په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
(دۆناڵد تڕه‌مپ) سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: "كورد جه‌نگاوه‌ری باشن" لێره‌وه دووباره ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ چه‌مكی جه‌نگاوه‌ر، ئه‌م چه‌مكه‌ش له دنیای سیاسی كوردیدا به قووڵی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕسته له پێوه‌ندیدایه كه پێی وایه "ته‌نیا چیاكان دۆستی كوردن No friends but mountains ".
چه‌مكی جه‌نگاوه‌ر Freedom Fighter به‌رهه‌می ده‌وڵه‌تی مۆدێرنه‌یه، ده‌وڵه‌تی مۆدێرن باڵاترین یه‌كه‌یه بۆ ڕێكخستنی گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ڵام له زۆربه‌ی دۆخه‌كاندا ئه‌م رێكخستنه له‌سه‌ر بنه‌مای زاڵكردنی كولتوورێكه به‌سه‌ر ئه‌ویتردا. كولتوور و گرووپی دووه‌م كه په‌راوێز ده‌خرێن له‌ناو ده‌وڵه‌تی مۆدێرنه‌دا و هیچ ڕۆڵ و پێگه‌یه‌كی پێ نادرێت. ئه‌و هێزه له‌بری ئه‌وه‌ی به هاووڵاتی بكرێت ده‌بێت به جه‌نگاوه‌ر! لێره‌وه مۆدێرنه وه‌ك كارخانه جه‌نگاوه‌ر به‌رهه‌م دێنێت و جه‌نگاوه‌ریش شاخ وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی جیۆپۆڵه‌تیكی له بری شار وه‌ك پانتایییه‌ك، به‌كار دێنێت بۆ جووڵه‌كردن و گه‌شه‌كردن و تێكشكاندنی بنه‌مای زاڵبوونی گرووپه‌كانی تر.
جه‌نگاوه‌ر له دنیای مۆدێرنه‌دا زۆرجار له دژی چه‌مكی دانوستان و دیپلۆماسیی ده‌رده‌كه‌وێت! كورد له چاره‌گی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌یه‌وێت دیپلۆماسی وه‌ك پانتایییه‌ك به‌كار بێنێت، به‌ڵام جه‌سته‌ی سیستمی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی كه له‌سه‌ر بنه‌مای زاڵێتی و هێزه گه‌وره‌كان به‌رهه‌م هاتووه، كورد وه‌ك هێزێكی دیپلۆماسی قبووڵ ناكات و ده‌یكاته ده‌ره‌وه‌ی خۆی (ده‌ركردنی جه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشای خه‌ندان وه‌ك نوێنه‌ری كورد له كۆنگره‌ی ئاشتی له پاریس).
ئه‌م پرۆسه‌یه پێوه‌ندییه‌كی قووڵی به چه‌مكی یاده‌وه‌ری گشتی Collective Memory هه‌یه، وه‌ك "مۆوریس هولبوچ" تیۆریزه‌ی ده‌كات، ئه‌و ده‌وڵه‌ته مۆدێرنه‌ی كورد له ناویدا ژیاوه به‌تایبه‌ت توركیا كه له هه‌موویان زیاتر به پرۆسه و شه‌قامه‌كانی مۆدێرنه‌دا ڕۆیشتووه، به‌ڵام له بری دروستكردنی حیكایه‌تی یاده‌وه‌ری گشتی و شوناسی گشتی، كوردی كردووه به جه‌نگاوه‌ر. له عێراق هه‌مان حیكایه‌ت و هه‌مان مێژوو خۆی دووباره ده‌كاته‌وه. له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی دنیادا كورده‌كان جه‌نگاوه‌ری باشن، به‌ڵام به‌شێكی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌م جه‌نگاوه‌رییه و ئه‌م بوون به جه‌نگاوه‌ره مۆدێرنه به‌سه‌ر كوردیدا سه‌پاندووه و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تری به‌سه‌ر كورددا زاڵ كردووه.
جه‌نگاوه‌ر بۆ كورد بژارده‌یه‌كه ده‌ره‌نجامی بنه‌مای زاڵكردنی ئه‌وانی تره له به‌رانبه‌ریدا و كورد خۆی هیچ ڕۆڵێكی نییه له داڕشتنی بونیاده‌كه‌یدا.
كورد وه‌ك جه‌نگاوه‌رێكی بێ ئومێدكراو
چه‌مكی جه‌نگاوه‌ر خه‌ریكه ده‌بێت به ناسنامه‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كورد له به‌رچاوی دنیادا. خه‌ریكه ده‌بێت به شوناسێك بۆ ناسینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی كورد و ئاماده‌بوونی كورد له‌ناو ئه‌و سیستمه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌ماكانی لیبڕاڵیزم و رێكخستنی نوێی جیهانی بنیات نراوه! به‌شێك له سه‌ركرده و وڵاتانی دنیا كورد هاوشێوه‌ی گرووپه‌كانی (تامیل له سریلانكا) كه به پڵنگه‌كانی ئاسیاش ناسراون و گرووپی فارك (هێزه چه‌كداره شۆڕشگێڕه‌كانی كۆڵۆمبیا) له كۆڵۆمبیا به جه‌نگاوه‌ر و شۆڕشگێڕی ئازا و شه‌ڕكه‌ری باش و جوامێر و مێرخاس ناو ده‌به‌ن.
