پەکەکە چۆن پابەندی یاسای ئەڵمانیا و تورکیا و فڕەنسایە، ئاوا هی حکوومەتی هەرێمیش بێ

PM:08:22:08/01/2021 ‌
چەند تێبینییەک بەهۆی نووسینی بابەتی هەماهەنگیی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە هەرێمی کوردستان، هێرش و رەخنە هەبوون. تێڕوانینم بۆ ئەو هێرش و رەخنانە بەمجۆرەیە:

ئەمڕۆ لە سەرووی هەموویانەوە ئەڵمانیا، ئینجا لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپادا کۆچبەرانی کورد دەژین. بەشێکی زۆر گەورە لەوانە پێوەندیدارن بە پەکەکە/کەجەکە، هیچ نەبێ خۆشەویستیان بۆیان هەیە. پەکەکە لە وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا، فڕەنسا، هۆڵەندا و سوید خۆیان لەگەڵ قەوارە و یاسای دەوڵەت دەگونجێنن.

هەروەها لە شوێنەکانی وەکو ئیستانبووڵ، ئیزمیر، بۆرسە، ئەدەنە و مێرسینیش کۆچبەری کورد دەژین. دیسانەوە زۆربەی ئەو کوردانە پێوەندییان لەگەڵ پەکەکە/کەجەکە هەیە. لەوێشدا بە شێوەیەکی سروشتی پەکەکە/کەجەکە پابەندی قەوارە و یاساکانی دەوڵەتی تورکیایە. لە دیاربەکر، وان و باتمانیش هەمان حاڵەت هەیە.

بەڵام پەکەکە/کەجەکە پابەندی رێسا و قەوارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نابێت. دەیەوێ ئەو قەوارەیە بچووک بکاتەوە و بیشکێنێت و گوشار بخاتە سەر حوکمڕانییەکەی. ئەمە دۆخێکی پێوەندیدارە بە هەڵوێست و هەڵسوکەوت و رۆحیەتی مرۆڤی موستەعمەرەوە. خەڵکی موستەعمەر خۆی دەگونجێنێت و ملکەچ دەبێ بۆ ئەو رێنمایی و ئاراستەکارییانەی لە دەرەوە ئاراستەی دەکرێن. بەڵام ئەگەر چینێک لە خەڵکەکەی خۆی بیەوێت دەسەڵاتێک دروست بکات، ڕووبەڕووی دەبێتەوە و بە کەمی دەزانێت و هەوڵی لەباربردنی دەدات. چونکە لەلایەن دەوڵەتی دەسەڵاتدارەوە وەها فێر کراوە.

وا لە خەڵکەکە دەگەیەنن کە هەموو شتێکیان سەرەتاییە، خواردن، خواردنەوە، جلپۆشین و زمانیان هێشتا پێشنەکەوتووە و ژیانیان لەناو جەهالەتدا بەڕێ دەکەن. جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە ئەو خەڵکە ناتوانن خۆیان بەڕێوەببەن. ئەم دۆخە رێک لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. کوردستان تەنانەت موستەعمەریش نییە. هەر بۆیەش لەم رووەوە ئەم دۆخە لە کوردستان بە شێوەیەکی چڕتر دەبینرێت. دەکرێ ئەو رووداوانەی سەر لە بەیانیی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کە لە کەرکووک روویان دا، بەمجۆرە تانوپۆ بکرێت.

هەموو ئەوانەی هێرش دەکەنە سەرم و رەخنەم لێ دەگرن، کاتێک بە پەکەکە/کەجەکە ناڵێن :''حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەوارە، یاسا و رێسای تایبەت بەخۆی هەیە و ئێوە پێویستە پابەندی بن، هێرش مەکەنە سەر پێشمەرگە، هێرش مەکەنە سەر نووسینگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان''.. هەروەها ناڵێن :'' هەروەک چۆن پابەندی یاساکانی دەوڵەتەکانی وەکو ئەڵمانیا، فڕەنسا، هۆڵەندا بوویت، لێرەش پابەند بە یاساکانی هەرێمی کوردستان بە''، لەکاتێکدا ئەمە ناڵێن و بەلاشیدا ناڕۆن، دۆخێکی سەرسوڕهێنەرە.

لە نووسینی هەماهەنگیی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە هەرێمی کوردستاندا باس لە هەشت چالاکیی پەکەکە/کەجەکە کراوە. ئەوانەی رەخنەیان لێ گرتووم و هێرشیان کردووەتە سەرم، سەرنجیان نەخستووەتە سەر هیچ یەک لەمانە و وەڵامیان نەداوەتەوە. ئایا ئەمە داننان نییە بەوەی کە پەکەکە/کەجەکە هێرشی کردووەتە سەر پێشمەرگە و پارتی؟، ئەنجامدانی ئەو هێرشانە لەکاتێکدا کە مەسعوود بارزانی دەڵێ 'ئێمە شەڕی نێوان کوردانمان حەرام کردووە' بەتایبەتی کە بە پێداگرییەوە هەڵوێست لەسەر شەڕێکی وەها هەیە، جێی هەڵوەستەیە. (عابید گورسەس، شەڕی براکوژی یاخود رۆحی کۆبانێ؟ نەرینائازاد، 17ی کانوونی یەکەمی 2020)

هەڵبەتە دەبێت چارەسەرکرنی کێشەکانی نێوان کوردان لەسەر بنەمای دیالۆگ بێت. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بەر لە هەموو شتێک دان بە رەوایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بنرێت. بێگومان لەمیانی دیالۆگدا رەخنەی پێویست دەگیرێت.

