(١)
بایدن، سه‌رۆكی وێناكراو
زۆرینه‌مان به شانۆنامه‌كه‌ی سامۆئێل بیكێت (له چاوه‌ڕوانیی گۆدۆدا) ئاشناین. گۆدۆ هه‌ر نایه‌ت و ناگات. گۆدۆ سه‌ر به دنیایه‌كی تایبه‌ته و ده‌رناكه‌وێت. هه‌موومان له چاوه‌ڕوانیی گۆدۆدا رووبه‌ڕووی دۆخێكی نادیار و بێ چوارچێوه و بێ ئاینده ده‌بینه‌وه. بۆچوونێك هه‌یه گوایه سامۆئێل بیكێت مه‌به‌ست له‌م تێكسته ئه‌ده‌بییه‌ی، مانیفێستۆكردنی پووچگه‌رایی و بێهووده‌یی مرۆڤه به‌ده‌ست رۆژگاره‌وه.
دۆناڵد تره‌مپ چوار ساڵ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت. دنیا به‌گشتی له به‌رده‌م چاوه‌ڕوانی دۆخێكی نزیك له دۆخی سامۆئێل بیكێتدا بوو. جۆ بایدن ده‌رده‌چێت و هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه، ده‌بێت به سه‌رۆك و دنیا له چاوه‌ڕوانی بایدندا ده‌مێنێته‌وه و چاوه‌ڕوانی جیاواز، خه‌ون و خواستی جیاوازی لێ ده‌خوازێت. جۆ بایدن هێشتا نه‌چووه‌ته كۆشكی سپی، هێشتا وه‌ك سه‌رۆك ده‌ستبه‌كار نه‌بووه، به‌ڵام دنیا و به‌شێكی زۆری ئه‌مه‌ریكییه‌كان به ئومێد و ئاینده‌یه‌كی جوانتره‌وه لێی ده‌ڕوانن. دیاره دۆخێكی له‌مشێوه‌یه بڕێكی زۆری پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه تره‌مپ زیاد له پێویست نائومێدكه‌ر و خهیاڵكوژ و خهونكوژ بووه بۆ به‌شێكی زۆری ئه‌مه‌ریكییه‌كان و دنیا به گشتی.
هه‌رچه‌ند له هه‌ڵبژاردندا دۆناڵد تره‌مپ هێشتا خاوه‌ن ده‌نگ، پێگه و جه‌ماوه‌ر و جه‌مسه‌ر بووه. زیاتر له ٧٠ ملیۆن ده‌نگی ئه‌مه‌ریكییه‌كانی به‌ده‌ست هێناوه، به‌ڵام دواجار جۆ بایدن ده‌باته‌وه و ده‌بێت به سه‌رۆك. ئه‌مڕۆ بایدن وه‌ك سه‌رۆكی وێناكراو و پێشوه‌خته ده‌بینرێت و چاوی لێ ده‌كرێت. سه‌رۆكێك كه هێشتا كه‌س وه‌ك ئه‌زموون و سه‌رۆكبوون نه‌یبینوه و نه‌بینراوه. دیاره بایدن رۆژگارێكی درێژه له‌ناو سیاسه‌ت و ده‌زگه و ناوه‌نده‌كانی بڕیاری دنیای ئه‌مه‌ریكییه، به‌ڵام وه‌ك سه‌رۆك نه‌بینراوه و ئه‌زموون نه‌كراوه. په‌یكه‌ر و رۆڵ و مانای بایدن وه‌ك سه‌رۆك ته‌واو وێنه‌یه‌كی جیاوازه له بایدن وه‌ك سیاسییه‌كی ئاسایی.
(٢)
سوننه‌كان و دنیای بایدن
یه‌كێك له‌و چیڕۆكانه‌ی كه له شه‌قامی عێراقیدا ئاماده‌یه، دڵخۆشبوونی به‌شێكی زۆری سوننه‌كانه به جۆ بایدن وه‌ك سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا. ده‌سته‌بژێری سیاسی سوننی له عێراقدا نزا ده‌كه‌ن بایدن ببێته‌وه به سه‌رۆك. دڵخۆش و كامه‌رانن به بایدن، دیاره ئه‌م شادی و چیڕۆكه‌ی سوننه‌كانی عێراق له‌وه‌وه دروست ده‌بێت بایدن بیرۆكه‌ی دابه‌شكردنی عێراق و پارچه پارچه‌كردنی عێراق بۆ سێ هه‌رێم (هه‌رێمی سوننه، شیعه و كورد) داده‌ڕێژێت. سوننه‌كان وا هه‌ست ده‌كه‌ن له‌ڕێی بایدنه‌وه ده‌توانن بگه‌ن به پڕۆژه‌ی سیاسی و جیۆپۆله‌تیكی خۆیان له عێراق و بایدن وه‌ك تاكه كاراكته‌ری سیاسی ده‌بینن به گواستنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق له ده‌وڵه‌تێكی ناوه‌ندگه‌را و خاوه‌ن هه‌ژموون و خاوه‌ن سه‌رچاوه‌كانی ده‌سه‌ڵات بۆ ده‌وڵه‌تێكی پڕ له هه‌رێم و نا-ناوه‌ندگه‌را و بێ هه‌ژموون.