جه‌نگاوه‌ر ناسنامه‌یه‌كی پارتیزانی و كۆمه‌ڵایه‌تییه، گوزارشته له چه‌ندان ڕه‌هه‌ندی جیاوازی به‌ره‌نگاربوونه‌وه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و به‌رگریكردن. یه‌كێك له مانا سۆسیۆلۆجییه‌كانی جه‌نگاوه‌ر به‌رگریكردنه بۆ مانه‌وه و ئاماده‌بوون. به‌رگریكردن له ناسنامه و له‌و چوارچێوه سیاسی و فه‌رهه‌نگی و كولتوورییه‌ی كه گرووپێكی ئیتنیكی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ری ده‌ژی و له‌سه‌ری وه‌ستاوه! كورد به‌درێژایی مێژوو له‌ناو یه‌كه سیاسییه‌كه‌ی خۆی دوور خراوه‌ته‌وه له بنه‌ما كولتووری و فه‌رهه‌نگییه‌كه‌ی و بێ ئومێد كراوه.
جه‌نگاوه‌ربوونی كورد له زۆربه‌ی دۆخه‌كاندا بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئومێد بووه، بۆ گۆڕینی دۆخی نائومێدبوون و بێ هیوابوونه بۆ دۆخێك كه بڕێك له ئومێدی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی هه‌ڵبگرێت. دیاره به‌شێكی ئه‌و نائومێدبوونه هێزه ئیمپرالیسته‌كانی دنیا به‌سه‌ر كوردیان سه‌پاندووه و به‌شێكی تریشی هێزه ناسیۆنالیزمه‌كانی ناوچه‌كه هاوشێوه‌ی عه‌ره‌ب، تورك و فارس. كاتێك كورد وه‌ك جه‌نگاوه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت مانای وایه شوناسه سیاسییه‌كه‌ی لێ زه‌وت كراوه و هه‌وڵ ده‌دات دروستی بكاته‌وه تا هیچ هێزێكی تر لێی نه‌توێنێته‌وه، یا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه خۆی ڕاده‌ستی ئه‌و ناسنامه‌یه نه‌كات كه به زۆر به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنرێت و به زۆر ئاوێته‌ی ده‌كرێت.
ده‌وڵه‌ت و جه‌نگاوه‌ر
ده‌وڵه‌ت له بنه‌ڕه‌تدا یه‌كێكه له‌و ده‌زگایانه‌ی كه هه‌م جه‌نگاوه‌ر دروست ده‌كات و هه‌میش نایهێڵێت. ده‌وڵه‌ت هه‌ر به سروشت یه‌كه‌یه‌كی دووانه‌یییه! یه‌كێك له هێزه‌كانی ناوی به‌هۆی په‌راوێزخستنی ده‌بێت به جه‌نگاوه‌ر و ئه‌وانی تریش ده‌بن به هێزی زاڵ و دژه-جه‌نگاوه‌ر!
كورد وه‌ك گرووپێكی ئیتنی سه‌ربه‌خۆ له چوارچێوه‌یه‌كی داخراوی وه‌ك ده‌وڵه‌تدا هێزی تری به‌سه‌ردا زاڵ كراوه! له چوارچێوه‌ی سیستمی سیاسی نێوده‌وڵه‌تیشدا هێزی تری زاڵ بنه‌ما و ڕه‌گه‌زه‌كانی سیستمه‌كه‌یان به‌زۆر به‌سه‌ر كورددا سه‌پاندووه! له‌م پرۆسه‌یه كورد وه‌ك جه‌نگاوه‌رێك له دایك بووه! یا كورد بووه به جه‌نگاوه‌ر، به‌ڵام هێزه گه‌وره‌كانی ناو سیستمه‌كه نه‌یانویستووه كورد له دۆخی جه‌نگاوه‌ربوون بێته ده‌ره‌وه یا وه‌ك هێزێكی ناجه‌نگاوه‌ر ده‌ربكه‌وێت!
ئه‌م دیده زیاتر پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه پێی وایه مادام كورد ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تییه، ده‌بێت جه‌نگاوه‌رێكی ئازا و شه‌ڕكه‌رێكی بێوێنه بێت! شه‌ڕكه‌ر لێره چه‌مكێكی هه‌ره تڕاجیدی و پڕ له فانتازییه بۆ دنیای كوردی، ئێمه له‌گه‌ڵ چیاكاندا بژین و له‌گه‌ڵ چیاكاندا بمێنینه‌وه و ببین به شه‌ڕكه‌ر، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ناسنامه و كایه كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی و چوارچێوه سیاسییه‌كه‌دا بژین و بمێنینه‌وه. ناوبردنی ئێمه به جه‌نگاوه‌ر و شه‌ڕكه‌ری باش له جنێو و گاڵته و سووكایه‌تی و بێ مۆراڵییه‌كی سیاسی گه‌وره ده‌چێت! ئه‌و چركه‌ساته‌ی دنیا كورد به شه‌ڕكه‌ری ئازا ناو ده‌بات، ئه‌و چركه‌ساته‌یه كه كورد به‌ته‌واوی بێ ناسنامه ده‌كرێت و دوور ده‌خرێته‌وه له خه‌ونه سیاسییه‌كانی.