نواندنه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌ی كورد له میدیای فه‌رمیی ئێرانی‌دا، مێژوویه‌كی زیاتر له ٤٠ ساڵ ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی هه‌یه، وێنه‌یه‌كه زیاتر به مه‌به‌ستی چاوبه‌ستكردن و خۆڵكردنه چاو دێت تا واقیعمان لێ تار و لێڵ بكات. لێره‌دا ناپه‌رژێمه سه‌ر ئه‌و وێنه و ئیماژانه‌ی پێش كۆمار له كورد خراونه‌ته ڕوو، به‌ڵام ئه‌و درێژه‌ی هه‌مان ڕه‌وت به ته‌كنیك و فۆرمێكی تر به‌مه‌به‌ستی سڕینه‌وه و نزمنواندنی كورد باس ده‌كه‌م.
ده‌ركه‌وتنی كورد وه‌ك ئه‌كته‌ر، ده‌رهێنه‌ر و فیلمنامه‌نووس، له شاشه‌ی ده‌نگ و ڕه‌نگیی فه‌رمیی كۆماری ئیسلامی‌دا به‌بێ تێپه‌ڕین به‌ناو كۆمه‌ڵێك فیلته‌ر و بازگه ناپێورێت و به بێ قبووڵكردنی یاسای كایه‌یه‌كی پێناسه‌كراوی ده‌سه‌ڵات په‌سند ناكرێت. به درێژایی زیاتر له 40 ساڵ ته‌مه‌نی پڕ هه‌وراز و نشێو و لێوان‌لێو له تاریكی و كوشتوبڕ و زیندانی كۆماری ئیسلامی، سیستمی میدیایی به ته‌واوه‌تی ئایدۆلۆجیایه‌كی پێڕه‌و كردووه تا نوێنه‌رایه‌تی زه‌قی سیاسه‌تێك بكات كه بنه‌ماكانی هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵی ٥٧ـه‌وه داڕێژراون و تا ئێسته‌یش درێژه‌ی هه‌یه.
كۆمه‌ڵگای ئێرانی و به‌تایبه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردیی ڕۆژهه‌ڵات، له فه‌زایه‌كی ته‌واو سیاسی‌دا ژیاوه. گه‌ر بڵێین كوردستان له پانتایی سیاسی‌دا هه‌میشه وه‌ك دواسه‌نگه‌ری به‌رگری و نیشانده‌ری ئه‌كتی به‌رخۆدان پێشه‌نگ و سه‌رپشك بووه، زێده‌ڕۆییمان نه‌كردووه.
كۆمه‌ڵگای كوردیی ڕۆژهه‌ڵات به زۆری له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا به دوو هۆكاری نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی یاسای كایه‌ی یه‌كسانسازی و هاودهستكردنهوهی تێكشكاندووه، ته‌نانه‌ت له كرماشان و ئیلام كه هاوئاینن له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆجیای سیاسیی ده‌سه‌ڵات، ئه‌كتی به‌رگریی له ڕێی خواستی كوردایه‌تی و ته‌وژمی نه‌ته‌وه‌په‌رستی به‌رگری نواندووه و له یه‌كسانسازی و توانه‌وه هه‌وڵی داوه خۆی لادات.
ئه‌و وێنه‌یه‌ی له میدیاكانی كۆماری ئیسلامی له كورد پێشان ده‌درێت بۆ یه‌ك مه‌به‌سته، ئه‌ویش شاردنه‌وه‌ی وێنه ڕاسته‌قینه‌كه‌یه. وێنه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ك به ئاستێك له هۆشیارییه‌وه بۆ داواكردنی خواسته‌كانی خۆی، بۆ پێناسه‌كردنی ماف و هه‌رێم و ده‌نگ و ڕه‌نگ و مۆرك و ناسنامه‌ی خۆی.