ئه‌م خه‌یاڵ و سه‌رسامبوونه‌ی سوننه‌كان به سه‌رۆكی تازه هه‌ڵبژێردراو، له كۆمه‌ڵێك گۆشه و ژینگه‌ی سیاسی و مه‌زه‌وییه‌وه دێت به‌تایبه‌ت كاتێك سوننه‌كان هه‌ست به بێزاری و وهڕسبوونێكی قووڵ ده‌كه‌ن به‌هۆی په‌راوێزخستن و دوورخستنه‌وه‌یان له ناوه‌ندی بڕیار له ده‌وڵه‌تی عێراقی و به شیعه‌كردنی مۆدێلی حوكمڕانی و ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێری سیاسیی شیعه و كۆماری ئیسلامیی ئێران، مردنی جه‌سته‌ی سیاسی و جیۆپۆله‌تیكی سوننه‌كان به‌هۆی ململانێ هه‌رێمییه‌كانی ناوچه‌كه و چه‌ندان هۆكاری تره‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی سوننه‌ی عێراقی پڕۆژه‌ی هه‌رێمی سوننه به تاكه رێ داده‌نێن بۆ زیندووبوونه‌وه و هه‌ڵسانه‌وه‌یان و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ناسنامه‌ی سیاسی و هه‌رێمییان له عێراقدا.
(٣)
ستراتیجی بایدن
جۆ بایدن له ئاستی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی ئه‌مه‌ریكادا ده‌یه‌وێ به‌ها و رێسای تایبه‌ت بێنێته كایه‌وه. سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی به‌شێوه‌ی تر ئاراسته بكات. دیاره یه‌كێك له سیاسه‌ته گرنگه‌كان پرسی په‌تای كۆرۆنا و شێوه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه و ته‌ندروستی گشتییه. چه‌قی سیاسه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه گوتارێك بنیات بنرێت كه دۆناڵد تره‌مپ ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕیوه بۆ ئامرازێكی سیاسی و نه‌یتوانیوه سیاسه‌ت و ستراتیجی بۆ دابڕێژێت و كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكی بپارێزێت. ئه‌م گوتاره له چه‌ندان گۆشه و ده‌رگاوه كار بۆ شكستی تره‌مپ ده‌كات له سه‌رده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنادا. وێنه‌كه لای بایدن فۆڕم و شێوه و ناوه‌ڕۆكێكی تری هه‌یه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا و پاراستنی ئه‌مه‌ریكییه‌كان و ئاسایشی نیشتمانی. دواتر پرسی بێكاری دێته كایه‌وه.
بێكاری له دنیای ئه‌مڕۆدا نه‌خۆشییه‌كی گه‌وره‌ی ئابوورییه له بنه‌ما و سیستمی حوكمڕانی له زۆربه‌ی وڵاتانی دنیادا به‌تایبه‌ت كاتێك قه‌یرانی گه‌وره له سیستمی ئابووری جیهانیدا دروست ده‌بێت و جیهانگیری ئه‌و قه‌یرانه ده‌باته ناوماڵ و حه‌وشه‌ی هه‌موو وڵات و یه‌كه‌یه‌كی سیاسییه‌وه. هه‌ڵاوسان و رێژه‌ی بێكاری و پرسی كۆچبه‌ران لای جۆ بایدن ره‌هه‌ند و مانای تر هه‌ڵده‌گرێت و ده‌یه‌وێ به مۆدیلی تر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات و تێكه‌ڵ به ستراتیج و سیاسه‌تی داهاتووی ئیداره‌كه‌ی بكات. دیاره به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بایدن نه‌رم ده‌رده‌كه‌وێت له به‌رانبه‌ر پرۆسه‌ی كۆچ و كاراكته‌ری كۆچبه‌ر و دژ به دیوار و بنیاتنانی دیواری فیزیكی و كولتوورییه له نێوان ئه‌مه‌ریكا و نه‌ته‌وه و یه‌كه كولتوورییه‌كانی تری دنیا. ته‌نانه‌ت له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ش دژ به دووركه‌وتنه‌وه و ده‌رچوونه له دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه لیبڕاڵ و رێككه‌وتننامه سیاسییه‌كانی تایبه‌ت به رێكخستنی سیاسی جیهانی له نموونه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی پاریس بۆ كه‌شوهه‌وا و نافتا و چه‌ندانی تر. ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌مه‌ریكا ته‌واو جیاوازه له بیركردنه‌وه‌ی سیاسییانه‌ی تره‌مپ له چوار ساڵی رابردوودا.