شتی سەیر لە پێشكنینە پزیشكییەكانی رۆناڵدۆ ئاشكرا دەبن

:: AM:10:55:24/07/2018 ‌

چەند نهێنییەكی سەیر لەم پشكنینە پزیشكییانە ئاشكرا دەبن كە كرستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە كاتی پەیوەندیكردنی بە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵییەوە ئەنجامیداون.

چەند رۆژێك پێش ئێستا رۆناڵدۆ بەسەركەوتوویی پشكنینی پزیشكی لە یانە نوێیەكەی یۆڤانتۆس ئەنجامدابوو و دوای ئەمەش بە 112 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی 4 ساڵی داهاتوو بەفەرمی پەیوەندی بە یانەكەوە كرد.

لە پشكنینە پزیشكییەكان دەركەوتوون رۆناڵدۆ لە رووی توانای جەستەییەوە نموونەییە و تەنانەت توانا جەستییەكەی هاوشێوەی ئەستێرەیەكی تەمەن 20 ساڵییە لە كاتێكدا ئەم یاریزانەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئێستا لەتەمەنی 33 ساڵیدایە.

جگە لەمەش لە پشكنینەكان سەلمێنراوە رێژەی چەوری لە جەستەی رۆناڵدۆ تەنیا 7 لە سەدایە، ئەمە لە كاتێكدایە كە كەمترین رێژەی چەوری لە كەسێكی ئاساییدا لەسەدا 10 یان 11یە.

هەروەها دەركەوتووە سەدا 50ی جەستەی رۆناڵدۆ ماسوولكەیە و ئەگەر بەراوردیش بكرێ لەگەڵ یاریزانە پیشەگەرەكانی ئاستی خۆی، ئەوا ماسوولكەی هیچ یاریزانێكی تۆپی پێ لەسەدا 46 تێ ناپەڕێ.

باشترین یاریزانەكەی جیهان لە دوایین بەشداریكردنیدا لە پاڵەوانیەتییەكان لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال لە مۆندیالی 2018ی رووسیا بۆ ماوەی 33.98 كیلۆمەتر رای كردبوو و بەمەش هیچ یاریزانێكی تری پاڵەوانیەتییەكە نەیتوانیبوو بەم رێژەیە رابكات.

بەمەش رۆناڵدۆ دەتوانێ ئەوە بسەلمێنێ كە پێشتر رایگەیاندبوو كە دەیەوێ تا تەمەنی 40 ساڵی یاری بكات، واتە ئەم ئەستێرەیە لە تەمەنی 40 ساڵیدا لە رووی توانای جەستەییەوە هاوشێوەی یاریزانێكی تەمەن 30 ساڵی دەبێت، ئەمەش بەهۆی زۆری ئەنجامدانی مەشق و راهێنانەوەیە كە بەردەوام ئەنجامی دەدات.
 



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م