دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بە كراوەیی و لادان لە پابەندیی دەستووری

AM:10:03:16/11/2021 ‌
دەستوورناسی..

دامەزراوە فەرمانڕەواییەكان لە دەوڵەتدا بە ئەندازەی پابەندبوونیان بە ناوەڕۆكی دەستوور لە رێكخستنی پێوەندیی نێوان دەسەڵاتە گشتییەكان و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەكاندا، پابەندیشن بەو كات و ماوە دیاریكراوانەی كە پێویستە پرۆسە و كردەیی پیادەكردنی تایبەتكارییەكانیانی تێدا بەرجەستە بێت. بۆیە دەوڵەتی یاسا و وێناكردنی سەروەری رێسا دەستوورییەكان كاتێك رەنگ دەداتەوە، كە هاووڵاتییەكی ئاسایی بە نەخشەسازی و خشتەی گۆڕانكاری و دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات ئاشنا بێت، رۆژمێری سیاسیی دەوڵەتی بۆ فەرمانڕەوایی ئەزبەر بێت.

لەبارەی كات و خشتەی بەڕێوەچوونی گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی پێكهێنان و دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، لە پاش بنیاتنانەوەی عێراق لە رێكخستنی دەستووریی نوێدا، بە سەرپەرشتی دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان لە پاش (2003) تا بەركاربوونی دەستووری (2005)، پابەندییەكی باش و بینراو بەدی دەكرا لە هەریەك لە پرۆسەكانی (پێكهێنانی ئەنجوومەنی حوكم، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی، پێكهێنانی حكوومەتی كاتی، پێكهێنانی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی كۆمار، هەڵبژاردنی دەستەی نووسینەوەی دەستوور، دەنگدان لەسەر دەستوور و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەپێی رێكخستنی دەستووریی 2005). 

بەڵام لە پاش رادەستكردنی دەسەڵات بە عێراقییەكان و ئەزموونكردنی كردەیی دەستوور و لە یەكەمین پرۆسەی دەستاودەستكردنی دەسەڵاتدا، لە پاش خولی یەكەمی ئەنجوومەنی نوێنەران و لە یەكەم دانیشتنی كاری پەرلەمانیدا، لە میانەی جێبەجێكردنی مادەی (55)ی دەستوور كە بەدەق هاتووە: (ینتخب مجلس  النواب فی أول جلسە له رئیسا، پم نائبا أول ونائبا پانیا باڵاغلبیە المگلقە لعدد أعچا‌و المجلس باڵانتخاب السری المباشر)، واتە پێویستە لە دانیشتنی یەكەمی ئەنجوومەنی نوێنەران كە سەرەتا لەلایەن بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمانەوە بەڕێوە دەبرێت، سەرۆك و هەردوو جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ بە زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە دێتە هەڵبژاردن)، بەڵام بە هۆكاری نەگەیشتن بە رێكەوتنی لایەنە سیاسییەكان، دانیشتنی پەرلەمانیان بە چەندان رۆژ درێژ دەكردەوە بە داهێنانی ناونیشانی (دانیشتنی كراوە - الجلسە المفتوحە) یان درێژكردنەوە یاخۆ تەواوكاری دانیشتنی یەكەم.

پەكخستن و دواكەوتنی تەواوی پرۆسەی سیاسیشی لێ دەكەوێتەوە


هێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمان بەم شێوە یەكلانەكراوەیە، جگە لەوەی لادانێكی روونی رێسای دەستوورییە، پەكخستن و دواكەوتنی تەواوی پرۆسەی سیاسیشی لێ دەكەوێتەوە، لەبەرئەوەی دەوڵەت دەكەوێتە بۆشایی كردەیی یاسادانانەوە و پرۆسەی چاودێری سیاسی بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن بوونی نامێنێت، هەروەها بەردەوامیدانە بە حكوومەتی كاربەرێكەر كە توانای راستەقینەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی لە بەردەستدا نییە.

ئەم بابەتە تا ساتەوەختی بەرزكردنەوەی داوایەكی دەستووری بۆ دادگای باڵای فیدراڵی بەردەوام بوو، بەڵام بەپێی بڕیاری دادگای ناوبراو ژمارە (56/إتحادیە/2010) لە رێكەوتی (24/10/2021) بەدەق ئەم بابەتەی یەكلا كردەوە و بە نادەستووری هەژماری كرد، ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیشی هەڵوەشاندنەوە كە دانیشتنی پەرلەمانی بەكراوەیی داهێنا، وەك چۆن لە بڕیاری دادگای ناوبراودا هاتووە: (....  لعدم دستوریە القرار المتخژ بجعل الجلسە اڵاولی لمجلس  النواب فی دورته لسنە 2010 (مفتوحە) قررت المحكمە الإتحادیە اڵاولی إلغا‌و هژا القرار... ).

لەبارەی هەرێمی كوردستان لە میانەی ئەزموونی كاری پەرلەمانی و نوێنەرایەتی لەسەر ئاستی پارێزگاكاندا، هێشتنەوەی دانیشتنی یەكەم بە كراوەیی لە چاوەڕوانیی پێكهاتنی لایەنە سیاسییەكان بۆ دابەشكاری پۆستە باڵاكانی فەرمانڕەوایی چەند جارێك بەكردەیی بینراوە، لەبەرئەوە وا دەخوازین بۆ نەگەیشتن بەو ئاراستە لادەرە لە پابەندبوون بە ناوەڕۆك و شێوە و كاتی دەستووری، یاسادانەر و ئامادەكارانی دەستووری لە ئایندەدا بەجۆرێك داڕشتنی دەستەواژەكان بكەن، كە دانیشتنی یەكەم بواری هەڵگرتنی مانای دانیشتنی كراوەی لێ بەدی نەكرێت، وەك چۆن لە پێرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لە مادەی (1)دا پێناسەی دەستەواژەكانی كردووە، لە دیاركردنی مانای (دانیشتنی پەرلەمان)دا هاتووە، دانیشتنی پەرلەمان بریتییە لە كۆی گشتیی ئەو كۆبوونەوانەی كە لە رۆژێكدا دەبەسترێن. واتە ئەگەری درێژكردنەوەی زیاتر لە (24) سەعات هەڵناگرێت.