(به‌بۆنه‌ی وه‌رگێڕانی چێشتی مجێوری هه‌ژار موكریانی بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی)
له‌سه‌ر وه‌رگێڕان زۆر گوتراوه و هێشتایش ده‌گوترێ و دواتریش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌مه چاره‌نووسی شارستانیی و كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانه كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی وه‌رگێڕان له پێوه‌ندی و دانوستاندا بن. واته وه‌رگێڕان نه‌ك هه‌ر له سه‌رده‌مانی كۆن /پاش ئه‌فسانه و ڕووداوی بورجی بابێل كه چه‌شنی مرۆڤ سه‌تان و هه‌زاران زمانی به‌سه‌ردا بڕا و سه‌پێنرا/ پێویستی و شاڕێی گه‌شه‌سه‌ندنی پێوه‌ندی و پێكهوهههڵپێكانی كولتوور و شارستانییه‌كان بوو، به‌ڵكو له سه‌رده‌می ئێسته‌یشدا كه ده‌می زیره‌كیی ده‌سكرد و ته‌كنه‌لۆجیای میدیاییه، به شێوازێك ئاسانكاریی بۆ پێوه‌ندیی كولتوور و زمانه جیاوازه‌كان كردووه‌ته‌وه و به دڵنیاییه‌وه هه‌ر ئێسته‌یش بۆمان ده‌ركه‌وتووه كه كۆمه‌ڵێك كێشه و ئالنگاریی ڕژد له‌م پرۆسیه‌دا هه‌ن. هه‌ر ئه‌و پێگه و پله واڵایهی خۆی پاراستووه و بگره ئاڵۆزتر و هاوكات ناسكتریش بووه‌ته‌وه.
كه‌واته وه‌رگێڕان له‌م هاوكێشه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت شتێكی ڕۆبۆتی و ناهونه‌ری و نامرۆیی نییه، به‌ڵكو ڕێك ئه‌و هونه‌ره‌یه كه له ڕێی مرۆڤ و عه‌قڵ و هه‌ستی سروشتی و نادهسكردهوه دێته ئاراوه. واته له وه‌ها پێشهكهوتنێكی شۆڕشئاسایشدا له بواری زیره‌كیی ده‌سكرد و وه‌رگێڕه تهكنهلۆجیهكانی ئه‌په جیاوازه‌كاندا، ئه‌وه وه‌رگێڕه ڕاسته‌قینه و مرۆییهكهیه كه ده‌توانێ بیر له داهێنان و وشه‌سازیی بكاته‌وه و شتێك له ئه‌ده‌ب و جوانیناسی، له پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی مانا و وێنه‌كاندا له زمانێكه‌وه بگوازێته‌وه بۆ زمانێكی تر.
ئێمه ڕۆژانه چه‌ندان نموونه له وه‌رگێڕانی ڕسته‌ی پۆستی تۆڕه‌كانی وه‌ك فه‌یسبووك، ئینستاگرام و تویته‌ر و... ده‌بینین و به ئاسانی ده‌توانین هه‌ڵه زه‌قه‌كان ببینینه‌وه، ئه‌مه ته‌نیا له ئاستی تۆڕهكتنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا نییه و ڕۆژانه ئه‌گه‌ر چاو له هه‌واڵه‌كانی كه‌ناڵێكی عێراقیی كوردی به ناوی "عراقیه" بكه‌ین، به ئاسانی و به زه‌قی هه‌ڵه‌ی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان ده‌بینین. بۆ نموونه: "سه‌ید عه‌مار حه‌كیم و شێخ قه‌یس خه‌زعه‌لی، دووپات له گرنگی پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نه ناوخۆییه‌كان كرده‌وه". ئه‌مه ته‌نیا له ئاستی وه‌رگێڕان و گواستنه‌وه‌ی مانای ههواڵێكدایه به‌شێوه‌ی ته‌كنیكی له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی تر /جیاواز له‌وه‌ی كه‌ناڵێكی وه‌ك عێراقیه پێده‌چێت ئامانجی زمانشێوانی كۆلۆنیالیستی له پشته‌وه بێت یان نا/ ، به دڵنیاییه‌وه له ئاسته ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی و زانستییه‌كاندا ئه‌مه ده‌توانێت زیانی گه‌وره به‌ر پرۆسه‌یه‌ك بخات كه ئامانجی گه‌شه‌ی زانست و مه‌عریفه و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه و دانوستانی كولتوور و شارستانییه‌كانه.
