ئەمەریكا كەشتیی فڕۆكەهەڵگر رەوانەی كەنداو دەكات

:: AM:10:20:28/11/2020 ‌
كەشتیی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز بە ئامانجی گەیشتن بە كەنداو دەستی بە جووڵە كرد، ئەو هەنگاوەی ئەمەریكاش هەر بەوە لێك دەدرێتەوە بیەوێت چاو لە ئێران سوور بكاتەوە.
دەیەوێت بەم كارەی پاڵپشتی لە كشانەوەی سەربازەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ئەفغانستان بكات.

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا هۆكاری ناردنی ئەو كەشتییە فڕۆكەهەڵگرە بۆ كەنداوی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە دەیەوێت بەم كارەی پاڵپشتی لە كشانەوەی سەربازەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ئەفغانستان بكات.

بەگوێرەی سپوتنیك دەست بە جووڵەكردنی كەشتییەكە بەر لە رووداوی كوشتنی موحسین فەخریزادە زانای ناوكیی ئێران بووە، هەندێك سەرچاوەی تر ئاماژەیان داوە جگە لەم كەشتییە، كەشتیی تریش بۆ ناوچەی كەنداو دەگوازرێنەوە.

پێشتر كریستۆفەر میلەر سەرپەرشتیاری بەرگریی ئەمەریكا گوتبووی، ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان تا 15ی كانوونی دووەم لە چوار هەزار و 500 سەربازەوە بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز كەم دەكات، لە عێراقیش ژمارەكە بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز كەم دەكات.

 لە لایەكی ترەوە رابیرت ئۆبراین یاریدەدەری سەرۆكی ئەمەریكا ئەوەی دركاندووە، ئامانجی ترەمپ ئەوەیە تا مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق و ئەفغانستان بە یەكجاری بكشێنەوە.

پێویستە بگوترێ ئەمەریكا پێشتریش گەورەترین فڕۆكەی جەنگیی خۆی رەوانەی ناوچەكە كردووە و كۆمەڵێك سەرچاوە ئاماژەیان بەوە كردبوو، ئەمەریكا خۆی بۆ هێرشێك بۆ سەر ئێران ئامادە دەكات  و هێرشەكەش لە چەند هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.


وشە - سلێمان تاشان