پێشه‌كی
لاوازبوونی كولتوور و عه‌قڵیی ئۆرتۆدۆكسی وه‌ك بنه‌مای "ئایدۆلۆجیا" له پاش ڕووخانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، په‌ره‌ی هزر و ئه‌ندێشه‌كانی زانستی به‌هۆی په‌ره‌ی كه‌ره‌سته و ئامێره‌كانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕی ئینته‌رنێت كه توانی به‌شی هه‌ره‌زۆری سنووره‌كانی جیۆگرافیا و سانسۆری له وڵاته په‌ره‌سه‌ندووه‌كان ببه‌زێنێت، فه‌شه‌لهێنانی ئایدۆلۆجییه‌كان بۆ به‌رهه‌مهێنانی خواست و ئامانجه مرۆییه‌كان، ره‌نگه گرنگترین هۆكار بن كه به‌ره‌به‌ره بوونه هۆی پاشه‌كشه‌ی هه‌ژموونی چه‌مكی ئایدۆلۆجی، به جۆرێك ئیتر "ئایدۆلۆجیا" پێگه و بایه‌خی خۆی ورده ورده له ده‌ست دا.
ڕاستییه‌كه‌ی ئایدۆلۆجیا سێ كێشه‌ی گرینگی له‌گه‌ڵدا بوو و هه‌ر ئه‌و كێشانه‌یش بوونه سه‌رچاوه‌ی ته‌نگژه و به‌ربه‌ستی قووڵیان بۆ ساز كرد:
١_ ئایدۆلۆجیا له‌سه‌ر بنه‌مای دووانه‌ی ئاگایی ڕاستی/درۆ بونیاد نراوه، به جۆرێك ته‌نیا یه‌ك ئاگایی راست هه‌یه و ئه‌وانی تر هه‌موو درۆن، هه‌ر ئه‌وه‌یش بنه‌ما و سه‌ره‌تای پاوانخوازی بوو له نیزام و پێكهاته ئایدۆلۆجییه‌كاندا.
٢ _ ئایدۆلۆجیا له‌خۆگری دوانه‌ی زانست/دروشمه، به‌جۆرێك به‌شی هه‌ره‌زۆری فۆرمی مانایی ئایدۆلۆجی زۆر كه‌متر بنه‌مای زانستیان هه‌یه و به پێچه‌وانه‌ی زانست كه پاراوكهری هه‌ست و عه‌قڵی مرۆڤه.
٣_ ئایدۆلۆجییه‌كان له‌خۆگری دووانه‌ی تاك/كۆمه‌ڵن، به جۆرێك تاك به‌بێ ئه‌وه‌ی هیج رۆڵێكی هه‌بێت له كۆمه‌ڵدا فیدا ده‌كرێت، واته ئۆبژه‌یه‌ك به‌رهه‌م دێت له خزمه‌ت مێتا ئۆبژه‌یه‌كی تر، به‌ناوی كۆمه‌ڵ.
كۆبوونه‌وه ئه‌و دیارده گرینگانه له‌ناو ئایدۆلۆجیاكاندا بوونه هۆی فه‌شه‌لهێنان و سهرنهكهوتوونی وه‌ك سیستمێك كه له‌خۆگری باوه‌ڕێكی دۆگما بوون كه ده‌رفه‌تی سه‌یرووره‌ت و بهڕۆژبوونهوهیان له‌ناو ده‌برد.
رۆڵی گوتار
گوتار به‌مانای سیستم و پێكهاته‌یه‌كی مانایی، مه‌عریفی و روانگهییه كه له‌ڕێی وشه و لێدوانه‌كانه‌وه كار ده‌كاته سه‌ر ده‌روون و زه‌ینی تاك و كۆمه‌ڵگه، هه‌ڵبه‌ت نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی كاتی و كورتخایه‌ن كه زۆرجار ده‌بێته فۆرماسیونێكی ڕوانگه‌یی هه‌ژموون له كاتێكی مێژوویی‌دا، به‌و پێیه ده‌شێ بگوترێ گرینگ‌ترین ئه‌ركی گوتار توانایی و بواری خوڵقاندنی مانا، شوناس و فۆرماسیونێكی هزری بۆ مسۆگه‌ركردنی سوبژهیه، واتا توانای خوڵقاندنی هێزێكی خوڵقێنه‌ر كه به‌رهه‌می ده‌ست به‌سه‌ر زهینداگرتنه به‌مانای هێزی خوڵقێنه‌ری خود/ ئه‌ویتر.