وه‌رگێڕان وه‌ك باسم كرد، پێناسه‌ی جۆراوجۆر و جیاوازی بۆ كراوه و هه‌ر ڕێباز و تێڕوانینێكی فه‌لسه‌فی یان ئه‌ده‌بی و ته‌نانه‌ت زانستیش، جۆره هه‌ڵوێسته و سه‌رنجێكی بۆ پێناسه‌ی وه‌رگێڕان و جۆره‌كانی هه‌بووه، ئه‌مه‌یش له بنه‌مادا ده‌لاله‌ته له هه‌بوونی دۆخی جیاوازی وه‌رگێڕان، واته چركه‌ساتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وه‌رگێڕێك له‌گه‌ڵ دهقێكدایه كه بڕیاره وه‌ریبگێڕێته سه‌ر زمانی دووه‌م یان سێیه‌م. بۆیه لایه‌نگرانی بواری هێرمنۆتیك ده‌ڵێن، وه‌رگێڕان به‌ر له هه‌ر چتێك خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌كردنێكی ده‌قه. واته جۆرێك نووسینه‌وه و داڕشتنه‌وه‌ی ده‌قێكه به‌پێی تێگه‌یشتن و دركی وه‌رگێڕ له ده‌قه سه‌ره‌كییه‌كه.
ئه‌م تێڕوانینه وه‌ك ڕوونه ئازادیی زیاتر بۆ وه‌رگێڕ داده‌نێت و تا ئاستێك وه‌ك نووسه‌ر ده‌یبینێت كه ده‌قه‌كه به زمانێكی تر ده‌نووسێته‌وه، هه‌رچه‌ند ئه‌م تێڕوانینه هه‌موو ده‌قێك ناگرێته خۆی و تا ئاستێك له ژێر كاریگه‌ریی ڕێبازی فه‌لسه‌فیی هیرمنۆتیكیدایه و كۆی دنیا به خویندنه‌وه و ڕاڤه‌یه‌ك ده‌بینێت و به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌یش، پێوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ وشه و زمان و هه‌ر جۆره چالاكییه‌ك كه له‌ناو زماندا ڕوو ده‌دات له‌وانه‌یش وه‌رگێڕان.
بێگومان هیچ پێناسه‌یه‌ك ته‌واو و له جێی خۆیدا نییه و پێده‌چێت هه‌ر ده‌قێك جۆره ئه‌زموونێكی وه‌رگێڕان به ئێمه ببه‌خشێت كه بارستایی و ڕه‌هه‌ندی پێناسه‌كان بگۆڕێ، یان پووشێكی زیاتر بخاته سه‌ر خه‌رمانیان، مامۆستا شێركۆ بێكه‌س له شوێنێكدا گوتوویه‌تی، وه‌رگێڕان وه‌ك "ماچی ئه‌و به‌ر شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌یه"، دیاره ئه‌م پێناسه ناسك و خه‌یاڵئامێزه، زیاتر بۆ ده‌قه شیعرییه‌كان و به‌گشتی ئه‌ده‌ب و ئه‌و ئه‌زموونه ئهدهبییانهن كه زیاتر له فه‌زایه‌كی شاعیرانه‌دا هۆنراونه‌ته‌وه به ڕۆمان و چیرۆكیشهوه.
كورد له ڕووی هه‌وڵدان بۆ تێگه‌یشتن له‌م پێناسانه و تیۆریداڕێژییهدا، به‌شی خۆی چالاك بووه و له ئاستێكی ڕێژه‌ییشدا له پانتایی گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و هزری و ڕۆشنبیریدا، توانیویه‌تی ڕێژه‌ییبوونی ئه‌م بابه‌ته باس بكات و بیگێڕێته‌وه، به‌ڵام گرفته‌كه ته‌نیا ئه‌وه نییه، به‌ڵكو پراكتیزه‌كردن و ڕه‌چاوكردنی ئه‌م پێناسه و ڕاڤه و تێگه‌یشتنانه‌یه له وه‌رگێڕاندا به‌پێی ده‌قێك كه وه‌ریده‌گێڕین، ئه‌وه‌ی ئه‌زموونێكی كورت و كۆتایی له وه‌رگێڕاندا هه‌بێت، ده‌زانێت له وه‌رگێڕانی هه‌ر ده‌قێكدا ئاڵنگاری و گرفتی چه‌ند ڕه‌هه‌ند دروست ده‌بن و وه‌رگێڕ ئه‌گه‌ر به‌م ڕێژه‌گه‌رێتی و كراوه‌ییه‌وه و به لۆجیكێكی زمانه‌وانی پته‌و و هاوكات زه‌ینێكی كراوه‌وه ڕووبه‌ڕووی ده‌قه‌كه ببێته‌وه، ئه‌وا وه‌رگێڕان خۆی ده‌بێت به داهێنانێك و ئه‌گه‌ر نه‌گاته ئاستی به‌رهه‌مه سه‌ره‌كییه‌كه، ئه‌وا ده‌كرێت هاوتای ئه‌و شوێنی بۆ دابنرێت.
