ریفراندۆم و شوناس لای "نەخێرەکان"

AM:10:15:23/09/2017 ‌
عادل قادری

(وردبوونەیەک لە لایەنی شوناسبەخشانەی "نەخێر"ـە دەرەکی و ناوەکییەکان)
هاوکێشەی "بەڵێ و نەخێر" لە بنەڕەت دا بۆ پرس (problem) و بابەتگەلێک بەکار دەبرێت کە لە رەهەند و لایەنگەلی زۆرەوە جەوهەری و گرینگن. لە هەندێ لە گێڕانەوە ئوستوورەناسانەییەکاندا وا هاتووە کە کاتێک خودا ویستی بڕیاری بەدیهێنان و هێنانە وجوودی مرۆڤ بدات، پرسی پێکرد و لە رووی ئه‌نتۆلۆژی یان هەستی ناسییەوە خستییە هاوکێشەیەکی "بەڵێ و نەخێر"ەوە. 

خودا وتی: هەر کام لەم دووە (بەڵێ و نەخێر) هەڵببژێری، ئەوە بۆ توانست و وزەی بژاردەکردن  (choice)ی خۆت دەگەڕێتەوە, بەڵام ئەوەی کە دەبێ هەڵوێستەی لەسەر بکەیت ئەمەیە کە "هەر وەڵامێک دەدەیتەوە دەبێ لە ئاستی پێشهاتەکانی داهاتووی بەرپرس و ملکەچ بیت، ئەگەر بەڵێ هەڵبژێریت ئەوا وجوود پەیدا دەکەی و دێیتە پانتایی بوون، بەڵام وجوود لەگەڵ رەنج و ئازار و خەم و کەسەر تێکەڵە، ئەگەریش نەخێر هەڵبژێریت ئەوا پانتایی عەدەم و ناوجوودت هەڵبژاردووە و لە توانا و ئەگەر و بەدواداهاتە رۆحی و هەستی و فیکرییەکانی وجوود خۆتت بێ بەش کردووە". 

ئەو شتەی لەم گێڕانەوەیەدا لە رووە فیکرییەکەیه‌وه‌ زۆر گرینگە ئەمەیە کە هەڵبژاردنی هەر بەڵێیەک رووبەڕووی کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی و ئەگەر و ئیمکانی چاک یان خراپت دەکاتەوە و ئەمە بۆ نەخێریش هەر راستە. 

لەم دەروازەیەوە دێمە سەر باسی دەرکەوتە و دەلالەتە کولتوورییەکانی "نەخێر" پێوەست بە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لە ئێران و کوردستان. لە رووی کولتووری و زۆرتر سیاسییەوە لە ئێران و کوردستان هاوکێشەی "بەڵێ و نەخێر" بۆ پرسگەلی گرینگ و زۆر چارەنووسساز هاتووه‌تە کایەوە، بەڵام هەر کام لەم وڵات و نەتەوەیە سەرەڕای هەموو هاوبەشێتی کولتووری و زمانیی، جیاواز لەگەڵ ئەم هاوکێشەیە جووڵاونەتەوە، یارییکردن و رۆڵگێڕان لەناو هاوکێشەی بەڵی و نەخێر وابەستەی هێزی خۆئاگایی (self-consciousness) و وشیاربوونەوەیە، جا ئەمە چ وەک تاکێک بیت یان گرووپ و توێژێک یان تا دەگاتە کۆمەڵگایەک. لەو هاوکێشە کۆنەی "بەڵێ و نەخێر"، هەڵبژاردنی هەرکام لە "بەڵێ و نەخێر" وابەستەی پلەی خۆئاگایی و خۆوشیاریی عەبد لە ئاستی خودا و لایەنی وجوودی خیلقەتەکەی بوو. 

رۆڵی خۆئاگایی لە هاوکێشەی "بەڵی و نەخێر"ی پانتای کولتوور و سیاسەتیش بەشێوەیەکی زەق پێوەستە بە هێز و توانستی خۆئاگاییەوە کە بێگومان بە رێڕەوێکی مێژووییدا گەشەی کردووە و ئەنجامی رووداوێکی تایبەت و دیاریکراو یان قۆناغێکی مێژوویی دەستنیشان کراو نییە. لە مێژووی پڕ هەڵپە و خوێناوی و گڕلێکەوتووی گەلی کوردیشدا جۆرێک لە خۆئاگایی نیوەچڵ هەیە کە ئیرادە و خواستی بەرەو ریفراندۆم چوون، دەتوانێت وەک هەنگاوێکی سەرەتایی و پێشەنگ بۆ گەشەی زیاتر و زۆرتری ئەو خۆئاگاییە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر لە قەڵەم بدرێت. 

