به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب
زۆر كه‌س له‌وانه‌ی له ناوه‌خۆدا سه‌باره‌ت به ریفراندۆمی ٢٥ی مانگی ئه‌یلووله‌وه له به‌ره‌ی نه‌رێنیدا بوون، یان ئه‌وانه‌ی گاڵته‌یان به بردنه‌وه‌ی گره‌وێكی وا مه‌زن و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی خه‌ونی دیرۆكیی ئێمه ده‌هات، دوای چه‌پاوی هێزه‌یلی عێراق و گرتنه‌وه‌ی زۆر ناوچه‌ی كوردستان و زاڵبوونه‌وه‌ی ویستی ده‌ره‌كی به‌سه‌ر ویستی خۆیه‌كیدا، ئێسته تیر و توانج له گه‌شبینیی ئه‌و كاته‌ی ئێمه‌مانان ده‌ده‌نه‌وه و خۆیان به "سه‌ركه‌وتوو” ئێمه‌ش به دۆڕاو ده‌ژمێرن. راستیت ده‌وێ، من یه‌كبه‌باری خۆم ته‌نیا شیكره‌وه‌یه‌كی ده‌نگوباسم و چاودێرییه‌ك به‌سه‌ر باری گشتییه‌وه ده‌كه‌م له‌وه‌دا ده‌ینووسم، به‌مه‌ش هیچ به‌رپرسیاره‌تییه‌ك ناگرمه ئه‌ستۆ له هه‌ڵكه‌وتی كرده‌وه‌ییدا، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌یش كه هه‌موو به‌رپرسیاره‌تییه‌كی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ و تۆقه‌ڵانی بڕیاری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی بوو (واته سه‌رۆكی هه‌رێم)، ئاخۆ به چیدا بیزانیایه سوپای عێراق و جمه‌ی میللیی شیعه كه تا ئێسته كوێره‌دێیه‌كیان به بێ هێزی ئاسمانیی ٦٨ ده‌وڵه‌تی هاوپه‌یمان له ده‌وڵه‌تی ئیسلامی وه‌رنه‌گرتبووه‌وه ئاوها به سانایی و چه‌ند ساتێكی كه‌م، یان به كون فه‌یه‌كونێك (عه‌ره‌ب واته‌نی) كه‌ركووك له كوردستان وه‌رده‌گرنه‌وه ئه‌گه‌ر كه‌رانباوگاوێكی ئه‌مه‌ریكایی پشتی كوردی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران له زه‌وی نه‌دایه؟
یان به چیدا بیزانیایه، كوردی خۆیی ئه‌ویش به شێوه‌ی ئه‌مه‌ریكایییه‌كه، له روودا هاوپه‌یمان و له پشته‌وه كوله‌خه‌نجه‌ری ژه‌هراوی، ناپیاوانه ده‌وه‌شێنێته برای خۆی؟ یان دوای ئه‌وه‌ی كه‌ركووكیشی به‌ده‌سته‌وه داوه، دێ له به‌غدا ده‌پاڕێته‌وه چه‌پاو به‌ره‌و هه‌ولێر بێنێ و له كوردی بستێنێته‌وه؟ ئه‌وه‌ی به ریفراندۆم رابووبوو به چیدا بیزانیایه دۆم و خه‌ڕاتێكی وه‌ك سه‌ركۆماری توركیا دوای چه‌ندان ساڵ پێوه‌ندیی به‌ره‌فره‌وانی سیاسی و ئابووری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌ست له‌گه‌ڵ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی عێراق تێكه‌ڵ ده‌كات كه پێش كه‌متر له ساڵێك له به‌ره‌نگارییه‌كه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی مووسڵدا وه‌ك هه‌رزه‌ی لاكۆڵان سه‌ت سووكایه‌تییان به یه‌كتر كردبوو؟
راسته، وه‌ك له كورده‌واریدا ده‌ڵێن سیاسه‌ت به‌روپشتی نییه، به‌ڵام ئه‌و لنگه‌وقووچبوونه‌وه خێرایه له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له ئاست گه‌لێكی به دوژمن ده‌وره‌دراوی وه‌ك كورددا، كه هیچ دوور نییه پاش مانگێكی تر، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆری ئیسلامی یان رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وڵاتێكی لاجڵه‌وی وه‌ك كۆماری ئیسلامیی ئێران یان دۆم و خه‌ڕاتێكی وه‌ك سه‌ركۆماری توركیا پێویستی پێ (واته به كورد) نه‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ش بابه‌تێكه شایه‌نی لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له بواری بێ به‌روپشتیی سیاسه‌ت لای ئه‌مه‌ریكا كه مافی گه‌لێكی چه‌وساوه‌ی وه‌ك كورد، هاوپه‌یمانی خۆیشی بووه له شه‌ڕی داعشدا، ده‌كات به قوربانی ئه‌وه‌ی ناوی ده‌نێ به‌رژه‌وه‌ندیی زیندوو له رۆهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ش ته‌نیا برێتییه له ده‌سكه‌وتی ئابووری له فرۆشتنه‌وه‌ی چه‌ك به سعوودیه‌دا. له پرسی ریفراندۆمی كه‌ته‌لۆنیادا رووی رۆئاوا (ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا) هه‌ر به جارێ ده‌ركه‌وت كه پشتی كرده سه‌ره‌تاییترین مافی دێمۆكراسی (واته ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن) و گشت ئه‌و بایی و بنه‌وایانه‌ی كه‌رته‌ی ئه‌وروپا شانازییان پێوه ده‌كات.