ئه‌و وێنه‌یه‌ی كۆمار به گوته‌ی خۆی وه‌ك ته‌نز له كورد ده‌یخاته ڕوو، ڕێك بۆ شاردنه‌وه و كپكردنی ئه‌م وێنه گه‌وره‌یه‌ی خواستی سیاسی و شوناسمهندی كورده له ئێران، بۆیه له‌ناو هه‌موو ژانره‌كانی نواندنه‌وه و گێڕانه‌وه‌دا ته‌نیا ته‌نز به كار ده‌بات و له‌و جێیانهیش كه ته‌نز نییه، ئیتر وێنه‌كه له‌سه‌ر كورد نییه، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئایدۆلۆجیای ڕزگاركه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێرانه كه وه‌ك فریادڕه‌س و براگه‌وره یان باوكێكی دڵسۆز و به‌هێز ده‌رده‌كه‌وێت، ڕێك وه‌ك فیلمی "ئۆپراسیۆنی كه‌ركووك" به ده‌رهێنه‌ریی جه‌مال شورجه له ساڵی ١٩٩٢ كه تاقمێك كوردی عێراقی هاوكاری هێزه‌كانی ئێران ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی ئۆپراسیۆنێكی تاران دژی به‌عس بگه‌یه‌ننه ئه‌نجام.
لێره‌دا كورد ته‌نیا رێبوارێكی تێپه‌ڕی پشت وێنه گه‌وره‌كه‌یه كه به هه‌ڵكه‌وت و خێڵایهتییانه تێپه‌ڕیوه و له پشت وێنه‌ی ئه‌و باوك و برایه‌وه هه‌ر دیار نییه، به‌ڵام ده‌یه‌وێت وا پێشانی بدات كه له دواجاردا ئه‌وانیش به‌شێكی بچووكن له ئێمه‌ی مه‌زن. له فیلمێكی وه‌هادا كورد هیچ وێنه‌یه‌كی نییه، به‌ڵكو لاپه‌ڕه‌یه‌كی فڕێدراو و گۆشهكهوتووی نه‌رێنییه كه له هه‌مبه‌ر تیشكی وێنه‌كانی نر هیچ ڕووناكیی جیهانی واقیع به‌خۆوه نابینێت. بۆیه ئه‌م جۆره فیلمانهیش كه ڕه‌هه‌ندی ته‌نز تێیاندا غایبه، وێنه‌ی كورد له سووكترین و چرووكترین ئاستیدا پێشان ده‌ده‌ن.
وه‌ك گوتم، زۆربه‌ی زۆری ئه‌و دراما و فیلمانه‌ی له كامێرای كۆماری ئیسلامییه‌وه به‌رهه‌م هاتوون و به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان په‌رژاونه‌ته سه‌ر كورد و كۆمه‌ڵگای كوردی، له ڕێی فۆرمێكی نواندنه‌وه و گێڕانه‌وه‌وه بووه كه به حیسابی خۆیان پێی ده‌ڵێن ته‌نز، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی درامایه‌كی وه‌ك "ن خ" له ده‌رهێنانی سه‌عید ئاقاخانی ناچێته خانه‌ی ته‌نزه‌وه، ئه‌گه‌ر له باوه‌ڕ پێكراوترین و قبووڵكراوترین پێناسهیشهوه بۆ ته‌نز ده‌ست پێ بكه‌ین، ده‌بێ بڵێین ته‌نز ده‌ربڕین یان گێڕانه‌وه و نواندنه‌وه‌ی واقیعه به شێوه‌یه‌كی پێكه‌نیناوی كه مه‌به‌ستێكی تاڵ و پڕئێشی له پشته‌وه‌یه.
