بیرمه‌ندێک ده‌ڵێت: ئه‌ی خودایه شێوازی ژیانکردنم فێر که من خۆم شیوازی مردن فێر ده‌بم. خاڵێکی گرنگ که له‌م ڕسته درێژه‌دا و به تایبه‌تی له به‌شی دووه‌مدا، ده‌بێت لێی ورد ببینه‌وه، شێوازی مردنه‌که‌یه. ده‌بێ بزانین شێوازی مردنه‌که مه‌به‌ست هه‌ڵبژاردنی مردن له ڕێگه‌یه‌کی دیاریکراوی ته‌قدیریانه و ته‌سلیمکارانه نییه، به‌ڵکوو پێش هه‌ر شتێک ئه‌م هه‌ڵبژاردنه مه‌رجدار کراوه به شێوازی ژیانکردن، واته شێوازی ژیانکردنه‌که شێواز و فۆرمی مردنه‌که دیاری ده‌کات، به‌ڵام ئه‌مه مانای ته‌واوی ڕسته‌که نییه، به‌ڵکوو ده‌بێ باسی ئەوەیش بکه‌ین که شێوازی مردنه‌که ته‌نیا و ته‌نیا کاتی سه‌ره‌مه‌رگ و گیانه‌ڵا نییه، به‌ڵکوو کاتێکی نادیار و شوێنێکی نه‌ناسراوی پاش مه‌رگیشه که دیسان به‌هۆی گرێدراوێتی له‌گه‌ڵ ژیاندا ده‌لاله‌ته نه‌مره‌کانی هه‌ر دێته ئاراوه. واته شێوه‌ی ژیانکردنی ئێمه له هه‌موو ئاسته‌کانی پاش مه‌رگمان، ده‌شێت کاردانه‌وه و کاریگه‌ریی هه‌بێت.
ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به ڕۆژی حه‌شر و جیهانی ئاخیره‌ت هه‌یه، بێگومان لایه‌نه مه‌عنه‌وی و ئیلاهییه‌که‌یشی ده‌بینن و ده‌یخوێننه‌وه، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یشی باوه‌ڕیان به ئیلاهیات و ڕۆژی دوایی نییه، به باشی ده‌زانن شێوه‌ژیانی مرۆڤ لانیکه‌م تا سه‌ر گۆڕه‌کانی ئێمه و هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵگه و جیهانی زیندوو له‌گه‌ڵ کێل و ئه‌و چاڵه‌ی که به‌ناوی قه‌بر یان گۆڕ له ناویدا نێژراوین، بالکێش و په‌لکێش ببێت.
ئه‌گه‌ر به نموونه‌وه باسی بکه‌ین، سه‌ردانی خه‌ڵک بۆ گۆڕی که‌سێکی وه‌ک هیتله‌ر سه‌ردانێک نییه له ڕووی سۆز و میهره‌وه، به‌ڵکوو بۆ په‌ندوه‌رگرتنە له مێژوو و بینین و هه‌ستکردن به‌و چرکه‌ساته‌ی مرۆڤێکی مه‌رگدۆست ئێسته له چڕنووکی مه‌رگدا خه‌وتووه و ده‌ڵێی له‌ناو عه‌ده‌مدا هه‌ناسه ده‌کێشێت و ئێمه چ ئاسووده‌ین به مردنی! بێگومان ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌کی دژ و پێچه‌وانه‌یش بهێنینه‌وه، سه‌ردانی خه‌ڵک له هه‌ر چوارگۆشه‌ی زه‌وییه‌وه بۆ سه‌ر گڵکۆی گاندی بیرمه‌ند و ڕابه‌ری مه‌عنه‌وی و دژه‌داگیرکاریی هیندستانە.
سه‌ردانی مه‌زاری گاندی بۆ ئه‌وه‌یه ڕێز له گه‌وره‌یی و بلیمه‌تیی و بوێری و ڕه‌وشتی مرۆڤێک بگرین که نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی له‌ژێر داپڵۆسانی ئینگلیز ڕزگار کرد و هاوکات ڕچه‌دانه‌ری چه‌ندان شێوه خه‌باتی مه‌ده‌نی و نافه‌رمانی مه‌ده‌نیانه‌یە بۆ هه‌موو جیهان و په‌یامی ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیانی به جیهاندا بڵاو کرده‌وه. كەواتە بێهۆ نییه ئێسته له هیندستان سه‌تان نه‌ته‌وه و زمان و ئاین به که‌مترین کێشه و گرفت و ناکۆکییه‌وه دیموکراسییه‌کی سه‌یری خۆکردانه ئه‌زموون ده‌که‌ن.
مه‌به‌ستم له هێنانه به‌رباسی ئه‌م نموونانه ئه‌وه‌یه بڵێم، ژیانی مرۆڤه‌کان له پاش مه‌رگیشیان هێشتا لای ئێمه‌ی زیندوو درێژه‌ی ده‌بێت، وه‌ک چۆن هیتله‌ر ئاره‌زووی فه‌رامۆشی و عه‌ده‌م لای ئێمه ختووکه ده‌دات و گاندیش ئاره‌زوو و حه‌زی نه‌مری و چاکه‌کاری دەگەشێنێتەوە، به‌م واتایه ئێمه هه‌رگیز نامرین. لانیکه‌م تا کاتێک جیهانێک که جێی دێڵین مابێت، هه‌ر له ئاستگه‌لی جۆراوجۆره‌وه زیندووین و جیهانی پاش جیهانی زیندوویش ئه‌و ڕازه‌یه که ته‌نیا به باوه‌ڕی دینی و ئیمانی خۆمان ده‌توانین تێیدا نه‌مر و جاوید بمێنینه‌وه، ئه‌مه‌یش دیسان هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و شێوازی ژیانکردنه که تا ناکۆتاکانی پاش مه‌رگ درێژ ده‌بێته‌وه.