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه هیچی ناتوانێ ببێ به پاس و بیانوو بۆ دۆڕانی ئێمه له گره‌وی به‌دیهێنانی سه‌ربه‌خۆییدا. تاكه هۆی دۆڕانه‌كه ئه‌و هۆیه نییه كه ده‌ڵێ كات گونجاو نه‌بوو. راستیت ده‌وێ وه‌ك له پرسی كه‌ته‌لۆنیادا ده‌ركه‌وت، له جه‌رگه‌ی ئه‌وروپاشدا كات (هیچ كاتێك) بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی گونجاو نییه. تۆ ناشتوانی چاوه‌ڕوان بیت تا توركیا و ئێران به ده‌ردی سووریا و عێراقه‌وه بچن له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌رموو ئه‌وه عێراق كه ده‌وڵه‌تێكی به‌سه‌ریه‌كدا ته‌پیوی خوێڕووه ناتوانێ تاكه گوندێك له ده‌ستی ده چه‌كداری داعش وه‌رگرێته‌وه، هاتووه به یارمه‌تیی ده‌ره‌كی نیوه‌ی كوردستانی له كورد وه‌رده‌گرێته‌وه. به هه‌ر بارێكدا تاوتوێی بكه‌ی، هۆ و سۆنگه‌ی ده‌ره‌كی نه ئه‌مڕۆ و نه سه‌ت ساڵی تر بۆ به‌دیهاتنی خه‌ونی كورد له‌بار نابن ئه‌گه‌ر كورده‌كه له ناوه‌خۆی خۆیدا هێزی سه‌ركه‌وتنی تێدا نه‌بێ.
كێشه‌ی ئه‌و ریفراندۆمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێوه‌ی دیار بوو. لایه‌نێك پێی هه‌ڵسا لایه‌نێكی تر له‌گه‌ڵیدا نه‌بوو، ناوچه‌یه‌ك ده‌نگی پێ دا ناوچه‌یه‌كی تر دژی وه‌ستایه‌وه. به دۆڕانی كه‌ركووك به‌شێكی كوردستان ژانی كرد به‌شه‌كی تری فیكه‌ی سمێڵی هات. وه‌ك لێره و له‌وێ ده‌بیستینه‌وه ده‌ڵێن: ئۆخه‌یمان كرد تۆڵه‌ی ٣١ی ئابمان كرده‌وه یان كۆڵی ٦٦ تا ئه‌مڕۆمان له دڵ ده‌ركرد.
به‌ڵام هه‌ر له‌و كاته‌دا، ناشبێ ئێمه وا تێ بگه‌ین داگیركه‌ر له ١٦ی چرینی یه‌كه‌م به دواوه سه‌ركه‌تووه و خه‌ونی ده‌وڵه‌تی كوردیی له‌بار چواندووه. راستییه‌كه ئه‌وه‌یه كه ریفراندۆمی ٢٥ی مانگی ئه‌یلوولی ٢٠١٧ داخێكی وای ناوه به دڵی داگیركه‌ره‌وه جارێكی تر هه‌ستی ئۆقره و سره‌وتن له خۆیدا به‌دی نه‌كاته‌وه. ئێسته نه‌ك هه‌ر كوردستانی باشوور، به‌ڵكو هه‌ر چوار به‌شی كوردستان به خه‌ونی سه‌ربه‌خۆییوه ده‌كوڵێ.
سه‌ره‌ك وه‌زیرانی عێراق له‌و گره‌وه‌ی دژ به گه‌لی كوردستاندا كردی، راسته سه‌ركه‌وتنێكی له زه‌ویدا هێنایه ده‌ست، به‌ڵام ئه‌و وه‌ك یه‌كێك له‌وانه‌ی دوای رووخانی رێژیمی به‌عس له عێراقی تازه "گوایه دێمۆكراسی”دا هاتبوونه ده‌سه‌ڵات، یه‌كه‌مین پوازی كوتایه قڵیشی نێوان عه‌ره‌ب و كورده‌وه، كه سه‌دام حوسێن له ٣٥ ساڵدا كه‌لێنی له‌و نێوانه‌دا نه‌كردبوو. من خۆم له باڵه‌فڕگه‌ی به‌غداوه هاتمه‌وه بۆ كوردستان، یه‌كه‌مین جار بوو له ژیاندا حه‌ز نه‌كه‌م به عه‌ره‌بی بدوێم. كوردی تریشم له‌گه‌ڵدا بوو به هه‌مان هه‌سته‌وه. هه‌ستی ئه‌وانه‌ش له‌و باڵه‌فڕگه‌یه‌دا كه ده‌یانزانی ئێمه كوردین ناحه‌زانه بوو به چاویانه‌وه دیار بوو. ئه‌مه سه‌ره‌تای ده‌رچوونه له‌و ساویلكه‌یییه‌ی سه‌تان ساڵه كورد له‌گه‌ڵیدا هاتووه و داگیركه‌ری خۆش ویستووه. ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سه‌یش كه به دۆڕانی وڵاته‌كه‌ی شاگه‌شكه‌یه و له ١٦ی مانگی رابردووه‌وه بزه لێوی به‌ر نادا، ئه‌ویش زوو یان دره‌نگ دێته ریزی ئه‌وانه‌وه به بینینی داگیركه‌ر داده‌چڵه‌كێن.