په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
یه‌كه‌م/ پێشه‌سازیی دروستكردنی حكوومه‌ت
عێراق بێ كولتووری سیاسی و بێ تڕادیسیۆنی سیاسییه، بونیاده بینراوه‌كانی ساخته‌ن و له دوای ٢٠٠٣ـه‌وه ئه‌م بونیاده ساخته‌یه تێكئاڵاو و بێ ماناتر بووه. حكوومه‌ت ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تی كه‌س بكات و ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تی و حوكمكردن به‌ناوی خهڵكهوهی له ده‌ست داوه و لێی سه‌نراوه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كێك له ته‌نگژه هه‌ره قووڵه‌كانی ناو بونیادی سیاسی ده‌وڵه‌تی عێراق پێشه‌سازیی دروستكردنی حكوومه‌ت، بیرۆكراتیی و دابه‌شكردنی به‌هاكانه. چونكه حكوومه‌ت و حوكمداری له عێراق ئه‌ده‌بیات و چیڕۆكه تیۆرییه‌كانی (ده‌یڤد ئیستن) ی بیر چووه‌ته‌وه، نازانێ پرۆسه‌ی "تێكردهكان Input " له‌كوێوه دێت و كه‌ناڵی "بڕیارسازی Decision Making" له كوێدایه و پرۆسه‌ی "ده‌رهاویشته‌كان Output" له‌گه‌ڵ كێ له پێوه‌ندیدا بێت.
ئه‌ده‌بیاتی زانای به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریكی (ده‌یڤد ئه‌ستن) بۆ تیۆری سیستمی سیاسی، سیاسه‌تی گشتی و چۆنیه‌تیی دروستكردنی بڕیاری سیاسی كۆمه‌كی باشمان ده‌كات بۆ تێگه‌یشتن له‌و كه‌لاوه سیاسییه‌ی له عێراقدا ناونراوه "حكوومه‌ت" و ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تیكردن، خزمه‌تكردن و دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ی به‌ها سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی پێ به‌خشراوه.
له ڕووی تیۆرییه‌وه هه‌ڵبژاردن، ده‌نگدان و به‌شداری سیاسی له عێراقدا ده‌بینرێت، ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌ڵبژاردن سه‌ره‌تایه‌كه له پێشه‌سازی دروستكردنی په‌یكه‌ر، ناسنامه و فۆڕمی حكوومه‌ت، به‌ڵام له دوای هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكه‌وه له عێراق چركه‌ساتێك ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، ده‌كرێ ناوی بنێین "پێشه‌سازیی دروستكردنی حكوومه‌ت"، پێشه‌سازی به‌و مانایه‌ی هه‌ر هێزێكی سیاسی، ئایدۆلۆجی و مه‌زه‌وی عێراق، ده‌یه‌وێ خۆی وه‌ك بڕاندێك تێكه‌ڵ به چوارچێوه‌ی حكوومه‌ت بكات.
ئه‌م دیارده‌یه زۆر ده‌خایه‌نێت و پێكهێنانی حكوومه‌تیشی له عێراقدا ئاڵۆز و بێ مانا و بێ ناوهڕۆك كردووه. ئه‌م مۆدێله بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت بووه به پرۆسه‌یه‌كی پێشه‌سازی و له‌سه‌رخۆ و توانای خێرایی و ماناكانی كات و ده‌ستگرتن به كاته‌وه و ماوه‌ی، به‌ته‌واوی له ده‌ست داوه.
هێزی سیاسیش زۆرن هه‌موویان كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن چۆن حكوومه‌ت پێك نه‌هێنرێت، چۆن له ڕووی كاته‌وه حكوومه‌ت داببڕێنن له كات و خێرایی. له دوای پێكهێنانیش چۆن دووباره له‌ڕێی شه‌قام و خۆپێشاندانه‌وه حكوومه‌ت دابخه‌ن، دووباره بیخه‌نه‌وه ناو پرۆسه‌ی بهپێشهسازیبوون. ئه‌م چیڕۆكه بۆ پێشه‌سازی حكوومه‌ت له عێراق، چیڕۆكێكی زاڵ و هه‌میشه به‌رده‌سته.
دووه‌م/ خۆپێشاندان وه‌ك كه‌ناڵی به كۆمه‌ڵایه‌تیكردن
خۆپێشاندانه‌كانی عێراق درێژه‌ی هه‌یه، به‌رده‌وامی هه‌یه و به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كان ده‌یانه‌وێت وه‌ك هێزی گوشار له دژی حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی تر بیخه‌نه كار. دیاره داواكاری و ناڕه‌زایی و خواستی خۆپێشانده‌ران فره‌چه‌شن و جیاوازن. زۆرینه‌ی كه‌رته كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی له‌سه‌ر شه‌قامن و خه‌ونه‌كانیان به‌رز كردووه‌ته‌وه.
ده‌كرێ دیوی دووه‌می ئه‌م دۆخه وه‌ك كه‌ناڵی سۆسیالیزهكردن، به كۆمه‌ڵایه‌تیكردن و لكاندنی هه‌موو سێكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ناو ببه‌ین.
