسنامه‌یان بۆ خۆیان وێنا كردبوو. له‌دوای به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه، رۆڵی ئێران جارێكی تر ده‌كشێت و فراوان ده‌بێت. فراوان به‌مانای ئه‌وه‌ی نوخبه‌ی سیاسیی شیعی له ئێران به‌رده‌وام ئه‌و وێنه‌یان به بیر دنیا ده‌هێنایه‌وه كه ئه‌وان چوار پایته‌ختی سیاسی، چوار یه‌كه‌ی سیاسی و جیۆپۆله‌تیكی له دنیادا به‌ڕێوه ده‌به‌ن. هه‌ر له به‌غداوه تا ده‌گاته به‌یرووت و دیمه‌شق و سه‌نعا و چه‌ند رووبه‌رێكی سیاسی تر. ڕاستییه‌كه‌ی شیعه مێژووی خۆی، رابردووی خۆی، یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆی، رووداوه سیاسی و مه‌زه‌وییه‌كانی خۆی هه‌مووی گرێ ده‌دایه‌وه و ده‌به‌سته‌وه به زنجیره‌یه‌ك له وێنه‌ی خه‌مناك و نووزانه‌وه و په‌راوێزبوون و به‌رگریكردن.
ئه‌م وێنه‌یه له‌دوای رووخانی به‌عسه‌وه به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێت بۆ وێنه‌یه‌ك كه به‌ته‌واوی نوێنه‌رایه‌تی هێرشبردن و هه‌ستانه‌وه ده‌كات و باز به‌سه‌ر هه‌موو تۆنه‌كانی پاڕانه‌وه و كشانه‌وه ده‌دات. له‌دوای هاتنی تڕه‌مپه‌وه، ئێران به‌هه‌موو هێز و توانا لۆجیستییه‌كانی، به‌كۆی رووبه‌ره جیۆپۆله‌تیكییه‌كه‌ی و سه‌ربازه‌كانی ده‌یه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ی خۆی ئاماده بێت و بۆ ناوه‌وه‌ی خۆی نه‌گه‌ڕێته‌وه، بونیاده ناوه‌كییه‌كه‌ی خۆی بپارێزێت و رێ له درز و داڕمان و كه‌وتن و لاوازبوونی بگرێت. له دواین وێنه‌دا ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ده‌یه‌وێت رووبه‌ڕووی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك هێز و هه‌ژموون و سه‌رباز ببێته‌وه. بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ده‌یه‌وێت ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكاته ده‌ره‌وه و رێ نه‌دات عێراق ببێت به پانتاییه‌كی ئه‌مه‌ریكی! ئه‌م دیده به‌شێكی زۆر له هێزه عێراقییه شیعه‌كانیش ماركێتینگی سیاسی و میدیایی بۆ ده‌كه‌ن، وێنه‌ی سیاسی و سه‌ربازی بۆ داده‌ڕێژن. ئێران زیاتر ده‌یه‌وێ له‌رێی جیۆپۆله‌تیك و داخستنی گه‌رووی هورمز و خنكاندنی ئه‌مه‌ریكاوه ئه‌و وێنه‌یه درێژ بكاته‌وه. وادیاره ئه‌مه‌ریكا چیتر رێ به‌و جووڵه و كشانه‌ی ئێران نادات! پێ ده‌چێت ئه‌مه‌ریكا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بیه‌وێت له‌ڕووی جیۆسیاسی و جیۆپۆله‌تیكه‌وه نینۆكی ئێران بكات و چیتر رێی پێ نه‌دات ئه‌وه‌نده به‌چڕی له ده‌ره‌وه‌ی خۆی. له جیۆگرافیای عه‌ره‌بی و له ده‌ریاوه ئاماده‌بێت.
