وەزارەتی پێشمەرگە داوای دەرماڵە دەكات

:: AM:09:57:18/01/2020 ‌
وەزیری پیشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە نووسراوێكی فەرمی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرز دەكاتەوە و داوای دەرماڵە بۆ پێشمەرگە دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی كانوونی دووەم، بەپێی نووسراوێكی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكرا كراوە، داوای خەرجكردنی دەرماڵەی بڕوانامە و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە دەكات.

پیویستە دەرماڵە بۆ خاوەن بڕوانامەكانی ماستەر و دكتۆرا و بەكالۆریۆس و دیپلۆم خەرج بكرێت
لە نووسراوەكەدا ڕوون كراوەتەوە، پیویستە دەرماڵە بۆ خاوەن بڕوانامەكانی ماستەر و دكتۆرا و بەكالۆریۆس و دیپلۆم خەرج بكرێت، هەروەها دەرماڵە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكان و بەرپرسی بەش و هۆبەكان خەرج بكرێت.

ئەو نووسراوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە كاتێكدایە بەشی زۆری دامەزراوە و وەزارەتەكان، پارە بۆ ژوور و هۆبەكان و دەرماڵەیان بۆ خەرج دەكرێت و بەشێكیشیان بەهۆی تەنگژەی دارایی ئەو خەرجییانەیان ڕاگیراوە.

هەرێمی كوردستان بەهۆی باشبوونی دۆخی ئابووری، ئێستە بەشێك لە مامەڵە داراییەكان و پڕۆژەكانی حكوومەت دەستی پێ‌ كردووەتەوە و پێشبینیش دەكرێت ئەمساڵ پلە بەرزكردنەوە و سەر مووچەش خەرج بكرێت.



وشە - رامیار جەواد