ده‌بێت ده‌سته‌واژه‌کانی عێراقچێتی و ئێرانچێتی و هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌کی تری له‌و شێوه‌یه که پێوه‌ستن به پرۆژه‌ی داگیرکاری و توانەوە و له خۆنامۆکردنی کورد بۆ به‌ها و نرخه‌کانی شوناس و کیانی خۆی، به وردی و قووڵی بخوێنرێنه‌وه. واته زۆری له‌سه‌ر بگوترێت و به هه‌موو بارێک‌دا شه‌نوکه‌و بکرێت.
پاشگری "چێتی" له زمانی کوردی‌دا به واته‌ی هه‌ر خواست و هۆگرییه‌ک دێت که دووره له سه‌رچاوه به‌رز و مه‌زنه‌که‌ی خۆی. ئێمه ئه‌م پاشگره له ده‌سته‌واژه‌کانی وه‌ک "شارچێتی" و "تاقمچێتی"دا بینیوه، کێشه‌ی جه‌وهه‌ریی شارچێتی و تاقمچێتی ته‌نیا ئه‌وه‌یه به کیان و شوناسێکی بچووکه‌وه ده‌گیرسێنه‌وه و ناتوانن وێنه گه‌وره دره‌وشاوه‌که که وڵاتە یان کۆمه‌ڵگە ببینن، به‌ڵام کێشه‌ی عێراقچێتی و ئێرانچێتی له بنه‌مادا جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو "چێتی"یه‌که‌ی نر! عێراقچێتی و ئێرانچێتی دوو پرۆژه‌ی داگیرکارانه‌ی دژه کوردن که له هیچ ڕوویه‌که‌وه ئێمه ناتوانین ڕایه‌ڵه و پێوه‌ندییه‌کی ڕه‌سه‌ن له نێوان خۆمان و ئه‌واندا بدۆزینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به ڕێگەی جۆراوجۆر ئه‌م نزیکایه‌تی و جووتبوونه، دروست بکه‌ن.
ئه‌م جووتبوون و زاوزێی داگیرکه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه له داگیرکراودا ڕوو ده‌دات که ملکه‌چ و سهرنهوییه و کێشه‌که‌یش له‌وه‌دایه خۆی نازانێت منداڵی ئه‌م جووتبوونه قه‌ت نایه‌ته دنیاوه و ئه‌گه‌ری هه‌یه خۆیشی له‌گه‌ڵ مەتۆلكەكە له‌بار بچێت!
من لێره‌دا بۆیه باسی ئێرانچیتی و عێراقچێتیم پێکه‌وه کرد، چونکه له بنه‌مادا ئه‌م دوو وڵاته و ئه‌م دوو ڕێبازه ده‌سکرده پیلانگێڕانه‌یان به ته‌واوه‌تی پێکه‌وه ههڵپێکاوە! ئه‌وان هه‌ر له په‌یمانه‌کانی زه‌هاو و سه‌عدئاباده‌وه بۆ ئه‌به‌د ده‌ستی هاوپه‌یمانێتییان پێک داوه، تا به‌رانبەر کورد هه‌میشه هاوده‌نگ و هاوهه‌ڵوێست بن. ئه‌وان ڕه‌نگه به‌و ئایدۆلۆحیا هاوبه‌شه ئاینییه‌وه خیانه‌ت لەیەك بکه‌ن، ڕه‌نگه له درێژماوه‌دا له حوکم و فه‌تواکانیاندا جیاوازی و ناکۆکیی دروست بێت، ڕه‌نگه قوم و نه‌جه‌ف له هه‌مبه‌ر یه‌ک بوه‌ستنه‌وه، به‌ڵام بەرانبەر ڕۆژئاوای ئێران و باكوری عێراق / ڕۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان/، ئه‌و ئەژدیها حه‌وت سه‌ره‌ن که تا سه‌رێکیان ده‌بڕی، سه‌ری دیکه‌یان لێ ده‌ڕوێته‌وه.
