هەرێمی کوردستان و دیدارە دبلۆماسییەکان

AM:10:50:05/03/2024 ‌
یەكەم/ هەرێمی کوردستان و دبلۆماسی لوتکەکان 
لەم چەند ساڵەی دواییدا، کایەی دبلۆماسی لە دنیادا لەڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و شێوازی بەشداریکردنەوە گۆڕانی زۆری بەسەرداهاتووە و لە دنیای ئەمڕۆدا ساڵانە بە سەتان دیداری لووتکە و دیداری دبلۆماسی لە ناوچەی جیاوازی دنیادا بەڕێوە دەچێت، بە بەشداری ئەکتەرە سیاسییە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانی ناو سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی. 

پێشتر لە دبلۆماسی کۆن و کلاسیکدا بە تەنیا دەوڵەت رۆڵی لە بواری دبلۆماسیدا دەگێڕا و ئەکتەری سەرەکی کایەکە بوون، بەڵام لە دوای رووخانی سۆڤیەت و گۆڕانی سیستم و بەهاکان، کایەی دبلۆماسی و ئەکتەرەکانیش گۆڕانیان بەسەردا دێت و ئێستە جگە لە دەوڵەتە گەورە و زلهێزەکان، وڵاتە بچووک و بێ کاریگەرییەکانیش بەشدارن و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەک هەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبن و بوار و دەرفەتیان پێدەدرێت ببن بە بەشێک لەم لووتکە و رووداوە دبلۆماسییانە. 

لە دوای 2003ـەوە هەرێمی کوردستان بوو بە کیانێکی سیاسی و دەستووری و وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ دەرفەتی بۆ رەخسا بەشداری بكات و ببێت بە بەشێک لەم پانتاییە دبلۆماسییانەی کە لە جیهانی ئەمڕۆدا بەڕێوە دەچن. کۆڕبەندەکانی وەک داڤۆس و کۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایش و کۆڕبەندی دبلۆماسی ئەنتاڵیا، چەند نموونەیەکن لەم دەرفەتە دبلۆماسییەی بۆ هەرێم رەخساون و بووە بە بەشێک لە کەناڵی پێوەندی لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی تری جیهان، بە تایبەتیش ئەکتەرە گرنگەکانی ئەمڕۆی سەر شانۆ و گۆڕەپانی سیاسی نێودەوڵەتی. 
دبلۆماسی ئەگەر یەکجار بۆ وڵاتانی تر گرنگ و بایەخدار بێت، بۆ هەرێمێکی دی جوری وەک کوردستان چەندان جار گرنگ و جێی بایەخ و دەرفەتە، چونکە بەخێرایی ئەکتەرێکی نادەوڵەتی دەبەستێتەوە بە نەخشەی دبلۆماسی و تۆڕی دبلۆماسی جیهانییەوە، بەمەیش زیاتر دەناسرێی و دەبینرێی و زیاتر مامەڵەت لەگەڵدا دەکرێ لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و سەربازی ئاسایشدا. 

دووەم/ دبلۆماسی لە ناوەوە 
لەڕووی تیۆرییەوە راستە عێراق یەک دەوڵەتە و شێوەی دەوڵەتەکە فیدڕاڵییە، واتە لەسەر بنەمای سەربەخۆیی هەرێمەکان و ویستی یەکگرتن دروست بووە و جگە لە دەسەڵاتی ناوەند، هەرێمەکانیش بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق / 2005، چەند دەسەڵاتێکی تایبەت بە خۆیان هەیە. بەڵام لە ڕووی کردارییەوە عێراق لە دوو کیانی دژ بەیەک دەچێت. ناوەندێک کە بەردەوام لەگەڵ هەرێمێک لە ململانێ و کێشەدایە، بە تایبەت کێشەی خاک و سامانی سروشتی و دابەشکردنی دەسەڵات و چەند کێشەیەکی تر.