ئەمڕۆ سوپای تورکیا لە زۆر شوێنی خاکی هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکاندا بنکەی سەربازیی دامەزراندووە. لەکاتێکدا پەکەکە/کەجەکە پێویستە هەوڵی دوورخستنەوەیان لە ناوچەکە بدات، بە دۆزینەوەی بیانووی جۆراوجۆر زەمینەسازیی زیاتر بۆ جێگیرکردنی سوپا لە ناوچەکە دەکات. ئەمە روونە کە سوپا هەڕەشەیەکی توندە لەسەر هەرێمی کوردستان.

ئێمە باس لە یاسا و رێساکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. ئەمە فیدراسیۆنێکە و لەناو سنووری ئەم فیدراسیۆنەدا نابێت ئازادیی ئەنجامدانی تاوان هەبێت. ئەگەر لەناو ئەو سنوورەدا کەسێک کوژرابێت، پێویستە فیدراسیۆن لەڕێی دادگەری، دامەزراوە، دادگاکان، پۆلیس، دادوەر، داواکاری گشتی و گرتووخانەکانییەوە تەدەخول بکات. ئەگەر نەتوانێ ئەمە بکات ئەوا لەڕێی تۆماری تاوانەکان، دۆسیە و وردەکارییەوە، ئەگەرنا ناتوانرێ باس لە فیدراسیۆنێکی راستەقینە بکرێت. پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاو بەرەو رێگەی بوون بە فیدراسیۆنێکی راستەقینە بنێت.

وەکو مرۆڤێک، پشتیوانی هەموو ئەو کەس و دامەزراوە و پارتانە دەکەم کە باس لە کوردستان دەکەن و داوای کوردستانی سەربەخۆ دەکەن. من کارم بەو کەسانەوە نییە کە دەڵێن 'کوردستان پێویستی بە دەوڵەت نییە'، چونکە ئەمە بۆچوونی دەوڵەتانە نەوەک بۆچوونی کوردان. گوتنەوەی ئەم بۆچوونە لەلایەن کوردانەوە بە کاریگەریی دەوڵەتان، دەستکەوت و سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئەوان. هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردانیان لە ژێر هەژمووندا کۆکردووەتەوە ئاستەنگ لەبەردەم دەوڵەتی کوردیدا دروست دەکەن.

زیاتر بارزانییەکان لە باشووری کوردستاندا بەرگری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن. ئەمە دۆخێکی تازە نییە و زیاتر لە سەدەیەکە. بیرۆکە و بۆچوونی بارزانییەکان بەمشێوەیەیە. جەختکردنەوە لەسەر شێخایەتی و عەشیرەتگەری، هەروەها خۆلادان و هەوڵدان بۆ نەبینینی رۆحی نیشتمانیی بارزانییەکان خۆچەواشەکردنە. گوتنی ئەمانە خۆدانەپاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، بەڵکو پشتیوانیکردنە لەم بیرۆکە و هەڵوێستە و بەهێزکردنیەتی.

لە وەقفی ئیسماعیل بێشکچیدا چ شاندی پەرلەمانتاران و چ بەڕێوەبەرانی وەقف خۆبەخشانە کار دەکەن. تەنیا بۆ من و خانەوادەکەم بڕە پارەیەکی کەم دەدرێت. جگە لەمە دوو سێ کارمەندی تر هەن کە بە مووچە و بیمە کاردەکەن، دۆخی لقی دیاربەکر بەمجۆرەیە. لقی هەولێریش وەقفێکی جیای دامەزراوە بەگوێرەی یاساکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

پارتی کە زیاتر لە سەدەیەکە لە نێو پرۆسەکەدایە، دەکرێ رەخنەی لێ بگیرێت. هەروەها دەکرێ رەخنە لە ئیسماعیل بێشیکچی و وەقفەکەشی بگیرێت. روون و دیارە من چیم کردووە و چۆنم کردووە. ئەوەی کە وەقفەکەشمان کردوویەتی زۆر روونە. داهات و تێچووی دیارە و ئاشکرایە، ''فەرمانبەری مووچەخۆری بارزانی!. ئەمە تۆمەتبەخشین و لەکەدارکردنێکی بێ مانایە.

لە سەرەتای ئەم بابەتەدا نووسیومە کە بەهۆی نووسینی هەماهەنگیی پەکەکە و حەشدی شەعبی، رەخنە و هێرشی زۆر کراوەتە سەرم. نووسین و پەیامیش هەبوون کە بەرگرییان لە من کرد. سوپاسی ئەو هاوڕێیانە دەکەم.