مەیدانەكە بۆ سیاسیەكان جێماوە

PM:04:37:20/06/2017 ‌
هەر كاتێك رووداوێكی سیاسی یان ته‌نگژه‌یه‌كی ئابووری لە هەرێمی كوردستان ڕوو دەدات، بەر لەوەی هزر و چاوەكان بۆ رێگاچارە بگەرٍێن، دابەش بوون لەناو جڤاتی كوردی دێتە ئاراوە، یەكتر تۆمەتباركردن و خەتاباركردنی ئەویتر، خۆی قیت دەكاتەوە. قەت لە خۆمان پرسیوە ئەم دیاردەیە یان ئەگەر ناوی بنێین ئەم نەخۆشیە هۆی چییە؟
 
گۆستاف لۆبۆن بیرمەندی  سۆسیۆلۆجی بە ڕەچەڵەك فڕەنسایی دەڵێت: جەماوەر نە ئەقلی هەیە و نە بیر دەكاتەوە، چونكە یان یەكجاری شتەكان پەسند دەكات یاخۆ بە ره‌هایی رەتی دەكاتەوە، بەبێ ئەوەی بەرگەی گفتوگۆكردن  لەسەر ئەو بۆچوونه‌ یان ئەو بابەتە بگرن.

ئەگەر لەم قسەیەی لۆبۆن ورد بینەوە بۆمان دەردەكەوێ ئەو مەبەستیەتی بڵێ، ئەوەی سەركردە و ڕێبەركان بە گوێی جەماوەر دەچرپێنن دواجار جەماوەر ئەوە دەكات بە كردار بەبێ ئەوەی بیری لێ بكاتەوە و هەڵی بسەنگێنێ.

جەماوەر تەنیا هەستی توندوتیژیەكی دەر ئاسای هەیە، هێندەی پێناچێت ئەو كەفوكووڵەی جەماوەر یان دەبێتە نەفرەتێكی دەستە جەمعی، یان دەبێتە هاوسۆزیەك تا ئاستی پەرستن، سروشتی جەماوەر وایە هەر كاتێك شتێك بێزاری بكات, یەكسەر لە بەرامبەردا رق و كینە هەڵدەگرێ.

ئەو تێزەی لۆبۆن كە نزیكەی دوو سەدە بەر لە ئێستا خستویەتی ڕوو, ئەمرۆ كۆمەڵگای كوردی بۆ دەرباز بوون لەو دۆخەی تێی كەوتووە پێویستی پێیەتی، بۆ تێگەیشتن لە دۆخی جەماوەری خۆمان و دۆزینەوەی دەرچەیه‌كی عەقڵانی بۆ دەرباز بوون لەو دوو لەتیەی جەماوەری كوردستان. بە ره‌هایی ئەو دووكەرتیەی ئەمرۆ لە كۆمەڵگای كوردی هەیە و لەگەڵ هەر پێشهاتێك زیاتر خۆی مانیفێست دەكات، حزب و ڕێبەری ئەو حزبە كوردیانەی ئەمرۆ لە كایەی سیاسەتدان لێی بەرپرسن، پاشخانەكەیشی هەم بۆ مێژوو هەمیش بۆ ئێستا دەگەڕێتەوە.

ئەو حزبانەی كوردستان لەسەر هیچ شتێك كۆك نین، تەنانەت لەسەر خوداش، هەیە دەڵێ ئاین و خوداناسی پێویستی بە مزگەوت و تەكیە و خانەقا و حزب هەیە، هەیشە دەڵێ نا دینداری شتێكی كەسی و روحانیە، كوا خودا پێویستی بە ریش و چەكدار هەیە بۆ پەرستن و پاراستنی؟.

كە حزبەكان لەسەر خوداش كۆك نەبن، چ جای لەسەر پرسێكی سیاسی دیاریكراو تەبا دەبن! كاتێك دەوترێت ئەوە بەختی كوردە كە دەبێ هەمیشە ناكۆك و دژ بەیەك بین, جگە لە قسەیەكی پووچ هیچیتر نیە، ئەوە رێبەر و حزبەكان وا دەكەن جەماوەر وەك یەك یان جیاواز بیر بكەنەوە، كۆمەڵگای ئێمە لە ووۆشایی مەعریفی و نەبوونی رۆشنبیری ڕژد قووڵ گوزەر دەكات، ئەوانەشی هەن یان بێدەنگیان هەڵبژاردووە یان خۆیان لەهەمبەر ئەو دۆخە بەدەستەوە داوە، بۆیە مەیدانەكە بۆ سیاسییەكان بەجێماوە .

مادەم حزبە كوردییەكان هۆی ئەم دوولەتبوونەن، ئاواش ئەركی چاككردنەوەیان لە ئەستۆیە، بەتایبەت لەو قوناغە كە ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی هاتووه‌تە پێش، بۆ راستەڕێكردنەوەی جەماوەریش هەموو حزبەكان بەبێ جیاوازی لەبەردەم ئەم بەرپرسیارەتیەدان.

سامان ستار