بۆ ڕوونبوونه‌وه‌ی زیاتری مه‌به‌سته‌كه‌م، به‌راوردێكی خێرا ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ كارێكی تری ته‌نز. ده‌توانین وه‌ك درامای سه‌ركه‌وتووی ته‌نز ئاماژه به كاره‌كانی میهران مودیری و به‌تایبه‌تی "قاوه‌ی تاڵ" بكه‌ین كه تێیدا بابه‌تێكی سیاسی/مێژوویی به شێوه‌یه‌كی ته‌نزاویی و پێكه‌نیناوی دێته گێڕانه‌وه، به‌ڵام مه‌به‌ستی پشت هه‌موو ئه‌م پێكه‌نین و گاڵته‌جاڕییانه پێشاندانی دۆخێكی ناله‌باری حوكمكردن و پاشایه‌تی و گه‌نده‌ڵی و قهشـمهرێتی ناو كۆشكی پاشایه‌تی و هه‌ڵسوكه‌وت و جووڵه و دانوستانیانه له‌گه‌ڵ یه‌ك و له‌گه‌ڵ خه‌ڵك. به‌ڵام ئایا درامای "ن خ" له چواچێوه‌ی ئاوه‌ها پێناسه‌یه‌كدا ده‌گونجێت؟ واته خه‌ریكه واقیعێكی تاڵ به زمانێكی پێكه‌نیناوی ده‌ڵێت؟ بێگومان نه‌خێر. ئه‌ی بۆچی كۆمه‌ڵگای كوردی له دیدی هونه‌ری ئێرانییه‌وه ته‌نیا به ته‌نز ده‌نوێنرێته‌وه؟
هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له درامای "قاوه‌ی تاڵ"دا تۆ واقیعێكی قبووڵكراو و حاشاههڵنهگرت به ناوی مێژووی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی و سیاسه‌تی حوكمكردنی خوێنیت به گریمانه گرتووه و ده‌ته‌وێ ئه‌و واقیعه دوای یه‌ك سه‌ده زیاتر به زمانی ته‌نز بنوێنیته‌وه،مه‌به‌ستی تاڵی پشت ئه‌و وێنه‌یه له ئێسته‌ی ده‌سه‌ڵاتیشدا ببینیته‌وه، بێ هۆ نییه كاتێك میهران مودیری درامای "شه‌وانی به‌ره‌ره"ی دروست كرد، به‌شێك له به‌رده‌نگان پێیان وابوو باس له دۆخی ئێسته‌ی كۆماری ئیسلامی ده‌كات، له حاڵێكدا زه‌مه‌نی ڕووداوه‌كان و قۆناغه مێژووییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زه‌مه‌ن و ساتوكاتی پاڵه‌وی یه‌كه‌م و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌زای شای میرپهنجه.
واته ئێمه بۆ خستنه‌ڕووی فۆرمێكی ته‌نز پێویستمان به واقیعێكی قبووڵكراو هه‌یه به ناوی كورد چ وه‌ك كۆمه‌ڵگا چ وه‌ك مێژوو و ناسنامه‌یه‌كی جیا و جیاواز. ئایا كاتێك ئه‌مانه قبووڵ نه‌كراون لایه‌نه جه‌وهه‌رییه‌كه‌ی ته‌نز ون نابێت؟ ئیتر چی ده‌مێنێته‌وه بیكه‌ین به ته‌نز و پێكه‌نیناوی و مه‌به‌ستێكی تاڵ له پشتییه‌وه ببینینه‌وه؟ ئایا لێره‌دا ته‌نز له مانا و پێناسه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خۆی ناترازێت و به لاڕێدا نابرێت و وێنه‌ی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردی نابێ به كۆمه‌ڵێك بووكه‌ڵه‌ی یاری و دیبووك كه 40 ساڵ زیاتره میدیای ئێرانی ده‌رخواردی خه‌ڵك و بهردهنگیی ئێرانیی ده‌دات؟
به‌رده‌نگێك كه چه‌شه و زائیقهی به‌وه ڕاهاتووه وێنه‌یه‌كی به‌ده‌ر له ته‌نز و نواندنه‌وه‌ی واقیعی سیاسیی كورد ببینێت، ڕه‌گی ملی ڕاست ده‌بێته‌وه و هه‌موو كورده‌كان به جوداخوازیی و سه‌ربه‌خۆییخوازی تاوانبار ده‌كات و جێی هیچ دیالۆگێك ناهێڵێته‌وه؟
