سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ عێراق و پێگەی كورد

AM:11:14:23/04/2024 ‌
یەكەم/ جارێکی تر عێراق و تورکیا

دوێنێ، سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەردانی هەریەک لە عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. دیارە هەردوو ناوەندەکە واتە هەولێر و بەغدا، بۆ تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدان گرنگن و لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بایەخ و مانا و سەنگی خۆیان هەیە. بۆ قسەکردن لەسەر سەردانەکە لە پێوەندی نێوان بەغدا و ئەنقەرەوە دەست پێ دەکەین. 

لە ڕووی مێژووییەوە، لە 100 ساڵی رابردوودا پێوەندی نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و تورکیا هەمیشە پڕ هەورازونشێو و هەڵبەز و دابەز بووە. لوتکەی ئەم هەڵبەز و دابەزە لە کاتی جەنگی یەکەم و دووەمی کەنداودا دەگاتە چڵەپۆپە و زیاتر دەردەکەوێت، بە تایبەت لە کاتی داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراق و دواتریش ئاوی دیجلە و فوڕات و پرسی نەوت و تورکمانەکانی عێراق. 

لە دوای 2003 و رووخانی بەعس و وەرچەرخانی دیمۆکراسی لە عێراقدا، جارێکی تر پێوەندییەکان داڕێژرانەوە و چوونە ئاستێکی ترەوە. ئەمڕۆ تورکیا و بەغدا کۆمەڵێک پێوەندی و مامەڵە و بەرژەوەندی و پڕۆژەی ئابووری بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە. 

ئامانجی ئەمجارەی ئەردۆگان بۆ عێراق لە چەند پرسێکی سەرەکی و لاوەکیدا خۆی دەبینێتەوە. پرسە سەرەکی و بایەخدارەکانی تورکیا لە عێراق، وزە، ئاسایش، بازاڕ و کەمینەی تورکمان، سنوور و پڕۆژەی گەشە خۆی دەبینێتەوە، بە تایبەتیش تورکیا ئاسایشی سنوورەکان و دۆسیەی شنگال و پارێزگای مووسڵی بەلاوە گرنگە و وەک پرسی ستراتیجی لێیان دەڕوانێت و بیریان لێ دەکاتەوە. 

عێراقیش زیاتر لە ڕوانگەی ئاو و نەوت و گازی سروشتییەوە لە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەڕوانێت و سەردانەکەی ئەردۆگان هەموو ئەو پرس و تەوەرانەی لەخۆ گرت و 26 رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و تورکیا واژوو کرا و بە تایبەتیش پرسی ئاو. 

دووەم/ سنوور چ مانایەک دەگەیەنێت 

بۆ تێگەیشتن لە دەوڵەت و هەردوو وڵاتی عێراق و تورکیا، دەبێت لە سنوور و دنیای سنوورەکانەوە دەست پێ بکەین، سنوور چییە و چ مانایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و جیۆگرافی هەیە؟

بەشێوەیەکی گشتی سنوور یەکێک لە سیما و دەرکەوتەکانی دەوڵەت و دامەزراوەی دەوڵەت پێکدێنێت، هەموو دەوڵەتێک لە ڕێگەی سنوورەوە پێناسەی یاسایی و جیۆگرافی و ئاسایشی خۆی دەکات. ڕاستییەكەی سنوور یەکێکە لە پێناسە هەرە باڵا و قووڵەکانی دەوڵەت و هاوشان لەگەڵ سەروەری و رەگەزەکانی سەروەریدا یەکتر تەواو دەکەن و یەکتر بەرهەم دەهێننەوە و مانای سیاسی و یاسایی بە یەکتر دەبەخشن. 
ئەم دوو چەمکە لە زۆر شوێن و جێگە رۆڵ دەبینن لە پتەوکردنی دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جیۆگرافی. سەروەری، واتە چۆنیەتی پاراستن و دیاریکردنی ئاسمان و زەوی و ناوچە و هەرێمەکانی ناو دەوڵەتەکەت کە سنوور رووکارە بینراو و بەرجەستەکراو و پیشاندراوەکەیەتی. 

عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانەی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کێشەی سنوور و سەروەری و شێواز و چۆنیەتی پاراستن و بەرگریی هەبووە، بە تایبەت لەگەڵ تورکیادا، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا بە ئاشکرا هەست بە بێ سنووری و سەروەربوونی عێراق کراوە کە دواتر بووەتە خاڵێکی لاواز لەناو جڤات و گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بە تایبەت لە کاتی جەنگ و ململانێکانیدا لە ناوخۆ و لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیدا. 
سنوور ئەگەر بە مانا کلاسیکییەکەی ناسنامە و پەرژین و هێڵە هەرە باڵا و ئامادەکەی دەوڵەت بێت، مانا تازە و هاوچەرخەکەی نوێنەرایەتیبوونی نەتەوە و ئامادەیی نەتەوەیە لەسەر نەخشەی سیاسی و جیۆگرافی جیهان و قسەکردن و گفتوگۆکردنە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی سنوور و کاریگەرییەکانییەوە. هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئەم چرکەساتەی ئێستە، عێراق و تورکیا کێشەی سنووریان هەبووە و قووڵایی ئەم کێشەیە بنەماکەی کێشەی ویلایەتی مووسڵ بووە. 

سێیەم/ تورکیا و هەرێمی کوردستان

 هەرێمی کوردستان هێشتا ناوچە و مەڵبەندێکی گرنگی سیاسی و دبلۆماسی و ئابوورییە بۆ تورکیا. راستییەکەی، تورکیایش دەرگایەکی گەورەی جیۆسیاسییە بۆ کوردستان و گەیشتنی بە بازاڕی وزەی جیهانی و ئاو و دەریا و سنووری ئاوی، بە تایبەت کاتێک هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆگرافیای سیاسی و جیۆپۆڵەتیکەوە داخراو و دابڕاوە، ئەوەی بە زمانی جیۆپۆڵەتیك و زانای گەورەی بواری جیۆپۆڵەتیک پێی دەوترێت Landlocked بەپێی هەڵکەوتە جیۆگرافییەکەی و دووری لە دەریا و ئاوەوە، ناتوانێت بگات بە بازاڕ و دەرگای جیهان. 
کۆماری تورکیا ئێستە دەتوانێت ئەو بۆشایی و خاڵە لاوازەی هەرێمی کوردستان پڕ بکاتەوە. لە ساڵانی رابردوویشدا تورکیا لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە، بەشێوەی کرداری ئەم رۆڵەی بینی و نەوت و سامانی سروشتی لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە دەگەیشت بە وڵاتان.

سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ هەرێم پێدەچێت لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکانی نێوان بەغدا و ئەنكەرەدا بێت کە پرسی ئاو و ئاسایش و وزە و بازرگانی و چەند بوارێکی تری لەخۆ گرتووە. لەلایەکی ترەوە ئەردۆگان بەهۆی دابەزینی پێگەی پارتەکەی و کەمبوونەوەی قەبارە و دەنگەکانی لە دواین هەڵبژاردندا، دەیەوێت جارێکی تر دەست بۆ دۆسیە و پرس و پڕۆسەی ئاشتی بباتەوە لەگەڵ کورد لە تورکیا، بۆ ئەم مەبەستە سەرەتای پڕۆسەکە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی پێوەندییەکان بێت لەگەڵ کوردستان، چونکە تورکیا دەزانێت و لەوە تێدەگات پرسی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان، کاریگەریی لەسەر بەشەکەی تر دەبێت و دەتوانێت سوود لەو کارلێکە سیاسی و دبلۆماسییە وەربگرێت.