زۆرینه‌ی هێز و پارته شیعه‌كانی عێراق نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵییان كردووه‌ته دروشم، له رابردوو زۆریان له‌باره‌وه گوت و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش دروشمی سه‌ره‌كیی ئه‌وانه بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی نه‌جه‌ف نموونه‌یه‌كی زه‌قی گه‌نده‌ڵیی پارته شیعه‌كانه كه حكوومه‌تیش نه‌یتوانی لێپرسینه‌وه‌ی لێ بكات، به‌ڵام له‌به‌ر هۆكارێكی سیاسی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانییان داخست.
باسی گه‌نده‌ڵییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف، له مانگی نۆڤێمبه‌ری 2017بوو به رۆژه‌ڤ و خێرا كپ كرایه‌وه، به‌ڵام عه‌لی شوكری په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر پارێزگای نه‌جه‌ف له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنی "هنا به‌غداد"ئاشكرای كرد كه كه‌س ناوێرێ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه بكاته‌وه، چونكه پارته‌كان له نێوان خۆیاندا دابه‌شیان كردووه و نایه‌ڵن هیچ جم‌وجووڵێك به‌و ئاراسته‌یه هه‌بێت. كاتێكیش ئه‌وه دركاند كه فایلێكی گه‌نده‌ڵی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی لایه، به‌گوته‌ی خۆی "سێ كه‌سیئه‌و پارتانه دوایكه‌وتوون".
شوكری گوتی "داهاتی فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف ده‌چێته‌وه گیرفانی پارته‌كان،كه‌چی له 2004ه‌وه تا ئێسته‌یشباسی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، كه‌چی پێنج له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌كه له پێنج یاریكه‌ره گه‌وره‌كه‌ی شیعه‌ن، واته پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان".
به‌پێی سه‌رچاوه‌كان، كارگێڕیی فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف مانگانه بڕی 12 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی نایاسایی داوه‌ته هه‌ندێك له ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكه.نزار مه‌لالی شاره‌زای یاسایی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ "داهاتی ساڵانه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه بێ له‌و پاره‌یه‌ی ده‌دزرێت، ده‌گاته 30 ملیۆن دۆلار. چالاكێكی مه‌ده‌نی لای خۆیه‌وه ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه 300 هه‌زار دۆلار دراوه به ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌جه‌ف بۆ ده‌نگدانی له به‌رژه‌وه‌ندی وه‌به‌رهێنه‌رێكی نزیك له پارتێكی سیاسی بۆنۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه.
له نۆڤێمبه‌ری 2017 و له‌دوای دروستبوونی مشتومڕێكی زۆر له‌باره‌ی دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیی ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌وه، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردنی خسته سه‌ر سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕیی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی نه‌جه‌ف، تا كاتی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیی فڕۆكه‌خانه‌كه.
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كارگێڕیی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی كاتی و گواستنه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتیكردنی بۆ ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی دا، له‌دوای تاوتوێكردنی ئه‌و پێشێلكارییه یاسایی و تۆمه‌تانه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌دژی كارگێڕییفڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف خرابوونه روو، له‌وانه گرێبه‌ستی دروستكردنی رێڕه‌وی فڕین كه تێچووه‌كه‌ی ته‌نیا 22 ملیۆن دۆلار بووه و به 72 ملیۆن دۆلار پێشكه‌ش كراوه، هۆڵی ده‌رچوون "گه‌یت" كه تێچووه‌كه‌ی 35 ملیۆن دۆلار بووه و به 105 ملیۆن دۆلار پێشكه‌ش كراوه.
رێبوار ته‌ها په‌رله‌مانتاری كورد و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ده‌ستپاكیی په‌رله‌مانی عێراق،بۆ "وشه" ئاماژه‌ی كرد، فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف له ململانێیه‌كی گه‌وره له نێوان حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكه‌دا بوو، به‌ڵام دیاره سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایه‌دا نه‌بووه، بۆیه تا ئێسته‌یش بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
"روون و ئاشكرایه ده‌ستوه‌ردانی حزبی هه‌یه و تا ئێسته‌یش هیچ رێوشوێنێك وه‌رنه‌گیراوه وه‌ك ئه‌وانه‌ی له به‌رانبه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگیراون، بۆیه تا ئێسته‌یش فڕۆكه‌خانه‌كه به‌ده‌ست ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌جه‌فه" ته‌ها وای گوت.
رێبوار ته‌ها به‌راورد به داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان ده‌ڵێ "ئه‌وه‌ی كوردستان بڕیاره‌كه سیاسییه و دووره له بنه‌ما مرۆیی و ده‌ستوورییه‌كان، چونكه له فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف به‌ڵێ گه‌نده‌ڵی هه‌یه و كۆمه‌ڵێك تێبینی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌كه هه‌یه، به‌ڵام تا ئێسته راده‌ستی حكوومه‌ت نه‌كراوه‌ته‌وه".
حكوومه‌تی عێراق وه‌ك سزادانی خه‌ڵكی كوردستان، دوای ریفراندۆم له 29ی دیسه‌مبه‌ری رابردوو بڕیاری راگه‌رتنی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستانی دا، به پاساوی ئه‌وه‌ی چاودێری ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراقی به‌سه‌ره‌وه نییه، به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و ته‌نانه‌ت حكوومه‌تی عێراقیش هیچ رۆڵێكیان له فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف نییه.
ئه‌رده‌لان نووره‌دین په‌رله‌مانتاری كورد له به‌غدا و ئه‌ندامی لێژنه‌ی ده‌ستپاكی، به"وشه"ی راگه‌یاند، كێشه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف گه‌وره‌یه و چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵیی له‌سه‌ر بوو، كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی دابخرێت، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكه هاته ناو بابه‌ته‌كه كه زۆرینه‌ی گرێبه‌سته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه كرابوو، به‌ڵام حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نه‌یتوانی فڕۆكه‌خانه‌كه دابخات، چونكه ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف رازی نه‌بوون.
زیاتر گوتی، هه‌رچی داخستنی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانییه، له‌به‌ر هۆی سیاسی بوو، له كاتێكدا ئه‌وان هیچ كێشه‌یه‌كی كارگێڕی یان دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییان له‌سه‌ر نه‌بووه و ته‌نیا بابه‌ته‌كه سیاسی بووه، ئه‌وه‌ی نه‌جه‌ف كێشه‌ی هه‌بوو، كه‌چی له‌به‌ر هۆی سیاسی فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستانیان داخست. بۆیه تا ئێسته‌یش فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف هه‌ر به شێوازه كۆنه‌كه‌ی به‌ڕێوه ده‌چێت و داهاته‌كه‌ی بۆ پارێزگاكه‌یه نه‌ك حكوومه‌ت، ئه‌وه‌ی زانراویشه چه‌ند هێزێكی دیاریكراو كۆنترۆڵیان كردووه و هه‌ر ئه‌وانن داهاتی شاره‌كه‌یشیان كۆنترۆڵ كردووه، به داهاتی گه‌شتیاری ئاینیشه‌وه.