په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
(١)
(كورد) چۆن پێوه‌ندی به دنیاوه ده‌كات
ئێمه چۆن ده‌مانه‌وێت له پێوه‌ندیدا بین به دنیاوه. دنیا لێره وه‌ك چه‌مكێكی یونیڤێرساڵ ده‌رده‌كه‌وێت. چه‌مكێك هه‌موو كایه و هێزه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت. جاران ئه‌م پێوه‌ندییه بۆ كورد سه‌خت و ئاڵۆز بوو! له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو (هێنری كیسینجه‌ر) كورد دوور ده‌خاته‌وه له دنیا یا دایده‌بڕێت. ئه‌مه‌ریكییه‌كان حه‌زیان به مۆدێلی دابڕینی ئه‌وانی تره به ناوه‌نده‌وه. وه‌هاده‌بینرێت كه ئه‌مه‌ریكا هێزێكی لیبڕاڵه و زیاتر قوتابخانه‌ی (ڕیاڵ پۆڵه‌تیك) به‌سه‌ریدا زاڵه له شێوازی پێوه‌ندیكردندا.
كورد و ئه‌مه‌ریكا هه‌میشه له پێوه‌ندیدان! ئه‌مه‌ریكا له‌ڕێی هێزه‌وه (سۆفت پاوه‌ر، سمارت پاوه‌ر و هارد پاوه‌ر) له‌ڕێی ماكدۆناڵد و موزیكی جاز و ڕاپ و ئه‌پڵه‌وه! ئه‌م میتۆده بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان زیاتر مه‌به‌ستیه‌تی سنوور ببڕێت و ئه‌مه‌ریكا له ده‌ره‌وه‌ی خۆشی ئاماده‌یی هه‌بێت یا بژی و زیندوو ده‌ركه‌وێت.
بۆ كورد دۆخه‌كه شتێكی تره! كوردیش هێزه و ده‌یه‌وێت پێوه‌ندی به دنیاوه بكات. ده‌كرێت بڵێین پێوه‌ندییه‌كه بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی شوناسه. له هه‌شتاكان دنیا وه‌ها كوردی ده‌بینی كه خاوه‌ن ئه‌نفال و جینۆسایده. جینۆساید واته هێزێكی باڵا ده‌یه‌وێت له‌ڕووی بایه‌لۆجی و شوناسه‌وه هێزێكی تر بسڕێته‌وه. ئه‌م پرسه ده‌مانباته‌وه بۆ چه‌مكی بایۆ-پۆڵه‌تیكس لای فۆكۆ به‌ڵام لێره ده‌رفه‌تی باسكردنی نییه.
له نه‌وه‌ته‌كان دنیا وه‌ها كوردی ده‌بینی كه ماڵ و جێی نییه و له‌سه‌ر سنوور ده‌ژی! واته دابڕینی كورد ئه‌مجاره له خاك و شوێن. وه‌ها ده‌بینرێت كه كورد بۆیه ئاواره كراوه بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به‌هێزێكی (بێ شوێن و ناشوێن) ئه‌مه له‌ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه زۆر هه‌ڵده‌گرێت!
له‌م سێ ساڵه‌ی جه‌نگی داعشدا كورد تا ڕاده‌یه‌كی زۆرباش له‌گه‌ڵ هێزه گه‌وره‌كانی دنیادا مایه‌وه و له پێوه‌ندیدا بوو! وا ده‌رده‌كه‌وێت وه‌رچه‌رخان بووبێت. له‌م سێ ساڵه دنیا یارمه‌تی كوردیدا چونكه پێی وابوو كورد شه‌ڕكه‌ر و جه‌نگاوه‌رێكی باشه. چه‌مكی جه‌نگاوه‌ر چه‌مكێكی كلاسیكه و پێوه‌سته به‌كایه‌ی جه‌نگ و شه‌ڕه‌وه، ناتوانێت شوناس بۆ كورد دابڕێژێته‌وه، به‌ڵكو زیاتر ده‌یكات به قوربانی به‌تایبه‌ت له‌ناو سیستمێكی وه‌ك (ڕێكخستنی نوێی جیهانی/ New World Order) كه دیدێكی لیبڕاڵانه و حیكایه‌ته‌كانی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤی به‌سه‌ردا زاڵه و هێزه گه‌وره‌كان ئه‌كته‌ره بچووكه‌كان قبووڵ ناكات و قووتی ده‌دات.
(٢)
عه‌فرین و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی
ئه‌و دۆخه‌ی له [عه‌فرین] ڕوو ده‌دات و ده‌یبینین له‌و دۆخه ده‌چێت كه ڤۆڵتێر له ڕۆمانی [كاندید]دا باسی ده‌كات، كاتێك دكتۆر پانگڵۆس كه مامۆستای فه‌ڵسه‌فه و مامۆستای كاندید بوو له لشبۆنه به‌بیانووی ڕێگرتن له بوومه‌له‌رزه له داری ده‌ده‌ن.
زلهێزه‌كانی دنیای ئه‌مڕۆ به‌بیانووی جۆراوجۆر ده‌یانه‌وێت [عه‌فرین] بكه‌وێت. به‌شێكی تری ئه‌م دۆخه‌ی كورد پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه ئێمه/كورد چۆن له‌گه‌ڵ دنیادا له پێوه‌ندیداین و ده‌بێت چۆن دنیا بناسین.