ئەو "نەخێر"ەی ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە لە چەقی هاوکێشەیەکی رژدی وادا نییە پێوەست بێت بە شوناسی خود و شکڵێکی خۆئاگاییەوە، ئەو "نەخێر"ە ئەوەندە دەرگیری هاوکێشە و کایەی سیاسی و حزبیی فەزای باشوورە, نیو ئەوەندە چاو لە دەلالەتی شوناس تەوەر و خۆوشیارکەرانەی بژاردن و ئینتخابەکەی ناکات، "نەخێر" مافە و هەر کەس بۆی هەیە هەڵی بژێرێت, بەڵام لەناو چ بازنەیەکی خۆئاگاییدا ئەم بژاردنە دەکات؟ ئایا گۆڕمەنی (متغیر) و توخمەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە پرس و وتەزا (category) گشتی و مرۆیی و نەتەوەییەکان پێک دێت یان لەناو بازنەیەکی بچووکی حزبی و گرووپی و رۆشنبیریی ئایدیالیست و بەزەفڕدا دەژێت؟ هەر چەند پێبەستبوونی دەنگی نەخێرەکان لە باشوور تەنیا بە خوێندنەوەی لایەنی نەخێر و پانتایی ئیشکردن و مێژووی بیرۆکەی نەخێرەکان ناخوێنرێتەوە, بەڵکو دەبێت هەڵسوکەوت و دەرکەوتنی نەخێرەکان لەناو هاوکێشەیەکی گەورەتر لەوان و لە هەناوی کۆی مێژووی "بەڵێ و نەخێر"ـە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی کورد بەگشتی و فەزای سیاسی و كولتووریی باشوور بەتایبەتی بخوێنرێتەوە و شی بکرێتەوە. 

واتە تێگەیشتن لە هەڵسوکەوتی نەخێرەکان وابەستەیە بە تێگەیشتن لە هەڵسوکەوتی لایەنی "بەڵێ"کان و تەنانەت هەندێ دەنگی کۆنسێرڤاتیڤ و خۆنەگرتوو کە لە نێوان بەڵێ و نەخێردا سووڕ دەخۆن و بژاردەیەکی شەفاف و یەکلاکەرەوەیان بۆ خۆیشیان نییە.

نەخێرەکان لە باشوور بێگومان تا ئێستە قسەی خۆیان کردووە و دەبێ مافیان هەبێت بەردەوام قسەکانیشیان بکەن, بەڵام بەداخەوە تا ئێستە ئەوەی لەلایەن نەخێرەکانەوە دەبەشێتەوە و باسی لێ دەکرێت و کراوە بە رۆژەڤ، بە کەمترین حاڵەت لە هاوکێشەی بچووک و حزبی و گرووپی "بەڵێ و نەخێر" نەهاتووه‌تە دەرەوە، لێرەولەوێ هەندێ رۆشنبیری ئایدیالیست (ئەوانەی چاوەڕوانییان لە واقیعی رووداوەکان زۆرتر بە پێی خەون و ئاواتە و کەمتر بەپێی واقیع و توخمە رێژەییەکانێتی)ی دیار، باسی چەند شتێک دەکەن کە هەوڵیانە لەم هاوکێشە دەرباز ببن, بەڵام لە دواجاردا ئەوانیش لە رووە سادە کولتووری و سیاسییەکەی تێناپەڕن و دێنە سەر هاوکێشەی فەزای زاڵی باشووری کوردستان، ئەوان لایەنی شوناسمەندانە و کیانسازانەی هاوکێشەکە بە کەمترین حاڵەت دەبینن و ئەکت و هەڵسوکەوتیان وا دەریدەخات کە هەر فەرامۆشیان کردووە، فەرامۆشییەکی مێژوویی و شوناسکوژانە کە رەنگە خۆیشیان زۆر بەکەمی ئاگایان لێ بێت, چونكه‌ لەناو ئاستێکی بچووکی خۆئاگاییدا دەژین. 

