خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌رمترین ناوچه‌ی دنیایه، خاوه‌ن وزه‌یه‌كی زۆره، سامانی سروشتی زۆره، كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ئاینی، مه‌زه‌وی و جیۆگرافیای سیاسیی و سنووری هه‌یه! جیۆپۆله‌تیكێكی ئاڵۆز و پڕكێشه‌ی هه‌یه، زلهێزه‌كانی دنیای ئه‌مڕۆ تێكه‌ولێكه‌ی سیاسی و سه‌ربازیی و دیپلۆماسی خۆیان له‌سه‌ر جه‌سته‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن (ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا له سووریا).
)توركیا، ئێران، سعوودیه و ئیسڕائیل) چوار ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ناو سیستمی هه‌رێمی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن. چوار پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ن بۆ داڕشتنه‌وه‌ی ناوچه‌كه و دروستكردنی هه‌ژموون. هه‌ریه‌كه‌یان به پێی توانا سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، سه‌ربازی و ته‌كنه‌لۆجییه‌كانیانه‌وه نوێنه‌رایه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن. هه‌ریه‌كه‌یان جیۆستڕاتیجییان له‌گه‌ڵ زلهێزێكی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ داڕشتووه، خه‌ریكی دروستكردنی باڵانسی هێز و هاوسه‌نگی هێزن.
توركیا/پارتی داد و گه‌شه‌پێدان زیاتر خه‌ریكی پڕۆژه‌ی نه‌رمه‌هێز/سۆفت پاوه‌ره، خه‌ریكی زیندووكردنه‌وه‌ی پرسی نیۆ-ئۆسمانیزم/عوسمانییه نوێیه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دنیای ئیسلامی و دڵی ئیسلامی، گه‌ڕانه‌وه بۆ خۆرهه‌ڵات! گه‌ڕانه‌وه بۆ ئیمپڕاتۆریی و سوڵتانیزم! پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌یه‌وێت سوود له به‌شێك له بنه‌ماكانی مۆدێرنیته و لیبڕاڵیزم وه‌ربگرێت، سوود له بازاڕ و ئابووری نیۆ-لیبڕالیزم وه‌ربگرێت، به‌ڵام سه‌ركێشیش ده‌كات، له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی ئه‌كته‌ره ناوه‌كی و ده‌ره‌كییه‌كان كێشه‌ی هه‌یه (په‌كه‌كه، هه‌ده‌په، گویله‌نییه‌كان، سیستمی حكومڕانی، به‌شێكی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی و وڵاتانی خۆرئاوا).
ئێران خاوه‌ن سیستمێكی سیۆكراتی/شیعییه، بنه‌ماكانی حكومڕانی له ئێران له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه‌كانی شیعه‌گه‌رایی و (ویلایه فه‌قی) داڕێژراوه. سیستمه حكومڕانییه‌كه‌ی زۆر ئاڵۆزه، پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار ئاڵۆزه، دنیای ئێرانی زیاتر له دنیای (١٩٨٤)ی (ئۆڕوێل) ده‌چێت، له دنیایه‌ك ده‌چێت (براگه‌وره/ڕێبه‌ر/خامنه‌یی) هه‌موو گۆشه‌كانی دنیای ئێرانی ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتبێت، هه‌موو پانتایییه‌كانی بۆ خۆی بردبێته‌وه، هیچ ڕووبه‌رێكی بۆ هیچ ئێرانییه‌ك نه‌هێشتبێته‌وه! ئێرانیش خه‌ریكی مه‌سه‌له‌ی نه‌رمه‌هێز/سۆفت پاوه‌ره، پاره‌ی زۆر و توانای مرۆیی زۆر له فراوانكردنی بازنه و جیۆگرافیای شیعه‌گه‌رێتی خه‌رج ده‌كات، هه‌ر له ئاسیای ناوه‌ڕاسته‌وه تا ده‌گات به قه‌وقاز، هه‌ر له عێراق و شامه‌وه تا ده‌گات به باكوری خۆرئاوای ئه‌فه‌ریقا، خه‌ریكی هیلالی شیعی و فراوانكردنی جیۆپۆله‌تیك و كۆریده‌ری تازه‌یه.