له كوردستاندا وه‌رگێڕان مێژوویه‌كی هه‌یه، جیا له‌وه‌ی درێژ بێت یان كورت، ئێمه ده‌بینین وه‌رگێڕ و نووسه‌رانمان له‌گه‌ڵ ده‌قه ئه‌ده‌بی، فه‌لسه‌فی و زانستییه‌كاندا ده‌سته‌ویه‌خه بوون، بێگومان له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی زۆر كاری وه‌رگێڕان به ڕێژه‌یه‌كی چه‌ند قاتیش كاری نیوه‌چڵ و ناپوخت و به‌لاڕێدابراو كراوه، ده‌زانین زۆربه‌ی وه‌رگێڕانه‌كان تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایش له بواری ئه‌ده‌ب و ژانره جۆراوجۆرهكانیدا بوون، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ئه‌م زیانه، نه‌بوونی شاره‌زایی و پسپۆڕی له‌و بواره‌دا كه وه‌رگێڕ ده‌ستی ده‌داتێ، یه‌كێكی تریش نه‌بوونی مه‌عریفه‌ی پێویسته، چونكه ته‌نیا زاڵبوون به‌سه‌ر زمانی سه‌ره‌كی و زمانی مه‌به‌ست وه‌رگێڕ سه‌ركه‌وتوو ناكات، به‌ڵكو تێگه‌یشتن و جیهانبینی وه‌رگێڕ بۆ كۆی نووسین و دنیای وشه و زمان و مه‌عریفه، ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌گێڕن، به‌ڵام به‌هۆی لاوازیی ئه‌م پرۆسه‌یه له ڕووی هه‌ڵسه‌نگاندن و چاپ و به‌گشتی ڕه‌وته كارگێڕییه‌كه‌ی له باشووری كوردستان، نووسه‌ر و وه‌رگێڕانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات قۆڵیان له زۆر كاری قه‌به و گرنگ هه‌ڵماڵی، زۆر كتێبیان له فارسی و عه‌ره‌بییه‌وه كرد به كوردی كه نه‌ك ته‌نیا شتێكی ئه‌وتۆی بۆ مه‌عریفه‌ی خوێنه‌رانی كورد زیاد نه‌كرد، به‌ڵكو زمانی كوردیشیان له هه‌مبه‌ر ئه‌و زمانانه ملكه‌چ كرد و ده‌ست و پێیان شكاند، بۆیه دوای دوو ده‌یه له پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانی زۆر و زه‌وه‌ند و خه‌رجكردنی سه‌رمایه‌یه‌كی زۆر بۆ پاداشتی وه‌رگێڕ و چاپی كتێبی وه‌رگێڕاو، به‌شێكی زۆریان وه‌ك ڕێیه‌كی پێواوی بێبایه‌خ، هیچ ئاوڕێكیان لێ نه‌درایه‌وه و به ئاسانی فه‌رامۆش كران.
دوای ئه‌م هه‌موو زیانه، ئێمه جیا له لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌شانخانه و ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه، هیچ ئه‌ڵقه‌یه‌كی پسپۆڕانه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی 1. كتێبی هه‌ڵبژێراو بۆ وه‌رگێڕان، 2. شێوازی وه‌رگێران، 3. ئاستی پرشه‌ی زمان و داهێنان و 4. ئه‌زموونی وه‌رگێڕ و.... شك نابه‌ین. به‌داخه‌وه وه‌ك زۆربه‌مان ده‌یزانین و باسی ناكه‌ین، به‌شی زۆری ناوه‌نده‌كانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه یان بوون به شوێنێك بۆ بازرگانی یان ڕایه‌ڵه‌یه‌ك له پێوه‌ندیی دۆستانه و مه‌به‌ستدار، پڕۆژه‌كان ڕاده‌په‌ڕێنن، ئه‌مه‌یش به‌شێكه له گه‌نده‌ڵیی كولتووری و ڕۆشنبیری.