دیاره به‌شێك له پێوه‌ندییه‌كانی كوردانی ڕۆژئاڤا له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌یاڵ بووه! خه‌یاڵ به‌و مانایه‌ی كه‌وا هه‌ست بكه‌ین له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا (به‌ها، ئه‌خلاق، نۆرم و ڕێسا) هه‌یه و كورد ده‌پارێزێت! یا واهه‌ست بكه‌ین هیچ دۆخێكی ئه‌ناركیزم/پاشاگه‌ردانی ئاماده‌یی نییه له پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا. كورد ده‌بێت به جۆرێكی تر له‌گه‌ڵ دنیادا له پێوه‌ندیدا بێت.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی توركیا بۆ چوونه ناو عه‌فرین پرسی ئاسایشه! توركیا واهه‌ست ده‌كات ئاماده‌یی كورد له ڕۆژئاڤا بنه‌ما و پایه‌كانی ئاسایش و مانه‌وه‌ی تێكده‌شكێنێت پێچه‌وانه‌ی قوتابخانه‌ی [كۆپنهاگن] كه ده‌رفه‌تدان به فره‌یی و شوناسه جیاوازه‌كان ئاسایشی زیاتر به‌رهه‌م دێنێته‌وه. توركیا هه‌موو ڕۆژئاڤاش كۆنتڕۆڵ بكات، هێشتا ناتوانێت ئاسایش بۆ ناوخۆی خۆی به‌رهه‌م بێنێت، به‌ڵكو دۆخی به‌نائاسایشكردن De-securitization دێته كایه‌وه.
(٣)
دووانه‌ی كورد و فڕۆكه‌خانه
فڕۆكه‌خانه دامه‌زراوه‌یه‌كی هاوچه‌رخ و به‌رهه‌می مۆدێرنه‌یه. مۆدێرنه واته مرۆڤ له‌ڕێی عه‌قڵ و داهێنانه‌وه دنیا به‌یه‌كتر ده‌به‌ستێته‌وه و له‌رێی فڕۆكه‌وه‌ش ماناكانی جیۆپۆله‌تیك ده‌ستكاری ده‌كات. فڕۆكه‌خانه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا ڕووبه‌رێكه زیاتر پێوه‌سته به ئاسمان و سه‌روه‌رییه‌وه. چۆن ئاسمان له‌گه‌ڵ تێره‌تیری/Territory و خاك به‌یه‌كتر ببه‌ستینه‌وه و دواجار یه‌كه و ئه‌كته‌رێكی جیۆ-سیاسی لێ به‌رهه‌م بێنین.
پێشتر واده‌بینرا كه فڕۆكه‌خانه پانتایییه‌كی سه‌ربازییه و له‌گه‌ڵ كایه‌ی سه‌رباز و جه‌نگ و ململانێكاندا له پێوه‌ندیدایه! وه‌ها ده‌بینرێت كه له دنیای ئه‌مڕۆدا فڕۆكه‌خانه ئه‌ركێكی تری هه‌بێت و زیاتر له‌گه‌ڵ پرسی شارستانیبوون و ئابووری و داهات و فه‌رهه‌نگ له پێوه‌ندیدا بێت.
دووانه‌ی فڕۆكه و فڕۆكه‌خانه یه‌كێك له ئاڵۆزترین كرده‌كانی دنیای ئه‌مڕۆ به‌رهه‌م دێنن، ئه‌ویش پرسی یه‌كترناسینی یه‌كتر و ئه‌وانی تر و ئه‌زموونكردنی ده‌ره‌وه‌ی خۆمانه. ده‌كرێت بڵێین ئه‌م كرده‌یه ده‌رگه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی تر زیاتر بناسین و بینابینین.
پێشتر له سه‌رده‌می شاخدا كورد وه‌ك جه‌نگاوه‌رێكی ئازا و له‌ناو شاخه‌كاندا ناسرابوو! میدیا ئه‌و فۆڕمه ئازایه‌تییه و ئه‌و جیۆگرافیا شاخاوییه‌ی ئێمه‌ی ته‌رجه‌مه ده‌كرد بۆ دنیا. دواتر له‌ڕێی فڕۆكه‌خانه‌وه پرۆسه‌كه گۆڕا. گٶڕان به‌و مانایه‌ی له‌بری میدیا ئه‌وجاره به‌رپرسه باڵاكانی دنیا خۆیان له‌گه‌ڵ دنیای كوردی له پێوه‌ندیدا بوون له‌ڕێی فڕۆكه‌خانه‌كانی كورده‌وه ئه‌زموونی دنیای ئێمه‌یان ده‌كرد.
ئاماده‌یی فڕۆكه‌خانه بۆ كورد واته ئاماده‌یی ئێمه بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ دنیا. گفتوگۆش واته به‌رهه‌مهێنانی دیپلۆماسیی و سه‌رمایه. ئه‌م دووانه‌ش وه‌ك دوو یه‌كه به‌رده‌وام یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن و یه‌كتر دروست ده‌كه‌نه‌وه و پێوه‌ندییه‌كی قووڵیش له نێوان ئاسمان و زه‌وی و پرسی سه‌روه‌ری داده‌ڕێژنه‌وه. كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی عێراقیبوون ته‌واو بكات، له‌ولاوه هه‌رێم ده‌بووژێنێته‌وه و مانا جیاوازه‌كانی مردنی سیاسی و كوشتنی دیپلۆماسی و ئابووری له‌سه‌ر دوور ده‌خاته‌وه.