(١)
مۆدێلی كاركردن
له زانستی كارگێڕی گشتی نوێ‌دا New Public Management مۆدێلێك دێته كایه‌وه به‌ناوی هاوئاهه‌نگی نێوان كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت Public Private Partnership كه زیاتر به 3Ps ده‌ناسرێته‌وه له دنیادا. ئه‌م پاڕادایمه تازه‌یه له حوكمڕانی و كارگێڕیی گشتیی تازه‌دا پێی وایه كه حكوومه‌ت ده‌بێت بچووك بێت، زۆر رۆڵ نه‌بینێت له كاروباری گشتی، بازاڕ و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك په‌روه‌رده، ته‌ندروستی، رێگه‌وبان، كه‌رتی گواستنه‌وه و.. هتد، به‌ڵكو بیدات به كه‌رتی تایبه‌ت.
دیاره له‌ڕووی مێژووییه‌وه هه‌م رۆناڵد رێگان و هه‌میش تاتچه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یان به‌گه‌ڕ خست و چالاك كرد. له‌دوای جه‌نگی سارد و سه‌ركه‌وتنی لیبراڵیزمی نوێ و بازاڕی ئازاد و كراوه، ئه‌م مۆدێله به‌ته‌واوی له زۆر وڵاتانی دنیا گه‌شه‌ی كرد و بایه‌خی پێ درا. بنه‌مای لیبراڵیزم سنوورداركردنی حكوومه‌ت، بچووككردنه‌وه‌ی حكوومه‌ت و گه‌وره‌بوونی بازاڕ و كایه‌كانی تره. له‌م سیستمه ئابوورییه‌دا حكوومه‌ت هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو كار و ئه‌ركه‌كان نه‌خاته ئه‌ستۆی خۆی و فه‌رمانبه‌رانیه‌وه، به‌شێك له كه‌رته‌كان ده‌دات به كۆمپانیا و كه‌رتی تایبه‌ت له به‌رانبه‌ر رێككه‌وتنێك، به‌ڵام دابڕانێكی رادیكاڵیش دروست نابێت له نێوانیاندا، به‌ڵكو هاوئاهه‌نگی و هاوكاری و لێكتێگه‌یشتن كه‌ناڵێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌بێت و به‌یه‌كه‌وه سیاسه‌ته گشتییه‌كان داده‌ڕێژن.
له وڵاتانی لیبراڵ و خاوه‌ن بازاڕی ئازاد و سیستم ئه‌م مۆدێله به یاسا و رێنوێنی رێكخراوه. ئه‌م جۆر هاوئاهه‌نگییه له نێوان ئه‌م دوو كه‌رته‌دا زۆر ورد و تێكه‌ڵه و كار و پێشینه و شاره‌زایی و وردبینی و به‌دواداچوونی زۆر ده‌وێت. ڕاستییه‌كه‌ی مۆدێلێكی كاركردنی پڕ ریسك و ئالینگارییه، به‌تایبه‌ت كاتێك وڵاتێك كه هێشتا له دنیای سێیه‌مدایه و نه‌یتوانیوه گه‌شه‌پێدانی سیاسی و ئابووری بباته پێشه‌وه، زۆر ئه‌سته‌مه بتوانێ ئه‌م شێوه به‌ڕێوه‌بردنه بباته پێشه‌وه و به‌بێ قه‌یران لێی ده‌رباز بێت.
(٢)
هه‌رێمی كوردستان و 3Ps
ماوه‌یه‌كه له هه‌رێمی كوردستان باسی ئه‌وه ده‌كرێت كه مۆدێلی هاوئاهه‌نگی كه‌رتی گشتی و تایبه‌تی په‌ره‌ی پێ ده‌درێت و ده‌هێنرێته پێشه‌وه. پێده‌چێ زیاتر به‌ره‌و ئه‌وه بڕوات كه بواره‌كانی وه‌ك په‌روه‌رده و سیستمی خوێندن، خوێندنی باڵا، ته‌ندروستی و ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كان، رێگه‌وبان، كاره‌با و پاسه‌وانی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر بدرێت به كه‌رتی تایبه‌ت. دیاره له ئه‌ده‌بیاتی لیبراڵیزمی نوێ و زانستی به‌ڕێوه‌بردنی نوێ‌دا، ئه‌م دیارده‌یه به پرۆسه‌ی به‌تایبه‌تیكردن Privatization ناو ده‌برێت، هه‌رچه‌ند ئێسته به‌شێك له‌و خزمه‌تگوزارییانه كه‌رتی تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
نموونه‌ی وه‌ك كۆمپانیاكانی تایبه‌ت به پاسه‌وانی و چاودێریكردن، نه‌خۆشخانه تایبه‌تییه‌كان، قوتابخانه و زانكۆ تایبه‌تییه‌كان، سیستمی گواستنه‌وه و چه‌ند بوارێكی تر. دیاره به‌رزی كوالێتی و چۆنیه‌تی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، یه‌كێكه له بنه‌ماكانی حوكمڕانی باش. ڕاستییه‌كه‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا كۆمه‌ڵێك ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه له به‌رده‌م ئه‌م پڕۆژه و هاوئاهه‌نگییه‌دا هه‌یه، ده‌رفه‌ت به‌مانای ئه‌وه‌ی ده‌كرێ حكوومه‌ت و كه‌رتی گه‌شتی