یەكێتی لاوان پەیكەرێكی بۆ تاقەكانەكانی ئەنفال دروست كرد

:: PM:01:56:28/05/2018 ‌
تاقانەكانی ئەنفال، ئەو كوڕ و كچانەن كە تەنیا خۆیان لە خێزانەكانیان ماونەتەوە و سەرجەم ئەندامانی تریان لە پرۆسەی ئەنفال شەهید بوون، بۆ بەرز ڕاگرتنی قوربانییانی تاقانەكان و مانەوە و بەردەوامیان لە ژیان، ناوەندی شارەدێی ڕزگاری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان پەیكەرێكی دروست كرد و ناوی سەرجەم تاقانەكانی ئەنفالیان لێ نووسی.

كامەران لەتیف بەرپرسی ناوەندی شارەدێی ڕزگاری "سموود"ی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وەك بەرپرسیاریەتییەك بەرانبەر بە دۆزی ئەنفال و خزمەتێك بە تاقانەكانی ئەنفال، بڕیارمان دا پەیكەرێكی تایبەت بە تاقانەكانی ئەنفال لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆكەی كەلاری ناوەندی یەكەی كارگێڕی گەرمیان دروست بكەین.

زیاتر گوتی، لەسەر پەیكەرەكە ناوی سەرجەم تاقانەكانی ئەنفال نووسراوە، كە خۆی لە 150 ناو دەبینێتەوە، جگە لە تاقانەكانی ئەنفالی گەرمیان، تاقانەكانی هەموو كوردستانی تێدایە، پەیكەرەكە هاوشێوەی تابلۆیەكیش دروست كراوە، كە ڕەنگی ڕەشە و ناوی تاقانەكانیش بە سوور نووسراوە كە هێمایە بۆ خوێنی ئەنفالكراوان، چوارچێوەی پەیكەرەكەیش ڕەنگی سپییە، وەك هێمایە بۆ ڕەنگی ئاشتی.

زیاتر گوتی، تێچووی پەیكەرەكە لەلایەن ناوەندی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان تەرخان كراوە و كۆمەڵێك پەیكەرتاشی دەستڕەنگین و نووسەری بواری ئەنفال ئیسماعیل هەنارەیی هاوكار بوون.

پەیكەرەكە لە بەردەم كتێبخانەی شارەدێی ڕزگاری "سموود" دانراوە، كە بە پایتەخت و لانكەی ئەنفال ناسراوە و یەكێكە لە شارەدێكانی سەر بە شارۆكەی كەلار و ژماری دانیشتووانی زیاتر لە 36 هەزار كەس دەبێ، لە 1987 بە تەواوی ڕووخێنرا و وەك ئۆردوگایەكی  زۆرەملێ بۆ بەجێماوانی ئەنفال دروست كرایەوە و ناوی سموودی لێ نرا، پاش ڕاپەڕینی 1991ی گەلی كوردستان ناوی شارەدێكە لە سموودەوە بۆ ڕزگاری گۆڕا.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.













وشە - باز ئه‌حمه‌د