له ڕاستیدا نه‌مریی له دنیای کورددا پێش هه‌ر که‌س و که‌سایه‌تییه‌ک به‌ر بارزانیی ده‌که‌وێت، ئه‌مه‌یش شتێکه که شێوه‌ی ژیان و خه‌بات و ئه‌و ڕێگایه‌ی گرتییه به‌ر تا کاتی مه‌رگ، مسۆگه‌ری کردووه. واته بابه‌تیکی مێژووکرده و له ده‌ره‌وه‌ی دروشم و قسه‌ی بریقه‌داره، ئه‌وانه‌یش به هه‌ر ڕوانگه‌یه‌کی دژبه‌ر یان ڕه‌خنه‌گرانه‌وه مێژووی بوون و ژینی ئه‌و که‌سایه‌تییه هه‌ڵسه‌نگێنن، ناتوانن له به‌رده‌م ڕاستییه‌کانیدا ملکه‌چ و پێمل نه‌بن. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وە شوێن حه‌وانه‌وه‌ی ئه‌به‌دیی بارزانیی نه‌مر له‌گه‌ڵ کاک ئیدریس، وه‌ک "مه‌زاری نه‌مران" ناوی ده‌رکردووه.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی زۆربه‌ی گڵکۆی ناوداره‌کانی جیهان و ته‌نانه‌ت به‌شی هه‌ره زۆری که‌سایه‌تییه سیاسی و ئاینییه‌کانی کوردستان و ناوچه‌که بده‌ین، گڵکۆیه‌ک نابینینه‌وه وه‌ک مه‌زاری مه‌لا مسته‌فا ساده و ڕه‌سه‌ن و هاوکات سامناک و پیرۆز بێت، ساده‌یی مه‌زاری بارزانی له ژیانی سیاسی و له‌سه‌نگه‌ربوونی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کانی و هاوخوانبوون له‌گه‌ڵیاندا، هاوتایه. واته شێوه‌ژیانی مادی چۆن بووه شێوه‌ی مه‌رگیشی هه‌روا ساده و شکۆدار.
پێکهات و فۆرمی مه‌زاری نه‌مران دوو په‌یامی سه‌ره‌کیی به‌رزی مه‌عنه‌وییان هه‌یه، یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی که دنیای مادی له ئاستی دنیای سه‌روومادیدا هیچ نرخێکی نییه، ئێمه ئه‌گه‌ر سه‌تان کۆشک و ته‌لار و باڵه‌خانه له ده‌وروپشتی گۆڕه‌که‌یشمان بۆ ڕێزلێنان له مه‌رگمان بنیات بنێن، نه‌ک ته‌نیا پێگه و به‌های مه‌عنه‌وی و کاریگه‌ریی گۆڕه‌که‌مان زیاتر نابێت، به‌ڵکوو له سام و هه‌یبه‌تی شکۆدارانه‌ی مه‌رگ دایده‌ماڵین، بۆیه مه‌زاری نه‌مران هێشتا به سروشتی و ده‌ستلێنه‌دراویی ماوه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له‌ناو مه‌رگدا هێشتا ده‌ژی و نه‌مریی هه‌ر ئه‌مه‌یه له ئاسته ڕه‌مزییه‌که‌یدا.
دووه‌میش ئه‌وه‌یه که ژیان له پاش مه‌رگ لانیکه‌م به چاوی سه‌ر و عه‌قڵی ئاسایی له‌ناو خه‌ڵک و زاکیره‌ی جه‌ماوه‌ر و مێژووی مرۆڤدا درێژه‌ی ده‌بێت و به ئاسانی ژیانی پێش مه‌رگ، تیشک ده‌هاوێته سه‌ر ژیانی پاش مه‌رگی تۆ.
ئه‌م دوو په‌یامه واته نه‌مریی له‌ناو شکۆی خۆیبوون و سروشتیبوون و دیسان نه‌مری له هه‌ناوی ژیانێکی هه‌ڵقوڵاو به ماهییه‌تێکی جوان، له مه‌زاری نه‌مراندا به ڕوونی و تیشکئاوێژ خۆی به چاو و زه‌یناماندا ده‌دات، بۆیه شایسته‌یه ئه‌م ڕێبه‌ره کاریگه‌ر و کاریزمایه له ئاستی شایسته و شیاوی مێژوویی خۆیدا و له فۆرمی مرۆڤبوونی، واته چاکه‌کاری و ناچاکه‌کاریی خۆیدا بخوێنینه‌وه و له‌وه‌ی که به‌پێی ململانێی حزبی و ته‌سکبینیی ئایدۆلۆجیه‌وه بیخه‌ینه سیاقێکی نالۆجیکی و دوور له ویژدانه‌وه، خۆ ببوێرین.
هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دنیا ڕێبه‌ری مه‌عنه‌وی و سیاسی خۆیان هه‌بووه که ئاماده‌یی و بوونی له مێژوودا پشتئه‌ستوور بووه به دنیایه‌ک زه‌حمه‌ت و ماندوونه‌ناسییه‌وه و نه‌ته‌وه‌ش له قبووڵکردنی وه‌ک ڕه‌مزێکی یه‌که و یه‌کانگیر، سڵی نه‌کردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا کورد به ده‌ست پوازه‌وه ده‌قڵیشێت و ئه‌مه مێژوویه‌که هیچ له ئاره‌زووی بۆ دووباره‌بوونه‌وه که‌م نه‌بووه‌ته‌وه.