تێکه‌ڵاویی عێراقچێتی و ئێرانچیتی له فه‌زای کو‌لتووریی و میدیایی شاری ڕۆشنبیریی واته سلێمانیی خۆشه‌ویستدا له‌م ساڵانه‌ی دواییدا زۆر په‌ره‌ی سه‌ندووه، ئه‌مه‌یش به ڕێژه‌یه‌کی زۆر و زه‌وه‌ند به‌نده به‌و کایانه‌ی میدیاکانی ئه‌و زۆنه ده‌یکه‌ن، هه‌ر له کوردسات و ده‌زگای خه‌ندانه‌وه بگره تا ده‌یان په‌یجی سێبه‌ر و بەر هه‌تاو! ته‌نانه‌ت که‌ناڵ 8ی ئه‌و شاره که به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌دمین و به‌ڕێوبه‌رانی پشته‌وه‌یان ده‌ربخه‌ین، ده‌زانین ئه‌م مه‌کینه‌یه به وزه و بۆ مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌ودیو سنوور یان به‌غدادی ژه‌هراوییه.
دروستکردنی خواستی سیاسیی ئێرانچێتی یان عێراقچێتی، زیاتر له ئاست و کڵاوڕۆژنه‌ی کولتووری و میدیاییه‌وه دێته ژووره‌وه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سه‌یری میدیا و په‌یجه‌کانی زۆنی زه‌رد بکه‌ین، به بێ ئه‌ملاولا ڕۆژی چه‌ند هه‌واڵ یان شیکاریی له‌سه‌ر هونه‌ر و کو‌لتوور و که‌سایه‌تییه ئێرانییه‌کان بڵاو ده‌که‌نه‌وه، بەڵام ئه‌و میدیا به‌ڕێزانه شاری ڕۆشنبیرییان گەمارۆ داوه و به‌رده‌وام هوتافی ڕه‌خنه‌گرتنیان تا سنووری مه‌کسیک و وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا ده‌ڕوات، به وشه‌یه‌کیش چییه ڕه‌خنه له گۆرانیبێژ، هونه‌رمه‌ند، ئه‌کته‌ر یان که‌سایه‌تی و ته‌نانه‌ت فیلمێکی ئێرانی ناگرن! له حاڵێکدا به‌شێکی زۆری ئه‌و هونه‌ره ئێرانییه‌ی ئه‌وان خه‌ڵکی پێ گیرۆده ده‌که‌ن، هی کورده و فارسه‌کان دزیویانه!
له گوتاری ئه‌م ئێرانچییه میدیاییانه‌دا کوردانی ڕۆژهه‌ڵات ئێرانین و کوردانی باشوور عێراقین، لێره‌وه‌یە ئه‌م وته‌یه‌م ده‌سه‌لمێت که ئه‌م دوو گوتاره دوو کوڕی یه‌ک باوکن، ئه‌ویش فاشیزم و داگیرکارییه!
من ئه‌م پرسیاره له هه‌موو خوێنه و بینه‌ر و هه‌ر که‌سێک خۆی به عاقڵ و تێگه‌یشتوو ده‌زانێت ده‌که‌م، ئایا ئه‌مه جێی گومان نییه که له هیچ میدیایه‌کی سه‌ربه به‌ڕێوه‌به‌رانی زۆنی سەوز یان با بڵێین هه‌موو ئه‌و میدیا چالاکانه‌ی زۆنەكە /بێگومان له‌ژێر هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و شاره‌دان/، به وشه‌یه‌کیش چییه ڕه‌خنه له هیچ لایه‌ن و دیارده و ته‌نانه‌ت شتومه‌کێکی ئێرانی و عێراقی ناگیرێت، به‌ڵام سه‌ری ڕمی ڕه‌خنه و جوێندان و تهشهیرهکانیان گوتاری کوردایه‌تی و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه؟
با هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ین و ددان به‌وه‌دا بنێین که کوردستان قه‌یرانی تێدایه، با گریمانە بکه‌ین حکوومه‌تی هه‌رێم به‌شبه‌حاڵی خۆی لاوازی و که‌مته‌رخه‌می له‌م دۆخه‌دا هه‌بووه، به‌ڵام ئایا هه‌موو ئه‌م دۆخه لە ئه‌ستۆی حکوومه‌ته؟ ئاخۆ مرۆڤی عاقڵ و شیکارێکی به ئاوه‌ز و بێلایه‌ن، دێت هه‌موو شته‌کان بخاته گه‌ردنی حکوومه‌تێک که به خوێن و خه‌باتی برا و باوباپیرانی نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌رهه‌م هاتووه؟ به‌ڵام له بەرانبەر عێراق و ئه‌و ده‌سته ئێرانییه‌ی که هه‌موو قه‌یرانه‌که‌ی ساز کردووه بۆ گوشتارختخستنه سه‌ر هه‌رێم و کوردستان، مته‌قی لێ ببڕێت؟
من ته‌نیا یه‌ک شت ده‌ڵێم که ئه‌و ئاڕاسته و گوتاره‌ی ته‌نیاوته‌نیا ڕووی ده‌می له حکوومه‌تی هه‌رێم و کوردستانه، به شێوه‌یه‌کی به‌رنامه‌بۆداڕێژراو ئاڕاسته کراوه و یاریی به خه‌ڵک ده‌کات، ئه‌گینا هیچ لۆجیک و عه‌قڵێکی ته‌ندروست قبووڵی ناکات هه‌موو شته‌کان به‌شێوه‌ی ره‌ها بخاته ئه‌ستۆی لایه‌نێک، بۆیه ئه‌م تێڕوانینه بۆ دیارده و هه‌موو شته‌کانی که‌ون و کائینات، تێروانینێکی نه‌ک نوقسان، به‌ڵکوو ناتهندروستیشه!
ئێمه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به هه‌ڵکه‌وتیش به عه‌رزدا بکه‌وین له کاتی پیاسه‌کردندا، ته‌نیا به‌شێکی به خه‌تای خۆمانی ده‌زانین، به‌شێکی ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی خراپی ڕێگەكە و به‌شێکی سه‌رقاڵیی ژیانیی ڕۆژانه و پەستانەكانی ژیانی سه‌رده‌م، به‌شێکیشی ڕه‌نگه خه‌تای پێڵاوه‌کانمان بێت و ته‌نانه‌ت به‌شێکیشی به قه‌ده‌ر ده‌زانین و... ئه‌مه ڕووداوێکی ئاسایی و بێ خهساریشه، به‌ڵام له‌ولاوه تۆ دێی له‌سه‌ر هه‌ستیارترین بابه‌تی سه‌رووی 70ا ملیۆن کورد له ناوچه‌که‌دا که کیان و بوونی سیاسیی هه‌ریمی کوردستانه، به ئاسانی دێیته گۆ و هه‌موو قسه‌یه‌ک به ته‌شهیر و ته‌وسه‌وه ده‌خه‌یته ڕوو و گوایه به‌م شێوه‌یه یارمه‌تیی خه‌ڵک ده‌ده‌یت و ئازاره‌کانیان ده‌لاوێنیته‌وه؟ ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی یاریکردنه به ئازار و ره‌نجی خه‌ڵک و خیانه‌ته لەو خه‌ڵکه‌ی ئازار و ڕه‌نجه‌کانیان له کانیی خوێن و خه‌باته‌وه هه‌ڵقوڵیوه و به دڵنیاییشه‌وه ئه‌گه‌ر بێلایه‌نانه بیاندوێنین، هیچ کات پشت ناکه‌نه به‌ها کوردستانییه‌کان! ڕه‌نگه تووڕه و تۆلاز بن له لایه‌نه کوردستانییه‌کان، به‌ڵام ئه‌مه نابێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی کوردستان بخه‌نه به‌رده‌م جه‌لادانی به‌غدا و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر!
به گشتیی قسه‌ی من ئه‌وه‌یه ئه‌م ماسته نه‌ک موویه‌ک، به‌ڵکوو ده‌یان مووی تێدایه که تۆ ڕه‌خنه له هیچ شتێک و لایه‌ن و دیارده و ته‌نانه‌ت مێشووله‌یه‌کی ئێرانی و عێراقیش ناگری، که‌چی له‌سه‌ر هه‌موو شتێکی کوردستان چه‌کی ڕه‌خنه‌ی ئاڕاستهکراوت له‌سه‌ر پێیه و ده‌سڕێژی ته‌شهیر و خۆڵکردنه چاوی خه‌ڵکت، ڕیزی به‌ستووه.