خۆشەویستیی كوردستان كلیلی سەركەوتنە

ئێمەی كورد لەسەر نیشتمانێك ژیان بەسەر دەبەین كە خاكێكی پیرۆز و گرنگ و ستراتیجییە و سەتان ساڵە چاوی دوژمن و ناحەزانی لەسەرە و ئامادە نین دەستبەرداری بن، لە بەرانبەردا دڵسۆزانی ئەم كوردستانە بە گیان و خوێنی خۆیان تێدەكۆشن تا شوناس و مێژووەكەی بپارێزن و لەژێر دەست و پۆستاڵی دوژمن و داگیركەر، رزگاری بكەن .

ئەرك و بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی و كوردانەیە كە هەموو كورد و كوردستانییەك، ئەوەی لەسەر ئەو خاك و نیشتمانە ژیان بەسەر دەبات، ئەم خاك و نیشتمانەی خۆش بوێت و لەكاتی پێویست بە هەموو توانایەك بەرگریی لێ بكات.

ئەوانەی لە رابردوو و ئێستە و داهاتوویشدا، چەواشەكاری و ڕەخنەی بێ‌ بنەما دەوەشێنن، مەرام و پیلانەكانیان روون و ئاشكرایە كە خوێندنە بە ئاوازی دوژمن و داگیركەرانی كوردستان، ئەویش خۆدزینەوەیە لە ئەرك و بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە گەل و نیشتمان لەلایەك، لەلایەكی تریشەوە فەراهەمكردنی بارودۆخێكە بۆ دوژمن و ناحەزانی كوردستان، بۆ ئەوەی خۆشحاڵ بن بە شێواوی دەروونی خەڵكەكەمان، بەڵام لەم مێژوودا ئەو مرۆڤانەی ئەم رۆڵەیان بینیوە لە هەر گەلێكدا، مرۆڤی پڕوپووچ بوون.

ئاخر ئەوانەی گەل و نیشتمانیان خۆش دەوێت، بە هیچ شێوەیەك ڕێ نادەن دوژمن بە نهێنی ناوماڵەكەیان بزانن، هەروەها هەردەم بەدوای چارەسەری كێشە و گرفتەكاندا دەگەڕێن. روونتر بڵێم لە چ خاك و دەوڵەتێكی ئەم سەر زەوییە، شوێنێك هەیە كەموكورتی و گەندەڵی بەجۆری خۆی تێدا نەبێت و بێ‌ كێشە بێت؟

بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا خەڵكی ئەو وڵاتانە ئامادەن خاك و نیشتمان و نهێنی و سەروەرییەكانی خۆیان و گەلەكەیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی هەراج بكەن؟ بێگومان نەخێر. بەڵام پێم وایە ئەگەر ئەمە لە وڵاتی تریش رووی دابێت، نابێ لە كورددا روو بدات، چونكە كورد مێژوو و خەباتێكی تایبەتی هەیە و نەیارەكانیشی زۆر بە قووڵی دژین.

كاتی ئەوە هاتووە لە واتای ڕەخنەگرتن، ئۆپۆزسیۆنیی، خۆشەویستی گەل و نیشتمان، مێژوو و سەروەرییەكانمان تێبگەین، خۆشەویستی  بچێنین، لە بری ڕقوكینە و چەواشەكاری و دروستكردنی درز و كەلێن كە هۆكارن بۆ ئەوەی دوژمن و داگیركەر بە باشترین شێوە زیان بە دۆزی گەلەكەمان بگەیەنن، با چیتر خاك و نەتەوە پیرۆز بن و ئەوەیشی لای دا لەو پیرۆزییە، بە ئاشكرا دادگایی بكرێ، چونكە مێژوو و خەباتی كوردستان جیاوازە و زۆر كات قبووڵی ئەو نۆكەرییە ناكات بە ناوی ئازادییەوە.

تۆش رەخنەی خۆت بگرە لاریمان نییە، بەڵام وەرە ناو پرۆسەكە لە دوورەوە بە دەهۆڵی ناحەز هەڵمەپەڕە


هەموو هەنگاوەكانی حكوومەتی كوردستان لە گشت سێكتەر و بوارەكاندا و بەتایبەت چاكسازی و پاكسازی كە ماوەیەكە بە وردی و یاسایی كاری لەسەر دەكرێ، جێی بایەخ و گرنگیدانی تایبەتە، ئومێدن بۆ داهاتووی باشتر، ئەوەتا ماوەیەكە هەست دەكرێ كەمێك پارە هەیە خزمەتگوزاری و پڕۆژە دەستی پێ كردووەتەوە، تۆش رەخنەی خۆت بگرە لاریمان نییە، بەڵام وەرە ناو پرۆسەكە لە دوورەوە بە دەهۆڵی ناحەز هەڵمەپەڕە و تەشویش دروست بكەی.

بۆ كوردستان زۆر گرنگە هەموو هێز و لایەنەكان بە هەموو توانایەكەوە پشتیوانیی ئەو هەوڵانە بن، ئەگەر هەستیان كرد حكوومەت ساردە لە چاكسازیش، با قبووڵ نەكرێت و داوای فرەوانكردنی چاكسازییەكە بكرێت، چونكە ئەمە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانە و زیاتر بەهێزبوونی كوردستانە لە گشت روویەكەوە. 

هەنگاونان بۆ پرۆژەیەكی گرنگی نەتەوەیی بۆ ئێستە زۆر ستراتیجییە و ئەگەر لەسەر زۆر شتیش ململانێ دەكەن ئەوە رەوایە، بەڵام با كوردستان ئامانجی هەمووان بێت، بڕۆن بەرەو پتەویی بنەماكانی حوكمڕانی كاری گەورەتر و باشتر و چاكسازی هەمەلایەنتر بكەن، هەر ئەوەیشە ئاواتی گەل و پشتیوانیشی دەكەن، چونكە خەڵك هۆشیارە و تێدەگەن سەركەوتن و دەستكەوت بۆ ئەوان و نەوەكانیانە، كەواتە با هەمووان لەگەڵ كوردستان ڕاستگۆ بین.