قاقایەك لە ئامێزی خەم

AM:10:02:12/05/2021 ‌
ساڵانێك دەبێ كە خووم بەم كارەوە گرتووە لە هەر جێیەك بێت پێدەكەنم، بەشتانێكی زۆر سادە و بێماناش بزە دەمگرێت، دەكرێ بڵێم ناتوانم زاڵ بم بەسەر ئەم ڕەفتارەمدا.

زۆر ڕێم بەكار هێنا بەڵام بێ سوود بوو و خراپتر لە پێشوو دەبووم، یەك هەنگاو بۆ باشبوون نەدەچووم، هیواش هێواش لە بزەیەكەوە گۆڕا بۆ قاقالێدان، بەجۆرێك وێنای شێت پێدەكەنم بە شتانێك كە هیچ مانا نادەن بە ژیانم، چەند جارێك سەردانی پزیشكی دەروونیم كردووە و دەڵێن، جۆرێكە لە خەمۆكی قووڵ، بەدەست خۆم نەبوو هەركات وایان پێ دەگوتم، دەمدایە قاقا و دەمگوت ڕەحمەت لە باوكت كێ لە خەمۆكیدا پێدەكەنێت، ئاخر پزیشك گیان دەكرێ مرۆڤی ئاقڵ بە خەمەكانی خۆی پێبكەنێت؟.

ئێستە من لەو ناوەدا ماوم نازانم ئایا خەمۆكم یان شێتم و هۆش و بیرم لە دەست داوە؟! سەردەمانێك دەمامكم دەبەست بۆ ئەوەی لێوەكانم بشارمەوە و كەس بزە و پێكەنینم نەبینێت، بەڵام بێ سوود بوو، دەمامك نەیدەتوانی ڕێ لە دەنگی پێكەنینم بگرێت، دواجار بیرمە ساڵی پێشوو بوو لەسەر تەرمی هاوڕێیەكم پێكەنین گرتمی، بەجۆرێك ئەگەر لە جێی یەك دەمامك 13 دەمامكیش بە ڕووخسارمەوە بووایە، پێكەنینی منی نەدەشاردەوە، بەجۆرێك شەرمەزار بووم كە بە ئومێد بووم من لە جێی ئەو بوومایە، بەڵام هەر پێكەنینم نەوەستا.

لەوكاتەوە بڕیارم دا دەمامك لابەرم و لۆكە بخمە ناو دەمم بەو هیوایەی چیتر هێندە پێنەكەنم، بەڵام ئەمیش بێ سوود بوو، چونكە بەهۆی لۆكەكەوە نەمدەتوانی نە نان بخۆم و نە قسەیش بكەم، زۆربەی كات دەڵێم خۆزگە لە بری پێكەنین، دەگریام، ئەوكات هێندە بارودۆخەكە خراپ نەدەبوو، چونكە زۆر كەس هەن لە خۆشیدا دەگرین، ئەوەیان هیچ كە لە كاتە سەخت و ناخۆشەكاندا بە گریان ئازاریان دەردەبڕن، بەڵام ناكرێ لەو كاتەی هەمووان دەگرین، تۆ بە پێكەنین ئازار و دڵتەنگیت دەرببڕیت.

 ئێستە زیاتر لە جاران پێدەكەنم، بە جۆرێك فرمێسك لە چاوەكانم دێنە خوار، خۆم ناوم ناوە پێكەنینێك بۆ حەشاردانی گریان، تەمەنم نزیك هەشت ساڵ دەبوو كە بە تەواوی هەستم بەم شێواوییەی خۆم كرد. كاتێك لە خوێندگا بووم، چەند ڕستەیەكی بێمانای مامۆستاكەم هێنامیە پێكەنین، ئێستەش بیرمە ئەو ڕستەیە چی بوو، هەر ئەوندەی گوت، ئێوە هەمووتان ئاواتێكتان هەیە، منیش لە تەمەنی ئێوەدا ئاواتێكم هەبوو بەڵام پێی نەگەیشتم، لەوانەیە من بۆ ئەو ئاواتەی هەمبوو وێنای مێشێك بووبووم، ئاواتەكەشم بابۆڵەیەكی گەورەی نان بوو، مێش ئەم شتەی پێ ناخورێت،، ئیتر منیش دامە پڕمەی پێكەنین، بەجۆرێك مامۆستا ڕاچەڵەكی، لەسەر ئەم كارەم لێدانێكی باشیشم خوارد، بەڵام هێشتا هەر پێدەكەنیم، خۆشم نەمدەزانی بۆچی ناتوانم لێوەكانم و دەنگم ڕاگرم، دەكرێت لێوەكانم بدوورم بەجۆرێك ئیتر نەكرێنەوە، یان هێندە پێبكەنم تا دەكەومە ناوەندی بێ هیوایی و گریانێكی قووڵ، بەڵام هیچیان ڕوو نادەن، چونكە خۆشم هۆكاری ئەم كارەم نازانم بۆچی پێدەكەنم بۆ ناگریم.

 باشە دەكرێ من خەمۆكیم هەبێت، بەڵام خەمەكانم بە پێكەنین دەربڕم، واهەست دەكەم دەگەمە جێیەك كە ئیتر قسەشم پێ ناكرێت، بەجۆرێك پێكەنین هەموو وشە و ڕستەكانیشم حەشار دەدات، چاوەكانم بەست، هەر بێ سوود بوو و گوێچكەكانم بەست هەر بێ سوود بوو، ئەوكات زانیم پێكەنینم پێوەندی بە بینین و بیستنمەوە نییە، چەند ڕۆژێكە دەستم كردووە بە خوێندنەوەی بەسەرهات و چیرۆكی تراجیدیا و خەمناك، بەڵام ئەویش سوودی نییە.

 ئێستەیش بەم پارچە نووسینە پێدەكەنم، ئەو مرد پێش ئەوەی بگات بە ئاواتی، تەنیا نامەیەكی لە پاش بەجێما، ئەویش بە خەتی خۆی ئاواتی خۆی لەسەر نووسیبوو، نە ئەو گەیشت بە ئاواتی و نە نامەكەش بەو كەسەی ئاواتی بوو، دەی من بەمە پێكەنیم، دەكرێ بەیانیش بە مەرگ و ئازاری خۆم پێكەنینم بێت، نازانم دەكرێ ڕۆژێك هێندە بە خەم و ئازارەكانی خۆم پێبكەنم، تا دەكەومە ناوەندی گریان، ئاخۆ دوای ئەوە، بیری پێكەنینەكانم ناكەم؟.