به‌رهه‌مهاتنی گوتار به‌مانای ده‌لاقه‌یه‌كه بۆ روانین له دنیا، مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه و ده‌ستپێكی به‌هێزبوون و ده‌ست به دهسهڵاتڕا گه‌یشتنه، ده‌سه‌ڵات نه‌ك به‌مانا سیاسییه‌كه‌ی، به‌ڵكو به مانای مسۆگه‌ركردنی باڵاده‌ستی "خود"، به‌مانای هێز، ئیراده و رۆڵی "خود" له ئاڵوگۆڕه‌كانی دنیا و كۆمه‌ڵگه‌دا.
چاوخشاندنێك به بۆچوون و تاریفهكان له گوتار ده‌ریده‌خات گوتاریش وه‌ك ئایدۆلۆجیا سیستمێكه له‌خۆگری باوه‌ڕ، ڕوانگه و عه‌قڵییه‌ته، به‌ڵام بۆچی گوتار جێی به ئایدۆلۆجیا لێژ كرد؟
١_ گوتار به‌پێچه‌وانه‌ی ئایدۆلۆجیا له‌خۆگری لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنی نییه. به‌و شێوه‌یه گوتار به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه بوار بۆ پاوانخوازیی ده‌ڕه‌خسێنێت و نه ده‌بێته به‌ربه‌ست بۆ پلۆرالیزم و فره‌یی.
٢_ گوتار به‌پێچه‌وانه‌ی ئایدۆلۆجیا باوه‌ڕی به پلۆراڵیزمی حه‌قیقه‌ته‌كان هه‌یه و حه‌قیقه‌ت له‌ناو گوتاردا مانا په‌یدا ده‌كات، به‌و شێوه‌یه گوتار به پێچه‌وانه‌ی ئایدۆلۆجیا، به‌هۆی ڕێژه‌ییبوونی، تایبه‌تمه‌ندی زانستی به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت.
٣_ باوه‌ڕ به حه‌قیقه‌ت له گوتاردا شه‌رعییه‌ت ده‌دات به تاكی سه‌ربه‌خۆی ئاگا كه وه‌ك سوبژه بواری ده‌ركه‌وتنی هه‌یه و خۆبه‌خشانه و ئاگایانه كۆمه‌ڵ وه‌ك مێتا سوبژهیهك به‌دی دێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵدا بتوێته‌وه و ببێت به ئۆبژه.
بێگومان گوتار له‌خۆگری سیستمێكی مانایی، ڕوانگه‌یی و مه‌عریفییه، واته له‌خۆگری كۆگشتییهك پێناسه و روانگه له‌مه‌ڕ هه‌موو دیارده‌كانی ژیانی تاك، كۆمه‌ڵگه و دنیایه، كه ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و ههژموونكردن و باڵاده‌ستكردنی "خود"ـه. ئه‌و "خود"ـه سه‌ره‌تا تاكه وه‌ك سوبژه و له ئاستێكی تردا ده‌گاته كۆمه‌ڵگه وه‌ك "مێتا خود", واته سوبژهیهكی گه‌وره‌تر و بانتر له سوبژه تاكه‌كان كه به‌ر له‌وه‌ی له فۆرمی رواڵه‌تی و عه‌ینیدا ده‌ربكه‌وێت، له زه‌ین و ئه‌ندیشه‌ی تاكدا داده‌ڕێژرێت و له پێوه‌ندی ئینتێرسوبژێكتیڤی نێوان سوبژهكاندا په‌ره ده‌سێنێت و فۆرمی ڕواڵه‌تی به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت، به‌و شێوه‌یه "هێز"ێك كه سه‌ره‌تا وه‌ك تاك بوونی هه‌یه، ده‌بێته "مێتا هێز" له كۆمه‌ڵگه‌دا.
به واتایه‌كی تر، هێز سه‌ره‌تا فۆرم و دیارده‌یه‌كی زه‌ینی و ده‌روونییه، واتا لایه‌نی سوبژێكتیڤه، نهخشهڕێیهكی زه‌ینی و ده‌روونییه بۆ ههژموونبوونی تاك كه له غیابی ئه‌ودا، تاك هیچكات ناتوانێ وه‌ك هێز ده‌ربكه‌وێت و هه‌ژموون په‌یدا بكات، دواتر ده‌بێته دیارده‌یه‌كی ده‌روونی و زه‌ینی كۆمه‌ڵگه و له كۆتادا له فۆرمی هه‌ژموونی ڕواڵه‌تی و هێزی ڕواڵه‌تی به‌شێوه‌ی زاڵبوونی هه‌ندێ كۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر هه‌ندێكی تردا ده‌رده‌كه‌وێت.
