یه‌كه‌م/ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ كۆشكی سپی
بڕیاره محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ناوه‌ڕاستی مانگی نیسان سه‌ردانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكات، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاوه جۆ بایدن له كۆشكی سپی پێشوازیی لێ بكرێت. دیاره ئه‌م سه‌ردانه ده‌مێكه پلانی بۆ دانراوه، به‌ڵام سوودانی به‌هۆی چه‌ند بارودۆخێكی ناوخۆیی و هه‌رێمی و ده‌ره‌كییه‌وه دوایدهخست. له كۆتاییدا سه‌ردانه‌كه روو ده‌دات و به‌مه‌ش چه‌ندان خوێندنه‌وه و لێكدانه‌وه بۆ ئه‌م سه‌ردانه ده‌كرێت، كاردانه‌وه و لێكه‌وته‌ی جیاوازیشی ده‌بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی رووداوه سیاسییه‌كانی ناو عێراق خێران، گۆڕانكارییه‌كان زۆر به‌خێرایی روو ده‌ده‌ن و پێشهاتی سیاسی و سه‌ربازی و دیپلۆماسی تازه‌ی به‌رده‌وام دێنه پێشه‌وه.
سوودانی ئه‌مڕۆ رابه‌رایه‌تیی حكوومه‌تێك ده‌كات كه له‌ڕووی ناوخۆ، هه‌رێمی و ده‌ره‌كییه‌وه، له ژێر زۆرترین فشار و سیاسه‌ت و هه‌ژمووندایه، به‌تایبه‌ت دوای رووداوه‌كانی غه‌زه و جه‌نگی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل و گۆڕانی عێراق بۆ مه‌یدانی جه‌نگی به‌وه‌كاله‌تی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا. پێده‌چێت سوودانی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه چه‌ندان په‌یام له‌ڕێی ئه‌م سه‌ردانه‌وه بگه‌یه‌نێت له‌وانه: به‌رده‌وامیدان به هاوسه‌نگی و هاوئاهه‌نگی له نێوان عێراق و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و راگرتنی جۆرێك له پارسه‌نگ و هاوبه‌شی له نێوان هه‌موو ئه‌كته‌ره ناوخۆیی و هه‌رێمییه‌كان، دواتریش ئه‌مه‌ریكا خۆی، ئه‌گه‌رچی ئه‌مجۆره سیاسه‌ته‌ی سوودانی ده‌كرێت بڕی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی رێژه‌یی بێت، به‌ڵام تا ئاستێك ده‌توانێت ئامانجه‌كانی خۆی بپێكێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه، دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره‌ی كه ده‌وڵه‌تی عێراق خۆی و دامه‌زراوه‌كان دژ به ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نین له‌لایه‌ن سوودانییه‌وه، به‌ڵكو ئه‌كته‌ره‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان، جووڵه و گوتاری دژ به ئه‌مه‌ریكا به‌رز ده‌كه‌نه‌وه و ئۆپراسیۆن و هێرشی دژ به دامه‌زراوه دیپلۆماسییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌موو ئه‌وانه‌ش وه‌ك ده‌رچه‌یه‌ك به‌كار ده‌هێنێت بۆ رزگاربوونی عێراق له ژێر فشار و سزا ئابوورییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
دووه‌م/ پرسی دادگای فیدراڵی و سنووره‌كانی
یه‌كێك له كێشه بنیاتییهكانی ئه‌مڕۆی سیاسه‌ت و حوكمڕانی عێراق، به‌كارهێنانی دادگای فیدراڵی و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی تره له ده‌ست ئه‌م دادگایه‌دا، هه‌ندێك پێیان وایه دادگای فیدراڵی ئه‌مڕۆ ده‌یه‌وێت سنووره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ببه‌زێنێت، له شوێنی ئه‌وان و له‌بری ئه‌وان، سیاسه‌ت و بڕیار و یاسا دابڕێژێت كه له بنه‌ڕه‌تدا پێشهاتێكی مه‌ترسیداره و سه‌ره‌تایه‌كی خراپه بۆ گلدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له یه‌ك ناوه‌ندی بڕیارداندا، چونكه فه‌لسه‌فه‌ی دروستبوونی ده‌سه‌ڵاته‌كان و جیاكردنه‌وه‌یان له یه‌كتر، بۆ رێگریكردنه له دروستبوونی دیكتاتۆریی و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و گلدانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن یه‌ك ناوه‌ند و یه‌ك هێز، یان ئایدۆلۆجیای دیاریكراوه‌وه، به‌تایبه‌تیش له كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تێك كه به فره پێكهاته و ئیتنیك و ئاین و مه‌زه‌و ناسراوه، وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی كه پڕه له ئه‌كته‌ر و پێكهاته‌ی جیاواز، ئه‌مه‌ش به‌ئاسانی دیكتاتۆریی بنیات ده‌نێت ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات په‌رت و دابه‌شبوو نه‌بێت.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، دادگای فیدراڵی به‌هۆی چه‌ندان فاكته‌ر و بارودۆخی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی و هه‌رێمییه‌وه، رێچكه‌یه‌كی تازه‌ی كاركردنی گرتووه‌ته‌به‌ر و به‌تایبه‌ت له پرسی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی به‌غدا، له هه‌ندێك شوێندا بڕیاره‌كانی نیگه‌رانییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه. به‌تایبه‌ت له پرسی پێكهاته و سیستمی هه‌ڵبژاردن و چه‌ند بوارێكی تر كه پێده‌چێت، دادگای فیدراڵی بیری له لێكه‌وته ستراتیجی و دوورمه‌وداكانی نه‌كردبێته‌وه.
