له دواى هێرشه‌كه‌ى رۆژى شه‌مووى رابردوو بۆ سه‌ر سه‌ربازگه‌یه‌كى هیندى، وه‌زیرى به‌رگریى هیند هه‌ڕه‌شه له پاكستان ده‌كات و ده‌ڵێ، "باجى ئه‌م رووداوه ده‌ده‌ن".
رۆژى شه‌مووى رابردوو له شارى جامۆى هه‌رێمى كشمیر، چه‌ند چه‌كدارێكى نه‌ناسراو هێرشیان كرده سه‌ر سه‌ربازگه‌یه‌كى هیندى، له ئه‌نجامدا حه‌وت كه‌س كوژران كه شه‌شیان سه‌رباز بوون و 10 كه‌سیش بریندار بوون كه ژن و منداڵیشیان له‌ناودا بوو.
ئه‌وكات هێرشه‌كه چه‌ند سه‌عاتێكى خایاند، هه‌ر له‌كاتى هێرشه‌كه چاودێرانى سیاسى پێشبینیی ئه‌وه‌یان كرد كه كێشه‌ى نێوان پاكستان و هیندستان له باره‌ى كشمیر سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه، ئه‌مڕۆش وه‌زیرى به‌رگریى هیند ده‌ستى به هه‌ڕه‌شه‌كردن كرد و ئاماژه‌ى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى دا.
ئێواره‌ى دوێنێ نیرمالا سیتارامان وه‌زیرى به‌رگریى هیند دووپاتى كرده‌وه كه سوپاى هیند به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى هه‌یه ئه‌وانه‌ى تیرۆریستان ده‌جووڵێنن له‌ناو پاكستانن.
سیتارامان گوتى، "پاكستان كه‌وانه‌ى تیرۆرى فراوان كردووه، په‌نا بۆ پێشیلكردنى ئاگربه‌ست ده‌بات بۆ ئه‌وه‌ى هاوكارى سنووربه‌زاندن بكات، پاكستان باجى ئه‌و رووداوه ده‌دات".
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى پاكستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌ڵامى ئه‌م تۆمه‌تانه‌ى هیندى دایه‌وه و گوتى، "ئه‌م تۆمه‌تباركردنه، هه‌وڵى هینده بۆ دوورخستنه‌وه‌ى سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر تیرۆرى ده‌وڵه‌ت كه هیند له ناوچه‌كه ئه‌نجامی ده‌دات و به‌م تیرۆره‌ش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دانیشتووانى كشمیر ده‌كات".