به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌تر، ده‌شێ بگوترێت ده‌بێت هه‌ر بوونێك (چ تاك، چ كۆمه‌ڵگه و چ نه‌ته‌وه) گوتارێكی (ئه‌ندێشه‌یی و فۆرمێكی زه‌ینی) له‌مه‌ڕ هێز هه‌بێت، واته دیاری بكات پێناسه‌ی ئه‌و بۆ هێز چییه؟ له پاشان ده‌كرێ به كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌و گوتاره (ئه‌ندێشه و فۆرمه زه‌ینییه) به‌ره‌و مسۆگه‌ركردن، هه‌ژموون و په‌ره‌سه‌ندن هه‌نگاو بنێت. چونكه ئه‌و گوتاره ده‌بێته ڕایه‌ڵ و كه‌ره‌سته‌یه‌كی هارمۆنی كه تاك له ده‌وری یه‌ك كۆ ده‌كاته‌وه و پێش به دابڕان ده‌گرێت.
له‌ژێر تیشكی ئه‌و گوتاره له‌مه‌ڕ هێز، تاكه (سوبژه‌كان) له‌ناو فۆرماسیونێكی به‌رین و گه‌وره‌دا به‌ناوی كۆمه‌ڵگه (مێتاسوبژره) یه‌ك ده‌گرن، ئه‌و یه‌كگرتووییه ڕاستییه‌كه‌ی به‌رهه‌می هێزی گوتاره كه له فۆرمی زهینیڕا فۆرمی رواڵه‌تی به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت.
به‌هه‌ر ڕێژه‌یه‌ك ئه‌و گوتاره له‌مه‌ڕ هێز به‌ستێنی به‌ربڵاوتر و فراوانتر بێت، ئه‌وا خاوه‌ن هێزتر و ههژموونتر ده‌بێت و كۆگشتییهكی به‌رفراوانتر له تاك و كۆمه‌ڵگه له‌خۆوه ده‌گرێت.
گوته‌ی كۆتایی
كورد تا ئێسته‌یش له‌ژێر كارتێكه‌ری چه‌مكی ئایدۆلۆجیدایه و خه‌باتی كورد خه‌باتێكی ئایدۆلۆجییه، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و دیاردانه‌ی وه‌ك ته‌نگژه و كێشه بۆ ئایدۆلۆجیا باسیان لێوه كرا، خه‌باتی كوردی پێویسته ببێت به خه‌باتێكی گوتاری و له‌خۆگری گوتارێك له‌مه‌ڕ هێز، هێز نه‌ك به مانای ئایدۆلۆجی و ئۆبژێكتیقهكهی (چه‌ك، پاره و مرۆڤ وه‌ك ئامراز و كه‌ره‌سته) به‌ڵكو به مانای گوتاری و سۆبژێكتیڤێكهی (هه‌ژموونی و شه‌رعییه‌تی تاكی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌ندێشه‌ی زانستی، دیارده‌ی زانستی نه به مانای پۆزهیتۆویستێكهی كه به مانای بوونی نموونه و وێنای سه‌ركه‌وتوو له عه‌مه‌لدا وه‌ك شایه‌د).
له وه‌ها دۆخێكدایه كه خه‌بات وه‌ك دژكرده‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان و یه‌كگرتووانه‌ی هه‌موو تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه بۆ سه‌روه‌ری و باڵاده‌ستی نه‌ته‌وه (مێتا خود و مێتا سوبژه) به دژ هه‌ژموونی، باڵاده‌ستی و چه‌وسێنه‌ری ئه‌ویتر وه‌ك میتاغهیرییهت په‌ره ده‌سێنێت و هه‌م ئازادی به مانای سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی "خود" و هه‌م دیموكراسی به‌مانای شه‌رعییه‌تی خوده‌كان، ئه‌ندێشه‌كان و گوتاره‌كان به‌رهه‌م دێنێت، جێگۆڕكێی خوده‌كان و فره‌ییه‌كان خوڵقێنه‌ری سه‌یرووره‌ت و بهرۆژبوونهوهی هێز ده‌بێت و به رۆژبوونهوهی هێزیش ده‌بێته هۆی سه‌یرووره‌ت و به‌هێزبوونه‌وه خود.