هەر چەند وەک وتم ئەم دۆخەی نەخێرەکان بە هەردوو لایەنی سیاسی و رۆشنبیریی کە تێیدا دەژین خۆیان گەشەکردو و هەڵقوڵاوی مێژوویەکن کە هەم بەڵێکان و هەم نەخێرەکان درووستیان کردووە، واتە بەڵێکانیش لەو ئاستە بچووکەی بۆ شوناسی نەخێرەکان دیاری کراوە بەرپرسن، لەلایەکی ترەوە بوونی مێژوویەکی خاوەن "بەڵێ و نەخێر" بە هەندێ تایبەتمەندیی جیهانی دیموکراسی و مۆدێرن وەک میدیای ئازاد و ئازادی دەربڕین, .خۆی لە خۆیدا دەسکەوتێکی گرینگە و ئێمە خەریکین كولتوورێک جێ دەخەین و ئەزموونی حاڵەتێک لە گفتوگۆ دەکەین کە بۆ وڵاتانی دراوسێی کوردستان دەگمەن و ناوازەیە، هەرچەند بێبەری نییە لە خاڵی لاواز و بگرە هەندێ جار خەساربار. 

ئێمە کاتێک پرۆسەی خۆئاگایی نەخێرەکانمان باشتر بۆ دەپێورێت کە لە نەخێرە ناخۆییەکان ئاگا بینەوە و لێیان ورد بینەوە. وردبوونەوە لە نەخێرە ناکوردییەکان چ وڵاتانی دراوسێ و چ وڵاتانی زلهێزی دەرەوە، کڵاوڕۆژنەیەکی درەوشاوەتر بەرەو خۆئاگایی ئێمە دەکاتەوە و ئەمە ئەو کاتەیە کە ئێمە کیانی نەتەوەیەکی 40 ملیۆنی گەورە و کاریگەر لەناو هاوکێشەکانی باشووردا کورت ناکەینەوە، من لێرەدا بۆ ئەم مەبەستە گێڕانەوەیەکی سادە لە نەخێرەکانی وڵاتی ئێران باس دەکەم. 

گومان لەوەدا نییە ئێرانییەکان (کە ئێستە هەر ناوێکی فریودەرانە و میتافۆڕێکی ناو مێژووە ئەگینا هەر مەبەست فارسەکان و نەتەوەی سەردەستە) و کولتووریی فارس خاوەنی جۆرێک لە وشیاریی و خۆئاگایی بووە و هەیە، هەرچەند زۆر مەودای لەگەڵ فۆرمێکی ئینسانی و دیموکراتیکی مرۆیی خۆئاگاییدا هەیە. لە پانتا گشتییەکەی وڵاتی ئێران دوو رەهەندی زۆر گشتی کولتوور بوونی هەیە، رەهەندێکی گشتەکی و هەست تەوەرانە کە هەر لە خەڵکی سەرشەقام و دوکاندارەوە دەیگرێتە بەر تا هەندێک مامۆستای زانکۆ و بیرمەند و سیاسەتوان، رەهەندێکی تایبەتی کە هەنووکە رەنگە لە پەراوێز بن, بەڵام ئەوانەن کە جیاوازییەکانی داهاتوو و مۆرکە بزۆز و کێشكەر و کاریزمانەخشاوەکەی کولتوور دیاری دەکەن. 