ببێت به خاوه‌ن داهات له‌رێی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه، ئه‌زموونێكی تازه‌ی كاركردن و خێرایی و وردی له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، متمانه له نێوان كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت بنیات بنرێت، حكوومه‌ت وه‌ك ده‌زگا و دامه‌زراوه چیتر ئه‌وه‌نده به پرسه لاوه‌كی و بچووك و ورده‌كارییه‌كان خه‌ریك نه‌بێت و بیدات به كۆمپانیا و سیاسه‌تی گشتی خۆی به‌شێوازێكی تر داڕێژێته‌وه و خه‌ریكی داڕشتنی ستراتیج و پرسه گه‌وره و چاره‌نووسسازه‌كان بێت، به‌ڵام مه‌ترسیش له به‌رده‌م ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا هه‌یه كه بڵاوترینیان نه‌بوونی یاسا، نه‌بوونی پێشینه‌ی یاسایی ئه‌م شێوازه‌ی كاركردن، نه‌بوونی متمانه به كه‌رتی تایبه‌ت، كه‌موكوڕی له سیستم و به‌ڕێوه‌بردنی باج، له هه‌ندێك حاڵه‌ت و دۆخدا سه‌روه‌ری و زاڵبوونی كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیا به‌سه‌ر كه‌رتی گشتی و حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی تردا.. هتد، ئه‌م پڕۆژه‌یه له به‌رده‌م دووڕیانێكی سه‌ختدایه.
(٣)
كۆمپانیا و به‌رپرسیاریه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی
له‌دوای ٢٠٠٣وه رۆڵی كۆمپانیاكان له هه‌رێمی كوردستاندا به‌ره‌و گه‌وره‌یی ده‌ڕوات. كۆمپانیاكان جگه له به‌رهه‌مهێنان ئه‌ركی تریشیان له‌سه‌رشانه به‌تایبه‌ت كۆمپانیاكانی بواری سامانه سروشتییه‌كان، نه‌وت و گازی سروشتی! بنه‌مایه‌ك هه‌یه ناو نراوه CSR/Corporate Social Responsibility، واته پابه‌ندبوون به به‌رپرسیاریه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی جیۆگرافیای كاركردنه‌كه. دیاره له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م بنه‌مایه شێوه‌یه‌كه له هاوبه‌شی و هاوئاهه‌نگیی نێوان كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت.
كورته‌ی كاره‌كه ئه‌وه‌یه كاتێك كۆمپانیایه‌ك له سنوور، جیۆگرافیا و ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودا كار ده‌كات و خۆی داده‌مه‌زرێنێت، ده‌بێ ژێرخانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ش ببووژێنێته‌وه! وه‌ك ئه‌ركێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تگوزاری بۆ دانیشتووانی ناوچه‌كه، رێگه‌وبان دروست بكات، ناوه‌ندی ته‌ندروستی و كولتووری و فه‌رهه‌نگی و په‌روه‌رده‌یی دابڕێژێت. ژینگه په‌ره پێ بدات و ناوچه‌كه به‌ته‌واوه‌تی له بری حكوومه‌ت ئاوه‌دان و پڕ خزمه‌تگوزاری بكات. دیاره فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌م كاره پاراستنی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌كه و خه‌ڵكه‌كه‌یه، به‌ڵام قووڵاییه‌كه و میكانیزمی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌كه بریتییه له به‌یه‌كه‌وه‌بوون و كاركردنی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت.
راسته گواستنه‌وه‌ی ئه‌م مۆدێله له كاركردن بۆ كایه‌كانی تر جیاواز و فره ره‌هه‌نده، به‌ڵام كۆی پێوه‌ندییه‌كان له نێوان حكوومه‌ت و كۆمپانیادا له‌یه‌كتره‌وه نزیكن. به‌تایبه‌تیكردن ناوكی فه‌لسه‌فه‌ی لیبراڵیزمی نوێیه، حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه، لایه‌ن و شوێنێك له پێوه‌ندیدا ده‌بێت كه فه‌رمی نییه، به‌ڵام یاسا و به‌رپرسیاریه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی وای لێ ده‌كات باش و زانستییانه مامه‌ڵه بكات یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه خزمه‌تگوزارییه‌كان له حكوومه‌ت باشتر، جوانتر و خێراتر بگه‌یه‌نێت.