(٢)
توركیا و كێشه‌كانی
ئاك پارتی له‌دوای هاتنی بۆ ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی، یه‌كێك له خه‌یاڵه‌كانی، یه‌كێك له ستراتیج و به‌رنامه سیاسییه‌كانی ئه‌وه‌بوو كه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ بمێنێته‌وه! بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ كه‌ناڵه سیاسییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای هاوچه‌رخ له ده‌ستی ئه‌ودابێت و مۆدێلی لیبڕاڵیزمی ئیسلامی به‌سه‌ر مۆدێله‌كانی تری حوكمڕانی زاڵ و باڵاده‌ست بكات. توركیای هاوچه‌رخ وه‌ك ده‌وڵه‌ت و چوارچێوه هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه، هه‌ر له سه‌ره‌تای به‌رهه‌مهێنان و داڕشتن و دیزاینكردنه‌وه‌یدا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك كێشه و نه‌خۆشی و ڤایرۆسی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازی بوو. هه‌ر له كێشه‌ی ناسنامه و فره‌یی و پرسی به‌شداری سیاسییه‌وه تا ده‌گاته كێشه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و چۆنیه‌تی پێناسه‌كردنه‌وه‌ی هاوڵاتی و ململانێی نێوان دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی و مه‌ده‌نی.. هتد. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له توركیادا روو ده‌دات، زۆر له‌وه ئاڵۆزتر و تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵتره! ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕۆن به‌شێك له جه‌ماوه‌ریبوون و باڵاده‌ستبوون و ماناكانی شه‌رعیه‌ت له‌ده‌ست بده‌ن! له‌دواین هه‌ڵبژاردندا ئه‌ردۆغان ئیستانبوڵ ده‌دۆڕێنێت؛ ئیستانبوڵ وه‌ك ناوكی سیاسی و سه‌نته‌ری گه‌یشتن به هێز و باڵایی له توركیا. دۆڕاندنی ئیستانبوڵ تڕاجیدیایه‌كی گه‌وره‌یه بۆ پارته‌كه‌ی. دیاره هه‌رچۆنێك بێت كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و وڵاته بڕیار ده‌دات هه‌ڵبژاردن دووباره بكرێته‌وه. لێره‌وه توركیا به‌ره‌و دۆخێكی یه‌كجار سه‌خت و ئاڵۆز و نادیار هه‌نگاو ده‌نێت. نادیار به‌مانای ئه‌وه‌ی دۆڕان له هه‌ڵبژاردن و دۆڕان له ئیستانبوڵ بۆ پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان قبووڵكراو و دۆخ و ئاكتێكی ئاسایی نییه. پێشتر توركیا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا وه‌ك نموونه‌یه‌ك ده‌هێنرایه‌وه بۆ گه‌شه‌ی دیموكراسی و ئه‌زموون و مۆدێلی دیموكراسی؛ ئه‌مڕۆ ئه‌و مۆدێله ده‌یه‌وێ بكه‌وێت، ده‌یه‌وێ مانا و راڤه و بنه‌ماكانی خۆی به‌یه‌كجاری له‌ده‌ست بدات.
توركیا له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا به‌هه‌مان تۆنی سیاسی و به‌هه‌مان زمانی سیاسی له كێشه و ته‌نگژه‌دایه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان جۆرێك له ململانێ، رووبه‌ڕووبوونه‌وه، ته‌نگژه، پێكه‌وه هه‌ڵنه‌كردن، دژیه‌كی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌یه! پێشتر توركیا له‌ڕێی ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو و تیۆری سفركردنه‌وه‌ی كێشه‌كانه‌وه ده‌یویست له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ری له پێوه‌ندیدا بێت، له گفتوگۆی سیاسی و دیپلۆماسیدا بێت. ئه‌مڕۆ توركیا له‌رێی ئه‌ردۆغانه‌وه ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ بكه‌ره سیاسییه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه له پێوه‌ندیدا نه‌بێت، ده‌یه‌وێ پردی گفتوگۆ سیاسی و دیپلۆماسییه‌كان تێكبشكێنێت. ئه‌مڕۆ پێوه‌ندی نێوان توركیا و ئه‌مه‌ریكا فۆڕمێكه ده‌كرێت وه‌ك ته‌نگژه ناوی ببرێت! رۆژ دوای رۆژ ئه‌م ته‌نگژه‌یه ته‌مه‌ن و ماوه‌ی خۆی درێژتر ده‌كاته‌وه؛ ته‌نگژه له‌سه‌ر ناسنامه، به‌شداری هه‌رێمی و رۆڵی هه‌رێمی، ته‌نگژه له‌سه‌ر سیستمی به‌رگری و بونیادی هێز و دابه‌شكردنی جیۆپۆله‌تیك و به‌هاكان له سوریا. ئه‌ردۆغان هێشتا پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات جووڵه سیاسییه‌كانی خۆی له جووڵه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكییانه‌وه بگۆڕێت بۆ جووڵه‌یه‌ك تێكه‌ڵ به رێكخستن و وێنه و خه‌یاڵی رووسیا بكات. سیستمه به‌رگرییه‌كه‌ی به‌ته‌واوی بگۆڕێت بۆ سیستمێكی رووسی؛ دیاره ئه‌مه به‌لای ئه‌مه‌ریكاوه جێی قبووڵ و ره‌زامه‌ندی نییه؛ پێ ده‌چێت توركیاش هاوشێوه‌ی ئێران، جووڵه‌كانی كه‌م بكرێته‌وه و نینۆك بكرێت.