به گشتی دوو ڕوانگه له‌باره‌ی ئه‌مجۆره درامایانه كه دوایه‌مینیان و باس ههڵگیرسێنهرترینیان درامای "ن خ"ـه، هه‌یه. یه‌كیان پێی وایه ئه‌مه كرانه‌وه‌یه‌كه به‌ڕووی كورددا و كورد له‌و په‌راوێزه میدیایی و بێده‌نگییه ڕێكخراو و یاسامهندهی چه‌ندان ده‌یه دێته ده‌ره‌وه و كورد به‌م شێوه‌یه ده‌توانێ مانیفێستی خۆی بكات. ڕه‌نگه ئه‌م ڕوانگه‌یه وه‌ك ڕیفۆرمخوازان به هیواوه چاو له بابه‌ته‌كه بكات و په‌خشی گۆرانیی حه‌سه‌ن زیره‌ك یان ناسری ڕه‌زازیی له‌ناو ئه‌و درامایه‌دا وه‌ك نیشانه‌ی كرانه‌وه بزانێت و مزگێنیی كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كه كه ساڵانێكه داخراوه. به‌ڵام پرسیار ئه‌مه‌یه، ئایا درامایه‌كی ته‌نز هه‌ڵگری وه‌ها هیوایه‌ك ده‌بێت بۆ كردنه‌وه و كرانه‌وه له ئاستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و شوناسدا؟ بۆچی له چوار ده‌یه‌دا زیاتر باس و بابه‌ت و نواندنه‌وه‌ی میدیای فه‌رمی و ته‌نانه‌ت به‌شێكی هه‌ره زۆری میدیای نافه‌رمی ئێرانیش بابه‌تێكی سیاسی، یان مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تییان له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگای كوردیدا نه‌گێڕاوه‌ته‌وه؟
ڕه‌نگه بكه‌وینه‌وه بیری فیلمی "چ" له ده‌رهێنانی ئیبراهیم حاته‌می كیا كه له ساڵی ٢٠١٣ دروست كراوه و ههڵگۆستهیهكی زۆر ناشییانه و زۆڵانه‌ی ئیبراهیمی حاته‌می كیایه له فیلمی "چ" به ده‌رهێنه‌ریی ئیستیڤێن سوودێربێرگ كه ساڵی ٢٠٠٨ له‌باره‌ی چهگواراوه دروست كراوه، به‌ڵام ئه‌مه‌یان له‌باره‌ی دوو ڕۆژ ژیانی مسته‌فا چهمرانه له ڕووداوه‌كانی پاوه‌دا و به ڕێبه‌ری سه‌ركوتكردنی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی و چه‌كداریی كورد له پاوه ده‌ناسرێت.
له فیلمی "چ"دا كه له‌ناو ژانری جه‌نگی -مێژوویی‌دا پۆلێنبه‌ندیی ده‌كرێت، دیسان كورد دابه‌ش ده‌كرێت به دوو تاقم، ئه‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ڕه‌وت و ڕابوونی سیاسیی كوردیدا نین و كورده چاك و باشهكهن كه زۆرتر خه‌ڵكی جووتیار و گوندیی و هه‌ژار و داماون، ئه‌وانه‌ی كه زۆڵه كوردن و پشتیان كردووه‌ته باوكی گه‌وره و خیانه‌تیان له ئێران و ئاین و هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆیی كردووه، وه‌ك ڕوونیشه سیستمی گێڕانه‌وه و نواندن نموونه‌ی كوردی یه‌كه‌می به‌لاوه باشه و پاڵه‌وان و زڕبرا ڕه‌سه‌ن و قاره‌مانه‌كه، هه‌ر ئه‌و ڕه‌شوڕووت و داماوانه‌ن كه جگه له پهزوپۆڵه و باخ و بێستانه‌كانیان، كاریان به هیچی تره‌وه نییه.
ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی واقیعی مێژوویی تاقمی دووه‌م واته هێزی سیاسی و چه‌كدار له فیلمه‌كدا به‌شێوه‌ی ئه‌نقه‌ست ده‌شێوێنرێت، بۆ نموونه لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه وێنه‌ی سه‌رۆكی حزبی دیموكراتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و له زۆربه‌ی ئه‌و ڕووداوانهیشدا كه ئه‌م هێزانه هه‌ن، دژایه‌تیی ئاین پێشان ده‌درێت یان مه‌لایه‌ك ده‌درێته فیشه‌ك یان سووكایه‌تی پێ ده‌كرێت یان به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان جۆرێك له دژوازیی و نایهكانگیریی له ناویاندا هه‌یه و دواجار به‌رده‌بنه گیانی یه‌كتر، به كورتییه‌كه‌ی ئه‌م هێزانه خائینن به خۆیشیان، چونكه لۆجیكه سه‌رده‌ست و سه‌ركییه‌كه پێمان ده‌ڵێت: خیانه‌تی گه‌وره و یه‌كه‌مین ئه‌وه بووه كه پشتیان كردووه‌ته باوك و برا.
لایه‌نی دووه‌م باوه‌ڕیان وایه ئه‌م وێنهنواندنه له كورد و كۆمه‌ڵگای كوردی جگه له گاڵته‌جاڕی و قهشمهركردنێكی نه‌زۆك هیچیتر نییه و له درێژه‌ی پرۆژه‌ی قڕكردن و له‌ناوبردنی هه‌ر جۆره ئهویترێكه كه كۆماری ئیسلامیی پێناسه‌ی نه‌كردووه و قبوولی نه‌كردووه و نایكات. ئه‌مجۆره له تێڕوانین درێژه‌ی هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی توتالیتاریزم و تهواوخوازه و هه‌موو ئه‌ویترێك ده‌سڕێته‌وه، واته هه‌وڵ و ئاره‌زووی ئه‌وه‌یه هه‌موو ئه‌ویترێك بسڕێته‌وه و ئه‌ویتره گه‌وره میتافیزیكییهكه ده‌بێ تاق بمێنێته‌وه تا مانا و جه‌وهه‌ری نه‌گۆڕ و پیرۆزی خۆی بپارێزێت.
بێگومان ڕوانگه‌ی دووه‌م لۆجیكێكی به‌هێزتریان هه‌یه، چونكه مێژوو شایه‌تی ده‌دات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هیچ سیستمێكی توتالیتاریزم هیچ ئه‌ویترێك قبووڵ ناكات، جگه له‌وه‌ی له‌ژێر سێبه‌ر و تاپۆی كڵاو و عه‌باكه‌ی خۆیدا بێت.
سێ ده‌یه پێش ئێسته ئه‌وانه‌ی به بیریان دێت، ته‌له‌ڤزیۆنی كرماشان ڕۆژانی هه‌ینی به‌شێكی كوردیی هه‌بوو كه مه‌شهوور بوو به "گومان نیهكهم فڵانی"، ئه‌مه به‌رنامه‌یه‌كی ته‌نز بوو كه له ڕووی شیعره‌كانی شامیی كرماشانی سه‌ختی و مه‌ینه‌تی ژیانی كرێنشینی ده‌گێڕایه‌وه، ته‌نانه‌ت دۆخی تراجیدی ژیانی شاریی و كرێنشینی و كه‌ڵه‌كه‌بوونی ماڵ و داڕمانی نۆرمی كۆنی ژیان كه شامی له شیعره‌كانیدا به كوڵ له دیوانی "چه‌پكه گوڵ"دا گێڕاویه‌تیه‌وه، كردووه به مایه‌یه‌كی ته‌نزاوی و رۆحی ڕاسته‌قینه‌ی شیعره‌كان و نواندنهوهكانی دابه‌زاندووه‌ته سه‌ر ته‌نزێكی ڕووت و ڕاسته‌وخۆ و نه‌زۆك.