له سه‌روبه‌ندی هه‌ر ئاڵۆزییه‌كی نێوان پارتی و یه‌كێتی، هه‌میشه ده‌رچه‌یه‌ك بۆ لێكنزیكبوونه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی ئاریشه و ساردی نێوانیان هه‌بووه، له چه‌ند مانگی رابردووش‌دا جارێكی تر نێوانیان ساردی تێكه‌وته‌وه، ئاخر پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو حزبه، به‌و پێیه‌ی جومگه گرنگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان له چنگدایه، هه‌رده‌م له هه‌ڵبه‌زودابه‌زدان، به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه نوێیه‌ی یه‌كێتی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست، بۆ رازیكردنی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌یان، باڵێكی ده‌ستڕۆیشتوو دژایه‌تی حكوومه‌تی كرد و گوشاری له سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش كرد هه‌ندێ بڕیار بدات بۆ ئه‌وه‌ی پارتی قه‌ڵس بكات، سه‌رئه‌نجام هه‌موو ئه‌و گه‌مانه‌ی باڵی یه‌كێتی نه‌یانتوانی پارتی بخه‌نه دۆخێكه‌وه به‌زیانی پێگه‌ی سیاسی بشكێته‌وه.
له‌كاتێكدا پارتی و یه‌كێتی له دووكان له‌سه‌ر پشتگیریكردن له حكوومه‌ت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان و راگرتنی شه‌ڕی میدیایی و جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی رێككه‌وتنی پێشوویان له‌باره‌ی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان، كۆده‌بنه‌وه و دواجاریش وه‌ك له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتیدا هاتووه، له‌سه‌ر شه‌ش خاڵ رێككه‌وتوون. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌بری ئه‌وه‌ی پێشوازی له كۆبوونه‌وه و رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی بكات، له هه‌مان رۆژدا له رێی راگه‌یه‌نراوێكی گوته‌بێژه‌كه‌یه‌وه دووباره كه‌شێكی ئاڵۆز له كوردستان دروست ده‌كاته‌وه، له بنه‌ڕه‌تدا راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی گۆڕان زیاتر تیرگرتنه له یه‌كێتی نه‌ك پارتی، كه‌چی ئه‌مجاره گشتاندوویه‌تی، به‌هۆی رێككه‌وتنی ئه‌و دوو حزبه، ئه‌مه‌ش ترسی گۆڕانه له‌وه‌ی فه‌رامۆش بكرێن.
رۆژی حه‌وتی ئه‌م مانگه عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان پۆستێكی كرد و له به‌شێكی پۆسته‌كه‌یدا به ئاشكرا ده‌نووسێت: "ئێسته له شه‌قامی سه‌ھۆڵه‌كه و بازاڕی دۆلاره‌كه به ئاشكرا نووسینگه‌ی قاچاخی دانراوه، چیت بوێت به‌به‌رچاوی ھێزه ته‌ناهییه‌كانی حكوومه‌ته‌وه له باشماخ و په‌روێزخانه‌وه بۆت داخڵ ده‌كرێت". هه‌ر ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له رێی گوته‌بێژه‌كه‌یه‌وه راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه و له به‌شێكی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا رای گه‌یاند: "ئێسته سه‌رباری گه‌نده‌ڵی و قۆرخكاری كۆمپانیاكانی نزیك له حزب، كه‌چی به‌شێك له به‌رپرسان به‌ھاوكاری دامه‌زراوه ته‌ناهییه‌كان، سه‌رقاڵی قاچاخچێتی مه‌ترسیدارن و به ئاشكرا له بازاڕدا نووسینگه‌ی قاچاخیان داناوه و ھه‌موو كاڵایه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو به‌بێ ھیچ پشكنینێك ده‌ھێننه كوردستانه‌وه، كه ئه‌مه‌ش جگه له یاساشكێنی و گه‌نده‌ڵی، مه‌ترسیشه له‌سه‌ر ته‌ندروستی ھاووڵاتییان".
به‌وردی به‌راوردی پۆسته‌كه‌ی عه‌لی حه‌مه‌ساڵح و ئه‌و به‌شه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بكه، له یه‌كه‌مدا كاك عه‌لی باس له شه‌قامی سه‌هۆڵه‌كه‌ی سلێمانی ده‌كات و به گوته‌ی ئه‌و، نووسینگه‌ی قاچاخچێتیی لێ دانراوه، هه‌روه‌ها باسی باشماخ و په‌روێزخانیش ده‌كات. ئێ روونه سه‌هۆڵه‌كه و ئه‌و دوو شوێنه‌ی تریش له‌ژێر هه‌ژموونی یه‌كێتیدان و هه‌میشه چاو و ره‌خنه‌ی میدیاش له‌سه‌ر باشماخ بوونه و باس له وه‌رگرتنی به‌رتیل كراوه، له‌گه‌ڵ كاری تریشدا كه نامه‌وێت باسیان بكه‌م!
راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی گۆڕان له بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌ی ئه‌و حزبه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و له‌ناو یه‌كێتیشدا له‌گه‌ڵ گرووپێكدایه، به‌ڵام چونكه پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتوون و گۆڕانیش له‌خۆیه‌وه ئه‌مه به زیان بۆ سه‌ر پێگه‌ی خۆی ده‌زانێت، هاتووه قسه‌كه‌ی عه‌لی حه‌مه ساڵحیان له فۆڕمی راگه‌یه‌نراوێكی بزووتنه‌وه‌كه‌دا گشتاندووه، واته سه‌هۆڵه‌كه و باشماخ ناویان نه‌ماوه و ده‌ڵێت كاری قاچاخچێتی له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا هه‌ن، هه‌رچه‌نده ئه‌مه كاری من نییه بڵێم هه‌یه یان نییه، ئه‌وه‌ی من دركم پێ كردووه له بنچینه‌دا گۆڕان كێشه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا هه‌یه، كه‌چی گه‌مه‌كه‌ی گه‌وره‌تر كردووه و حكوومه‌تیشی خستووه‌ته ناو بازنه‌ی كێشه‌كه‌وه، له‌كاتێكدا حكوومه‌ت له ماوه‌ی رابردوودا رێزی زۆری له گۆڕان گرتووه و ده‌ستوه‌ردان له كاروباری هیچ وه‌زیرێكیشی نه‌كراوه.
ئینجا ئه‌و هه‌ناسه سیاسییه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی پێ نووسراوه، پێش ئه‌وه‌ی ئامانجی چاره‌سه‌ركردن و چاكسازیی بووبێت، قه‌ڵسبوونێتی به رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی، هه‌رچه‌نده بۆ خۆم ئه‌مجۆره رێككه‌وتنانه به ئاسایی ده‌بینم و پێم وایه بۆی هه‌یه سبه‌ی له دژی خه‌ڵكی تریش قسه بكه‌نه‌وه! ئاخر دۆخی پێوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی وه‌ك باوه هه‌میشه له گۆڕاندایه و خاڵێكیش هه‌یه ئه‌و دوو حزبه له قورسترین و ناخۆشترین دۆخیشدا ته‌نانه‌ت ته‌قه‌ش له یه‌كتر بكه‌ن، هێشتا هه‌ست به هه‌ستیاریی دۆخی سیاسیی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵگه‌ش له‌دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، پارتی نه‌یویست هه‌موو ده‌رچه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا دابخات، به‌ڵكو به‌ته‌نیا ره‌خنه‌ی له باڵێكی ناو یه‌كێتی گرت و به ئاشكراش داوای كرد دادگایی بكرێن له‌سه‌ر راده‌ستكردنی كه‌ركووك، هه‌رگیز یه‌كێتی وه‌ك یه‌كێتی نه‌كرایه تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی له راده‌ستكردنی كه‌ركووكدا، به‌ڵكو باڵێكی به‌هێز كه ئێسته ده‌سه‌ڵاتداری حزبه‌كه‌ن، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی پارتی ته‌واو نیگه‌ران بوو له‌و هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتی، كه‌چی هه‌موو ده‌رچه‌كانی دانه‌خست، به‌هۆی ره‌چاوكردنی دۆخه هه‌ستیاره‌كه‌ی كوردستان.
سروشتی بلۆكه سیاسییه‌كه‌ی سلێمانی ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارتیدا باش بێت، ده‌بێ گۆڕان خراپ بێت، هه‌ر ده‌ڵێی له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان هه‌یه! به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ركات گۆڕانیش له‌سه‌ر مێزی دانوستاندن له‌گه‌ڵ پارتیدا دابنیشێت، ئه‌وا یه‌كێتیش قه‌ڵس ده‌بێت، یان سیاسه‌تی بلۆكه سیاسییه‌كه‌ی سلێمانییه ده‌بێت لایه‌نێكی سیاسی به‌رده‌وام پارتی سه‌رقاڵی كێشه‌ی جۆراوجۆر بكات، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌یه ده‌توانین بڵێین ئیتر له‌دوای ئه‌و راگه‌یه‌نراوه‌ی گۆڕانه‌وه، ئیتر نێوانی پارتی و یه‌كێتی باش ده‌بێت، ئینجا گۆڕان ره‌نگه ئه‌زموونی جاری پێشوو دووباره بكاته‌وه، له‌كاتێكدا خۆی له حكوومه‌تدایه و ته‌قه‌ش له حكوومه‌ت ده‌كات، ئه‌مه كولتوورێكی خراپی گۆڕانه و پێویسته خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و راستییه بزانن. گۆڕان خۆی له بنه‌ڕه‌تدا به‌رئه‌نجامی رقی سیاسییه دروست بووه، نه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی ئه‌وتۆ بێت خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی پێویستیان پێی هه‌بووبێت كه ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی گۆڕان، گۆڕانكاری له كۆمه‌ڵگه‌دا تێدا بكه‌ن، ئاخر كاك نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی گۆڕانی بۆ دژایه‌تی یه‌كێتی و دواتر پارتی دروست كرد، ئه‌گه‌رچی له‌دوای مردنی، گۆڕان نه‌ختێك به‌و سیاسه‌ته‌ی خۆیدا چووه‌وه، كه‌چی ئێسته هه‌ناسه‌ی ئه‌و راگه‌یه‌نراوه‌ی گۆڕان، رێك ده‌ڵێی له سه‌رده‌می كاك نه‌وشیرواندا بۆ دروستكردنی ئاریشه‌ی سیاسی و گوتاری توند و شه‌ڕی میدیایی نووسراوه!