سعوودیه لۆژیكێكی سیۆكراتی و پاشایه‌تی ڕه‌ها به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، بنه‌ماكانی حكومڕانی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ڕه‌گه‌زی ئاینی/مه‌زه‌وی داڕێژراوه، جیاوازییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران؟ سعوودیه لۆژیكی سوننه‌گه‌رایی/سه‌له‌فی ده‌یجووڵێنێت. سعوودیه ماندووه، له دوای به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه ده‌یه‌وێت سه‌ركردایه‌تیی دنیای عه‌ره‌بی بكات، ڕاسته له‌گه‌ڵ [قه‌ته‌ر] هاوبه‌شییه‌كی بچووكیان له ڕابردوودا هه‌بووه، به‌ڵام ئێسته له ململانێیه‌كی سه‌ختدان و نایه‌وێت قه‌ته‌ر ببێت به ڕابه‌ری دنیای عه‌ره‌بی. سعوودیه تاكه وڵاتی عه‌ره‌بییه له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه‌كانی (پاشایه‌تی ڕه‌ها و ده‌ستووری ئیلاهی/ئاسمانی) كۆمه‌ڵگه‌ی كۆنتڕۆڵ كردووه! سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی پێ داڕشتووه. سعوودیه و ئێران هه‌ردووكیان پانتایییه‌كانی خۆیان به كه‌ره‌سته ئاینییه‌كان پێناسه كردووه و ڕێكخستووه و ململانێیه‌كی سه‌ختیش له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ن (له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زه‌وی).
ئیسڕائیل ئه‌كته‌رێكی بچووك له‌ڕووی جیۆگرافیا و دیمۆگرافیا، خاوه‌ن هێز و هه‌ژموون له‌ڕووی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌ربازی و ته‌كنه‌لۆجیا. ئیسڕائیل ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌رێمی ده‌گێڕێ. خاوه‌ن پڕۆژه‌ی تایبه‌ت و لۆبی تایبه‌ته. خاوه‌ن وزه و دیپلۆماسییه‌تێكی فراوانه.
ئیسڕائیل دامه‌زراوه‌ی سیاسی و یاسایی ڕێكخراوی هه‌یه، سیستمێكی سیاسی دیموكرات و سیكیۆلاری بێ كێشه‌ی هه‌یه، دۆخی ناوخۆی سه‌قامگیره، ئاڵۆگۆڕی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات ئاماده‌یی هه‌یه، مۆدێلی ژیانی فره‌یی سیاسی و سه‌روه‌ری یاسا ئاماده‌یی هه‌یه و به‌كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری نه‌یار و دوژمن ده‌وره دراوه.
ئیسڕائیل خاوه‌ن جیۆپۆله‌تیكێكی ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌سه‌ر به‌شێكی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستدا ده‌ڕوانێت، به‌ئاسانی ده‌گات به بازاڕی ده‌ره‌وه و دنیای ده‌ره‌وه، ده‌ریای سوور و ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست به‌یه‌كه‌وه گرێ ده‌دات، ئێسته ده‌یه‌وێت بچێته قۆناغی دوای-پیشه‌سازی/قۆناغی سه‌رمایه‌گوزاری له ڕێی داهێنانه‌وه، خه‌ریكی پڕۆژه‌ی ئه‌تۆم و داهێنانی زانستی گه‌وره‌یه.
ئیسڕائیل ده‌یه‌وێت ببێت به ئه‌مه‌ریكای خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پڕۆژه‌ی هه‌یه زیاتر له ئه‌كته‌رێكی هه‌رێمی ڕۆڵ ببینێت، ببێت به (لیڤایه‌سان) ئه‌و ئه‌ژدیهایه‌ی (تۆماس هۆبز له دۆخی سروشتی) باسی ده‌كات! به‌ڵام له دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی و دۆخی ده‌وڵه‌تبووندا بێت، ئیسڕائیل ده‌یه‌وێت قۆناغی داود بنگۆریۆن تێپه‌ڕێنێت و قۆناغێكی تر تاقی بكاته‌وه.