سبەی تیروپشكە.. تا 16 ساڵی تر نۆڕە بۆ حەج گیراوە

:: PM:07:40:18/01/2020 ‌
هاوشانی ساڵانی رابردوو، ئەمساڵیش ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان ناویان بۆ ئەنجامدانی فەڕیزەی حەج تۆمار كردووە، وەزارەتی ئەوقاف لە رێگەی تیروپشك ناوەكانیان رادەگەیەنێت. گوتەبێژی وەزارەتەكە دەڵێ، 72 هەزار كەس ماونەتەوە و تیروپشك بۆ چوار هەزار و 500 لەو ناوانە دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 18ی كانوونی دووەم، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی رای گەیاند، پڕۆسەی راكێشانی تیروپشكی ناوی حاجیان بۆ حەجی 2020، سەعات نۆی بەیانی سبەی یەكشەم لەناو وەزارەتی ئەوقاف ئەنجام دەدرێت.

راگەیاندنەكەی وەزارەتی ئەوقاف لە كاتێكدایە ئەو وەزارەتە ساڵی 2017 تۆماری ناونووسینی راگەیاند بۆ ئەو كەسانەی مەبەستیانە سەردانی ماڵی خودا بكەن و فەڕیزەی حەج ئەنجام بدەن.

لە 72 هەزار و 202 كەس تیروپشك بۆ چوار هەزار و 200 كەس دەكرێت


لە ماوەیەكی دیاریكراودا 86 هەزار و 867 كەس خۆیان تۆمار كرد، لە سێ ساڵی رابردوو نزیكەی 16 هەزار كەس حەجی كردووە و 72 هەزار و 202 كەسیش لە لیستی تۆمار ماون كە ئەگەر بەپێی پشكی هەرێمی كوردستان بێت كە ساڵانە چوار هەزار و 500 كەسە، ئەوا تا 16 ساڵی تر، خەڵك ناوی خۆۆ بۆ تیروپشكی ساڵانە تۆمار كردووە.

نەبەز ئیسماعیل كەمال گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بۆ "وشە" رای گەیاند، لەو 72 هەزار و 202 كەسەی كە ناوەكانیان لە 2017 تۆمار كردووە، تیروپشك بۆ چوار هەزار و 500 حاجی وەك پشكی هەرێمی كوردستان دەكەین.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف روونی كردەوە، مامەڵەی هەر حاجییەك وەك ساڵی رابردوو چوار هەزار و 200 دۆلار خەرجییەتی كە خزمەتگوزاری چوون و هاتن بە فڕۆكە بۆ عەرەبستانی سعوودیە، خواردن و خزمەتگوزاری پزیشكی و مانەوە لە هوتێل و هاتن و چوون لەنێوان شاری مەدینە و مەككە، لەخۆ دەگرێت، گوتی "واتە ئەو كەسەی ناوی دەردەچێت هیچ خەرجییەك ناكات تا دەگەڕێتەوە، مەگەر ئەو خەرجییەی كە خۆی حەزی پێ دەكات".

دەستەی باڵای حەج و عومرەی سعوودیە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان بۆ هەر ملیۆنێك كەسێك، دەرفەتی ئەنجامدانی فەڕیزەی حەج بۆ هەزار كەس دابین دەكەن، پشكی عێراقیش لەمەدا 35 هەزار حاجییە.

نەبەز ئیمساعیل روونی كردەوە، لەسەر ئەو بنەمایە پشكی هەرێمی كوردستان چوار هەزار و 500 كەس دەستنیشان كراوە، زیاتر گوتی "ساڵی رابردوو حەوت هەزار كەس لە كوردستان گەشتی حەجی ئەنجامداوە، پشكی زیاتر بە كرودستان درا، بەڵام بۆ ئەمساڵ هێشتا ئەوە دیار نییە كە پشكی زیاترمان پێ دەدرێت یان نا".



وشە - فه‌رمان سادق