لێرەوە پرسی دبلۆماسی ناوخۆیی دێتە پێشەوە و هەرێمی کوردستان جگە لە دبلۆماسی لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا، لە ناوەوەی خۆیشی دەبێت کەناڵی دبلۆماسی بخاتە گەڕ و لە پێوەندی بەردەوامدا بێت لەگەڵ ناوەند و بەغدا، بۆ گەیشتن بە چارەسەر و کەمکردنەوەی ململانێ لە ڕێگەی دبلۆماسییەوە. ئەگەرچی زۆرجار لووتکە دبلۆماسییە دەرەکییەکان کەناڵێكی کاریگەرن بۆ کردنەوەی دەرگای دبلۆماسی لەگەڵ بەغدا و ناوەنددا بەپێی ئەوەی وڵاتانی هەرێمی و زلهێزەکان کاریگەری و هەژموونی زۆریان بەسەر دەوڵەتی عێراق و دەستبەژێرە سیاسییەکەی و دامەزراوە و ناوەندەکانی بڕیارەوە هەیە، بە تایبەتیش وڵاتانی هەرێمی و هەریەک لە کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری تورکیا و سعوودیە و چەند وڵاتێکی تری کەنداو. 

ئەم شێوە لە مامەڵەی دبلۆماسی بۆ هەرێم گرنگە و وەک یەکێک لە کارتە سیاسییە بەهێزەکان دادەنرێت، بە تایبەتیش لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان و تێکچوونی پێوەندییەکان و داخرانی کەناڵی پێوەندی نێوان هەرێم و بەغدا وەک ئەوەی لە دوای ریفراندۆمەوە بینیمان و دواتر لە ڕێگەی کەناڵی دبلۆماسی دەرەوە، کەناڵی دبلۆماسی لە ناوخۆ لەگەڵ عێراقدا کرایەوە. 

سێیەم/ ترافیکی دبلۆماسی چیمان بۆ دەهێنێت؟
وەڵامی ترافیکی دبلۆماسی چیمان بۆ دەهێنێت؟ یەکجار فرەڕەهەند و فرەمەودایە، دەکرێت چەند وێنە و تێگەیشتنێکی سادە و سانا بخەینە بەر باس بۆ ئەو بابەتە و بەمشێوەیە وێنای بکەین: 
یەکەم، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوڕوپا و ئەمەریکا، هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی خۆیان دادەنێن و لە دیدارە دبلۆماسییەکاندا ئەوە دووپات دەکەنەوە و راستەوخۆ وشەی هاوبەش Partner بەکار دێنن، ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەو ترافیکە دبلۆماسییەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا دروستی کردووە و بنیاتی ناوە و لەم دیدارانەیشدا تازەی دەکاتەوە. 

دووەم، ئەم دیدارانە بەهای هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان کۆیان دەکاتەوە و زۆر جاریش لە بەیاننامە و بڵاوکراوە و تەنانەت راستەوخۆ ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهای هاوبەش لە نێوان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرێمەکەدا هەیە، ئەمەیش جارێکی تر رایەڵەی دبلۆماسی و پێوەندی توندوتۆڵ دەکاتەوە و لە نێوان جیهانی دەرەوە و هەرێمی کوردستان و ئەو رۆڵەی کە لەناو دەوڵەتی عێراقدا دەیگێڕێت. 

لەلایەکی ترەوە، ترافیکی دبلۆماسی دەتوانێت فۆڕمێکی تر لە دبلۆماسی بنیات بنێت کە بە پاڕادبلۆماسی ناسراوە و تایبەتە بەو هەرێمانەی دەوڵەت نین و هەڵگری ناسنامە و ستاتۆی دەوڵەتی نین، بەڵام لە نەخشەی دبلۆماسی جیهاندا ئامادەن و رۆڵی خۆیان دەگێڕن بەهەر هۆکار و پاڵنەر و دۆزێکەوە بێت. تەنانەت دەگاتە ئاستی دبلۆماسی جەماوەری و لە خوارەوەی کۆمەڵگە لەناو گەلان یان نەتەوەی هەردوو لایەندا پێوەندی توندوتۆڵ و پتەو و بەهێز دروست دەبێت و هەردوو نەتەوە لە زۆر پرس هاوسۆز و هاوخەمی یەکتر دەبن و لە ئاستێکی جەماوەری لەگەڵ یەکتردا لە پێوەندیدا دەبن، دەکرێت پێوەندی دبلۆماسی نێوان کۆمەڵگەی کوردی لە هەرێم و گەلی فڕەنسا، وەک نموونەوە بهێنینەوە.