زۆرترین پیاوی سلێمانی لە لایەن ژنەوە توندوتیژییان بەرانبەر كراوە

:: PM:06:12:26/07/2018 ‌
بەپێی ئامارێكی یەكێتی پیاوانی كوردستان لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان 26 پیاو خۆیان كوشتووە و سێ پیاویش لە لایەن ژنەكانیان بە هاوكاری كەسانی تر كوژراون.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی تەمووز/ یۆلیۆ، بورهان عەلی سەرۆكی یەكێتی پیاوانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوو ئەو پیاوانەی كە لە هەرێمی كوردستان خۆیان كوشتووە ژمارەیان گەیشتووەتە 26 پیاو و خۆكوشتنەكانیش جۆراوجۆر بووە.

زیاتر روونی كردەوە كە خۆكوشتنەكان چەند جۆرێكن، بەشێك لەوانە كێشەی كۆمەڵایەتییان هەیە و بەشێكیی تریان بەهۆی تەنگژەی داراییەوە خۆیان كوشتووە.

سەرۆكی یەكێتی پیاوانی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە كە زۆرترین پیاو لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە لایەن ژنەكانیانەوە توندوتیژییان بەرانبەر كراوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە سێ پیاو لە لایەن ژنەكانیان ‌بە هاوكاری كەسانی تر كوژراون كە بەشێكی زۆری پێوەندی بە كێشەی كۆمەڵایەتییەوە هەبووە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ساڵانە لە هەرێمی كوردستان ڕێژەیەكی بەرزتر لەوە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت و ماوە ماوەیش ژنێك بە بیانووی جیاواز دەكوژرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم