وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا به چه‌سپاندنی پشكی هه‌رێم له یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2021ی عێراق یاساكه په‌سند بكرێت، كرا.
ئه‌مه‌ش ھه‌نگاوێكی گرنگ و ستراتیجیی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستانه كه له ده‌ستپێكی ده‌ستبه‌كاربوونیدا كاری بۆ ده‌كرد، بۆیه له رۆژانی سه‌ره‌تای كابینه‌ی نۆیه‌م، مه‌سروور بارزانی خۆی سه‌ردانی به‌غدای كرد و نیازپاكی ھه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاند به‌ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان (ھه‌ولێر-به‌غدا) له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، له دوایشدا چه‌ندان جار شاندی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدای كرد، ته‌واوی نیازپاكی ھه‌رێمی كوردستانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ھه‌موو كێشه‌كان خسته‌روو، چونكه حكوومه‌تی ھه‌رێم ھه‌وڵی ده‌دا به رێككه‌وتنێكی كۆنكرێتی ته‌واوی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات بۆ ئه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكاته‌وه، ده‌ستوور بنه‌مای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بێت و ماف و قه‌واره‌ی ھه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی پارێزراو بێت، جیا له‌وه ئاماده نه‌بوو سازش له مافه ده‌ستوورییه‌كان بكات.
راسته ئه‌م یاسایه ده‌بێته ده‌ستپێكی تێپه‌ڕاندنی دۆخی سه‌ختی دارایی بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئاوه‌دانی و ئاینده‌یه‌كی باشتر.
به‌جێگیركردنی شایسته داراییه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان، به‌ڵێنه‌كانی مه‌سروور بارزانیمان به‌بیر ھاته‌وه له‌كاتی خستنه‌ڕووی ستراتیچ وھێڵه گشتییه‌كانی كابینه‌كه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستان كه به‌ڵێنی دا كار بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ھه‌ڵپه‌سێرداوه‌كانی نێوان (ھه‌ولێر-به‌غدا)، ھه‌موو پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی و ته‌له‌فۆنه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و لایه‌نه سیاسییه‌كان، بوونه‌ته مایه‌ی هێنانه ئارای ئه‌م مافه ده‌ستووری و داراییانه بۆ ھه‌رێمی كوردستان كه به‌ھیچ جۆرێك قبووڵی نه‌كرد ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان بشكێنن.
یه‌كێكی تر له به‌هره ڕه‌واكانی حوكمداری ئه‌م كابینه‌یه، ده‌سه‌ڵات پێدانه به لایه‌نه به‌شداره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م ئه‌گه‌رچی تێبینی هه‌یه له‌سه‌ر لایه‌نه‌كان، به‌ڵام گه‌وره‌یی و فراوانی سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بوو كه سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری ھه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌غدا و ئه‌ندامانی شاند له پێكهاته‌ی ته‌واوی حزبه‌كان بن، ئه‌م جۆره حوكمداری و كۆكردنه‌وه‌ی ته‌واوی لایه‌نه‌كان له شاندێكدا و نه‌رمی و لێهاتوویی به‌ڕێز مه‌سروور بارزانی، هه‌وێنی به‌رقه‌راركردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان بوو .
له په‌راوێزی ئه‌م راستییانه‌ی سه‌ره‌وه، ناكرێ به‌ھیچ جۆرێك رۆڵی دیپلۆماسییانه‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، فه‌رامۆش بكرێت كه به‌به‌رده‌وامی و به‌پشوودرێژییه‌وه، له‌سه‌ر ھێڵ بووه له‌گه‌ڵ تیمی دانوستاندنكاری هه‌رێمی كوردستان بۆ جێگیركردنی به‌شی ھه‌رێمی كوردستان، به جۆرێك رێی نه‌دا سازش له‌سه‌ر ماف و شایسته داراییه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان بكرێت، چونكه ھه‌موو خه‌ڵكی كوردستان چاك ئه‌و راستییه ده‌زانن، چۆن خه‌ڵكانێك له‌ناو لایه‌نێكی سیاسی ھه‌وڵی راده‌ستكردنی ھه‌مووھه‌رێمی كوردستانیان ده‌دا و لایان گرنگ نه‌بوو شتێك بمێنێت به‌ناوی ھه‌رێم، به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا مووچه بدرێت.
یان خه‌ریك بوون به‌ناوی لامه‌ركه‌زیی ئیداری سلێمانی راده‌ست بكه‌ن، ته‌نیا له پێناو ئه‌وه‌ی مووچه‌یه‌كی ره‌زیلی و سه‌رشۆڕی وه‌ربگرن، به‌ڵام به‌ھیچ جۆرێك سه‌رۆكی حكوومه‌ت راده‌ستی ئه‌و داواكاری و فشارانه نه‌بوو، به‌ھه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دابین كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌مساڵیش ئه‌گه‌ر به لێبڕینه‌وه‌ش بێت، ھه‌موو 25 رۆژێك مووچه دراوه به‌پێی داھاتی پێویست، بۆیه ئه‌گه‌ر دانایی و حكیمه‌تی سه‌رۆكی حكوومه‌ت نه‌بوایه، نه‌ده‌گه‌یشتینه ئه‌و رۆژه‌ی پشكی ھه‌رێم له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق جێگیر بكرایه، بۆیه‌ش ھه‌ركه‌س و لایه‌نێك بیانه‌وێ بۆ خۆده‌رخستن و موزایه‌ده خۆیان بكه‌نه خاوه‌نی ئه‌م ده‌سكه‌وته، ھه‌ڵه ده‌كه‌ن چونكه به‌ری خۆر به بێژنگ ناگیرێت.