سه‌عات پێنجی ئێواره‌یه‌كی زستانه، په‌یتا په‌یتا خۆر له پشت شاخه دووره‌كانه‌وه ون ده‌بێت، له ڕێڕه‌وێكی بچو‌وكدا به‌رانبه‌ر كۆتا ده‌رگای كۆنی چه‌ندان ساڵه، ژوورێكی بچووك له‌م شوقه‌یه‌دا هه‌یه، كچێك پێش هاتنی شه‌و به عه‌زێیه‌كی ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌وه به قژێكی ئاڵۆسكاوه‌وه له یه‌كه‌م دوكانی بچووكی نزیكمان چه‌ند پارچه شوكڵاته‌یه‌ك و نانێك ده‌كڕێت و دووباره خۆی ده‌خزێنێته‌وه ناو ژووره بچكۆلانه‌كه‌ی، وه‌ك بڵێی ئه‌م كچه له تاریكی شه‌وگارێك ڕای كردبێت بۆ باوه‌شی ڕووناكی ئه‌م كۆڵانه.
پارچه نانێك پێشكه‌شی ئه‌هریمه‌نی ده‌مه‌وئێواران بكات تا ئه‌ویش وه‌ك مۆمێك تا ده‌مه‌وبه‌یان بۆی بسووتێت، له تاریكی و سه‌رمای به‌سته‌ڵه‌كی ئه‌م زستانه ڕزگاری بكات، به‌ڵام ئه‌وه سه‌یره كه تا ده‌گاته‌وه به‌رده‌م ده‌رگای ژووره چكۆڵانه‌كه‌ی، ئه‌و نانه له‌گه‌ڵ ته‌واوی پشیله بێ دایكه‌كانی ئه‌م كۆڵانه به‌ش ده‌كات. له دایكێكی بچووك ده‌چێت كه خۆشه‌ویستییه‌كی گه‌وره‌ی له ناخیدا حه‌شار داوه، یان له‌و دایكه ده‌چێت كه له شه‌وێكی سارد و سڕدا به‌تانییه‌كه‌ی خۆیی به‌سه‌ر كۆرپه‌كه‌یدا ده‌دات.
ته‌واوی ئه‌م جوانییه ته‌نیا چه‌ند خوله‌كێك ده‌خایه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئاوابوونی خۆر ئه‌م جوانییه به‌ته‌واوی له پشت دیواره‌كانی ئه‌م كۆڵانه‌وه بزر ده‌بێت، ئیتر كات كاتی فاڵچی و به‌ختگره‌وه‌كانه، له‌مسه‌ر تا ئه‌وسه‌ری كۆڵانه‌كه گوێت له ده‌نگیانه، هاوار ده‌كه‌ن وه‌رن بزانن چی له چاره‌تان نووسراوه؟ یان چه‌ند ئه‌نگوستیله و به‌ردێكی سه‌یرئاسا به كۆڵانه‌كه‌دا ده‌گێڕن، گوایه ده‌ڵێن به‌ختی باش ده‌هێنێ.
چه‌ند سه‌یره چاره‌نووسی ئه‌م كۆڵانه له مشتی قه‌ره‌جێكدایه كه هه‌ر شه‌وه و به نرخێك به‌م و به‌وی ده‌فرۆشێت، من دانه‌یه‌كیان ده‌ناسم كچێكی ۱٥ بۆ ۱٦ ساڵانه، هه‌موو شه‌وێك ده‌چمه لای تا داهاتووم پێ بڵێت، ئه‌و هه‌میشه ده‌ڵێ ده‌گه‌یت به خه‌ونه‌كانت، به‌ڵام من بۆ ساڵێكیش ده‌چێت هیچ خه‌ونێكم نه‌دیوه، له‌وانه‌یه به‌ختی من له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه لاوه‌ی به‌رانبه‌ر ماڵمان تێكه‌ڵاو بووبێت، چونكه ئه‌و سه‌رده‌مانێكه خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێت له جیاتی پانتۆڵێكی دڕا‌و و كراسێكی ڕزیو، جلێكی جوان و كه‌شخه بپۆشێت، وێنای موختاری گه‌ڕه‌ك جگه‌ره‌یه‌كی ڕۆزمه‌نی سێ خه‌ت بنێته سه‌ر لێوی و به شۆسته‌ی كۆڵانه‌كه‌دا به پۆزێكه‌وه ڕێ بكات، كات تێده‌په‌ڕێ و سه‌ودای فاڵچی و به‌ختگره‌وه‌كانیش نامێنێ، ئیتر شه‌و كاتی مه‌ستان و مه‌یخۆرانه بۆ ساتێك چه‌ندان ئاوازی سه‌یر و سه‌مه‌ره و وشه‌ی نه‌دركاوی دڵه‌كان ده‌بێت، یه‌كێك هاوار ده‌كات گوێم لێیه ده‌ڵێت، "به‌شی ئێمه له ژیان هه‌ر بێ ئاگایی بوو، كاتێك ئاگادار بووین ڕۆژی سێشه‌م بوو"، مه‌به‌ستی له سێشه‌م ئه‌و ڕۆژه‌یه كه خۆرگیران رووی دا و ڕۆژیش وێنای شه‌و به تاریكی تێپه‌ڕی.
ئیتر هێواش هێواش سه‌ودا و ده‌نگه ده‌نگ خامۆش ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێی چه‌ندان ساڵه ئێره چۆڵ كراوه، من ده‌ڵێم له‌م كۆڵانه‌دا مرۆڤه‌كان ته‌نیا له خه‌ودا به ئاواته‌كانیان ده‌گه‌ن، چونكه له‌گه‌ڵ كوژانه‌وه‌ی چرای ژووره‌كاندا ئارامی ته‌واوی شه‌قام و ماڵه‌كان داگیر ده‌كات، نه ده‌بیستی كه‌سێك بۆ ئاواته‌كانی هاوار بكات و نه قه‌ره‌جێك بۆ بڕێك پاره سه‌ودا به به‌ختی ئه‌م و ئه‌وه‌وه بكات، سه‌رخۆشێكیش نامێنێت گله‌یی له به‌ختی خراپی ئه‌مڕۆ و سبه‌ی خۆی بكات، به‌ڵێ لێره هیوا و ئاواته‌كانیان تێكه‌ڵی خه‌و كردووه، زه‌مه‌نێكه هیچ كه‌سێك لێره سه‌مای خۆشی بۆ گه‌یشتن به هیواكانی نه‌كردووه، به‌ڵام هێشتا ئه‌وان دڵشادن كه خه‌ون به هیوا و ئاواته‌كانیانه‌وه ده‌بینن، چونكه من وا بۆ ساڵێك ده‌بێت هیچ خه‌ونێكم نه‌بینیوه.