ئه‌م پرۆسه‌یه ته‌نیا باس له وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی كوردی بوو، مێژووی وه‌رگێڕانی ده‌قه كوردییه‌كان بۆ زمانی تر، مێژوویه‌كی زۆر كورت و هاوكات پچڕپچڕه و باس و خواسێكی تێروته‌سه‌ل هه‌ڵده‌گرێت و دایده‌نێین بۆ كاتێكی تر.
له‌م ڕۆژانه هه‌واڵی وه‌رگێڕانی "چێشتی مجێو‌ر"ی هه‌ژار موكریانی بۆ زمانی ئینگلیزی بڵاو كرایه‌وه. چێشتی مجێو‌ر خاتوونێك به‌ناوی شێنێ محه‌مه‌د وه‌ریگێڕاوه بۆ زمانی ئینگلیزی و به‌پێی قسه‌ی خۆی، یه‌كه‌م ئه‌زموونی وهرگێڕانێتی له بواری ئه‌ده‌بی كوردی بۆ ئینگلیزی، ئه‌گه‌رچی ماڵپه‌ڕێك له ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك یه‌كێك له به‌تواناترین وه‌رگێڕه ئه‌ده‌بییه‌كان ناوی هێناوه، ئێمه‌یش تا ئێسته هیچ به‌رهه‌مێكمان لێ نه‌بینیوه!، من ناتوانم هیچ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و وه‌رگێڕانه و ناوهڕۆك و ئاستی سه‌ركه‌وتوویی یان شكستی كاره‌كه بكه‌م، به‌ڵام هه‌ندێك له نیگه‌رانییه‌كانم ده‌رده‌بڕم:
1. "چێشتی مجێو‌ر"ی هه‌ژار موكریانی وه‌ك یه‌كێك له كۆڵه‌كه گرنگ و پته‌وه‌كانی نه‌سر و په‌خشانی كوردی هه‌ژمار ده‌كرێت و وه‌رگێڕانی ئه‌م كتێبه بۆ سه‌ر هه‌ر زمانێكی تر، پێویستی به شاره‌زایی نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر زمانی كۆن و گوندییانه‌ی كوردی هه‌یه، به‌ڵكو پێویستی به ئاگایی ورد و چڕ له ڕووداوه‌كانی سه‌رده‌می هه‌ژار و ئاواره‌یی و گوتاری شیوعییه‌ت و كۆماری كوردستان و ده‌یان ڕه‌هه‌ندی مێژوویی تر هه‌یه.
2. هه‌ژار موكریانی نه‌ك ته‌نیا له‌م به‌رهه‌مه‌دا، به‌ڵكو له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیدا زمان و ده‌ربڕینێكی توێكڵداری تهوسئامێز و ته‌نزیی هه‌بووه كه له هه‌ندێ شوێندا ته‌نیا به‌پێی سیاق و كۆنتێكستی ڕووداوه‌كه لێی تێده‌گه‌ین، ئایا ئه‌مه كاری هه‌ر وه‌رگێڕێكه؟ یان با بپرسین وه‌رگێڕێك كه شاره‌زایی ته‌واوی له شێوه‌ئاخاوتنی موكری و هاوكات بنزاره‌كانی تر كه هه‌ژار زۆر وشه و ده‌ربڕینی لێ قۆستوونه‌ته‌وه نه‌بێت و هاوكات له‌سه‌ر نه‌سری ئینگلیزی و مێژووی ئه‌و نه‌سره شاره‌زایی باشی نه‌بێت، ده‌ره‌قه‌تی ئه‌م گواستنه‌وه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی سه‌ركه‌توو دێت؟ واته وه‌رگێڕانی وشه به وشه‌ی مانایی و له‌به‌رچاونه‌گرتنی ڕه‌هه‌نده زمانییه جیاوازه ژێره‌وانكێ و نهبهدییهكان، ده‌ره‌قه‌تی چێشتی مجێورێك دێن كه نیسك و نۆك و گۆشت و پڵاو و... تێكه‌ڵ ده‌بێت و هاوتای ئاواره‌یی هه‌ژار له پاڵ دۆستی خائین و دوژمنی داڵده‌ده‌ر و كات و زه‌مانی بزۆز و سڕۆكی ڕووداوه‌كانه كه له په‌ره‌گرافێكدا له وڵاتی چیكه و له په‌ره‌گرافی دواتر دێته‌وه لبنان و له دوو دێڕ دواتردا له به‌غدایه؟ ئه‌گه‌ر چێشتی مجێو‌ر وه‌ك شێوهگێڕانهوهیهك ببینین به‌هۆی سروشتی ڕووداوه‌كان و ئاواره‌یی و جۆرێك فلانوێری و ماڵبهكۆڵیی هه‌ژار، زۆر له ڕه‌وتی خوڕاوگه‌ی بیر یان ڕه‌وتی سه‌یالی زه‌ین، به ئه‌زموونێكی زۆر كوردانه و خۆماڵی نزیكه! بۆیه بژارده‌كردنی به‌شێك له‌م كتێبه بۆ وه‌رگێڕان، لێدانه له شێوه‌گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌تی هه‌ژار.