عێراقییه‌كان شه‌قام وه‌ك ناوه‌ندێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و بونیادێكی بینراو وێنا ده‌كه‌ن. زۆرینه‌ی سێكته‌ر، كایه و بواره‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی به‌ره‌و داڕمان و دابه‌شبوون و له‌ت له‌تبوون و بێ ناوهڕۆكبوون ده‌چێت، ته‌نیا شه‌قام و داخوازییه‌كان نه‌بێت كه زۆرینه‌ی عێراقییه‌كان كۆ ده‌كاته‌وه.
خۆپێشاندان و شه‌قامی عێراقی له‌ڕووی سۆسیۆلۆجییه‌وه بووه به كه‌ناڵێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پێشوازیكردن و له‌خۆگرتنی زۆرینه‌ی ناسنامه بچووك و دووه‌مییه‌كان، به‌یه‌كه‌وه گرێدانی هه‌نده‌سه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له عێراق.. هتد ئاماده‌بوونی چین و توێژه جیاوازه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق و شار و شاره‌دێ و پارێزگا جیاوازه‌كان، ئاماده‌بوونی گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هێزه‌كانی تر به‌درێژایی رۆژ له‌سه‌ر شه‌قام و رووبه‌ری گشتیی، دروستبوونی پێوه‌ندی، كۆمیونیكه‌یشن، بیروڕا گۆڕینه‌وه، گوێگرتن له‌یه‌كتر، گێڕانه‌وه‌ی خه‌یاڵ و خه‌ون و ئه‌زموونه‌كان بۆ یه‌كتر، گوتنه‌وه‌ی دروشم له‌گه‌ڵ یه‌كتر و دربڕینی ئازاره‌كان به‌یه‌كه‌وه، گوزارشتی تازه‌ن بۆ له‌حیمكردن و پرۆسه‌ی به كۆمهڵایهتیكردنی تاكی عێراقی.
شه‌قام لێره ته‌نیا ژێرخان نییه و ته‌نیاش وه‌ك ژێرخان ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ ناكات، به‌ڵكو ناوه‌ندی به‌كۆمه‌ڵایه‌تیكردن و گرێدانی ئهكتهرهكانیشه به یه‌كتره‌وه.
سێیه‌م/ چیڕۆكی حوكمڕانی و چاكسازی له عێراق
یه‌كێك له وێنه هه‌ره تراجیدییه‌كانی ناو بونیادی حوكمڕانی له عێراق، چیڕۆكی چاكسازی و ده‌ستكاریكردنی یه‌كه سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی حوكمڕانی و حكوومه‌تداری ده‌وڵه‌تی عێراقه. دیاره عێراق له‌ڕووی ستراكچهرهوه زۆر له‌وه لاوازتر و بێتواناتره بتوانێ چاكسازی، پاكسازی و گۆڕانكاری و گه‌شه‌پێدانی سیاسی بكات.
هه‌موو بڕیارێك، هه‌وڵێك یان هه‌نگاوێك له‌ناو جه‌سته‌ی حوكمڕانی عێراقه‌وه نوێنه‌رایه‌تی چاكسازی و باشتربوونی هیچ بارودۆخێك ناكات.
عێراق هێشتا به هه‌زاران میل دووره له حوكمڕانی باش و ره‌گه‌زه‌كانی حوكمڕانی باش، ناتوانێ خه‌مه‌كانی وه‌ك شه‌فافیه‌ت، به‌رپرسیارێتی، به‌شداری راسته‌قینه، سه‌روه‌ریی یاسا و رێساكان، بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و به‌دامه‌زراوه‌بوون له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرێت و كاری له‌سه‌ر بكات.
دووانه‌ی چاكسازی و حوكمڕانی له عێراق بوون به چیڕۆكێكی یه‌كجار تراجیدی و بێ مانا، كراوه به تریاكێكی كوشنده و به‌ناوی جیاواز و به وێنه‌ی جیاواز و به ناوه‌ڕۆكی جیاواز پێشانی خه‌ڵك و رای گشتی ده‌درێت، ماركێتینگ و بانگه‌شه و نواندنی پێوه ده‌كرێت.
ئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی گه‌شه‌پێدانی سیاسی و نوێبوونه‌وه شاره‌زا بێت و تێبگات، ده‌زانێ عێراق هێشتا نه‌بووه‌ته چوارچێوه‌یه‌ك گوتاری حوكمڕانی باش و چاكسازی به‌رز بكاته‌وه. به‌ڵێنی دنیایه‌كی باشتر و به‌خته‌وه‌رتر بدات، دنیایه‌كی جیاواز و پڕ له دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت.
چاكسازی و باشتربوون و به‌ره‌وپێشچوون چیڕۆكێكی خه‌مناكن و عێراقییه‌كان رووبه‌ڕووی نائومێدی، بێ هیوایی، دڵته‌نگی و ناڕه‌زایی زیاتر ده‌كاته‌وه.