سێیه‌م/ هه‌ڵبژاردن و ئایندهی پێوه‌ندییه‌كان
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ٢٠٢٥ دا به‌ڕێوه ده‌چێت. بێگومان كار و كاردانه‌وه و سروشتی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، جارێكی تر كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی پێكهێنانی حكوومه‌ت له عێراق، به‌تایبه‌تیش كاتێك ئه‌كته‌ره سیاسییه‌كان به رووخسار و به‌رنامه و ته‌كتیكی تری هه‌ڵبژاردنه‌وه، دێنه‌وه مه‌یدانه‌كه و ده‌رده‌كه‌ونه‌وه. له ناویشیاندا سه‌درییه‌كان كه ئێسته له ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌ت و كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانین. پێكهێنانی حكوومه‌ت له عێراق به‌هۆی مۆدێلی دیموكراسیی سازان و سیستمی هاوبهشپێكردنی ده‌سه‌ڵات و هێز له نێوان پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كاندا، ئاڵۆز و زه‌حمه‌ت و پڕ ئاڵنگارییه.
ئه‌مجاره دۆخه‌كه هێنده‌ی تر سه‌خت و ئاڵۆز و زه‌حمه‌تتر ده‌بێت، به‌هۆی هه‌موو ئه‌و رووداو و ململانێ و كێشمه‌كێشانه‌ی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی به‌غدا و لایه‌نه‌كانی تر روویان داوه، به‌دیاریكراویش ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ی كه به‌هۆی بڕیاردهكانی دادگای فیدراڵی له به‌غدا هاتوونه‌ته پێشه‌وه و بوونه‌ته به‌ربه‌ستێكی تازه له به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقدا. به‌شێكی گه‌وره‌ی كێشه‌كانیش ئه‌گه‌رچی به ناو و رووخسار یاسایین و به‌رگێكی یاساییان له‌به‌ر كراوه، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا سیاسین و مانا و ئامانجی سیاسی له پشته‌وه‌یه، به‌تایبه‌تیش ده‌ستبه‌ژێری سیاسیی شیعی به‌هۆی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه، ده‌یه‌وێت به‌جۆرێك له جۆره‌كان سیاسه‌تی تۆڵه‌كردنه‌وه و فشار بۆهێنان و لهجووڵهخستن بگرێته‌به‌ر. ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌م بیركردنه‌وه و جۆره سیاسه‌ته‌ش، له هێرشه درۆنییه به‌رده‌وامه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هه‌ولێر ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌ستی پێ ده‌كرێت.
ئه‌م دینامیكییه سیاسییه له دوای پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی سوودانییه‌وه تا ئه‌مڕۆ، كاریگه‌ریی زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر ئایندهی پێوه‌ندییه‌كان، له‌ناویشیدا شێوه و جۆری هاوپه‌یمانێتییه‌كان له نێوان هێزه كوردی و عه‌ره‌بی و شیعییه‌كان، وه‌ك ده‌زانرێت هیچ هێزێك ناتوانێ به‌ته‌نیا و به پشتگوێخستنی هێز و پێكهاته‌كانی تر، حكوومه‌ت پێكبهێنێت و جووڵه به پرۆسه‌ی سیاسی بكات و بچێته ناو جومگه‌كانی حوكمڕانییه‌وه.