3. نه‌سری كۆن ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ده‌شێت له ڕێی نهسرێكی كۆنه‌وه بیگوازرێته‌وه بۆ زمانێكی تر، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین نهسرێكی كۆن باشتر و شیاوتره بۆی، بۆ نموونه ئێمه هه‌رچی له چارڵز دیكنزهوه دوور ده‌كه‌وینه‌وه و به‌ره‌و نووسه‌رانی هاوچه‌رخی ئینگلیزیزمان و ئینگلیزینووس دێین، نهسرهكه زیاتر سه‌رده‌مییه و كه‌متر هه‌ڵگری ئیدیۆم و ده‌ربڕینی كۆن و گوندییانه‌یه. ئه‌گه‌ر مێژووی نه‌سری كوردی به پارچه‌كانه‌وه نه‌به‌ستینه‌وه و وه‌ك یه‌كپارچه چاوی لێ بكه‌ین، نه‌سری هه‌ژار موكریانی هێنده‌ی ئیدیۆم و ده‌ربڕین و مه‌ته‌ڵ و ڕێكهوهندی كوردیی كۆن و گوندییانه‌ی تێدایه كه هی به‌ختیار عه‌لی 10%یشی تێدا نییه، وه‌ك چۆن زۆر كردار و ئاوهڵكرداریش كه هه‌ژار به‌كاری هێناون، ئێسته یان به‌كار نایه‌ن یاخۆ له بیر كراون، بۆیه وه‌رگێڕانی كاره‌كه‌ی هه‌ژار پێویستی به زاڵبوونێكی زیاتر و زۆرتره به‌سه‌ر هه‌وراز و نشێوی نه‌سر و نووسینی ئینگلیزی‌دا هه‌یه، به‌راورد به وه‌رگێڕانی كاره‌كانی به‌ختیار عه‌لی.
4. دیاره زۆر بابه‌ت و باسوخواسی پێوه‌ست به‌م كاره ده‌كرێت بخرێته ڕوو، من ته‌نیا سهرهقهڵهمێكم نووسیوه و به دڵنیاییه‌وه وه‌ك له سه‌ره‌وه گوتم، ئه‌مانه ته‌نیا سه‌رنج و نیگه‌رانین نه‌ك هیچ جۆره دادوه‌ری و قسه‌كردنێك له‌سه‌ر هه‌وڵ و ماندووبوونی ئه‌و خاتوونه وه‌رگێڕه، ئه‌زموونه‌كانی پێشوومان له وه‌رگێڕاندا، حه‌قی ئه‌و نیگه‌رانی و دڵهڕاوكێیهمان ده‌داتێ.
وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه گرنگه ئه‌ده‌بی و گێڕانهوهییهكانمان بۆ سه‌ر زمانی تر، به‌ر له‌وه‌ی وه‌ك خه‌بات و ئه‌ركێكی نیشتمانی ببینرێت، ده‌بێت وه‌ك هه‌وڵ و ماندووبوونێكی مه‌عریفی و زانستی چاوی لێ بكه‌ین، بۆیه لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو له ناساندنی زیاتری خۆمان به دنیای ده‌ره‌وه بگه‌یه‌نینه ئه‌نجام، سه‌ره‌تا ده‌بێت ته‌یار بین به زانست و مه‌عریفه، ئه‌وكات وه‌ك ئه‌ركی نیشتمانی بیناسێنین، واته ته‌یاربوون به زانست، خۆی باشترین ڕێیه بۆ ئه‌ركه نیشتمانییه‌كان، ئه‌م باسه بۆیه ده‌كه‌م، چونكه پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان له‌ناو ئێمه‌ی كورددا زۆرجار به ناوی ئه‌ركی نیشتمانییه‌وه زیانی گه‌وره‌ی له زمان و نیشتمان داوه.