سامناکی و کارەساتی پرۆسەی خۆئاگایی ئەم کولتوورە ئەوەیە کە لەناو هەردوو رەهەندەکەیان بۆ پرس و کیانی کورد, نەخێرێکی دەمارگرژانە هەیە (چ لە ناوخۆ بن یان لە دەرەوە)، ئەمە ئەو تەناقوز (paradox) و دژوازییەیە کە رەوتی خۆئاگایی ئێرانی هەر لە سەردەمی بەرمەکییەکانەوە تا مەغۆل و تا ئێستەیش لێی رزگار نەبوون، ئەوان کولتوورێکیان پەرە پێداوە کە ئیمپراتۆرییەت و سەردەستی و باڵادەستی بۆ خۆیان بە درووست و رەوا دەزانن و بۆ نەتەوەکانیتر بە ناڕەوا، بەڵام قووڵایی کارەساتەکە لێرەدا نییە, بەڵکو لە سەردەمی ئێسته‌دا ئاستی کارەساتەکە لەوێیە کە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی دەربڕین و... تەنیا کاتێک مانای هەیە کە بۆ خۆیان بێت و خۆیان بیانه‌وێ، رەنگە ئەمە تایبەتمەندی زۆر لە کولتوورەکانی ناوچەیش بێت, بەڵام ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم ئەمەیە کە ئەم هاوکێشە و دەمارگرژیی و "خۆپەرستی"یە کە لایەنە تاریکەکانی خۆئاگایین, بەر لەوەی تەنیا لە حکوومەتێک یان پێکهاتێک سیاسی جڕ و زەق بووبێتەوە، بنەما و جەوهەرێکی کولتووریی هەیە کە وەک وتم پێشینە و مێژینەکەی زۆرە، بۆ نموونە: بۆ خواجە نەسیری تووسی درووست و رەوایە کە چاوساغ و راوێژکاری مەغۆلەکان بێت تا کوردستان و وڵاتانیتر بێننە ژێر رکێفی مەغۆل تاکوو" بە فەرمانی هەلاکۆ خان/گوڵ شین نەبن لە باخان" بەڵام ئەگەر کورد رێکكەوتنێک لەگەڵ خێڵێکی عەرەبدا بکات ئەمە ناڕەوایە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ دیموکراسی و یاسای نێودهدوڵه‌تی و مافی مرۆڤ و لە سەرووی هەموو ئەمانەش کیانی ئەوانەوە! هەر ئەم پێشینە قووڵ و خۆئاگاییە نەخۆشە وای کردووە بیرمەندێکی وەک جەوادی تەباتەبایی باسی ئایدیای ئیرانشار و نەتەوەی کۆن و کوروش پاشا و خەونە ئوستورەیی و ئاسمانییەکانی نەتەوەی ئێران بکات و کەمینە و نەتەوەکانیتر بکات بە قوربانی بەردەم و دەستیان. 

ئەم تێڕوانینە لە تورکیاش لە قەوارەی تێزی زمانی خۆر و نەتەوەی موقەدەس و هەڵبژێراوی تورک دەرکەوتووە. جەوادی تەباتەبایی دژوازیی و تەناقوزێکی مانادارە کە لە هەناوی ئەم کولتوورە کۆنەی خۆپەرستی و ئەو رەوتە ناتەندرووستەی خۆئاگایی هەڵقوڵاوە، ئه‌ڵمانیزانێکی شارەزا و هیگڵ ناسێکی بەتوانا بە نیسبەت کەمینەکانی ئێرانەوە بەرەو تێڕانینی مەلاکانی تاران و قوم هەنگاو دەنێت، هەرچەند با پێڵاوەکەی جیاواز بێت, بەڵام ئاراستەی هەنگاوەکانی یەک شوێنە! نابێ بێویژدان بین و لە لایەنیتر هەندێ لایەنی گەش, بەڵام بچووک و کورتی ناو ئەم کولتوورە کە بەنیسبەت پرسی کورد لەو کولتوورە نیوەچڵە دەرباز بووگن نەبینین، بۆ نموونه‌ سەعیدی فەقیە رەزەوی یان پیرۆزی موجتەهید زادە کە لە دەرەوەی ئەم کولتوورە زاڵ و ناتەندروستەی پرۆسەی خۆئاگایی ئێرانییەکان ژیاون, هەرچەند ئەم ناوانە وەک بواری کار و توانست و ئاستیان جیاوازن بەڵام هەموویان لەناو دیسکۆرسێکی کولتووری دیاریکراودا گەشەیان کردووە.

وردبوونەوە لەم دەلالەتانەی نەخێر لە وڵاتێکی وەک ئێران و لە دەم و زار و هەڵوێستی ئاشکرا و نهێنی رۆشنبیر و بیرمەندانیان هەڵخڕێنەری هۆش و عەقڵی ئێمە دەبێت بۆ ئەوەی قووڵتر و گشتیتر و گەورەتر چاو لە پرسی ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی بکەین و لە بازنەیەکی تەسکی حزبی و هاوکێشەیەکی سیاسی باشوور بیخەینە دەرەوە و وەک پانتاییەکی مەزنی شوناسی ئینسانی و نەتەوەیی قەوارەیەکی کولتووریی و زمانیی بیبینین.